Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

داری خوازبێنی

Be First!

  
     – دارێک  هه‌یه‌، دارێکی راستی، دارێکی زۆر جوان و سیحراوی، که‌ ئه‌وینداران ده‌چنه ژێر‌ چڵ و گه‌ڵاکانی و قسه‌ی دڵ بۆ یه‌ک و دوو ده‌که‌ن-
 
  
 ئه‌وه‌ی سه‌روو به‌شێکه‌ له‌ چه‌ند ووشه‌یه‌کی ده‌زگای چاپ بۆ ناساندنی رۆمانێک کراوه‌ که‌ پڕه‌ له‌ قسه‌ی جوان و ووشه‌ی دڵگیر. فریدریک پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی رۆمانه‌که‌یه‌ و په‌یوه‌ندی ئه‌وین و رۆحی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وینداره‌که‌ی جوانه‌که‌ی به‌ ناوی کارۆلین به‌ کاریگه‌رترین شێوه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌.                                 
 ئه‌و رۆمانه‌ به‌رهه‌می جه‌یمس تویمانی مۆسیقاژه‌ن و ئاشتی خوازه‌، ئه‌و که‌سه‌ی جیا له نوسین‌ که‌سێکی چاڵاکه‌ له‌ بواره‌ جیاکانی دیکه‌ بۆ نموونه‌، مۆسیقا ده‌ژه‌نێ، گۆرانی ده‌نوسێ، فلیم ده‌ده‌هێنێ و بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی ساڵانه‌ به‌ هه‌موو کونج و که‌له‌به‌ره‌کانی دونیا دا  ده‌گه‌ڕێت. له‌ کوێ بۆنی بارووت بێت، تویمان له‌وێنده‌ر ئاماده‌یه‌. ئه‌و له‌ ماوه‌ی چاڵاکی دا سه‌ردانی عیراق، بۆسنه‌، سودان، ئێرله‌ندا و چه‌ندین ووڵاتی دیکه‌ی کردووه‌. به‌ڵام {داری خوازبێنی} رۆمانێكی تویمانه‌ و به‌ ته‌نها باسی خۆشه‌ویستی ده‌کات. سه‌ره‌تا وا ده‌ست پێده‌کات که‌ منداڵێک له‌ حه‌وشه‌ی ماڵه‌که‌یاندا له‌ شاری لۆس ئه‌نجلس به‌ دار چنارێکی پیر و بڵند و گه‌وره‌دا هه‌ڵده‌گه‌ڕێت و له‌ نێو قه‌دی باڵای دا نامیلکه‌یه‌ک ده‌دۆزێته‌وه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌کی زۆر جوان نوسراوه‌ و بۆنێکی  سیحر ئامێزی لێدێت. منداڵه‌که‌ که‌ ئه‌و شته‌ ده‌بینێته‌وه‌ خێرا له‌ داره‌که‌ دێته‌ خواره‌وه‌ و به‌ره‌وه‌ لای دایکی راده‌کات.  

