Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
خەمەکانی دایکم دایانگیرساندم

خەمەکانی دایکم دایانگیرساندم

Closed
by May 7, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

لەیلای لەیلای لەیلایە، هەندۆ بۆ خەوت نایە، ئەتۆش وەک من خۆزگەتە، کە باوکت لێرە بوایە. 

من ئەبۆرژام و تۆش خەوت لێنەئەکەوت بە گریان یان بە قیژەیەک راتئەچڵکاندم، لە نوێوە درێژەدان بە لەیلایە هەرچی خەم و دەردی دڵم هەبوو بۆم هەڵئەڕشتی، هەرچی خەون و ئاواتم هەبوو بۆم باس ئەکردی، پێش تاریک و رۆنی بەیانی باپیرەت لە خەو هەڵئەستا بە کۆخە کۆخی پیری ئەهاتە سەر سەرمان، چەند جار پێم گووتی ئەو پیاوە بەکەلک ژن و ماڵ و منداڵ نایێ، ئەوە پیاوی سیاسەتە کەوتۆتە دوای حزبایەتی، ئاخێکی ساردم هەڵئەکێشا و هیچ وڵامێکم نەبوو، ئەمزانی قسەکانی باوکم راستن، باوکت هەموو ژیانی بۆ حزب بوو، شەو و رۆژی نەبوو، ئەوەندە هیلاک و ماندوو بوو هەندێک جار چەند شەو و رۆژێک پشتبێندەکەی نەئەکردەوە، نە خەوی وەکو خەلک وابوو نە خواردنی، کە پێم ئەگووت تۆ زۆر ماندوو و هیلاکیت لەبەر خاتری ئێمە نا لەبەر خاتری خۆت وەرەوە بە ئارامی هەناسەیەک بدە، پشیە خەوێک بکە، نانێکی گەرم بخۆ، ئەیگووت دڵ تەنگ مەبە خەم مەخۆ زۆری نەماوە بەیەکجاری دێمەوە لای ئێوە و هەموو کاتەکانم لەگەڵ ئێوە ئەبێت ئەو کات تام لە ژیان وەرئەگرین، کە ئەمگووت ئەو کاتە کەیە؟ بە باوڕێکی زۆر، وام ئەزانی ئەوەی ئەو ئەیڵێ دوای چەند رۆژێکە، ئەیگووت زۆری نەماوە حزب دێتە سەرکار و خەونی ئێمە و هەموو هەژاران و رەش و رووتانی ئەم ووڵاتە دێتەدی، ئەو کات منداڵەکانی ئێمەش دواڕۆژیان ئەبێت و ئێمەش بە ئارامی ئەژین، هەستم بە خۆشەویستی باوکت ئەکرد ئەمزانی چەند دڵسۆز و خەم خۆرە، ئەمزانی خەون و ئاواتی ئەوەیە بەردەوام لەگەڵ ئێمە بێت هەر چەند جار ئەهاتەوە پێیەوە دیار بوو چەند بە پەرۆشی ئێمە بووە دەم و چاوی ئەگەشایەوە وەها توند لە ئامێزی ئەگرتین وامئەزانی ئەیەوێ تێکەڵ بە خۆیمان بکا ماچە تەڕکانی یاریە گەرمەکانی قسە بڕ جۆش و خڕۆشەکانی وایلێئەکردم خەم و خەفەتەکانم بنیشنەوە و ئازارەکانی دووریم بیربچنەوە، وامئەزانی ئیتر تەواو جارێکیتر لەیەک ناترازێین گەچی لە پڕ وەک تارمایی لەبەر چاو وون ئەبوو، ئێوارەیەکیان من و پلکە سار خەریکی خواردن ئامادەکردن بووین تۆش لە ئامێزی باپیرەت هەر بابە بابەت بوو هەر چەند گۆرانی بۆ ئەگووتی و هەڵیئەپەڕاندی تۆ هەر چاوێکت لە دەرگا بوو، بابە بابەکەی خۆت نەئەبڕیەوە باوکیشم گووتی سەگباب ئەو بابە بابەت لە چیە! مەگەر خوا بزانێ باوکت لە کوێیە، هەر قسەکەی باوکم تەواو بوو باوکت لەناو دەرگا رێک راوەستا، هەموومان بە سەرسوڕمانەوە سەیرمان ئەکرد بەیەکەوە سەیری تۆمان کرد و پێکەنین باوکت هەنگاوێک هاتە پێش و ویستی سڵاو بکا بوو بە تەقە ئیتر باوکت وون بوو کەسمان نەمانزانی ئەوە راستی بوو یان خەون

 

……………………………………………………

 

