Skip to Content

Sunday, November 29th, 2020

دانوستان له‌ژێر سێبه‌ری پۆستاڵ…

Be First!
by June 7, 2011 گشتی

   پێش ئه‌وه‌ی ڕێگا خۆشبكه‌ن بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ یه‌كتر، ده‌بێت له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابن ڕێگا دروست بكه‌ن بۆ به‌بنبه‌ستگه‌یاندنی گرفته‌كان له‌نێوان شه‌قام‌و ده‌سه‌ڵات‌و، سڕینه‌وه‌ی ئه‌وكه‌شه‌ عه‌سكه‌رتارییه‌ی كه‌ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر شه‌قامدا سه‌پاندویه‌تی، به‌بنبه‌ستبونی گرفته‌كان‌و كاڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌شه‌ حیزبگه‌ری‌و عه‌سكه‌رتارییه‌، ئه‌وكات نایه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌نێوانی ئۆپۆزسیۆن‌و ده‌سه‌ڵات به‌چه‌ندین كۆبونه‌وه‌‌و دانیشتندا ببرێت‌و، كۆبونه‌وه‌ی پێنج قۆڵی سه‌ركرده‌‌و حیزبه‌كان ببه‌سرێت، دواجاریش به‌ڕێككه‌وتنێكی ستراتیژی وه‌ك ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌ی دوای شه‌ڕی ناوخۆ له‌نێوانتاندا مۆر بكه‌ن‌و، جارێكی دیكه‌ كوردستان له‌نێوان خۆتاندا دابه‌ش بكه‌ن، به‌ڵكو به‌بنبه‌ستبونی كێشه‌كان له‌شه‌قامه‌وه‌ ڕێگا ده‌گرێت، له‌و شوێنه‌وه‌ ڕێگا ده‌گرێت، كه‌داواكارییه‌كانی شه‌قام جێبه‌جێ‌ بكه‌ن، نه‌ك له‌و شوێنه‌وه‌ كه‌ بۆخۆتان بتانه‌وێت، ڕێگاچاره‌ بۆ جێكردنه‌وه‌ی خۆتان له‌سه‌ر حیسابی شه‌قام دیاری بكه‌ن، ئه‌وه‌ی شه‌قام ده‌یه‌وێت جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانه‌، گشت داواكارییه‌كانیش پێكدێت له‌بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی‌و، هێنانه‌كایه‌ی دادپه‌روه‌ری‌و، گرتنه‌به‌ری ڕێگاچاره‌ی چاكسازی، ئیدی ئه‌مه‌ سێ‌ ڕه‌هه‌ندی قوڵه‌‌و سازشی تێدا نییه‌، سێ‌ گوتاری گه‌وره‌یه‌ كه‌ده‌توانرێت ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ڕیشه‌ییه‌ی پێ‌ بكرێت كه‌زه‌مه‌نێكه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین له‌وڕوانگه‌وه‌ كه‌بكرێت، دروستكردنی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ گه‌وره‌ش به‌ووتنه‌وه‌و جوینه‌وه‌ی ئه‌و سێ‌ ڕه‌هه‌نده‌ ناكرێت، به‌وه‌ ناكرێت كه‌به‌زاره‌كی‌و له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانتانه‌وه‌ دان به‌هه‌بونی گه‌نده‌ڵی‌و نادادتپه‌روه‌ری‌و نه‌بونی چاكسازیدا بنرێت‌و، به‌به‌ڵێنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانتان پێمان بڵێن “كردار شه‌رته‌‌و به‌ڵێنه‌كانمان ده‌به‌ینه‌ سه‌ر، گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌‌و نایهێڵن، هه‌ر ئێمه‌ین ده‌توانین چاكسازی