Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

خەباتی سەرشەقامی ئێمە و ئەوی ئەوان..3

Be First!
by July 6, 2011 فەلسەفە

 

2.2.پلەی سفری ڕۆشنبیری تەندروستی و کاریگەری بەدکاری سیاسی بەسەر تێکچوونی خودێتی خودی کوردییەوە

لێرەوە بەباشیدەزانین بچینەوە سەر لایەنێکی تری ڕاڤەکردنەکەمان و بۆ ئەو مەبەستەش کار لەسەر باری ڕۆشنبیری تەندروستیمان دەکەین و پلەی سفری ئەو ڕۆشنبیریەش نیشاندەدەین و پێوەندی ویش بەو بەدکاریەوە دەبەستینەوە لە کۆمەلگەی هەنووکەی کوردی دا ، بەناوی گەندەلی سیاسییەوە، لە بەرهەمهاتندایە و کاریگەریەکەشی لەسەر شێوان و تێکچوونی خودێتی خودی کوردی شیتەلدەکەین.
 هەر لەم سەرەتایەشەوە دەکرێت ئاماژە بۆئەو لایەنە بکەین کە، شیاویێ زۆر لەئارادایە کە گەلێگ لەو کێشانەی پسیکۆ-سۆسیۆپاتەکان لە کۆمەلگەی وەک کۆمەلگەی ئێمە (لە کۆمەلگەی گەندەلی ئەمئێستامانا) دروستیدەکەن بەسەرچێت و نەبینرێت چونکە لە کۆمەلگەی ناوبراودا چەند کەس و شتێ هەروەها چەند دیاردە و ڕووداوێ پێشهەرهەمووشی مرۆڤ وەک تاک و دەروونی ئەم مرۆڤە وەک کانیاوی سەرجەم ڕووداو و دیاردەبووناویەکان وەک خۆی بایەخی نادرێتی، ئەمەو لەم جۆرە کۆمەلگانە بایەخ بە شتە دەروونی و ئەلبەتە ڕۆشنبیری تەندروستیش نادرێت. لەهەمانکاتدا کێشەکانی تاکی کۆمەلگەی گەندەل هیچکات وەک کێشەی دەروونی خۆیان دەرناخەن و لەبەرئەوەی هوشیاری تاکی(ئیندڤیدوال) و دەستەجەمعی (کۆلێکتیڤی) خەلکیش سیاسیین ئەمە وایکردووە گشت فۆڕمەکانی کێشە، کێشەی تاک و کۆمەلگە، خۆیان لە فۆڕمی کێشەی سیاسیدا دەرخەن. بەواتاێ تر هەبوونی تاک لەم جۆرە کۆمەلگانە، کە کوردستان نموونەێ بەرچاویە لەسەر ئەوەی دەیلێین، لەنێوان بوون و نەبووندایە. چونکە تاک لە کۆمەلگەی گەندەلدا بەمانا هاوچەرخەکەی واتای تاک بوونی نییە یان شیاوییەکانی دروستبوونی کێشەئامێز و ئالۆزکارە، تەنانەت تاک گەر هەشبێت تاکێ بەسیاسیکراوە و دەروونی ئەم تاکە پشتگوێخراوە و، لەبەرئەوەی خودی سیاسەتیش لەم جۆرە کۆمەلگەیە لەسەر جووین و ڕەوانبێژی و یاریکردن بە وشە دەژی لەکۆتایدا سیاسەت تابلێی خۆی وەک کردەێ نا-هزری نیشاندەدات و ئەمەشوادەکا ئەم کردەیە دەروونکوژ و هەستبریندارکەر بێت. بەپێیئەوەی باس لە خودێتی سیاسیی کوردی شتێ زێدەفەرامۆشکراوە و بەر شرۆڤەکردنی تیۆری سیاسی نەکەوتووە ئەمەیوایکردووە خودێتی سیاسیی کوردی پتر ببێ بە جێی باسێ ئایدیۆلۆژی تا دەروونی. لەهەموو ئەوی ووترا سەیرتر ئەوەیە، لەبەرئەوەش کە  سیاسەتی بێ هزر سیاسەتێ دژە دەروون و دژە تاکە ئەم جۆرە سیاسەتە، کە ئێستاش لە کوردستانا سەردەستە، تابلێی تاک ڕووخێنەرە، یان دوژمنی هەرە گەورەی تاکە. وەکیتریش ئەم جۆرە سیاسەتە تابلێی لە بەتاکبوونی تاک دەترسێت( 3).
سیاسەتی بێ هزر کە بەخۆی سیاسەتێ هەلەیە یەکەم کاریگەریش کە ئەم جۆرە سیاسەتە دەیخاتەوە تێکدانی باری دەروونی تاکە، جا هەر لەبەرئەوەی لەو جۆرە کۆمەلگانە (کۆمەلگە گەندەلە سیاسیەکان) سیاسەت تاکە بوارێکە بۆ تاک، یاخود سیاسەت تاکە شوێنێکە تاک خۆیتیادەبینێتەوە یان تاکی تاببینرێتەوە، یانیش بەپێیئەوەی سیاسەت لەم شێوە کۆمەلگانە (کۆمەلگە گەندەلە سیاسیەکان) مان و نەمانی تاکی بەدەستەوەیە ئەو دەمەی سیاسەت ڕەوتێ بەد و نامرۆی وەردەگرێت، کە گەندەلی فۆڕمێکە لەوانە و لە فۆڕمە هەرە پیسەکانیشیەتی، تاک دەروون شێواو و ناحەز دەبێت. ئەمەو سیاسەت لەمجۆرە کۆمەلگانە لەبەرئەوەی بووە بە نان و ئاو کاتێ سیاسەت ڕێچکەێ ناهزری وەردەگرێت سیاسەت تائەوپەڕی تاک کوژ و دەروون کوژ خۆینیشاندەدات، یان بەحوکمیئەوەی لەم جۆرە کۆمەلگانە سیاسەت چارەنووسی زۆرینەی پێوەگرێدراوە و هەروەها سیاسەت بکەری گشت کردەکانە و شوێنی سازاندنی ئاوەلناوەکانیشە هەرلەبەرئەوە کاتێ گۆڕانی سیاسی دێنەکایەوە تێکڕای نەتەوە بەخت سووتاو دەبێت گەر ئەو گۆڕانە ئاڕاستەێ مرۆیی وەرنەگرێت. بۆیە ئێمە لەمیانەی ئەم بەشەی نووسینەکەمان ئاماژە بۆ ئەو لایەنەش دەکەین، لەبەرئەوەی سیاسەت لەم کۆمەلگانەدا بوارێ نییە لە زانین و، ئەمەو بگرە دروستکەری تێگەیشتنی ساغ و بەتەندروستیش نییە هەرلەبەر ئەوە و لەبەر بەشێ لەو کێشانەش لایسەرەوە باسکران پیێمانوایە سیاسەت و سیاسەتەوان پێویستی بە شیکردنەوەی نەک تەنیا سۆسیۆلۆژی و فەلسەفی هەیە بەلکو پێش هەمووشتێک پێویستی بە شیکردنەوەی دەروونی و زمانەوانی ووردکار و خەیال قوول هەیە. ئەم لایەنەش کە لایەنێکی هێجگار هەستیارە لەناو ئێمە دا نە نێوەندی ئەکادیمی و نێوەندی ڕۆشنبیری و، بەنێوەندی ڕاگەیاندنیشەوە هەستی بە گرینگی کردوە و، نەش دامەزراوەکانی کۆمەلگە کە خۆیان لەسەر بناغەی شاردنەوەی تاک دامەزراندووە.
بەمجۆرە، ئەو دەمەی ووتن لە کۆمەلگەێ دیاریکراو دا (بۆنموونە کۆمەلگەی گەندەلی کوردستان) لەسەر دەروونی تاک ناێتەپێش، ئەو دەمەی زانستێ وەک شیکردنەوەی دەروونی (ئەگەر نەلێین ڕیزێ زانست) لەم کۆمەلگەیە لە ووتنەکانا ووندەبێت زێدەئاساییە گەورەترین کەلێن بکەوێتە ڕۆشنبیری خەلکەوە ، یان ڕۆشنبیری توێژی ڕۆشنبیرانەوە، هەروەها زۆرترین کێشەش لەبەردەم تێگەیشتن لەوەی پێیدەلێن تاکی (خودی) هاوچەرخی کورد دروست بێت. چونکە ئەم تاکە هاوچەرخە گەر بۆماوەێک درێژ لەناو ئەم دۆزە دروستکراو و بەگەندەلکراوە بژی دەبێت بە مۆلگەی خراپسازی و خودی خۆی بیردەچێتەوە. ئەوەندەش ئێمە ئاگامانلێبێت هەچ خودێ بۆماوەێ درێژخایەن پشت لە بەتاکبوون و لە دەروونی خۆیبکات بێ ناو دەبێت. چونکە خود ئەو “”خودەیە ناوێ بۆ خۆی بدۆزێتەوە (4) .بەلام خود ناکارێ ناودار بێت گەر ئەم خودە بە دیاردەێ بەدکارئامێزی وەک گەندەلی، بە کەسی گەندەلکار دەوردرابێت. بەدلنیاییەوە دەرکەوتنی ئەم خودە وەک تاک، وەک تاکێ چالاک و ئاڕاستەهەلگڕ و، هەروەها کۆششی ئەم تاکە بۆ قەڵاچۆکردنی دیاردەی گەندەلی وەک دیاردەێ بەدکارئامێز و ئەو بەروبوومانەش دیاردەی گەندەلی لەهەناوی خۆیا حەشاری دەدات (وەک دزی، مشەخۆری، تەلتەگەری، تووتیابازی و سیاسەتجووینەوە) تاکە ڕێگاچارەێکن لەبەردەم ئەم تاکە بۆ هێنانەگۆڕێی خۆی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێز و دیاردانەش مانەوە و بەردەوامی تاکبوونەکەی لەقدەکەن. گەر ئەمەشبێت دۆزی تاک ، واتە تاک تاکێ دەروون بەتەندروست و لەشساغ نەبێت ئەوا ئەم تاکە نە دەتوانێت هەبێت و نەش بەردەوام بێت.
ئێمە لەمیانەی ئەو چەند دێـڕەی لایخوارەوە باس دێنینە سەر ئەو لایەنانەی لایسەرەوە وروژاندمان و  لەهەمانکاتدا سەرنجیشدەخەینەسەر ئەوەش کە قسەکردن لەسەر تەندرووستی و نا- تەندروستی دەروونی، یان ڕاستتر بلێین ڕۆشنبیری تەندروستی تاک و باری شێواوی شتە دەروونیەکانی تاک یەک لەو قسەکردنانەن لە نێوەندی ڕۆشنبیری و مێدیای تازەی کوردی بایەخی نادرێتێت. ئەلبەتە هۆ لەمڕوەوە زۆرن کە دەکرێت دەستنیشانکرێن بەڵام بەرچاویترین هۆیێک کە دەشێ لێرە بایەخیبدرێتێ ئەوەیە خەیالی هەردوو نێوەندی ڕۆشنبیری و مێدیای کوردی تەنێ لای سیاسەت و ئەدەبە. کومانیشی ناوێت گەربلێین ئەو ئەدەب و سیاسەتەی ئەم دوو نێوەندە خەیالییان لایەتی بەهیجۆرێک سەرنجناخەنەسەر دەروونی تاک و ڕۆشنبیری تەندروستی ئەم تاکە. ئەم دوو لایەنە لە کۆمەلگەی گەندەلدا شوێنی تێڕامان نییە و جێیبایەخی دەزگاکانی مێدیا و ڕۆشنبیرانیش نییە. وەکیتریش ئەو نەرێتە لەنێو ڕۆژنامەوان و ڕۆشنفکرانی کۆمەلگەی گەندەلدا نییە بابەتی دەروونی تاک و تەندروستی ئەم تاکە ببێت بە شوێنی باسێ ڕۆژنامەوانی و ڕۆشنبیری. بۆیەگەر ئەمەبێت باری توێژە بەرچاویەکانی کۆمەلگەی گەندەل زۆرئاساییە مرۆڤەکانی کۆمەلگە نەتوانن نەخۆشیەکانی لەش لە نەخۆشیە ڕۆحی و دەروونیەکان جیاکەنەوە هەروەها ئەو توانایەشیان نەبێت ووتن لەسەر باری دەروونی و فیزیای لەشیان بهێننەگۆڕێ.
بەپێی ئەو چەند سێرکردنەی لایسەرەوە بێت، خەلکی کۆمەلگەی ناوبراو فریای بینینی دەروونی خۆیان ناکەون و توانای دەستنیشانکردنی کێشە دەروونیەکانی خۆشیانیان نییە ئەمەشوادەکات باری بەتاکبوون و ئاستی دەروونیان جێیباسی کۆمەلگە و بەتایبەت دامەزراوەکانی (خێزان، قوتابخانە، تەندرووستی) کۆمەلگەی ناوبراو نەبێت. بۆیە لێرەوە کارێوادەکەین لە نووسینەکەماندا ڕۆچینە ناو ئەو لایەنانەی والە تاک دەکەن خۆی و دەروونی نەبینراو بن هەروەها هۆیئەوەش دەستنیشاندەکەین بۆ دەبێ هوشیاری لەسەر تەندروستی تاک ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بابەتی نە خودی تاک بێ و نەش دامەزراوەکانی کۆمەلگە. 
بۆئەوەی دەستکاری ئەو لایەنانە بکەین باری ڕۆشنبیری تەندروستیمان دەخاتە ژێپرسیارەوە و ئەوەمان لا یەقین و بەرچاویدەکات کە بەلێ گەلێ هۆکارهەن کە خودێتی خود لەناو ئێمە دەشێوێنن و کەسی بیمار و ناساغمان لە وێنەی ئەوی لایسەرەوە باسکران(پسیکۆپات و سۆسیۆپات) بۆدەخانە ناو کۆمەلگەوە واشمان لێدەکەن ڕۆژانە وەک کەسانێ بەتەندروست بیانبینین و مامەلەشیان لەتەک کەین بگرە فەرمایش و دید و تەماشاکردنیشان هەلگرینەوە بەپێویستی دەزانین پەنجە بۆئەو لایەنە ڕاکێشین کە ئێمە دەمێکە بەو باوەڕە گەیشتووین کۆمەلگەی ئێمە پێویستیێ زۆری بەچەند کلینیکێ (عیادەی) فەلسەفی هەیە. هۆیئەوەی ئێمەش بەم باوەڕە یان تێگەیشتنە گەیشتووین بۆئەوە دەگەڕێتەوە کێشە هزریەکانمان ئەوەندە نالەبارئامێز و ڕوخسارگەندەلن تەنیا لەڕێگای دامەزراندنی چەند کلینیکێکی (عیادەی) فەلسەفیەوە نەبێ ئەو کێشانە سەختە گفتووگۆکرێن و چارەسەری کۆنکرێت و بەرجەستەشیان بۆبدۆزرێتەوە. بەلام لێرە نابێ ئەوەمانبیرچێت ئەم گفتووگۆیە دەبێت بتوانێت پردێک لەنێوان فەلسەفە و زمانەوانیدا لەلاێ و لەلاێتر لەنێوان فەلسەفە و شیکردنەوەی دەروونیدا دروستکات. بۆئەوەی ئەمەشکرێت پێویستمان بە پسپۆڕی هزرقوول و هەست خاوێن و دەروونساغە هەروەها ئەم کەسانە دەبێت لێشاوی و شارەزایێ بەرین و ئەزموونێ قوولیان لەلاێ لە تێخوێندنەوە و تێگەیشتن لە تاک و کۆمەلگە و دامەزراوەکانی هەبێت و لەلاێدی شارەزایێ بەرینیشیان لەبوارە هاوچەرخەکان و بەتایبەتیش لەو سێ پۆلە زانستیە هەبێت لای سەرەوە ناویانهات: فەلسەفە، شیکردنەوەیدەروونی و زمانەوانی. بەڵام ئێمە لەلایەن خۆمانەوە باوەڕمان بەوەش هەیە هاتنەدی ئەو مەسەلەیەی لایسەرەوە ،و پێشتر لە دەستپێکی ئەم نووسینەش ، باسکرا لەئێستادا لە کوردستان سانا نییە چونکە زۆرینەی خەلکی کوردستان لەبنا ئەزموونیان لە تێگەیشتن لە واتای کلینیک(عیادە) نییە جا چی کلینیکی فەلسەفی، ئەمەو خودی پۆلی هزرەڤانیش کە فەلسەفە و زمانەوانی و دەروونناسی بەشێکی گەورەی ئەم پۆلە پێکدێنن لەناو توێژی ڕۆشنبیران بەگشت جۆرەکانیەوە (ڕۆژنامەوان، ئەکادیمیکەر، سیاسەتکار، نووسەر، هونەرمەند، و …) لە ئاستێ لەڕادەبەدەر خراپدایە. چونکە زمانەوانی، بەتایبەت ئەو زمانەوانیەی پاێکی لەناو لۆژیکێ ماتماتیکی و  پایەکەی تری لەناو فەلسەفەی تیۆریدایە، نە لە نێوەندی ئەکادیمی و نەش لە نێوەندی ڕۆشنبیری کوردیدا بناغەی هەیە و، ئەمەو زمانەوانی لە نێوەندی ئەکادیمی کوردی بەزۆری دەچێتەخانەی ئەدەب و، ئەدەبناسی کوردیشمان بیردەخاتەوە هەر بۆیە زمانەوانی وەک زانستی زمان لەتەک نە شیکردنەوەی دەروونی پێوەندیدارە و نەش بەگشتی فەلسەفە. هەرلێرەڕا بائەوەشمان بیرنەچێت زۆربەی خەلکی کوردستان کە گوێیان لە وشەی کلینیک ( یان عیادە) دەبێت یەکسەر ناوی چەند دکتۆرێکی چاو و لووت و دانیان بەبیردێتەوە. وەلی ئەوەی زۆرتر والەئێمەدەکات بۆئەوەبچین لەئێستادا لە کوردستان بیرۆکەی دروستکردنی “” عیادەی فەلسەفی”” جارێ ماویەتی بێتەدی ئەوەیە خەلکی کۆمەلگەی ئێمە باوەڕیان بە عیادەی دەروونی نییە و، لە زۆربەی شارە گەورەکانی کوردستانیش (کەرکوک، هەولێر، سلێمانی و دهۆک) لە سێچوارعیادەی دەروونی زیاتر بوونیان نییە و هەبوونیشیان کاریگەریێ تەندروستی و لۆژیکی ئەوتۆی نەخستۆتەوە.
لەبەرئەوەی لەلاێک ئەم عیادانە بەپێی مێتۆدە نوێکان پشکنین لە تاکی دەروونبیمار و ئەو دیاردە بیمارئامێزانە ناکەن کە لایسەرەوە باسکران و کە کۆمەلگەی ئێستا و ئەمڕۆی کوردستان لە تاکا دروستیدەکەن و ، لەلاێدیش خەلکی کۆمەلگەی ناوبراو بەگشتی هوشیارییان لەسەر دەروونناسی و شیکردنەوەی دەروونی و چارەسەرکردن بەڕێگای دەروونی نییە. ئالێرەوە دێینەسەر ئەوەی بلێین پێویستە گرنگیپێدانەکە سەرەتا بۆ ئاڕاستەکردنی ئاگای خەلک بێ ڕووەو دروستکردن و بایەخدان بە کلینیکی (عیادەی) دەروونی (نەک کلینیکی فەلسەفی) چونکە تەنیا لەڕێگای ئەم جۆرە کلینیکەوە (واتە کلینیکی دەروونی ) تاک ساغوسەلیمدەکرێ و هەروەها دەروونی تاک لەبنڕا شیتەلدەکرێتەوە جا ئەوە بەهۆی ئاخاوتنی پزیشکی بێ یان بەهۆی هەندێ شێوە ڕێگای تێڕاپی(عیلاجی) دەروونی جۆراوجۆر. ئەلبەتە ئەم لایەنە تابلێی پێویستە و مەرجیشە وەک هەنگاوێ ئامانجدار وەرگیرێت. بەڵام هۆکاری بنەڕەتی ئەوەی ئەمە ێێویستە نالێکچوون. بۆنموونە زۆرینەی خەلک لە کۆمەلگەی کوردی ئەمڕۆ لێشاونین بکارن دەروونیان لە ئاوەز(عەقل)ی خۆیان، یان ئاگاییان لە نا-ئاگاییان لێکدیجیاکەنەوە. ئەمە هەر بەو مانایە ناێت کە دەروونناسی لەناو ئێمە وەک پۆلێ لە زانست وونە بەلکو بەو مانایەش دێت ئێمە وەک بوونەوەر کەمترین تێڕامانمان لە ستاتۆسی فسیۆلۆژی (کارئەندامزانی) و بیۆلۆژی (زیندەوەرناسی) خۆمان نەکردوە. هەرتایبەت بەم خالە ئاساییە نیگای خوێنەر بۆئەوێشبەرین کە، ئەو ئێشانەی شتی دەروونی و ڕۆحی و گیانی لە ناخا دروستدەکەن نەبوونە بە جێیسەرنجی خەلکی کۆمەلگەی ئێمە و بەلکو ئەوەی زۆرتر سەرنجی دەخرێتە سەر ئێشە بەرچاویی و بەرجەستیەیەکانی جەستە(لەش) ن وەک ئێشی هەناو، پشت، لووتن و دەم و….هتد. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بلێین: لە کۆمەلگەی ئێستای کوردیدا ، کە بەدەست گەلێ لە فۆڕمی بەدکاریەوە دەتلێتەوە، بواری کارئەندامزانی (فسیۆلۆژی) و دەروونناسی (سیکۆلۆژی) و زیندەوەرناسی (بیۆلۆژی) لێکدی جیاناکرێنەوە و پێوەندی هەریەکە لەم بوارانەش بەویتر نەناسراون. هۆی ئەمە زۆرە و بەرچاوترین هۆش ئەوەیە کە ، سێستەمی فێربوون و پەروەردە لەپاش و کۆنە و تا سیاسەت و ئەدەب و مێژوو وەستابێ کەس ئامادە نیە حەز لە بۆنموونە بوارێ وەک فیزیا، ماتماتیک یان ئەستێرەناسی بکات. بۆیە لەناو ئێمە بایەخ بە بواری زانستە تەجریبیەکان (فیزیا، بیرکاری، کیمیا، زیندەوەرناسی، ڕوەکناسی، ئاژەلناسی، فەلەکناسی، و ….) نادرێت و توێژینەوەی زانستی قوول و ناسراومان لەو بوارانە هێندەکەمە لەپلەی نەبووندایە.
 لەوی ووتیشمان بترازێت ئەمانەوێت ئەوەشبلێن: لە کۆمەلگەی ئێمەدا باو نییە چوون بۆلای پزیشکی دەروونی یان کەس ئامادەنیە تەنانەت بەبەرخۆشیەوە باسلەوەکا پێویستی بەسەردانی دکتۆریکی دەروونی هەیە. لەهەموو ئەمانەش سەیرتر لە کۆمەلگەی ئێمە باو نیە کردنەوەی عیادەی دەروونی، بوون بە تاکێ دەروونی و دانهێنان بە بوونی گرێ و گرفتی دەروونیش. هەموو ئەمانەش بەلگەن لەسەرئەوەی شیکردنەوەی دەروونی وەک بەشێ لە زانست نە جێیتێڕامانی نێوەندی ئەکادیمی و نێوەندی ڕۆشنبیری و سیاسی و ڕاگەیاندنی کوردییە و نەش خودی تاکی ئەم کۆمەلگەیە. لە کۆمەلگەی ئەمڕۆماندا کە بەشێوە ڕووکەشەکەی خۆی وەک کۆمەلگەێ هاوچەرخ نیشاندەدات وەلێ لەناواخندا کۆمەلگەی لاحەولەوەلایە و خۆی لەسەر قەدەر و بەخت ڕاگرتووەو پشتیشی لە گشت پێوانەێ زانستی کردووە کە دەتوانێت شیکردنەوەی لەسەر باری دەروونی تاک و کۆمەلگە هەبێت. ئەو جۆرە دیتنە لاحەولەوەلاییەش بەرهەمی تێژیانێ نابەرجەستە و هەڕەمەکی و دژەئایندەییە و بەشێکیشە لەو گالتەکردنەی لێرە و لەوێ ڕۆژانە بە ژیان و نیگاکانی تاک دەکرێت. چونکە لە کۆمەلگەی گەندەل تاک، ئەو بوونەوەرەی لە هەقیقەتدا خولقێنەری کۆمەلگەیە و دامەزرێنەری شتە بنەڕەتیەکانیشە ( بۆنموونە : خۆشەویستی، زانین، ئازادی، ماف و دادپەروەری و ..هتد) بابەتی تێڕامان و باسکردن نیین و، ئەوەی بابەتی تێڕامان و باسکردنە شتە درشتەکانە (هەلبژاردن، بودجێتی هەرێم، نەوتەکەی بەغا و بەشی کورد لەم نەوتە، کێشەی کەرکوک…..هتد). هۆی ئەمەش بەکورتی ئەوەیە کۆمەلگەی گەندەل خۆی وانیشاندەدات کۆمەلگەێ سیاسییە بەڵام لە بنەڕەتدا کۆمەلگەێ سیاسی نا-ڕاسیۆنال و  دژە تاکە (ئەنتی- ئیندڤیدوالە). بۆیە ئێمە لەم ڕووەشەوە گوماندەکەین ئەو سیاسەتەی لە کۆمەلگەی ناوبراودا پیادەدەکرێت بە هزراندنەوە لێکنراوبێت. ئەوەش کە وایلە سیاسەتکردوە لەم جۆرە کۆمەلگەیە نا- هزری و نا- ڕاسیۆنال بێ ئەوە نییە کە کەیسی نێودەولەتی کورد کێشاوییە بەلکو ئەوەیە کە سوود لەم بەکێشاویبوونەی کەیسی کورد وەردەگیرێ. ئەوانەش کە سوود لە کەیسی بەکێشاویبوونی نێودەولەتی مەسەلەی کورد وەردەگرن هەرئەوانەن کە ئەمڕۆ ئەندازیاری سەرەکی دیاردەی گەندەلیزمن. چونکە مرۆڤ کە دەبینێ نوێنەرەکەی بەدکارە (گەندەلە) و دژەئایندە و بێهزرە ئەمە دەروونی پەشێو دەکا و تاکێ ڕاڕا و هەلچووی کوردیشی لێدروستدەکات. لەسەرێترەوە ئەمە واشدەکات ئەم مرۆڤە کوردە نە لە هەندەران بکارێ بگیرسێتەوە و نەش لە کوردستان. زۆرجاریش کەمترین جیاوازی لەنێوان کەسێتی کەسی کوردی نیشتەجێی هەندەران و کوردستان دەبینرێتەوە و تاڕادەێکی زۆریش بەشێ زۆر لە کوردە نیشتەجێکانی کوردستان، بەتایبەت ئەوانەی بە گەورەی هاتوونەتە هەندەران، شتی هاوبەشیان لەتەک کوردە هەمیشە نیشتەجێکانی کوردستانا زۆرزۆرە و ئەزموونی هەندەرانیان یان تێژیانی ئەورووپایان بینین و لێکدانەوەکانیانی نەگۆڕیوە.
  هەرلێرە خراپنییە ئەوەشبلێین: ئەگەرچی سیاسەت لە کۆمەلگەی ناوبراو بووە بە ناسراوترین چەمک و زۆرترین بایەخیشی لەسەرە وەلێ لەدواینباردا سیاسەت لە کۆمەلگەی نوێی کوردی دوورە لە هزراندنەوە ئەمەش کارەساتی گەورە گەورەی خولقاندووە و تەنێ ئەوانەش دەرک بە دووری ئەو کارەساتانە دەکەن کە وەک کەرەستەی شیکردنەوە کاریلەسەردەکەن. واتە سیاسەت پێوەندی بە هزرەوە نییە بەلکو پێوەندی بە سەفسەتە و ڕەوانبێژی سیاسییەوە هەیە. هەروەها سیاسەت لەم کۆمەلگەیە بە سێستەمێ لە وتارئامێزی و جێگۆڕکیێکردن بە وشە و بڕیار و ووتنی سیاسییەوە لێکێنراوە نەک بە هوشیاری تاک، بە مێژوو و بە دۆزی مرۆڤ لە کۆمەلگە و..هتد. ئەم شێوازەش لە سیاسەتکردن دەکارێت بێهۆشی و دەبەنگی سیاسی لەناو زۆرینەی خەلکی کۆمەلگە دروستدکات. بۆیە سیاسی (ئەلبەتە ڕۆشنبیریش) کۆمەلگەی ئێستای کوردستان پتر لە تاکە ئاساییەکانی کۆمەلگە (وەک کاسبکار، کرێکار ، ژنی مالەوە یان….) پێویستی بە سەردانی شیکەرەوەیدەروونییە. چونکە سیاسی ئەم جۆرە کۆمەلگانە بە هوشیاریەوە نا- هوشیاری بەرهەمدێنن. کەسێکیش کە بەمجۆرە ڕەفتارکات ئەوە کەسێ دەروون پەشێو و ناساغە و ئەم کەسەشمان لایسەرەوە بە کەسێ پسیکۆپات ناونا و مەترسی بووونیمان لە کۆمەلگە ڕاڤەکرد. ئەم کەسە کە پێویستی بە یارمەتییە ئەم یارمەتیە دەشێ تەنیا لە فۆڕمی دەروونی و گیانیدا بەم کەسە بدرێت، جا ئەو یارمەتیە ڕەنگە هەندێ شێوە وەرگرێت لەوانە ڕاهێنانی ئەم کەسە لەسەر بەکاربردنی هەندێ جۆری تایبەت لە دەرمان، یان بەکاربردنی هەندێ وەرزشی هزری و فیزیای، یاخود ڕاهێنانی ئەم کەسە لەسەر وەرگرتنی چارەسەر(عیلاج، تێڕاپی) لەڕێگای زمانەوە، واتە ئەوەی کە قسە بۆ ئەم کەسە نەخۆشەبکرێ و لەسەر ئەوە ڕاهێنرێت دەروونی بیمار و ناساغە و پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەر و تیمارسازی هەیە. هۆی ئەوەش ئێمە گرینگی بەم جۆرە کەسە، یان تاکە، لە کۆمەلگەی ئەمڕۆی کوردی دا دەدەین بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە کە ئەم جۆرە تاکانە (جا ئەوە بەتایبەت تاکی سیاسی بێت و یانیش ڕۆشنبیر بەگشتی) درووستکەر و ورووژێنەری گەلێ لە ڕاڕایی و پەشێوییە دەروونی و بووناویەکانی تاکی کوردن.