دوای ئەوەی جوان پاکم کردیەوە، توند بە سینگی خۆمم نووساندی تۆش بۆنی شیرت ئەکرد و نەوسنانە دەمت ئەگێڕا لە هەر کونێک بێت دەمت بگات بە یەکێک لە مەمکەکانم دەستبکەی بە مرچ و هۆڕی شیر خواردن، ئەمجارەش وەک هەموو جارەکانیتر بە دەم ئاوازێکی خەمگینانە ئەکەوتمە هەڵڕشتنی خۆزگە و ئاواتەکانم هەر بە دانیشتن خەوم بە دوارۆژت ئەدی زۆر لەوە ئەترسام لەو رۆژگارە رەشەدا لەناو ئەو هەموو سەرکێشیانەی باوکت ئەیکا بەو ئامادەییە گیان بەختەی باوکت بۆ حزبی هەیە تۆم لێ هەتیوو ببێ و بێ باوک گەورەت بکەم، لەوە زۆرتر نەمئەتوانی بەرگەی ئەو دیمەنانەی بەر چاوم بگرم ئەگەر خەویشت لێنەکەوتبایە چەندین جار شەیتانم بە نەفرەت ئەکرد و دەنگە نووساوەکەی ناوەوەی خۆم بۆ نەئەگیرا و بە دەنگێکی لەرزۆکانە لەبەر خودا ئەپاڕامەوە و ئەمگووت یاخوا من زوو بمرم و مەرگی تۆ و باوکت نەبینم، هەستم ئەکرد بەبێ ئێوە من ناتوانم بژیم بە خراپترین و ناخۆشترین شێوە خۆم ئەهاتە بەر چاو بۆیە دەبوایە تۆ دابنێم و سەرێک بکەم بە دەرەوە هەناسەیەک هەڵکێشم هەندێکجار لەو ماوە کورتەدا تۆ ئەکەوتیە خەوێکی ئەوەندە شیرین کە لەسەر بەڕێکی رەق ئەچوویتە ناو خەوێکی نەرم ئەوکاتانە زوو هێور ئەبوومەوە و هیوا و ئاوات لە ناومدا ئەژیانەوە لە دەرگاوە کە جوانیەکەی تۆم ئەبینی لەناو خەوێکی ئارام، چاوێکم لە دەرەوە ئەکرد و روناکایی رۆژ دڵ و دەرونی ئەگەشاندمەوە، قسەکەی باوکتم ئەکەوتەوە یاد کە ئەیگووت رۆژێک دێت ئەو زاڵمانە لەناو ئەچن و خەلکی رەش و رووتی ئەم ووڵاتە مافەکانی بەدەست دێنێ و هەموو کەس بەرهەم و بەری رەنجی خۆی ئەخوا، ئەوکات ئێمەش بە کار و ماندوو بوونی خۆمان ژیانێکی سەربەرزانە ئەکەین و بەو سەر و بەم سەری ووڵات ئەتانگەڕێنم، ئەتان بەم بۆ لای ئەو هاوڕێیانەی تەمەنێک بەیەکەوە زیندانی بووین هەر جارە و باسی یەکەکیانی ئەکرد وێنەکانی پیشان ئەدام منیش خەیاڵی ماڵ و ژیانی ئەوانم ئەکرد ئەوان لە شارە گەورە و بەناوبانگەکان ئەژیان بیرم ئەکردەوە ئەبێ خەلک لە بەغدا چۆن بژی! ماڵەکانیان چۆن بن! تا جارێکتر گریانی تۆ بە ئاگای ئەهێنامەوە و بە راکردن ئەهاتم بۆ لات، هەندێکجاریش دوای ئەو هەموو سەردولکەی بۆم ئەگووتی و شیری هەردوو مەمکانمت ووشک ئەکرد و لە جیاتی خەو گریان دای ئەگرتی وەک ئەوەی لە هەموو ئاخ و ئۆف و هەناسە ساردەکانی من تێگەیشتبی، وام ئەزانی وەک من دیمەنە ترسناکەکانت بینیون، دڵم تەنگتر ئەبوو هەرچیم ئەکرد بۆم کڕ نەئەبوویەوە لە باوەشم ئەگرتی و بەناو ماڵدا ئەمسوڕاندیەوە ئەمخستیە لانک و ئەمهەژاندی، جارێکتر سەیرم ئەکردیەوە نەوەک خۆت پیس کردبێ، ئاخ و ئۆف ئەو کوڕە بۆ وا ئەکا؟! بۆ ناخەوێ؟! ئەکەوتمە لۆمەی خۆم ئەمووت بۆ ئەبێ من لە کاتی نواندنی ئەو منداڵە بکەومە ئەو بیر و خەیاڵانە؟! بۆ ئەبێ ئەوەندە بە سۆز و گریان دەردی دڵی خۆم بۆ ئەو بەستەزمانە هەڵڕێژم؟! هەرچۆنێک بێ تا ئەمخەواندی گیانم دەرئەچوو، رۆژێکیان ئەوها بە هەزار دەردەسەری توانیم لە ناو لانک بتخەوێنم، ویستم هەڵستم دەست بکەم بە ئیش و کاری ناو ماڵ چونکە ئەو رۆژە هێشتا هیچم نەکرد بوو تەنها باوکت و