Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
خەونی یەكجاری

خەونی یەكجاری

Closed
by April 6, 2008 ئەدەب

  نەوزاد سالح- سلێمانى…..
 
 بنوو دوعا خان بنوو…
 ئەم مێرگە چی تر پەپولە
 لە خۆ ناگرێت
 تا بە سانایی باڵەكانی بە شنەی
 عیشق تێر بكات
 *****
 بنوو دوعا خان بنوو…
 میرانی رووحانی ئێزیدیان
 خۆ (اێحاب الكهف) نەبوون؟!
 حەشاماتی (بەحزان)
 لە بەرد باران
 بۆ جەستەی پاكیزەی دوعا
 بۆ كول نەبوون؟!
 بنوو "دوعا"ی جوان بنوو…
 تۆ ئەو بەیانیە دەتویست
 چڵە زەیتونێك لە باتی گوڵ
 لەسەر بدەیت
 خۆ تۆ هاتیت وانەی ئەوین
 بڵێیتەوە
 گەڵای عیشق لە باخی زەیتوونی دڵا
 بچنیتەوە
 *****
 ئەو سپێدەیە سەر قاڵ بوویت
 وەكو خەونێكت بینیبێت
 یان تاوانێكت كردبێت
 وەك سێبەری دارێكی چڕ
 كەوتبێتە بەر دەلاقەی
 تیشكێكی وڕ
 هەنگاوت نا جەستەی ماندووت
 لە كن مەزاری (لالش) دا
 سروت بكەیت
 ئەو وەرزە وەرزی گوڵان بوو
 ئاسمان ساماڵێكی تەواو
 ئیتر رێژنەی بەرد بۆ باری؟
 خۆ تۆ گوناهێكت نەبوو!
 تەنها ویستت خورجی جەهل
 بۆ هەتا هەتایی وون كەیت
 كۆت و بەندی میر و موغان
 لەت لەت بكەیت
 ****
 ئەی نەورەسی دیل كراوی
 باڵ خوێناوی
 خۆ تۆ هاتیت سرودی ژین
 لاۆ لاۆ
 بڵێیتەوە
 مەم و زینێك
 وەلی و شەمێك
 نوێ كەیتەوە
 خەونت دی بوو شۆڕشێك لە عیشق
 رێك خەیت
 پیاوەكان بكەیتە براو
 سنوری ئاینەكان چێ كەیت
 تۆ دەت ویست لە باخی زەیتونا
 ساباتێك لە شەوین
 تێركەیت
 عەقڵی سواوی چەرخی بەرد
 لەبەر خۆری رونا هەڵخەیت
 بەڵام مەخابن نەتزانی
 پیاوە دڕەندەكانی سەردەم
 پەی بە شۆڕشی گوڵ نابەن
 زمانی عیشق تێ ناگەن
 ****
 
 بنوو دوعا خان بنوو..
 خەونی یەكجاری
 تۆ نوستیت بەڵام !
 مێژوویەك
 نەفرەت لەم وەرزە دەكات
 رۆژێكیش دێت
 ئەم نەوەیە
 كڕنووش بۆ ناوی تۆ دەبات
 بڕوا بكە دوعا خانم
 ئا ئەو رۆژەی كە جەستەی تۆ
 بە خڕە بەرد لە خاچ درا
 نەك هەر جارێك
 سەد ملیۆن جار
 كۆرپەی ویژدان لە بار برا
 تۆ ئێستا بڵند ترین
 درەختی دارستانی
 تۆ دژی تاریكی جەنگیت
 هەتا رۆژگار وەنەوز بدات
 تۆ ئەستێرەیت
 لە ئاسمانیت
 **** پێشكەشە بە گیانی پەپولە ئاسای "دوعا"ی بێ گوناح
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.