تاکی کۆمەلگەی ئەمئێستای کورد و بەتایبەت لاوان ، یان زۆرینەی ئەم کۆمەلگەیە، کە لە بەرنامە و بیرکردنەوەکانی ئەم جۆرە تاکە کوردە (واتە تاکی سیاسی) سەردەرناکا لە خۆخواردنەوە و خۆپیشانەوە و هەلچوونی کاتی زیاتر بەولاوە شتێ ئەوتۆی لەدەستناێت. ئەم تاکە (واتە تاکی کورد) و بەتایبەت لاوان، دەبێت پتر لەوەی لەدەستبێت و هەروەها هوشیاری لەسەر نەک هەر تەندرووستی خۆی هەبێت کە تاکێ نا-تەندرووست و دەروون هیلاکە بەلکو لەسەر داوا و ویستەکانیشی هەبێت. هەروەک لایسەرەوەش ئاماژەمان پێدا یەکێ لە کێشەکانی کۆمەلگەی نوێی کوردی ئەوەیە کە تاکی کۆمەلگەی ناوبراو زانیاری و ئاگای لەسەر باری جەستەی و دەروونی خۆی نییە و هەروەها بەهەمانشێوە زانیاری و ئاگای لەسەر ماف و خواستەکانیشی نییە. ئەمە کە کێشە دروستدەکات ڕیزێ نا- تێگەیشتن و نا-ساغی ڕۆشنبیری و سیاسیش دەخاتەوە کە کۆمەلگە بە گشت توێژ و چینەکانیەوە پرشی ئەو کێشەیەیان بەردەکەوێت. بۆیە بوونی دامەزراوەی دەروونی و شوێنی تایبەت بۆ چاودێریکردنی تەندروستی هاولاتی هێجگار گرینگ و پێویستە. ئەمە کە ستراتیژێ دیاریکراوی پەروەردەی و تەندروستی دەوێ کارکردنێ زۆری دەوێ و مەرجە ببێ بە شوێنبایەخی زۆرینەی تاک و توێژەکانی کۆمەلگەی نوێ کوردییش. هۆی ئەوەش بۆئەوە دەگەڕێنینەوە  کە سیاسەتی بەدکارئامێزی ئەمڕۆی کوردی و نقومبوو لە هەلە و پێشبڕکێی نەزۆک گرفتی دەروونی تاکی کۆمەلگەی کوردی ئەمڕۆی زیاد و ئالۆزکردووە ئەمەش وایکردووە ڕۆشنبیری تاکی کورد، جا ئەوە سیاسی بێت یان ڕۆشنبیر یانیش کاسبکار یاخود ئەکادیمیکەر، پێوەندی بە زانستی شیکردنەوەی دەروونییەوە تابلێیت لاواز بێت و ئەم ڕۆشنبیرییە خۆی لە قەرەی کێشەی دەروونی تاک و دیاردە دەروونیەکانی کۆمەلگەی تازەی کوردی نەدا و هەلوێستەی ڕۆژانەی خۆشی لەو ڕوەوە دەستنیشاننەکات. هەربۆیشە تاکی کۆمەلگەی گەندەلی کوردستان پێویستیێ زۆری بە چاودێری شیکردنەوەی دەروونی هەیە چونکە ئەم تاکە بەتازەگی لە قوڵای تراژیدیا لەدوای تراژیدیاکان ( مەهاباد لەپاش مەهابادەکان کە هەلەبجە و ئەنفال و….دەگرنەوە ) هاتۆتەدەر و ناشێ ئاوا  بەئاسانی فەرامۆشکرێت و بابەتی شرۆڤەکردنی دەروونناسی نەبێت. بەلام ئەم تاکە چۆن ئەم شڕۆڤەکردنەی بۆدەکرێت ئەگەر دەروونناسی و کێشە و دیاردە دەروونیەکان دانبە بوونیانا نەهێنرێت؟ یان ئەم تاکە چی لە ڕۆشنبیری کۆمەلگەکەی بکا تەنیا سەرقالی نووسینی سەروتاری نەزۆکی سیاسی و ڕەخنەی ئەدەبی بێ ئایندەیە؟ کۆمەلگەی ئەم تاکە کە دەروون پەشێو و شەکەتێ هێجگار زۆریتیایە چی لە تێکستی شیعری و ئەدەبیبکا کە خودی تێکستەکان بیماری و پەشێویەکەی زیاتردەکەن؟ بۆیە هێپۆتێزی سەرەکی ئەم بەشەی دواتری نووسینەکەمان خۆی لەسەر ئەو سەرنجە بوونیاددەنێت کە لەم تێگەیشتنە پێکدێت: کۆمەلگەی بەدکاری ئەمڕۆی کوردی ، کەئەوەش پیادەکردنی سیاسەتێ بەدکار بەوەی گەیاندووە، دونیایێ پسیکۆپات(دەروونبیمار) ی سیاسی و ڕۆشنبیری هەیە پێویستیێ هێجگار زۆری بە شیکەرەوەی دەروونی هەیە. بەکورتی دەلێین: بیری سیاسی و ڕۆشنبیری بیمار پێویستە شیکرێتەوە و ئەو کۆمەلگانەش ئەم کەسانە بەرهەمدێنن یەکجار پێویستیان بە مێتۆدە تازەکانی شیکردنەوەی دەروونی هەیە. ئەگەر پێیشمانوابێت پسیکۆپات لەناو کورد لەزیاد بووندایە ئەمە پێویستە وەک کێشەێ کۆمەلایەتی ئاسایی و وەک بەری ئەو دونیا تێکشکان و شەڕ و مالوێرانکاریانە وەرگیرێت تاکی کورد بەسەریهاتووە بەڵام ئەوەی ناشێ بەشتێ ئاسای وەرگیرێت شاردنەوەی ئەو کێشانەیە. بۆیە پێویستە باوەڕ لەناو خەلک بە بیماریبوونی دەروونی تاک بلاوکرێتەوە و وەک شتێ ئاسای و مرۆی ببینرێت. بۆیە نابێ پیێمانوابێت ئەم دیاردەیە، واتە دەروونبیماری (یان بەسایکۆبوون) ،لە کورد بەدەرە و  کورد سەرووی ئەوەیە دووچاری گرفتی دەروونی بێت. چونکە زۆربەی زەرگوزشتە کوردیەکان کورد بە شێر و نامەرد بەزێن و پالەوان لەقەلەمدەدەن بەڵام لەڕاستیدا هەقایەتی شێری و نامەرد بەزێنی و پالەوانی کورد پێوەندی بەولایەنانەوە نییە ئێمە لایسەرەوە ئاماژەمانپیێدا. واتە ئەوەی ئێمە شێر و نامەردبەزێن و قارەمانیین ئەوە بەو مانایە ناێ ئێمە ناشێ دەروونشەکەت نەبین یان نەخۆشی دەروونی جیاجیا تیامانا سەرهەلنەدا یان سەریهەلنەدابێت. پاشان لەبەرئەوەی ئێمە مێژوویێ تال و زۆرداریئامێز ژیاوین ئاوەلناوێ زۆرمان بۆخۆمان دروستکردوە ئەو ئاوەلناوانە ناتوانن کارێواکەن بۆهەمیشە دەروونتەندوروست بین. هەر تایبەت بەملایەنە ئەوەشدەلێین کە، ئێمە لەماوەی سەد سالی تەمەنی ناسیۆنالیزمی کوردی لەبەرمانەوە و بەردەوامبوونمان، بۆ ترسانی دوژمنانی کورد و مێژوونوسینەوە هەمیشە دۆستی پلەیەکی مەرگ بووینە و پێمان شەرم و عەیببووە بلێین حەزمان لە ژیانە. ئێستاش دوایئەوەی کەوتووینەتە ناو ژیانەوە، یان دروستتر بدوێین پاشئەوەی فڕێدراوینەتە ناو ژیانەوە، بەتازەگی لەوە گەیشتووین ئێمە بۆئەوەی هەبین دەبێت ساغ و بەهۆش و پڕلەئاوەزبین. بەڵام ئەمە هەر دۆزی ئێمە نییە کە بەمجۆرە خەریکی خۆگوزەرانە بەلکو سەرجەم دانیشتوانی گۆی زەویش ئەو ویستەیان تیایە، واتە بژین، هەبنن و ئەمجار بەتەندروست و پڕ لە ئاگایش بن. چونکە دەمێک نییە ئاشووبەکانی جەنگ و جینۆساید و قاتوقڕی لە جیهانا خۆی لە کەمی ناوە. بۆیە لەم سەردەمە ئالۆزەی جیهان تەنانەت کێوی و گوندی و دەشتەکی و دوور لە شارستانی و گیرخواردو لەناو جەنگەل و یبابانەکانیش پەلەکێشی ئەزموونگا و نەخۆشخانە و کلینیکەکان دەکرێن. کەواتە ئێمە تەنیا نیین لەوەی دەرووننەخۆشین یان هەستکەنەفت و ئاوەزداڕماوین بەڵام لەوەیاندا تاک و تەنیاین کە ئێمە نامانەوێت دانبەوەبنێین ئەوەین هەروەها هۆکارەکانی بوونیشمان بەوە جودا و تایبەتە. چونکە دۆزی کۆمەلایەتی و سیاسی و کولتووری ئێمە جیا و ڕیزپەڕە. بۆیە ئێمە ئەوەین و ناجۆریشن لە بوونەکەمان بەوە.
بۆئەوەی نەختێ لە ڕووخسارەکانی کۆمەلگەی ئێستامان تایبەت بەو لایەنانەی لایسەرەوە باسکران دەستنیشانکەین ئاماژەبەوەدەکەین کۆمەلگەی هەنووکەمان ، کە پڕن لە دیاردەی نەخۆشی دەروونی و نەخۆشیە دەروونیەکانیش لەم کۆمەلگەیە دەشاردرێنەوە، کەسی دەروونبیمار لە کۆمەلگەی ئێمەدا ئامادەنییە خۆی وەک دەروونبیمار نیشاندا و، تەنانەت ئەم کەسە زانیاریشی لەسەرئەوە نییە دەروونیبیمارە. هۆئەوەش ئەم کەسە بەمجۆرە هەلسوکەوت لەتەک دەروون و جەستەی خۆی دەکات ئەوەیە کە کەسی ناوبراو ڕۆشنبیری لەسەر جەستەی خۆی نییە. واتە ئەم کەسە نازانێت چۆن دەروون بیمار دەبێت و نیشانەکانی بیماربوونی دەروونیش لە چی پێکدێنن. لەهەمانکاتدا  “”ئەم کەسە دەروون بیمارە”” ناکارێ و ئەو شیاویەی تیابەدیناکرێت دەروون لە لەش (جەستە) جیاکاتەوە ، هەروەها ئەم کەسە ئەو زانیاریەشی نیە چۆن قسەلەسەر لایەنی دەروونی و کارئەندامزانی (فسیۆلۆژیای) خۆیبکات. بۆیە هەلەناکەین گەر بلێین کەسی کۆمەلگەی ئەمڕۆی کوردی ، کە خۆی وەک کۆمەلگەێ مەدەنی و لێبڕال دەناسێنێت، لەبنڕا حالیبونی لەسەر دۆزی دەروونی و بوناووی خۆی نییە. دەرئەنجامی ئەوەش کە ووتمان وامانلێدەکات بۆئەوەبچین کە ئەم کەسە تائەوپەڕی پێویستی بە یارمەتی و چارەسەری دەروونی و بە تیمارسازی پزیشکی دەروونیە. زۆربەی ئەو لایەنانەش کە باسمانکرد لە دوو توێژەکەی کورد بە ڕوونی دەردەکەوێت وەلێ کێشەکە لێرە هەر ئەوەنییە ئەو دوو توێژە(سیاسی و ڕۆشنبیر) ئاگایان لە درم و ناساغیە دەروونیەکانی خۆیان نییە، یانیش دانیپیاناهێنن، واتە دان بە بیماربوونی دەروونی خۆیان ناهێنن، بەلکو ئەوەشە کە لەنێو ئەو ڕۆشنبیر و سیاسیە دەروون ساغ و بەتەندروستانەی هەن بەوجۆرە کارنەکراوە کە ئێمە لێرە کاریلەسەردەکەین و ناویاندەنێن.
ئەلبەتە وێرای ئەوی لایسەرەوە ئەوەش دەلێین: زۆربەی پسپۆڕانی بواری دەروونناسی لە ولاتانی ڕۆژئاوا باس لەوەدەکەن مرۆڤ پێویستە بکارێ جیاوازی لەنێوان ئەو نەخۆشیانەدا بکات دووچاری جەستە(لەش)ی دەبن و ئەوانەش کە دووچاری دەروونی یان ئاوەزی (عەقلی) دەبن. ڕاستە هەردوو جۆرەکانی نەخۆشی هەر لە بوونیادی هەمان مرۆڤدا (لەهەمان گیاندا) ڕوودەدەن بەڵام هەریەک لەو دووجۆرە نەخۆشیە کاردانەوەی خۆیان بەسەر لایەنی کارئەندامزانی مرۆڤیشەوە بەجێدێلن. بۆنموونە ئەگەر مرۆڤێ بۆچەند ڕۆژێک نەچێتەسەر پێشاو، واتە قەبز بێت، ئەم قەبزییە شیاوە کێشەی جەستەیی بۆ ئەم مرۆڤە دروستکات، واتە ئێشێ لە ئاکامی ئەم ڕووداوە جەستەیەوە لەم مرۆڤە دروستدەبێت بەڵام هەمان کێشە دەتوانێت کاردانەوەی دەروونیشبخاتەوە. بەڵام ئەو ئێشە دەروونیەی ئەم حالەتە دەیخاتەوە جیایە لەو ئێشە دەروونیەی هەندێ حالەتیتر دەیخاتەوە بۆنموونە: کاتێ ئافرەتیێ منالێکی لەباردەچێت یان پەلاماردەدرێت یانیش هاوسەرەکەی ئەنفالدەکرێت ئەو کێشە دەروونیانەی لە ئەنجامی ئەو ڕووداوە جیاجیانەوە مرۆڤێک دووچاریدەبێت لە حالەتی قەبزبوونەکە جیایە. کەواتە ئێشە دەروونیەکان وەک یەک نیین و کاردانەوەکانیشیان تابلێیت جوداوازن چونکە هەندێ نەخۆشی دەروونی کاتی و وەختیین و هەندێ تریش درێژخایەن و بگرە هەمیشەین بەتایبەت ئەگەر درەنگ ئەو نەخۆشیە دەروونیە دەستیشانکرێت. بۆیە تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی شتێکە لەسەر ئەوە وەستاوە چی ئەوە دروستدەکات. گەر کەسێک، واتە نەخۆشێک، ڕۆشنبیری تەندروستی هەبێت و توانای ئاخاوتنی هەبێت ، واتە لە ئاکامی ئەو نەخۆشیە دەروونیەوەی دووچاری بووە ئاوەزی لەدەستنەدابێت، دەکارێت ڕووداوی پێوەبوون یان تووشبوونەکەی بە نەخۆشیە دەروونیەکە دەستنیشانکات. ئەگەریش ئەو نەخۆشەی لەئاکامی ئەو نەخۆشییە دەروونیەی دووچاریبووە ئاوەزی خۆی لەدەستداوە ئەوا بەدلنیاییەوە ئەم جۆرە نەخۆشانە ناتوانن گوزارە لە باری دووچاربوونەکانی خۆیانبکەن چونکە لەدەستدانی ئاوەز گرفتێ گەورە لەبەردەم ئاگای ئەو کەسە دروستدەکەن. ئەلبەتە ئەو حالەتانەی نەخۆش ئاوەزی بیمارنییە ڕەنگە ساناترین حالەتبن کە پسپۆڕەکانی نەخۆشییە دەروونیەکان ڕێکەوتیدەکەن چونکە نەخۆشەکە یارمەتیدەرە بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی بەشێ لە ئاماژەکان و ئەلبەتە هۆکارەکانیش بەڵام ئەو کەسەی منالێکی خۆی دەکوژێ یان خۆیدەکات بە باخچەێکی ساوایانا و دەستدرێژی لە ڕیزێ منالدەکات ڕەنگە ئەوە نەتوانێ شتێ ئەوتۆ لەسەر دەروونی خۆیبلێت. لە هەموو حالەتەکانا ئەوەی کارئاسانی دەکات پسپۆڕەکان زووتر لە ڕووداو و یان کێشە دەروونیەکان بگەن “”هوشیاری تەندرووستی”” نەخۆشە، کە مەرجە لای تاکەکانی کۆمەلگە هەبن. ڕەنگە ئەم لایەنە لە کۆمەلگە هاوچەرخەکانا ئامادەبوونی ساناتربێت چونکە تاکی ئەو جۆرە کۆمەلگانە ئاگایی لەسەر دەروون و تەندروستی جەستەیی خۆ هەیە بۆیە کاتێ کەسێک هەست بە پەشێوی دەروونی دەکات دەچێت بۆلای پزیشکە دەروونیەکەی نەک “”پزیشکە گشتیەکەی خێزان”” یان پزیشکی هەناو. مەبەستمان بەلانی کەمەوە لە کۆمەلگە نوێکانا تاک ئەوەندە هوشیارە کە بکارێت ئاماژەکانی نەخۆشی جەستەیی ، واتە ئەوی لە لەشدا دروستدەبت، لە ئاماژەکانی نەخۆشیە دەروونیەکان ،کە شاراوە و پەنهانن لە دەروونی مرۆڤدا، جیاکاتەوە. ئەمە کە هەنگاوێ پۆزەتیڤە پێوەندیێ زۆریشی بەگەشەی ڕۆشنبیری تەندروستی تاک لەو جۆرە کۆمەلگانە هەیە و هەروەها ڕۆلی مێدیا و شوێنە پەروەردەی و تەندروستیەکانیش لەمڕوەوە دیار و بەرچاویین. بەڵام هەرچی لە کۆمەلگەکانی ئێمەیە کێشەکە لەوێوە دەستپێدەکات تاک کەسێ دیار و دانپیاهێنراو نیە. گومانیشی ناوێت گەر زۆرێک لە ئێمە بپرسین تاک لەم جۆرە کۆمەلگانە، کۆمەلگەی گەندەل، چۆن دیاربێت لەکاتێکا کۆمەلگە شوێنیێکە بۆ بەرچاوخستن و دەرکەوتنی شتی گەورە؟ واتە کۆمەلگە کۆمەلگەی گشتە نەک کۆمەلگەی شتی ناگشت و لاوەکی و بچووک و پەراوێزکراو و خەفەکراو. کۆمەلگە کۆمەلگەێ کۆلێکتیڤە(جەماعییە) و تاک (ئیدڤید) ئەو جێیەی لەناو کۆمەل دا نییە. بۆیە کۆمەلگەی ئێستای ئێمە لەبەرئەوەی کۆمەلگەێ کۆلێکتیڤی و ئەنتی ئیندڤیدوالە نایەوێت خۆی لەقەرەی شتە ووردەکان بدات و ، بۆیشە ئەم کۆمەلگەیە تەنیا بووە بە شوێنێ بۆ خستنەڕووی شتە گشت و شتە درشتەکان. بۆنموونە تاکی سیاسی لەگەل تاکی ڕۆشنبیر بەرچاوترین تاکی ئەم جۆرە کۆمەلگەیەن وەلێ ئەم دووتاکە بەجۆرێ لە کۆمەلگەدا دەژین و لە پێوەندیشدان  لەتەک دەورووبەر و خۆیان لەوەناچن تاک بن و بەلکو تابلێیت ئەنتی- ئیندڤیدوالن و دژ بە تاکبوونی خۆیان و ئەویتریش ڕەفتاردەکەن. ئەمەش ئەوەدەگەێنێ گشت ڕەفتار و خەسلەتەکانی ئەم جۆرە تاکانە نیشانەن لەسەر بەتاکنەبوونیان، ئەم دوو جۆرە تاکە (تاکی سیاسی و تاکی ڕۆشنبیر) لەبەرئەوەی لەوەکەوتوون تاک بن هەریەکە خۆی لە قەبیلەێ سیاسی یان ڕۆشنبیریدا ناونوسکردوە و ، لەسەر لیستی ئەو قەبیلەیەی ئینتیمای بۆهەیە دەبێت بەوەی ئەو قەبیلەیە لێیداوادەکات. واتە تاک مولکی تاکبوونی خۆی نیە و تاک مولکی گروپ و خێلە. بۆنموونە فلانە تاک کە بووە بە سەفیر یان ڕاگری کۆلێژ یانیش بەرپرسی سەندیکاێ یان هەفتەنامەێ لەبەرئەوە نەبووە بەوە کە تاکێ سیاسی یان تاکێ ڕۆشنبیری بێوێنە و خاوەن ئەزموونێ ڕیزپەڕە بەلکو لەبەرئەوە بووە بەوە چونکە ئەم تاکە لەوەکەوتووە تاک بێت ، یان تاکی ناوبراو لەڕێگای بوونی بە ئەندام لە لیستێ حیزبی یان خێلێ سیاسیی بووە بەوەی هەیە (بەوەی بووە). کەواتە ئەم تاکە گەر ئەمەی نەکردایە هیچکات نەدەبوو بەوەی هەیە (بەوەی بووە). واتە مەرجی بوونی بەوەی بووە وازهێنانیەتی ، کەوتنەیەتی، لە بەتاکبوونیخۆی کە ئەوەش خۆبوونەکەی دەخاتە ژێرپرسیارەوە. ئەمەش کە خەسلەتی سەرەکی تاکی کۆمەلگەی ئێستای ئێمە دۆزێ تابلێیت کوشندەشی لە کۆمەلگا و ئەو بوارانەش دا خستۆتەوە (ناو خێزان، بوار هاوڕێیەتی، ناو دانیشگا، شوێنی کار و بواری خۆشەویستی) کۆمەلگە وێنەی خۆی تیادەبینێتەوە و یان کۆمەلگە تیایا کاریگەرە.
ئەوی لایسەرەوە باسکرا لایەنێکی کێشەکەیە بەلام لایەنی تری ئەو کێشەیە ئەوەیە کۆمەلگەی هەنووکەی ئێمەپڕبووە لە کەسی بێپرنسیپ و بیر نەزۆک و بێ ئامانج. ئەم لایەنە بەخۆی یەکێکە لە دیاردە زۆر ئالۆز و تایبەتەکانی نێوەندی کوردی لە کوردستان و لە هەندەران. ئەگەرچی ئەم دیاردە دەروونییە شتێ زۆر چاخییە و بەرهەمێ ڕاستەوخۆی گۆڕانە پەلە و خێراکانی جیهانی نوێیە بەڵام کورد وەک کۆمەلگە و کولتوور لە کاریگەریی شتە چاخییەکان دابڕاونیە و کەسی کوردیش لەم بوارەدا وەک کەسێ نا-بەرهەمهێنەر و بێ لایەن ناششێت ببینرێتەوە. بۆنموونە کاتێ تەماشای دەوروبەری خۆماندەکەین و یان تەماشای بەرهەمە هونەریی و بەناو فکری و کارە ڕۆژنامەگەریی و ئەدەبیەکانمان دەکەین چاومان بە سەدەها حالەتی نەخۆشاوی و کێشەئامێز دەکەوێت کە لەڕەچەلەکدا هەموو بەسەرهات و گێڕانەوەی دەروونی و پاتۆلۆژی (بیماری) لەپشتەوەیە و پریشکی ئەو بەچاخبوونەشی پێوەیە کە لەئێستادا دەیژێین. یان کاتێ تەماشای مالپەڕە کوردیان دەکەین (ڕەنگە نێوەندی کوردی کەمترین مالپەڕی هەبێت نەک هەر لە چاو ڕۆژئاوا بەلکو لەچاو زۆربەی کۆمەلگەکانی دەوروبەریشمان) تادەگاتە کتێب و پڕۆگرامە تەلەفزیۆنی و ، هەروەها ئەو هەموو ڕۆژنامە و هەفتەنامە و ئەمجار ئەو گۆڤارانەی سەرجادەکانی شارەکانی کوردستانی تەنیوەتەوە بەو بینینە دەگەین بەشێ زۆر لەو مالپەر و ڕۆژنامە و گۆڤارانە لەهەموو ڕووێکەوە زەمینە بۆ ژیانێ نەزۆک و بیرکردنەوەهاێ بێ مانا و تێگەیشتنی بێ ئایندە خۆشدەکەن و تادەشتوانن کەس و مرۆڤی بێپرینسیپ پەروەردەدەکەن و لە فۆڕمی کەسی دیموکراسی و جیهانی و مۆدێرن و لیبرال ئەم کەسانەشمان بۆ نمایشدەکەن.
ئێمە نامانەوێت لێرەدا ئەم ناو و واتانە (دیموکراسی، جیهانی و ..هتد) بێ ماناکەین و لە ڕەوتی مێژووی و شارستانی خۆیانی بخەین چونکە ئەوە ئامانجی ئێمە نییە و ئەم باسە کورتەش ئەو هەلەی تیاناڕەخسێت ڕەوتی مێژووی و شارستانی ئەم ناو و واتانەی تیا بە باشی ڕونکەینەوە بەڵام ئەوی ئێمە ویستمان لەمیانەی گوزارەکردن لەوی ووتمان بیریخەینەوە ئەوەبوو یەک لە دیاردەکانی چاخی ئێستامان ئەوەیە کە لەژێرڕکێڤی تەوژمی ئەو ئابووریزمەی سەرتاپای گەردوونی گرتۆتەوە واتای وەک دیموکراسی، جیهانی و لیبڕال لە کۆنتێکستی ڕاستەقینەی خۆیان دوورخراونەتەوە و ئەو واتانە وایانلێکراوە کە ملکەچی بازاڕ بن و ئامادەبن وەک شمەکیان لێبێت و لەوە بکەون مانا و بەها درووستکەربن و پارێزەری کۆنتێکستی (سیاقی) مرۆیی خۆشیان بن. ئەوی لەمحالەتەشا دەمانەوێ جەغتی لەسەربکەین ئەوەیە نووسین و هونەر و سیاسەتی تازەی کوردی لەلایەن خۆیانەوە بەشداری خۆیانیان لە بێمانادارکردن و نەزۆککردنی ژیان و حەزە ئەبەدییەکانی ناو ئەم ژیانە هەیە و ڕۆلیشیان لە ڕاهێنانی خەلک لەسەر جۆرە ژیانێ کۆیلایەتی سۆپەرمۆدێرن هەیە کە ئەمەش دواتر وادەکا کۆمەلگەی ئێمەش ببێ بەخاوەنی تاکهاێ سایکۆی ماندوو و بێباوەڕ و بێ ئایندە. ئەوەی لەم پەڕەگرافەش حەزدەکەین نەختێ ئاماژەی پێکەین ئەو بێباوەڕیەیە بەشێ زۆر لە تاکەکانی سەر گۆی ئەم زەوییە زۆر پێشکەوتوو و سەردەمییەی گرتۆتەوە، کە گومانی ناوێ کەسی کوردیش لەبەرئەوەی تازە بووە بە میوانی ئەو گۆی زەوییە دەشێ دووچاری گشت ئەو شتانە ببووبێت کە ئەویتر پێوەیبوونە. بۆیە لەڕیزی کوردانیش بێباوەڕی لە نەشونماێ سەیردایە و ئەمەش (واتە بێباوەڕی ) دەبێ بە هۆێ کە دواتر دەروونناساغ و ڕۆحشەکەتمان هەبێت و خۆشیان لە کونجی نەخۆشخانەکانا ببیننەوە. چونکە بێ باوەڕی و خۆ ڕاهێنان لەسەر بێ ئامانجی و بێ هیوایی لە ڕووخسارە سەرەکییەکانی ژیانی لەمەولامانن و ئەمەش یارمەتیدەرێ گەورەن نەخۆشکەوین و هەروەها ژیانمان بە سەدەها دیاردەی پاتۆلۆژی (نەخۆشیئامێزی) یەوە تێکەلبێت.
ئێمە کە دەلێین بێ باوەڕی دەمانەوێ ئەو وێنە هەلە و نەخۆشانە لەسەر باوەڕداری دوورخەینەوە ڕۆژئاوا و کۆمەلگەکانی دەرەوەی ڕۆژئاوا لەسەر کەسی باوەڕدار دروستیان کردووە کە مرۆڤێ ناشرین و چلکن و تیرۆریست و نەخوێندەوار و ڕیشنە. نەخێر وانییە و ئەو وێنانە سەرچاوە لە دەروونێ ناساغ و ناسازاوە هەلدەگرن و زادەی تێگەیشتنێ عیلەتدار و تەرەفداریشن. ئەمەو ئێمە مەبەستمان لە کەسی باوەڕدار ئەو کەسەیە کە بێ زەرەر و ڕێنیشاندەر (نەک نوێنەر و سەرپەرشتیکەر و بەڕێوەبەر) و نیەتپاک و بە ویژدان و میهرەبانە نەک گێرەشێوێن و هیچگەرا و هەلپەڕست و دۆگما و مشەخۆر. بۆیە باوەڕداری ئەوەیە مرۆڤ گوناه و هەلە دەرهەق بەویتر نەکا و بەشداریش لە دروستکردی تاوان، بەدی و ناپاکی نەکا و، ڕۆلیشی لە هەلگیرسانی ئاشووب و جەنگ نەبێت و،  ئامانجیشی چاندنی تۆوی ویژدان و مەحەبەت و سۆز بێت نەک سزادان و دووبەرەکینانەوە. بەڵام ئەم مرۆڤە لە ئێستادا و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو لەنەماندەکات و گشت وێنە و نیشانەکانیش ئەوەمان بۆڕوندەکەنەوە ویژدان و میهرەبانی و سۆز لە ئاوابووندان و ئەم شتانە کە وونیانمانکردوون پێناچێ بەمزوانە بیاندۆزینەوە.
لەوانی لەسەرەوە باسمانکرد سەیرتر ئەوەیە باوەڕداری وەک ئەوەی ئێمە وێنامانکرد و ڕووخسارەکەیمان دەستنیشانکرد ئەوەیە کە چاخی نوێ ، لە گشت ڕوو و لایەکەوە، دژی ئەم جۆرە کەسەیە کە ئێمە ناوماننا کەسی باوەڕدار. چونکە ئەو تەکنیکە نوێیەی بەڕێوەیە دوژمنی هەرە گەورەی باوەڕ و باوەڕدارییە و، بەو واتایەی ئێمە ئاماژەمان پێکرد تەکنیکی نوێ و کۆمەلگەی نێتهۆرک توانیوویەتی لەگەل خۆی جۆرێ تر لە باوەڕداری دروستکات کە ئەوەش پارەپەرستی و سێکسخوازی و جەنگدۆستی و مەرگبازییە. ئەمانە باوەڕە تازەکانن و سەرچاوەکەی ئەو میتافیزیکە نوێیەن پێیدەلێن تەکنەلۆژیای زانیاریی. بۆیە ئەوەی پێیبلێن ویژدان و مەحەبەت و میهرەبانی ڕۆژبەڕۆژ لە فەرهەنگی ئەم چاخ و میتافیزیکە تازەیە ڕوو لەکەمبوون دەنێت و لەبڕی ئەوە هەوەسبازی و خۆپەرستی و ویست بۆ دروستکردنی پارە ، پارە بەهەچ جۆرێک بێت، باودەبێت و دەشبێت بە تاکە باوەڕێکی لەمەولامان.
ڕەنگە بۆ ئەوانەی بەڕێوەن بەرەو ئەورووپا یان ئەوانەی ئێستا لە کوردستان یان لە هەندەران عاشقی ئەورووپان پێکەنینیان بەو تێگەیشتنانەی لایسەرەوە بێت و وایبۆبچن ئەوە نووسەری ئەوە چەند دێڕەیە ماندووە نەک ئەوانەی بەناوی نووسینی فکری و سەروتاری سیاسی و کاری هونەری سەیرسەیرەوە تۆوی بێباوەڕی و نەزۆکی و سینیستی دەچێنین. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەێنێت لێرە و لەوێ تاکهاێ نەبن زۆرترین بیرکردنەوە و ئەندێشەیان بۆئەوە تەرخاننەکەن دژ بە بەدی و دووڕوی و بێ باوەڕییەکانی سەردەم نەوەستنەوە ، بەڵام لەبەرئەوەی زۆرینەی خەلکی ئەم چاخە بوونە بە تاکهاێکی سەردەمی و کۆیلەی پارە و غەریزەن و، کۆمەلگەی گەندەلیش کە ئێمە نیشتەجێین لەبەرئەوەی کۆمەلگەێکی بێ مافە و نا-دادپەروەری ژیندەری و نا-تەبای کۆمەلایەتی و ئابووری تیایا بووە بە نەرێت ئەم لایەنانە زۆر دەکرێت یارمەتیدەربن بۆ ئەوەی ئەو جۆرە مرۆڤە کۆیلە و بگرە دەروونناتەواو و هەستناسەلیمانە لە کۆمەلگەی ناوبراو دەرکەون و، ئەمەو ئەوەشمان بیرنەچێت کە ئەم شوێنە شیاویێ زۆریشی لەبەردەستە بۆ لەخودخستن لە خودێتی خۆی ، ئەوەی خود نەکارێت ببێت بە خۆی، واتە تاک نەتوانێت ببێت بە تاک و کەسێ خولقێنەر. بۆیە پیێمانباشە لە دووتۆی ئەم چەند لاپەڕەیەی لایخوارەوە بەشێ لەو سەرنجانە ڕووخەین کە لەمبارەوە بە کۆمەلگەی ناوبراوەوە تایبەتن و ئەلبەتە بە دیاردەی داننەهێنان بە تاک و شتە دەروونیەکانیش:
 1.هەروەک پێشتر،  لایسەرەوە ئاماژەی پێدرا، یەک لەو شتانەی لە کۆمەلگەی گەندەل دا ، کە کۆمەلگەێکە لەسەر بەدکاری سیاسی دامەزراوە، باو نییە نەچوونە لای پزیشکی دەروونییە ، هەروەها چوونە لای پزیشکی دەروونی ئەوەندە دیاردەێ کۆمەڵایەتی ناشرینە گەربێتو خەلک یان دەوروبەر بەوەبزانن کەسێ چووەتە لای پزیشکێ دەروونی ڕەنگە بە کەمئەقل و ناتەواویشی لەقەلەمبدەن. کەواتە دکتۆری دەروونی و دەروونناس و تاکی دەروونی و کێشەی دەروونی بابەتی باسکردن نیین و شیکردنەوەی دەروونیش وەک پۆلێ لە زانست لە کۆمەلگەی ناوبراو نەناسراو و ناباوە ئەمەش وایکردوە ئەم بەشە لە زانکۆکان بایەخی نەدرێتێ ، یان کۆلێژی دەروونناسی کراوە بە بەشێ لە کۆلێژی پەروەردە یان وێژە (ئاداب) بۆیە کەس ئامادە نییە بچێتە ئەو کۆلێژەوە کە دواتر کارەکەی لەناو خەلک زۆر دیار و بەرچاوینابێت. کەواتە ئەو قوتابیانەی بەتازەگی ئامادەییان تەواوکردوە و بیرلەوە دەکەنەوە ئایندەیان لەناو کۆمەلگە دیاربێت بەزۆری بیر لەو بەشە زانستیانە دەکەنەوە بیخوێنن کە ستاتۆسی (کیانی) کۆمەلایەتییان بۆدروستدەکات (وەک پزیشکی، ئەندازیاری، و یاسا) بۆیە زۆرینەی قوتابیانی کورد کە ئامادەی تەواودەکەن (کە زۆربەشیان لەنێوان 18 بۆ 20 سالن) لەوەناگەن کۆلێژی سیکۆلۆژی یان سیکیاتری چەند بۆ کۆمەلگە گرینگە و چەند دەرچووی ئەم بەشە دەکارێ بەشداری لە چارەسەرکردنی دەردەکانی تاک و کۆمەلگە بکات.بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کۆلێژی سیکیاتری داواێ زۆری لەسەرە و تابلێیت سەختیشە وەرگرتن لەم کۆلێژە چونکە دەرچووانی ئەم کۆلێژە دواتر زۆرترین کاریان دەستدەکەوێت و ، بۆئەوەی قوتابیەکیش لەو بەشە وەرگیرێت دەبێت باشترین پلەی هەبێت، واتە هەمان ئەو پلەیەی کۆلێژی پزیشکی و کۆلێژی تەلارسازی داوایدەکات.
 