              
 ژنه‌که‌ هه‌ر که‌ یه‌که‌م لاپه‌ڕه‌ی ئه‌و نامیلکه‌یه‌ ده‌کاته‌وه‌، له‌ نێو ووشه‌کانی دا نقووم ده‌بێت و بڕیار ده‌دات که‌ تا دوای ووشه‌ی نه‌وه‌ستێت.                  
 نامیلکه‌که‌ ده‌ست نوسی رۆمانوسێکی گه‌نجه‌ به‌ ناوی فریدریک جه‌یمس که‌ له‌ نامه‌یه‌ک دا چیرۆکی ئه‌وینێکی پڕ له‌ چێژ و ئازار ده‌گێڕێته‌وه‌. سه‌ره‌تا به‌ر له‌وه‌ی فریدریک بکه‌وێته‌ داوی کارۆلینی شۆخ، ئه‌و دوو کاره‌کته‌ره‌ بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له‌ ژێر دار چناره‌ پیره‌که‌دا له‌ به‌رامبه‌ر یه‌کتر دا ده‌وستن و رازی دڵیان به‌ شێوه‌ی شانۆیی و تاقیکردنه‌وه‌ بۆ یه‌کتری ده‌ڵین. فریدریک وه‌ک نوسه‌رێکی هه‌ست ناسک و قسه‌زان زووتر گیرۆده‌ی داوی ئاخاوتنه‌کانی ده‌بێت و له‌ دڵه‌وه‌ باوه‌ڕ به‌ ئاخاوتنه‌کانی خۆی دێنێت که‌ بۆ خوازبێنی کارۆلین ده‌یانهۆنێته‌وه‌. فریدریک هه‌ر جارێک له‌ جاری پێشوو ووشه‌ی جوانتر به‌کارده‌هێنێت و باشتر ڕازی دڵی بۆ کارۆلین ده‌کاته‌وه‌. به‌ڵام کارۆلین له‌ داوی ئه‌و عه‌شقه‌ هه‌ڵدێت و هه‌رده‌م وه‌ک هاورێیه‌ک سه‌یری فریدریک ده‌کات. ئه‌و هه‌ست ده‌کات سوارچاکی خه‌ونه‌کانی که‌سێکی تره‌ و هێشتاکه‌ له‌ دونیای ئه‌ودا ده‌رنه‌که‌وتووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا یه‌ک چرکه‌ ناتوانێت بێ گوێگرتن و بیرکردنه‌وه‌ له‌ ئاخاوتنه‌ شیرین و رۆمانسیه‌کانی فریدریک به‌سه‌ر به‌رێت.     نێوان فریدریک و کارۆلین به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و رۆژه‌ی پێکه‌وه‌ سه‌فه‌رێکی له‌نده‌ن ده‌که‌ن  کاتێک فریدریک بۆ کۆڕگێڕان و ئیمزاکردنی رۆمانێکی تازه‌ی بانگهێشت ده‌کرێت.   له‌ ئێواه‌یه‌ک دا کاتێک پێکه‌وه‌ له‌ شوێنێک دا ده‌بن، کارۆلین دڵی ده‌دات به‌ گۆرانی بێژ و مۆسیقا ژه‌نێکی به‌ریتانی به‌ ناوی کۆڵن چه‌رچ که‌ سیما و باڵا و شێوه‌ی بۆ ئه‌و گه‌لێک سه‌رنج راکێش تره‌ له‌ هی فریدریک. که‌چی چۆن هیچ که‌سێک له‌ هه‌موو شتێکی نیه‌، کۆڵنیش وه‌ک فریدریک زمان پاراو و به‌هره‌دار نیه‌ له‌ ئاخاوتن. کارۆلین به‌وه‌ که‌مێک سه‌غڵه‌ت ده‌بێت و گله‌یی له‌ ده‌ستی قه‌ده‌ر ده‌کات که‌ چۆن ئه‌و سیفه‌ته‌شی نه‌داوه‌ به‌ کۆلنی تازه‌ یار.                                                     
 هه‌رچۆنێک بێت به‌درێژایی رۆژانی مانه‌وه‌یان له‌ له‌نده‌ن په‌یوه‌ندی کارۆلین و کۆڵن په‌ره‌ده‌ستێنێت و فریدریک ده‌خرێته‌ به‌رامبه‌ر راستیێکی تاڵ. که‌چی له‌به‌ر ئه‌وینی قووڵی بۆ کارۆلین، فریدریک به‌ شێوه‌یه‌کی نا ئاسایی و جیا ره‌فتار ده‌کات کاتێک خۆی رێگا بۆ کۆڵن خۆش ده‌کات که‌ دڵی کارۆلین بۆ خۆی ببات.                             