هاوڕێکانیم بە نانی بەیانی بەڕێ کرد بوون، شەوەکەی باوکت لەگەڵ پێنچ هاوڕێی لە ماڵی ئێمە کۆبونەوەیان هەبوو تا بەرەبەیان هەر خەریکی قسەکردن و کاغەز نووسین و خوێندنەوە بوون، بەیانیەکەی برسیان بوو منیش نان و چایم بۆ ئامادەکردن بە پەلە نانیان خوارد و گووتیان دەی بابڕۆین، باوکیشت هات گووتی دەسکاری ئەو شتانە مەکە لێمەگەڕێ کەسیش دەسکاری بکا تا من دێمەوە، گووتم باشە، بۆیە دوای خەوی تۆ ویستم هەڵسم پاشماوەی خواردنی بەیانی کۆ بکەمەوە و بۆ خۆشم چایەکی گەرم بخۆمەوە هەر ئەوەندەم زانی زریانێ بابان وێران وەژوورێ کەوت، گووتی ئەی هاوار تەحەریاتە ئەگەر مام لێرەیە با بڕوا، گۆتم نا کەس لێرە نیە هەموو رۆیشتن بەس ژوورێ پڕی کاغەزە، زریان هاتە ژوورێ، کاغەزەکانی بینی گووتی ئەی هاوار چ بکەین هەر بزانە گەیشنە ئێرە، منیش نازانم چۆن لەناو ئەو هەموو ترس و سەرلێشێواویەی خۆم بە مێشکمدا هات یەکسەر غارمدا لای تۆ و لە لانک دەرم هێنای و پڕم دایە بڕێک لە کاغەزەکان و خستمە ژێر دۆشەکی لانکەکەتەوە، زریانیش یارمەتی دام هەردووکمان زۆر بە دەست و برد هەرچی کاغەز هەبوو لە ناو لانکەکەی تۆمان شاردەوە تۆشم خستەوە ناو لانک و توندم بەستیەوە، لەگەڵ زریان ئستیکان و قاپ و نایلۆنی نانخواردنمان پێچایەوە بۆ بەردەم بۆڕی ئاو، تۆ دەستت بە گریان کرد، گووتم زریان بە قوربان ئەتۆ خەریکی شوشتنی ئەو شتانە بە خۆت تێکمەدە مەترسە، خۆشم هاتمەوە لای تۆ دەستم کرد بە لانک هەژاندن چەند ساتێکی نەبرد پۆلیس و سەرباز خۆیان کرد بە ژوورێ و کەوتنە پشکنینی وورد و درشتی ئەو ماڵە، هەرچیێکیان ئەکەوتە بەر دەست بەو گۆڕەیان بڵاو ئەکردەوە، تۆش تا دەهات گریانەکەت تونتر و زۆرتر ئەبوو منیش تا بۆم ئەکرا خێراتر ئەمهەژاندی لە ناوەخۆمدا لە خوا ئەپاڕامەوە و بەڵێنی خێر و قوربانیم ئەدا، لە پڕ یەکێکیان بەسەرمدا نەڕاندی، کوا پیاوەکەت؟ گووتم نازانم، هاوارێکی کرد ئاگام لێ بوو کە تۆ چۆن لەگەڵی راچەلکی، گووتی چۆن نازانیت؟ گووتم ئەو کە ئەچێتە دەرەوە قەت بە من ناڵێ بۆ کوێ ئەچێ، هەر لە جێگەی خۆیەوە چاوێکی بە ناو ماڵەکە خشاند و بە سەرباز و پۆلیسەکانی گووت هەمووتان پشکنی؟ چەند یەکێک بە بەڵێ ووڵامیان دایەوە، بەسەری نەڕاندن، دەی بڕۆن سەربان و دەوری ماڵەکەش بە باشی بپشکنن، یەکە یەکە هەموویان چوونە دەرەوە، من و زریان لە جێگەی خۆمان سڕ بووین، دیسان گریانی تۆ سەری بە هەردووکمان هەڵبڕیبەوە، بەبێ دەنگی هەناسەی ساردمان هەڵئەکێشا، من بە ئاگا و بەبێ ئاگا تۆم ئەهەژاند، هیچمان نەمانتوانی لە جێگەی خۆمان بچولێین، نەمانئەزانی هێشتا لە دەرەوەن یان رۆیشتوون، تا پلکە سار بە پەشۆکاوی خۆی کرد بە ژوورا، خۆ هیچ نەبوو؟ هیچیان نەدۆزیەوە؟ منیش لە ناو گریانەکەی خۆم گوێم لە گریانی زریان بوو، ئێستاش نازانم ئەو گریانە هی خۆشی ئەوە بوو کە هیچیان نەدۆزیەوە یان هی بەدبەختی خۆمان بوو، رووم لە پلکە سار کرد، بۆ دڵنیایی لێم پرسی، رۆیشتن؟؟ گووتی ئا، گووتم هەر هەموویان؟؟ گووتی ئا.

 

………………………………………………

هەندرێن حەمەدەمین

٥ی ٥ی ٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.