2.دامەزراوەکانی کۆمەلگە تازەکان زۆر بە دکتۆری دەروونیەوە پێوەندیدارن. زۆربەی بوار و کەرتەکانی کۆمەلگا و بواری بەرهەمهێنان کە یاسای بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانی جیا جیای خۆیان هەیە پزیشکی دەروونیشیان هەیە بۆنموونە دائیرەکانی پۆلیس و ئاسایش ، شوێنەکانی داد و ماف، دائیرەکانی باج و قەرەبوونەوە، قوتابخانە و شوێنەجیاکانی پەروەردە و …هتد هەریەک لەم شوێنانە پزیشکی دەروونی تایبەت بەخۆیانیان هەیە. ئەمەو ئەو شوێنانە جگەلەوەی یاساناس و مافناسی خۆیانیشیان هەیە دکتۆری دەروونیشیان هەیە کە شیکردنەوەی خۆی لەبارەی کەس و ڕووداوە ڕۆژانەی و کاتیەکانەوە دەدات. ئەمەو جگەلەوەی نەخۆشەکان بەگشتی دەروونناس و دکتۆری پزیشکی خۆیانیان هەیە و دوای گشت ڕوودا و کێشەێ پزیشکی زۆرئاسایە نەخۆشەکان بنێردرێنە لای دکتۆرێکی دەروونی . بۆنموونە ئەو ئافرەتەی لە ڕووداوێ منالەکەی لەباردەچێت یان بەئارەزووی خۆی منالەکەی لەباردەبات دەنێردرێتە لای دکتۆری دەروونی ئەمەو ئەو دایکەش کە بەتازەگی منالی بووە و لە مانای دایکایەتی و واتای منال و منالبوون ناگات ئەویش ئاساییە بنێردرێتە لای دکتۆری دەروونی ئەمەو تادەگاتە حالەتی تر وەک کوشتن و تەعدالێکراوان و تەعداکەر و زۆر شتی وورد ووردی کۆمەلایەتی تریش. بەڵام نابێ ئەوەشمان لەبیرچێت کە گشت خێزانێکیش بۆی هەیە دکتۆری دەروونی خۆی هەبێت و ئەندامەکەکانی هەمان خێزانیش دەتوانن دکتۆری دەروونی جیاجیان هەبێت ئەمەش بۆئەوەی هەریەکە بەئارەزووی خۆی و بێڕاڕای شتە تاکی و کەسیەکانی خۆیباسکات.
لەڕێگای ئەو چەند سەرنجەی لایسەرەوە، خالی دوو، ووترا ئامانج ئەوەبوو بلێین: دامەزراوەکانی کۆمەلگەی گەندەل (خێزان، قووتابخانە، دادگا، ئاسایش و..هتد) پێوەندیان بە شیکەرەوەی دەروونی و پزیشکی دەروونیەوە نییە و ئەو نەرێتە تەندروستیەش لەو دامەزراوانەدا باو نییە کە بەوچاوەوە بڕواننە منال و قوتابی و کارمەند و کارگێڕ و فەرمانبەران. هۆی بنەڕەتیش لەمڕوەوە ئەوەیە کە لەلاێ ئەو دامەزراوانە لەسەر بناغەی دانهێنان بە تاکبوون دروستنەبوونە و لەلاێتریش تاکی دەروونی و حالەتی دەروونی بۆ ئەم دامەزراوانە بابەتی تێڕامان نییە چونکە لەکۆتایدا ئەم دامەزراوانە هیچیان نییە لەتەک دەروون دا بیکەن. بۆئەم دامەزراوانە دەروون ڕێگر نییە لەبەردەم ژیانی تاک و دروستکەری هیچ ئاماژە(سیمتۆم) ێکیش نییە. واتە ئەم دامەزراوانە بۆئەوەناچن دەروون لە ژیانی تاکا ئەوەندە کاریگەر بێ و مەترسی شتی گەورەشی لێناکرێت. خۆپیشاندانەکانیش دەریخست تاک لەبڕی ئەوەی یارمەتیبدرێت و تاکی ساغ لە کۆمەلگە لە تاکی ناساغ جیاکرێتەوە تاک خەلتان خوێن دەکرێ و ئاسایش و دامەزراوە یاساییەکان دەبن بە مۆلگەی کەسانێ پسیکۆپات و سۆسیۆپاتی ترسناک. ئاسایش کە لای ئێمە بووە بە دالدە بۆ کەسی ناحەز و داخلەدل و ڕابردوو ناساغ پرسیار لەسەر باری تەندروستیان ناکرێ و ئەوی بۆ دامەزراوەکان گرینگە ئەو جۆرە کەسانەی دەبن بە ئاسایش سەرۆکپەرستبن و ڕابردووی سیاسیان گومانلێکراو نەبێت.
 