 که‌ ده‌گه‌رێنه‌وه‌ لۆس ئه‌نجلس، فریدریک داوا له‌ کارۆلین ده‌کات که‌ پێکه‌وه‌ مێوانداری کۆڵن بکه‌ن بۆ ئه‌مریکا. که‌ ده‌گات ئه‌وان چه‌ند کۆنسێرتێکی بۆ رێک ده‌خه‌ن و چه‌ند ئێواره‌یه‌کیش ده‌یبه‌ن بۆ ژێر چڵ و لقه‌کانی داری خوازبێنی و باس له‌ په‌یوه‌ندی خۆیان ده‌که‌ن.                                                                                     
 کارۆلین حه‌زده‌کات ئه‌و دوو که‌سیێتیه‌ی به‌رامبه‌ری ببن به‌ یه‌ک که‌س به‌ڵام هه‌ست ده‌کات ئه‌وه‌ خه‌ونێکی مه‌حاڵه‌.                                                         
 فریدریک به‌ جۆرێک کارۆلینی خۆش ده‌وێت، ئه‌و حه‌زه‌ بێ سنووره‌ی وای لێده‌کات که‌ کۆڵنیشی خۆش بووێت و رێزی لێ بگرێت. بۆیه‌ ده‌یه‌‌وێت زوو ئه‌و ئاواته‌ی کارۆلین بهێنێته‌ دی، هه‌رچه‌نده‌ کۆڵن ئه‌وه‌نده‌ گه‌رم و گوڕیش نیه‌.                                                                
 رۆژێکیان هه‌موویان پێکه‌وه‌ ده‌چنه‌ ژێر داری خوازبێنی و فریدریک به‌ کارۆلین ده‌ڵێت چاوه‌کانت بنووقێنه‌، ئینجا ده‌چێت کۆڵن له‌ به‌رامبه‌ری دا ڕاده‌گرێت و یاری به‌ ده‌نگی خۆی ده‌کات و له‌ جیاتی ئه‌و دا ده‌که‌وێته‌ قسه‌. کارۆلین به‌ گوێگرتنی بۆ ئه‌وپه‌ڕی جوانی و شیرینی ووشه‌کان، ده‌که‌وێته‌ بارێکی سه‌یری سه‌رسامی و هه‌ست ده‌کات که‌ ئه‌و قسانه‌ به‌ راستی له‌ زاری کۆڵن –ه‌وه‌ ده‌رده‌چن. بۆیه‌ بێ چاوکردنه‌وه‌ و سڵه‌مینه‌وه‌ به‌ داواکه‌ رازی ده‌بێت و له‌ ماوه‌یه‌کی کورت دا له‌گه‌ڵ کۆڵن له‌ شه‌وی هه‌نگوین به‌ یه‌ک و دوو شاد ده‌بن.                    
 فریدریک به‌و کرداره‌ی وه‌ک عاشقێکی له‌ یه‌ک کاتدا هه‌م سه‌رکه‌وتوو و هه‌م  شکست خواردوو له‌ مه‌یدانه‌که‌ دا ده‌کشێته‌وه‌ و شاری لۆس ئه‌نجلس به‌ره‌وه‌ نیویۆرک جێده‌هێڵێت. له‌وێ ده‌ست به‌ ژیانێکی تازه‌ ده‌کات، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێت ئارام بخه‌وێت و نیگای کارۆلین یه‌ک چرکه‌ له‌ ئه‌ندێشه‌ی دا ده‌ربکات.
