Skip to Content

Wednesday, January 27th, 2021

دارشه‌قه‌كانیان لێ زه‌وت مه‌كه‌ن مافه‌كانیان بده‌ن

Be First!
by December 19, 2012 گشتی

 

نزیكه‌ی مانگێكه‌ ژماره‌یه‌ك له‌خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان به‌هۆی  فه‌رامۆشكردنی مافه‌كانیان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌  مانگرتنیان راگه‌یاندووه‌،كه‌چی  حكومه‌ت  نه‌ك وه‌ڵامی داواكارییه‌كانیان ناداته‌وه‌ به‌ڵكو  پۆلیس ده‌نێرێته‌سه‌ریان و  دارشه‌ق و  عه‌ره‌بانه‌كانیان لێ‌ زه‌وتده‌كات  و به‌زۆر شوێنی مانگرتنه‌كه‌یان پێ‌ چۆڵده‌كات،ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ 19/12/2012 له‌پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌رهه‌ق به‌ خاوه‌ن پێداویستییه‌تایبه‌تییه‌كان روویدا مایه‌ی شه‌رمه‌زارییه‌ بۆ حكومه‌تێك كه‌ بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاحی له‌به‌رده‌ستدایه‌ و  بڕیاریشه‌ له‌ساڵی 2014 پایته‌خته‌كه‌ی بكرێته‌ پایته‌ختی بازرگانی وڵاتانی  ناوچه‌كه‌ ،به‌ڵام ئاماده‌نییه‌  بیر له‌ باشكردنی گوزه‌رانی كه‌م ئه‌ندامان و  كه‌سانی كه‌مده‌رامه‌تی ئه‌م هه‌رێمه‌ بكاته‌وه‌، نزیكه‌ی مانگێكه‌ ئه‌وان  له‌به‌ر سه‌رماو   بارانی ئه‌م وه‌رزه‌دا    له‌به‌رده‌رگای  حكومه‌ت و  په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان  له‌سه‌ر مافه‌كانیان پێداگری ئه‌كه‌ن ،

به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه‌ داواده‌كه‌ن ،داوای كورسی ده‌سه‌ڵات و ئۆتۆمبێلی  قه‌ڵغان ناكه‌ن شه‌ڕی بودجه‌ و  ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كان ناكه‌ن ،ئه‌وان داوای مافی ئینتیما ئه‌كه‌ن ،ئه‌گه‌ر هاووڵاتی ئه‌م هه‌رێمه‌ن ،ئه‌ی مافی ژیانیان كوا؟

به‌داخه‌وه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌بری ئه‌وه‌ی  بچێته‌ پێشوازییان و  خودی خۆی داوای لێبوردنیان لێ‌ بكات كه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ سه‌ردانی نه‌كردوون و داواكارییه‌كانیانی به‌هه‌ندوه‌رنه‌گرتووه‌،كه‌چی پۆلیس ده‌نێرێته‌گیانیان بۆ ئه‌وه‌ی به‌زۆر بڵاوه‌یان پێ‌ بكات ،پۆلیسه‌كانیش به‌به‌رچاوی كامێراكانه‌وه‌ و به‌بێ‌ هیچ شه‌رم و ویژدانێك  مامه‌ڵه‌ی ناشرینیان  له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و دارشه‌ق و عه‌ره‌بانه‌كانیان لێ‌ زه‌وتده‌كه‌ن ، من به‌زه‌ییم به‌   ده‌سه‌ڵاتێك دێت كه‌ پێیوایه‌  كه‌مئه‌ندامان وابه‌سته‌ی عه‌ره‌بانه‌ و دارشه‌قه‌كانیانن و نازانێت  ئه‌وان ئیراده‌یه‌كی به‌هێز و  وزه‌یه‌كی بزوێنه‌ریان له‌ناخدایه‌  به‌ره‌و  گه‌یشتن به‌ ویست و ئامانجه‌كانیان ،بۆیه‌ باشتروایه‌ دارشه‌قه‌كانیان لێ‌ زه‌وتنه‌كه‌ن و له‌بری ئه‌وه‌ مافه‌كانیان بده‌ن.

 

Previous
Next

Leave a Reply