3.تاکەکانی کۆمەلگەی کوردی هاوچەرخ کە نەوەی یەک ڕیز لە تراژیدیای وەک مەهابادن پێویستیێ زۆریان بە چاودێری دەروونی ئاست جۆراوجۆرە چونکە زانستی شیکردنەوەی دەروونی لەماوەی 40 سالی ڕابردوو بە گەلێ گۆڕانی مێتۆدی تێپەڕیووە. لایئێمە خەلک تەنیا شیکردنەوەی دەروونی بیستووە بەڵام ئەمڕۆ لەڕاستیدا لە کۆمەلگە تازەکانی ڕۆژئاوا، کە کەوتوونەتە ژێر زەبری کاریگەریەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری نوێووە، شیکردنەوەی دەروونی لقوپۆپێ زۆری لێبوەتەوە و، ڕۆژانە هەولدەدرێت نەخۆشە دەروونیەکان لە ژووەرەکانی نەخۆشخانە دەروونیەکان دوورخرێنەوە و ببریێنە باخچە و سینەما و شانۆکان و یان بە پۆل سەفەریان بۆکەنارەکانی دەریا و بۆ شوێنە سەیر و سەمەرەکان بۆسازکرێت بەڵام ئەمەش گرێدراوە بە ئابووری و بودجێتی تەندروستی ئەو کۆمەلگە ڕۆژئاوایانەوە. چونکە ئاوڕدانەوەی گشت کۆمەلگە ڕۆژئاواییە نوێکان لە تەندروستی تاکەکانی کۆمەل وەک یەک نییە و لە ڕاگەیاندنەکانا هەمیشە مشتوومڕی تووندی لەسەرە. ئەلبەتە هوشیاری تاک لەم کۆمەلگانە و ڕاستگۆی مێدیاکان لەمڕوەوە یارمەتیدەرێ باشن بۆ بەردەوام گفتوگۆکردنی بودجێتی تەندروستی و پەروەردە و باشترکردنی دۆزی نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان. بۆیە لە هەلبژاردنەکانا ئەم لایەنە هەمیشە زۆرترین سەرنجی دەخرێتەسەر و بایەخی سیاسیەکانیش بەم لایەنە و، بەوەی درووستبوونی تاکی بەپەروەردە و بەتەندرووست بە قازانجی گەورەی کۆمەلگە و مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە، ئاڕاستەی هەلبژاردنەکان دەگۆڕێت. هەموو ئەوانەش لەسەر ئەو بناغەیە دەکرێن کە کەمکردنەوەی نەخۆشییە دەروونی و کۆمەلایەتی و کێشە سیاسی و فیزیایەکانی تاک ڕەنگدانەوەی گەورەی بەسەر گشت دامەزراوەکانی کۆمەلگەوە هەیە و  وەکیتریش یارمەتیدەرێ باشیشن بۆ بنەبڕکردنی هەلپەڕستی و مشەخۆری و تاوانسازی و توندوتیژی و بێهیوای لەناو خەلک.