  ناچار رۆژێک سه‌فه‌رێك بۆ ئه‌رژه‌نتین ده‌کات و ژیانی سه‌رتاپا ده‌گۆڕێت. ئه‌و ماوه‌یه‌کی درێژ له‌ ووڵاته‌ لاتینیه‌ جوانه‌ دا ده‌مینێته‌وه‌. رۆژێکیان له قاوه‌خانه‌یه‌ک دا له‌‌ بۆینس ئایرس جوانی کچێک سه‌رنجی ڕاده‌کێشێت که‌ به‌ ته‌نیا زۆر به‌  په‌رۆشی له‌ چاوه‌ڕوانی که‌سێک دا دانیشتووه‌. که‌ فریدریک ده‌یدوێنێت روندک ده‌رژێنه‌ چاوه‌کانی کچه‌که‌، چونکه‌ ئه‌و یاره‌ی که‌ پێشتر ویستویه‌تی بیخوازێت ئه‌مرۆکه‌ نه‌هاتووه و له‌ سۆز و په‌یمانه‌کانیدا په‌ژیوان بۆته‌وه.                                                                            
 فریدریک له‌ ناخه‌وه‌ دڵی ئه‌وه‌ کچه‌ ده‌داته‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی پارچه‌کانی دڵی شکاوی خۆی به‌یه‌که‌وه‌ بنوسێنێته‌وه‌، ووشه‌ به‌ ووشه‌ بۆ دڵدانه‌وه‌ی ئه‌و کچه‌ شۆخه‌ ده‌ڕازێنێته‌وه‌. پاش چه‌ند جارێک یه‌کتر بینین، هه‌ردووکیان وه‌ک دوو که‌سی هاوده‌رد و هاوژان ده‌رگای دڵیان بۆ یه‌کتری ده‌که‌نه‌وه و‌ ده‌یانه‌وێت له‌ خۆڵه‌مێشی عه‌شقێکی دۆڕاو و به‌سه‌رچوودا ژیڵه‌مۆی ئه‌وینێکی تازه‌ هه‌ڵکه‌ن.                                                                              
 فلۆره‌نسیا کیژه‌ جوانه‌که‌ی ووڵاتی بۆرخیس خێرا بۆ باوه‌شی فریدریک هه‌نگاو ده‌نێت نه‌وه‌ک گوڵه‌کانی ئه‌و ئه‌وینه‌ تازه‌یه‌شی به‌ بای پایزێک بوه‌رن و چاوی بۆرخیسێک نه‌یانبینێت.                                                  
 له‌ نیویۆرک زه‌ماوه‌ند ده‌که‌ن و کۆڵن و کارۆلێنیش بانگ ده‌که‌ن.                                                            
 ساڵانێکی  زۆر ده‌گوزه‌رێت و فریدریک گه‌یشتۆته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی که‌ فلۆره‌نسیای هاوسه‌ری به‌ هه‌مان گوڕی ئه‌و رۆژانه‌ خۆشده‌وێت که‌ له‌ ژێر دار چناره‌که‌دا له‌ به‌رامبه‌ر کارۆلین ده‌وه‌ستا. به‌ڵام گه‌لێک جار تروسکایی ئومێدێک به‌ گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ کارۆلین له‌ ناخی دا هه‌ڵی ده‌دا و دووباره‌ ده‌یخسته‌وه‌ بارێکی ته‌ناهیه‌وه‌.                
 تا ئه‌و رۆژه‌ی فریدرێک له‌ سپێده‌یه‌کی زوو دا هه‌واڵی مردنی کۆڵن چه‌رچی هونه‌رمه‌ندی به‌ ناوبانگی به‌ریتانی له‌ گۆڤاری تایمز ده‌خوێنێته‌وه‌ و له‌ ناخه‌وه‌ بریندار ده‌بێت و ده‌گریت. سه‌ره‌تا به‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که‌ ده‌زانێت کارۆلینی له‌گه‌ڵ دا نه‌بووه‌. به‌ڵام هێشتا بۆ مه‌رگی هاوڕێکه‌ی به‌ شێوه‌یه‌کی بێوێنه‌ په‌شێو و غه‌مباره‌.             