Skip to Content

Thursday, May 6th, 2021

دادگایه‌ك بۆ تاوانبارانی شه‌ڕی ناوخۆ

Be First!
by October 11, 2009 گشتی

ژماره‌ی تاوانباره‌كان هێنده‌ی ژماره‌ی گه‌نده‌ڵكاره‌كانه‌
قوربانییه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆیی نێوان هێزه‌ كوردیه‌كانی باشوری كوردستان, مرۆڤ گه‌ڵێك بون كه‌له‌نێوان بڕوابون به‌شه‌ڕه‌كان و ته‌سلیم بونیان به‌واقعێكی تاڵی نه‌داری ,  به‌شداركه‌رێكی به‌هێزی گه‌رمتركردنی ئاگری شه‌ڕه‌ناوخۆیه‌كان بون و له‌پێناوی هیچدا بونه‌ قوربانی ؟ ( له‌گه‌ڵ ڕێزو حورمه‌تم بۆ قوربانیه‌كان و خێزانی ئه‌وقوربانیانه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ )  هیچ به‌مانای ئه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ هیچ ده‌سكه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌ی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دوای خۆیدا نه‌هێنا و ته‌نها ژماره‌كی زۆری خه‌ڵكی هه‌رێمه‌كه‌مان گیانیان له‌ده‌ستداو ژماره‌یه‌كیش كه‌م ئه‌ندام بون و ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌نجانی كوردستانیش ده‌ربه‌ده‌ری وڵاتانی ڕۆژئا‌واوبون .
له‌پشتی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆی حیزبه‌كوردیه‌كانه‌وه‌ له‌دوای ڕاپه‌رێن , چه‌ندین تاوانبارهه‌یه‌ كه‌ده‌بێت به‌تاوانباری جه‌نگ و پشتگیركردن له‌ كوشتنی خه‌ڵكی كوردستان بدرێنه‌دادگا و مافی تاوانه‌كانی خۆیان وه‌ربگرن ؟! به‌ڵام  كام دادگا و كێن ئه‌وانه‌ی كه‌تاوانباری شه‌ڕی ناوخۆن ؟ ئایا دادگاكانی كوردستان سه‌ربه‌خۆن و ده‌توانن ئه‌و كه‌سانه‌ دادگای بكه‌ن و دۆسێ یه‌كیان بۆبكه‌نه‌وه‌ و وه‌ك تاوانباری جه‌نگ دادگایان بكه‌ن ؟ بیگومان ئه‌وه‌یان ئه‌گه‌رێكی دوره‌ چونكه‌ تائێستاش دادگاكانی كوردستان سه‌ربه‌خۆنین و  له‌لایه‌ن هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن و ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌نه‌ خاوه‌ن بڕیار كه‌ ئه‌ندامێكی دڵسۆزی لق و مه‌ڵبه‌نده‌كانیان بێت .  
ئاخۆ تاوانبارانی شه‌ڕی ناوخۆی كوردستان كێن و چۆن بدۆزرێنه‌وه‌ ؟ له‌كاتێكدا سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كان خۆیان له‌تێوه‌گلان له‌شه‌ڕه‌كاندا به‌دوور ده‌گرن و ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئێمه‌ تاوانبارین با میلله‌ت دادگایمان بكات , ئاخۆ بێباكی ئه‌و سه‌ركردانه‌ له‌پای چیدێت , له‌كاتێكدا حیزبه‌كانی ئه‌وان به‌شه‌ڕهاتبون و ئه‌وانیش سه‌رۆكی حیزبه‌كانن و به‌ فه‌رمانه‌كانی ئه‌وان گولله‌یه‌كی زیاتر ده‌نرا به‌یه‌كتره‌وه‌ ؟ ئێمه‌ دواكاری له‌كام دادگابكه‌ین تا دۆسێیه‌ك بۆ تاوانبارانی شه‌ڕی ناوخۆ دروست بكات ؟ چه‌ند كه‌س ده‌ست نیشان بكه‌ین و به‌تاوانباری شه‌ڕ بیان ناسێنین ؟ ئایا داواكاری گشتی له‌كوردستاندا چی كارێكی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر مافی گشتی نه‌یه‌ته‌ده‌نگ ؟ كێن ئه‌وانه‌ی ناویان له‌خۆیان ناوه‌ ( داواكاری گشتی ) و تائێستا چیان كردوه‌و له‌سه‌ر كام له‌پرسه‌ گشتیه‌كان وه‌ك داواكاریه‌ك دۆسێ یه‌كی دروستكردو و تاچه‌ند شه‌ڕی یاسایی له‌سه‌ر كردوه‌ بۆ بردنه‌وه‌یان ؟ بیگومان هیچ و هیچ و هیچ .
تاوانبارانی شه‌ڕی ناوخۆ هێندی گه‌نده‌ڵكاران ژماره‌یان زۆره‌ و تائێستاش له‌بری ئه‌وه‌ی شه‌رم بكه‌ن كه‌ به‌فه‌رمانی ئه‌وان كه‌سێك كوژراه‌و برینداربوه‌و ده‌ربه‌ده‌ر كراوه‌ , ته‌واوی ئه‌و تاوانانه‌ به‌ ئازایه‌تی ده‌زانێت و به‌ئاشكرا له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیونه‌ كوردیه‌كان ( حیزبییه‌كان ) باسی قاره‌مانێتی خۆیان ده‌كه‌ن و كورد كوشتن به‌بیانوی كاركردن و قوربانی دان بۆ بیروباوه‌ڕ ( مه‌بد ْ ) كه‌ی ده‌هێنێـته‌وه‌ .
به‌رله‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕۆژی 25/7/2009  هه‌مومان به‌ هیوای ئه‌وه‌وه‌بوین كه‌ ( په‌رله‌مانێكی سپی ) دروست بكرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌بنه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان كه‌ ده‌ستیان هه‌بوه‌ له‌ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ و كوشتن و ژن كوژی دا , كه‌چی به‌داخه‌وه‌ په‌رله‌مانه‌كه‌مان پڕوبه‌ له‌ مۆرڤ گه‌ڵێك كه‌ ده‌ستیان هه‌بوه‌ له‌ ئاواره‌كردنی ڕۆڵه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌ له‌سه‌ رخاكه‌كه‌ی خۆیی و به‌ هه‌مو هێزێكییه‌وه‌ به‌شداری له‌شه‌ڕه‌كانداكردوه‌و یارمه‌تی ده‌ری ژن كوژه‌كانیش بوه‌ .
بۆئه‌وه‌ی تاوانبارانی شه‌ڕی ناوخۆی كوردستان دادگای بكرێن و ئیدی خه‌ڵكانێكی تاوانكار نه‌بنه‌ به‌رپرس و چاره‌نوسی خه‌ڵكی به‌ش مه‌ینه‌تی كوردستان نیان نه‌كه‌وێته‌ ده‌ست , ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ كه‌ داوای دامه‌زراندنی دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ بكرێت بۆ دادگای كردنی تاوانبارانی شه‌ڕی ناوخۆی كوردستان .

Previous
Next

Leave a Reply