4.ئێمەی خەلکی کۆمەلگەی گەندەل کە بەهۆی ئەوەوە کۆمەلگەکەمان لێوانلێوە لە بەدکاری دەروونناسێکمان پێویستە نائاگایی سیاسی تاکەکانی کۆمەلگەمان بۆ شیکاتەوە. بەڵام ئەم شیکردنەوەیە بۆئەوەی ئەنجامدرێت پێویستیمان بە شیکەرەوەی دەروونی شارەزا و ڕاهاتووە لەسەر مێتۆدە هاوچەرخەکان. چونکە تاکە سیاسییەکانی کۆمەلگەی ئێمە ئامادەنین خۆیان وەک نەخۆش ناوزەدکەن و دۆزی کۆمەلایەتیشیان بەجۆرێ ڕەخساوە و ستاتۆسی وەرگرتووە خۆیان بە ساغترین و بەتەندروستترین کەسی کۆمەلگە دەزانن بەڵام لەڕاستیدا ئەمە بەوشێوەیە نییە و تاکی سیاسی گەندەلی کورد ، و تاکی ڕۆشنبیری گەندەلی کورد، سەرچاوەی گەلێ لە کێشە دەروونیەکانی کۆمەلگەی گەندەلن یان سەرچاوەی بەشێ زۆر لە کێشە دەروونیەکانی تاکی کۆمەلگەی ناوبراون. بەلام گرفتەکە لێرەدا لەوێدایە کە دامەزراوەکانی کۆمەلگەی گەندەل و ئەمجار مێدیای ئەم کۆمەلگەیەش لاواز و ناکاریگەرە ئەگینا دەیتوانی ببێت بە ڕەقیب بەسەر ئەو نەخۆشانەوە و پەیتا پەیتا پەلەکێشی نەخۆشخانە و دواتر دادگاشیانکات. چونکە سیاسیێ یان ڕۆشنبیرێ دەروون نەخۆش سەرەتا پێویستە بەتەندروستکرێت، واتە تیمارکرێت، ئەمجار پەلەکێشی دادگاکرێت و نەک بەپێچەوانەوە.