فریدریک روخسه‌ت له‌ فلۆره‌نسیا وه‌رده‌گرێت و یه‌کسه‌ر سه‌فه‌ر بۆ سانتا مۆنیکا ده‌کات و له‌ به‌ر ده‌رگای ماڵی کارۆلین دا ده‌وه‌ستێت. کارۆلین له‌و رۆژه‌ تاڵه‌ی ژیانی دا له‌ کاره‌که‌ره‌که‌ی داوا کردبوو که‌ له‌ فریدریک بترازێت نایه‌وێت که‌سی دیکه‌ ببینێت. فریدریک پێنج حه‌فته‌ لای کارۆلی ده‌مێنێته‌وه و به‌رده‌وام دڵنه‌وایی ده‌داته‌وه‌. به‌ڵام دواتر ده‌زانێت ده‌بێت سه‌فه‌ر بکات و بگه‌ڕێته‌وه لای هاوسه‌ره‌که‌ی‌، لێره‌دا کارۆلین نایه‌وێت ئه‌و فرسه‌ته‌ی له‌ ده‌ست بچێت و بۆیه‌ به‌ر له‌ چوونه‌وه‌ی داوای لێده‌کات پێکه‌وه‌ بچنه‌ لۆس ئه‌نجلس و تاوێک بچنه‌  ژێر داری خوازبێنی.           
  ماوه‌یه‌کی کورت دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی فریدریک، فلۆره‌نسیا دووچاری شیرپه‌نجه‌ی مه‌مک ده‌بێت و ئه‌ویش‌ گیانی له‌ ده‌ست ده‌دات.       
 به‌م دوو رووداوه‌ تاڵ و له‌ دوای یه‌که‌ی  ژیانی فریدریک و کارۆلین، دوایی سی ساڵ جودایی دووباره‌ ده‌چنه‌وه‌ ژێر داری خوازبێنی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ کارۆلین نایه‌وێت فریدریک قسه‌ شیرینه‌کانی هه‌روا بکات و بیدات به‌ گوێی باوه‌. ئه‌و خۆی ئاماده‌ کردووه‌ سه‌د بار له‌ سه‌ر یه‌ک بڵێت به‌ڵێ و به‌ڵی.                                                    
 له‌ کۆتایی رۆمانه‌که‌ دایکی ئه‌و منداڵه‌ی نامیلکه‌که‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی رۆژێک ده‌کات که‌ ئه‌و دوو کاره‌کته‌ره‌ ئه‌وینداره‌ له‌ راستی دا ببینێت و زیاتر له‌ یادگارییه‌ شیرین و تاڵه‌کانیان ئاگادار بێت. دوایی له‌ پڕ ئه‌و ئاواته‌ی دێته‌ دی و ئه‌وان له‌ ده‌رگای ماڵه‌که‌ی دا ده‌بینێته‌وه‌، ده‌ڵێیت لێره‌دا تویمان نه‌یویستووه‌ وه‌ک خوێنه‌ران، دڵی کاره‌کته‌ره‌کانیشی بڕه‌نجێنێت.   دوا شت، ئه‌و رۆمانه‌ی جه‌یمس تویمان هه‌رچه‌نده‌ چیڕۆکێکی ئه‌وینی ساده‌ و ساکاره‌ و ژماره‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی له‌ په‌نجه‌کانی یه‌ک ده‌ست تێپه‌ڕ ناکه‌ن. که‌چی به‌ زمانێک نوسراوه‌ که‌ ده‌ڵێیت له‌ رۆحێکی پاک و راستگۆ و بێگه‌رده‌وه‌ ده‌رده‌چووه‌، زمانێک که‌ کاریگه‌ری قووڵ له‌ سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی خوێنه‌ر داده‌نێت و وای لێده‌کات که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ جه‌نجاڵ و ئاڵۆزه‌ی که‌ ئه‌مرۆکه‌ دونیای تێکه‌وتووه‌، دووباره‌ باوه‌ڕ بهێنێته‌وه‌ به‌ هێز و توانای ووشه‌ و له‌ بوونی دا گه‌شبینی له‌ ژیان ببینێت و تاڵی و شیرینیه‌کانیشی خۆش بووێت.    
  
  
 dmasifi289@yahoo.ca 

 
 

Previous
Next

Leave a Reply