5.لەبەرئەوەی بوونی کەسی سایکۆ (دەروونی) و دواتر دەرووننەخۆش لەناومانا لە ئاکامی گۆڕانکارییە کۆمەلایەتی و ئابووری و زانیارییەکان لەگەشەکردندایە و، لەلاێ تر لەبەرئەوەی کەسی کورد هەمیشە لەنێوان دوو شێوە کۆمەلگا و مێنتالیتێ (خووڕەوشت) و دوو جۆر لە ترادیسیۆن و ئاکاردایە، واتە پاێ لە کوردستان و پاێ لە ئەوروپا، پاێ بەرەو گرووپگەرایی و پایەکەی تر بەرەو خۆلیبرالکردن، پاێ لەناو ئەندێشەهایەکی دەستەجەمعی و ئەویتریان لەناو گۆڕەپانی تاکە جەمعی، هەروەها پاێ لەناو حیزبایەتی و بیرتەسکی و پایەکەیتر لەناو بیرگەرایی گلوبال و ڕادیکال، ئەم لایەنانە وایانکردووە کەسی کورد دووچاری دوانەیی و دووکەسی و پەرتیدەروونی بێت. بەلام دەکرێ ئەوەش بووترێت کە باس لەم دیاردەیە (دیاردەی دروستبوونی سایکۆ-دەروون نەخۆش-) لە کۆمەلگەی گەندەل  پێویستە لە پێوەندی بە بارودۆخی سیاسی و فکری کۆمەلگە، یان بەواتا باوەکەی لە پێوەندی بە دۆزی هزری سیاسی و ڕۆشنبیرییەوە، بەرباسخرێت. چونکە خەلک لە کۆمەلگەێ لەو جۆرە کە بەزۆری زەلیلی دەستی دیاردەی گەندەلییە وەک لە شتێتر ئەم دیاردەیە تابلێیت مانای بۆ دروستکردنی ناسازی مافی و یاسایی و نالێشاوی لە کاری سیاسی و ڕۆشنبیریی لە کۆمەلگە دا دەبێت و ، بەدلنیاییەوە ئەوەش دونیایێ کێشەی دەروونی و هەستی و عەقلی بۆ خەلکی ئەم کۆمەلگەیە دروستدەکات. بۆیە تاکی دەروونی کۆمەلگەی گەندەل تایبەت و جودایە و ناشێ بەهەمانچاوی تاکی دەروونی ڕۆژئاوای تەماشاکرێت ، کە ئەم تاکە ڕۆژئاواییە بمانەوێ و نەمانەوێت لەژێرکاریگەری زەبری زانستی نوێ دایە. بۆیە ئێمە وایبۆدەچین لەمحالەتانەدا بۆباس لە بوونی دیاردەی دروستبوونی تاکی دەرووننەخۆش لە کۆمەلگەی گەندەل دەشێ لەڕیزی کەسانی سیاسی و ڕۆشنفکرانەوە وەسەرکەوین و وێنە و تارمایەکانیان ووردە ووردە دیارکەین و باری پەشێوی و هیلاکی دەروونیان دەستنیشانکەین دواتر شۆڕبینەوە ناو دەرەوەی ئەم بازنەیە و کەس و توێژ و تاقم و چینەکانی تر بەسەرکەینەوە. چونکە گەندەلی ئەوەندەی خایاند و ئەوەندەش شاررایەوە و سوودی لێوەرگیرا لەئاکامای ئەوەش لەشکرێ لە دەروون ناساغ و تاکی نا- تەندورووست لە گشت شوێنێکی کۆمەلگە هاتۆتەکایەوە. بۆیە بۆ لەمەولا کۆمەلگەی کورد زۆر ئاساییە چەند جۆرێ لە کەسی دەروونبیماری هەبێت و هەروەها لەئاکامی هاتنەدەرەوەی بەلێشاوی کوردیش لە هەموو توێژ و چینەکانەوە بۆ ئەورووپا (حیزبی ، لبیڕال، مامۆستا ، کاسبکار ، هونەرمەند ، شێخ ، نەحوێندەوار و ئەکادمیکەر و…..) و ئامادەبوونیان بۆ ژیان بەسەربردن لە کۆمەلگەهاێکی تەواو جیا لە ڕووی فیکری و خووڕوشت و ئاین و ئیتنییەوە گومانناکەین کە ئێستا لێرە و لەوێ خاوەنی ڕیزێ مرۆڤی نا-تاکجۆری دەروونبیماری کورد نەبین.

6.چەند سێستەمی پەروەردە لە کۆمەلگەی گەندەل وێرانە چەندین قاتی ئەوە سێستەمی تەندروستیش وێرانە. دلنیام بودجێتی وەزارەتی ڕۆشنبیری یان پەروەردە گەلێ لە بودجێتی وەزارەتی تەندروستی بەرزترە. ئەمەش بەدلنیایەوە ماناێ زۆری بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەروونناساغی لە کۆمەلگە و بلاوبوونەوەی نا-تەندروستی دەروونی لەناو دامەزراوەکان و کایە سەرەکی و چالاکەکانا هەیە. لەبەرئەوەش کە بواری ڕاگەیاندن، قوتابخانە، نێوەندی ئەکادیمی و ڕێکخستنەکانی حیزب و یان خێزان و دائیرەکانی دەولەت باوەڕیان بە دەروونناسی و هوشیاری تەندروستی نییە ناتوانن لەو کێشە نوێیانە بگەن ڕۆژانە بەرۆکی تاکی کۆمەلگەی گەندەلی کوردی دەگرێت. چونکە دامەزراوەکان کە شوێنی تاکن نە باوەڕیان بە دروستبوونی تاکە و نەش لە دەروونی تاک دەکۆلنەوە. بۆیە کاتێ بودجێتی یان خەرجی وەزارەتی ڕۆشنبیری لە لوتکەدا دەبێت لە گەندەلی زیاتر شتێ ئەوتۆ بەرهەمناهێنێت.

7.کۆمەلگەی تازەی کوردستان، مەبەست کۆمەلگەی پاش ڕاپەڕین، پێویستی بە سیکۆتێڕاپی(چارەسەرسازی دەروونی) یێ زۆر هەیە. ئەم کۆمەلگەیە لەبەرئەوەی چەندین دەیەیە، بەدرێژای وتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، ژێردەست و لاواز و بێدەرەتان و بێ ناسنامەدەکرێت و ئێستاش کتوپڕ کەوتۆتە ناو کاریگەریەکانی کۆمەلگەی زانیاری نوێی ڕۆژئاواوە کانیاوێکە لە کێشە کۆمەلایەتی و کولتووری و دەروونیەکان. بۆیە ئەم کۆمەلگەیە پێویستیێ زۆری بە دەروونناس و جۆرەکانی تری پسپۆڕیە لە بواری دەروون لەوانە: تێڕاپیست (چارەسەرساز، بێبەکاربردنی دەرمان)، سیکیاتریست (شیکەرەوەیدەروونی)، سیکۆتێڕاپێست (پزیشکی دەروونیچارەسەرساز) و ..هتد. کومانیشیناوێت کە هەریەک لەم بەشانە بەجۆرێ و لەسەر شێواز و مێتۆدێک کار بۆدۆزینەوە و چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونیەکانی تاک دەکەن. واتە هەربەشە و لەسەر ڕەوتێ لە ڕەوتەکانی زانستی دەروونی دەیەوێت خۆی لەو کێشە بووناوی و پەیوەندییانە نزدیککاتەوە کە ئەو کێشە دەروونییانەیان لە کەسە نەخۆشەکە دروستکردووە و ، ئەلبەتە هەندێ لەو بەشانە پشت بە چارەسەرسازی دەبەستن و خۆیان لە دەرمانسازی دووردەخەنەوە و بەشێکیشی پشت بە دەرمان و یان ڕێگای جومناستیک و هەندێ وەرزشی فیزیای و جەستەی و زەینی دەبەستن. واتە کاری سیکۆتێڕاپی گەلێ فۆڕمی هەیە هەر لە فۆڕمی بایەخدان بەلایەنی ئاگای و ناگای نەخۆشەوە تادەکاتە ئەو فۆڕمانەش نەخۆش ئەخاتە ژێرچارەسەری ترەوە تا بایەخ بەتوانای هزری و هەستی نەخۆش بدرێت  جائەوە لەڕێگای چارەسەری پزیشکییەوە بێت یان غەیرە پزیشکی.

8.ئاشکرایە کە لە کۆمەلگەی گەندەل “”ڕۆشنبیری تەندروستی”” بابەتی باس نییە و سەختی ژیان وایلە تاکی ئەم کۆمەلگەیە کردوە خەیالی تەنێ لای کارکردن بێت و ئاگای لە تێچوون و کڕینەکانی بێت. بۆیە لەم جۆرە کۆمەلگانە، لەبەرئەوەی تەوژمی گەندەلی ئیداری و سیاسی ئەوەندە کاریگەر و زەفەربەرە مرۆڤ ناکارێ بیر لە پشوو و حەوانەوە بکاتەوە و هەروەها ناپەرژێتەسەرئەوەش لە ڕووی تەندروستیەوە بایەخ بە جەستەی خۆی بدا و ڕاگەیاندنەکانیش لەبەرئەوەی دیسانەوە بێئاگان لە ڕۆشنبیری تەندروستی و خۆشیان قووربانی ئەو گەندەلە ئیداری و سیاسی و ڕۆشنبیریەن کۆمەلگەی تەنیوەتەوە بۆیە نازانن و ناتوانن هوشیاری لەسەر چۆنیەتی پاراستنی لەش و بەرزکردنەوەی ڕادەی ڕۆشنبیری تەندروستی بڵاوبکەنەوە.لەبەرئەوەی نووسینە ڕۆژنامەوانیەکانیش بەزۆری سەرقالی ووتنن لەسەر ڕووداوە سیاسییەکان و هەلسەنگاندنی تێکستە ئەدەبیەکان بۆیە هیچ ڕۆژنامەوانێ خەیالی بۆئەوەناچێت چەند دێڕێ لەسەر چۆنیەتی خواردنی ژەمەکان (قاوەتی، خواردنی نیوەڕۆ و ئێوارە) بنووسێت و ئەوەڕوونکاتەوە چی باشە بخورێت و چیش خراپە نەخۆرێت. چونکە ڕۆژنامەوانە ئازیزەکانمان تەنیا خەیالیان لای سازدانی لێدوانە لەسەر “”ڕۆشنبیری و دەسەلات””، “”بودجێتەکەی هەرێم””، “”مادەی 140″”، “”دادگای ئەنفالچیەکان”” یان وەرگێڕانی تێکستی ئەدەبی، بۆنموونە ئەدۆنیس بەحال بدوێت لە پاش خوێنەری عەرەبی خوێنەری کوردی لێبەئاگادێت.
ئەمەو ئەو هوشیاریەش لەناو خەلکی کۆمەلگەی گەندەل بوونی نییە کە تێمای “”تەندرووستی تاک”” دەکارێ خۆی لەقەرەی مەسەلە کۆمەلایەتی و کولتووریەکانیش بدا، بۆنموونە پەروەردەی منال و پێوەندی منال بە باوک و دایک و دواتر پێوەندی منال بە دەرەوەی مالەوە واتە منال لە قوتابخانە و گەڕەک و شوێنە تایبەت و گشتیەکانیتر. ڕاستە مافی پەروەردەی دایک و باوک بەسەر منالەوە دیاردەێ ئونیڤێرسالە بەڵام کێشەی بەدواوەیە بۆنموونە ئەو باوک و دایکانەی توانای ئەوەیان تیانییە ببن بە باوک و دایک گەورەترین کێشە لە پێوەندیەکانیانیا لەتەک منالەکانیا بەجێدێلن مەبەستمان زۆرێ لە باوک و دایکەکان ئەو شیاوییەیان تیانیە وەک باوک و دایک تەماشاکرێن جا ئەوە پێوەندی بەلایەنی پەروەردەی ئەو باوک و دایکانەوە بێت یان بە لایەنی باری تەندروستی – دەروونی ئەم باوک و دایکانەوە بۆیە دەبێت شوێنی تایبەت و دامەزراوەی تایبەت ئەم شتانەبکات و خەلک لەسەر ئەوە پەروەردەکەن و ڕابێنن کە بایەخ بەو منالانەبدەن  باوک و دایکێ دەروونبیمار و یان هەلەیان هەیە. ئەمەش بەخۆی پێوەندیێ زۆری بە ڕادەی هوشیاری دەروونی و تەندروستی تاکەوە هەیە کە چۆن ئەم تاکە بکارێ خۆی بناسێ (دەروونیخۆی بناسێ ) و خۆی (دەروونیخۆی ) لە ویتر (لە دەروونیئەویتر) جیاکاتەوە.

9.یەک لەو خالانەی زێدەبایەخدارە لێرە ئاماژەی بۆکرێت ئەوەیە گەلێ مرۆڤی تازەی کورد وەک باقی مرۆڤەکانی تری سەردەم نازانێ نەخۆش و ماندوو و پەرتە هەروەها لەوە بەئاگانییە پێویستی بە چارەسەرە و دەبێ تیمارکرێ. بۆیە لەمڕوەوە شیکەرەوەدەروونیەکانی کورد گەلێ کێشە و بەربەستیان دێتەڕێ تائەو دیتنە لای کەسی نەخۆشی کورد دروسکەن کە نەخۆشە و پێویستی بە تیمارسازی دەروونی هەیە. 

10.لایسەرەوەش ووتمان کۆمەلگەی گەندەل کۆمەلگەی تاک نییە و بەلکو کۆمەلگەی گشتە و ئەمەش بەخۆی وادەکا تاک تیا شێوێنراو و بێئەدرێس بێت، ئەمەش دیسانەوە لەلایەنخۆیەوە ڕەنگدانەوەی ترسناکی لەسەر بوونەوەرهاێکی وەک منال و ئافرەت دواتر نووقسان و شێت و پەککەوتە و پیر و بەساڵاچوو زۆربێت. بۆیە ئەودەمەی تاک لە کۆمەلگە ووندەبێ ، ئەو دەمەی شوێنێ نیە بۆ خود ئەوا منال و ئافرەت و پیر لەملایەنەوە زۆرترین زیانیانلێدەکەوێت چونکە ئەمانە لە بنەڕەتدا لە کەسە لاواز و فەرامۆشکراوەکانی کۆمەلگەن، کۆمەلگەی گەندەل. هەروەها کاتێ کۆمەلگەی ناوبراو تەنیا تاکێک و تەنیا ژیندەرێ (ڕەگەزێ) لە کۆمەلگە دیار و بەرچاوی دەکات، کە ئەوەش ڕەگەزی پیاوە، بەمە زۆرترین نا-دادپەروەری ژیندەری و فیزیای بەرهەمدێنێ چونکە ئەم جۆرە کۆمەلگەیە مانەوەی بە هەندێ شتەوە گرێدراوە یەک لەوانە ئەوەیە کە ئەم کۆمەلگەیە تاکسڕەوەیە (مەبەست سڕینەوەیە) و ،ئەویتریش ئەوەیە کە ئەم کۆمەلگەیە زەقکەرەوەی ژیندەری پیاویشە بۆیە کاتێ ئەم کۆمەلگەیە دان بە تاک دەنێت تەنیا دان بە تاکی گەورە و ژیندەری پیاو دەنێت لەمبەینە دیسانەوە منال و ئافرەت زەرەرمەندن. چونکە گشت بڕیارەکان لەناو دامودەزگاکان لەپشت منال و ئافرەتەوە دادەڕێژرێن. ڕاستە ڕێژەی فەرمانبەری ئافرەت لە کۆمەلگەی گەندەل لە زیادبوونە بەڵام ئەم بەرزبوونەوەیە هیچی لە جەوهەری چەوسانەوە و تووندوتیژیەکان نەگۆڕیوە چونکە تەوژمی گەندەلیزم هەروەها لکانی کۆمەلگەی گەندەل بە کۆمەلگەی دیگیتالەوە وایکردوە چەوسانەوە و توندوتیژیەکان ئاڕاستە و ڕەوتی تر وەرگرن. بۆیە وونبوونی هوشیاری تەندروستی و نەبوونی شوێنێ بۆ شیکردنەوەی دەروونی لە کۆمەلگەی گەندەل زۆرترین کاریگەری نێگەتیڤانە لەسەر ئافرەت و منال بەجێدێلێت. ئەمەو لە کۆمەلگەی گەندەلی کوردی تائێستا ئەو نەرێتە دەیخوا کە “”بەرخی نێر بۆ سەربڕین باشە”” ئەمە دیتنە وایکردووە نێر(پیاو، کوڕ) بکرێ بە هێماێ بۆ ئەوپەڕی لەشساغی و هی ئەوە نەبێت نەخۆش کەوێ یان نەخۆشە بۆیە بەچاوێکەوە تەماشای دەروون و لەشی نێر دەکرێت کە شتێ پۆلاین و ئەفسانەییە کەچی بەهەمان چاوەوە سێری دەروون و لەشی ئافرەت ناکرێ و ئافرەت لایئێمە واتە ئەو کەسەی دەروون وێران و لەش لاوازە بۆیە زۆرجار لایئێمە مێ وک زەعیفە تەماشادەکرێ ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەو زەعیف و لاوازە و بەرگەی هەمووشتێ ناگرێت. ئەمەش بەلگەێترە لەسەرئەوەی وونبوونی تاک، داننەهێنان بە دەروونی تاک لە کۆمەلگەی گەندەل وەک یەک کاریگەری ناخاتەوە و دادپەروەریش لە بلاوبوونەوەی کاریگەریەکانا نییە.
بەلام لە حالەتی کۆمەلگەی ئێمەدا، واتە بۆئەوەی شیاوی لەبەردەم دانهێنان لەلاێ بە کێشەی دەروونی و ئەمجار بە بوونی تاکی دەروونی بهێنرێت، پێویستە ڕەچاوی چەند سەرنجێبکرێت کە گرینگترینیان ئەمانەن:
1.پێویستە لەڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە، لەمیانەی مێدیای کوردیەوە بەگشت جۆرەکانیەوە، شیاوی لەبەردەم گفتوگۆکردن لەبارەی گرفتی دەروونی و چۆنیەتی بوونی تاک لە کۆمەل بە تاکی دەروونی(سایکۆ) بهێنرێتەپێشەوە. واتە هەنگاوی یەکەم بریتیە لە پەخشکردنی هوشیاری و زانیاری لەبارەی دەروونی تاک و چۆنیەتی تووشبوونی ئەم تاکە بە کێشە دەروونیەکانەوە و ئەمجار چۆنیەتی ناسینەوەی ئاماژەکانی کێشەی دەروونی لای تاک. گەر ئەم هەنگاوە نەگیرێتەبەر کەس دەروونبیمار ناناسێتەوە و گشت بوارەکانی ژیان لە کۆمەلگە دەبێت بە شوێنی بۆ تاکە دەروونپەشێو و هەستناساغەکان.
2.دەرگاخستنەسەرپشت لە مێدیای کوردی لە پسپۆڕان لەبواری دەروونی و لە شیکەرەوانی دەروونی بۆ ووتن هێنانە پێشەوە لەسەر کێشە دەروونیەکان. ئەم دەرگایە پێویستە لەسەرخۆ و دادپەروەرانە بخرێتەسەرپشت. چونکە دەرگای ناوبراو بەزۆری بۆ ڕەخنەگری ئەدەبی (نەک زمانەوان)، وتاربێژیسیاسی (نەک تیۆریزەکەریسیاسی) و پیاوانیئاینی (نەک ئاینناسان) لەسەرپشتە.

3.هەولدان بۆ دروستکردنی نەوەێ لە پسپۆڕان ئەوەش بەهۆی بەبایەخدارکردنی بەشی دەروونناسی و شیکردنەوەی دەروونی لەناو لاوان و دەرچووانی بەشی ئامادەی.
 
4.ڕێگائاسانکردن بۆ کارکردنی پسپۆڕان لە بواری نەخۆشییە دەروونیەکان ئەمەش بەهۆی ئاسانکردنی کردنەوەی کلینیکی دەروونی و دامەزراندنی نەخۆشخانەی دەروونی تایبەت و تەرخانکردنی پارە بۆئەم مەبەستە.
 
5.پشتگیریکردنی وەزارەتی تەندروستی بۆ هاریکاریکردنی شوێنە تەندروستیەکان و دابینکردنی دەرمان و ئەو پێویستییە پزیشکیانەی لە ڕێگاکانی چارەسەرکردنی دەروونی بەکاردەبرێن، وەک ئامرازەکانی جومناستیک.

6.دروستکردنی پردێ مەعریفی(ئێپستمی) لەنێوان دەزگاکانی پەروەردە و تەندروستی بۆ چاودێریکردن و بەرزکردنەوەی باری ڕۆشنبیری پەروەردەی و ڕۆشنبیری تەندروستی تاکە جیاوازەکانی کۆمەلگە. هەر ئەم جۆرە ڕێگایانەش لە دواینباردا دەکارن یارمەتیدەربن کەسی ناساغ لە کەسی ساغ لە کۆمەلگە جیاکەنەوە و باشترین هەنگاویشە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوە و پاراستنی لاوان لەوەی نەبن بە قووربانی کەسە پسیکۆپات و سۆسیۆپاتەکانی کۆمەلگەی تازەی کوردی.

ماویەتی………………….

سەرچاوە و پەڕاوێزەکان:

1. لەم ڕوەوە بڕوانە ئەو پێشەکیەی سیگڤارد لینگ بۆ کتێبی پسیکۆپات و سۆسیۆپاتەکان نووسیویەتی.
Sigvard Lingh. Psykopater och Sociopater – ett spektrum. Norsborg : Recito، 2010.
2.سیاسیش وەک شێف ، خاوەنکار، وایە و دەکرێ بە دەردی پسیکۆپاتیەوە بگلەێت بەتایبەت خاوەنکاری شوێنێکە بۆ پراکتیزەکردنی دەسەڵات و بەدەست هێنانی پارە و دروستکردنی دیل و لاوازکردنی خەلک بۆیە داوادەکەین خوێنەر بگەڕێتەوە سەر ئەم نووسینەی نووسەری سویدی لارش – ئولۆف تونبرۆس کە لەسەر پسیکۆپاتە شێفەکان نووسیویەتی و ئەمەش لەگەلێ سەرەوە بەسەر سیاسیشدا پێڕەودەبێت کە پۆستەکانیان شوێنێکن بۆ بەدەستهێنانی دەرامەتی گەورە و قوودەرەتێ زۆر :
Lars-Olof Tunbrås. Psykopatiska chefer. Förlag: Liber،2007.

3. لێرە خوێنەر ئاگاداردەکەینەوە کە تەماشاکردنمان بۆ هەندێ لە کێشەکانی تاک لەمحالەتەدا بەو جۆرە دەبێت کە پێشتر لە نووسینێکمان دا بەناوی “” لە کۆمەلگەی گەندەلدا شتێ نییە پێبووترێت شیکردنەوەی دەروونی و ڕۆشنبیری تەندروستی: گەندەلبوونی شتە دەروونیەکانی تاک  “” کارمانلەسەرکردووە.
4.Janson Barker. Alain Badiou: A Critical Introduction. – London: Pluto، 2000، p. 7.

 

Previous
Next

Leave a Reply