بكه‌ین”. به‌ڵام له‌پشتی ووشه‌‌و به‌ڵێنه‌كانتانه‌وه‌ بكوژانی منداڵی ئه‌م نیشتیمانه‌ ته‌كریم‌و ته‌رفیع بكه‌ن‌و، هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی تواناتان ئه‌و كه‌سانه‌ حه‌شاربده‌ن كه‌له‌پشتی ته‌قه‌كردنه‌كان بوون به‌رامبه‌ر به‌خۆپیشانده‌ران، دروستكردنی كه‌شی چاكسازی به‌به‌ڵێنی ووته‌ی به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان ناكرێت، به‌و كه‌سانه‌ ناكرێت كه‌تاوه‌كو بینه‌ قاقایان قودی منداڵی هه‌ژاری ئه‌م نیشتیمانه‌ گه‌روی گرتون، به‌ڵكو به‌كرداره‌كی گه‌یاندنی ئه‌و سێ‌ ڕه‌هه‌نده‌ قوڵه‌ ده‌كرێت، ئه‌و كات ناتوانرێت چاكسازی بكرێت كه‌ئێوه‌ داوای به‌دادگایكردنی به‌رد هاوێژه‌كانی خۆپیشاندان بكه‌ن‌و پێمان بڵێن، “ده‌توانین وه‌ك دیلی جه‌نگ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین”، ئه‌و كات ناتوانرێت دادپه‌روه‌ری به‌رقه‌رار بكرێت كه‌ئێمه‌ داوای به‌دادگایكردنی بكوژانی خۆپیشانده‌ر بكه‌ین‌و ئێوه‌ش پێمان بڵێن “ئێوه‌ ئاژاوه‌ گێڕن‌و ڕاگه‌یاندنی چه‌واشه‌كارین”، ئه‌و كات ناتوانرێت چاكسازی بكرێت كه‌نه‌توانن گوێ‌ قوڵاغی داواكارییه‌كانی شه‌قامبن، به‌ڵكو ئه‌و كات ده‌توانرێت چاكسازی بكرێت، كه‌حیزب ده‌ستبه‌رداری حوكمه‌ت بێت‌و، حوكمه‌تیش له‌سه‌ر ئینتیمای بۆ دادپه‌روه‌ری‌و، ڕیزگرتن له‌یاساكانی هاوڵاتیبون كاره‌كانی ڕایبكات، بكوژانی مندالی نیشتیمانه‌كه‌م ڕاپێچی به‌ر دادگا بكات‌و، گه‌نده‌ڵكاراكانی بیست ساڵی ڕابردوو به‌ره‌و لێپێچینه‌وه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ به‌رێبكرت، نه‌ك ئێوه‌ پێمان بڵێن “ئێمه‌ یاسا به‌رقه‌رار ده‌كه‌ین، ئه‌وانه‌ی كه‌به‌ردیان هاویشتووه‌ ده‌بێت بگیرێن”، به‌ڵام هاوپێچی ئه‌وه‌ش ئه‌وانه‌ی كه‌فیشه‌كیان له‌جێگه‌ی به‌رد ته‌قاندووه‌‌و منداڵی هاونیشتیمانیان كوشتووه‌ بابه‌ئازادی بسوڕێنه‌وه‌، ئیدی ئێوه‌ بۆ پێمان ده‌ڵێن بایاسا سه‌روه‌ر بێت، له‌كاتێكدا كه‌خۆتان شكێنه‌ری یاسان‌و له‌سه‌روی سه‌روه‌ری یاساوه‌ خۆتان ده‌بینن؟ بۆ به‌هاونیشتیمانیان ده‌ڵێن دیموكراتی هه‌یه‌، له‌كاتێكدا كه‌ بۆخۆتان لادراوانی به‌ریاسا له‌نێو ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی حیزبه‌كه‌تاندا ده‌پارێزن، داواكارییه‌كانی شه‌قام چی نه‌شیاوییه‌كی تیدایه‌، له‌كاتێكدا كه‌بریتییه‌ له‌ده‌ستگیركردنی بكوژان‌و، خوێنڕێژانی منداڵانی ئه‌م نیشتیمانه‌‌و، شكاندنی ئه‌و گه‌مارۆ سه‌ربازییه‌ی كه‌به‌سه‌ر شاره‌كاندا سه‌پاندوتانه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌رداربوونی ده‌سته‌كانی حیزب له‌یه‌خه‌ی حكومه‌ت‌و، ده‌رپه‌ڕاندنی حیزب له‌چوارچێوه‌ی سنوره‌كانی حكومه‌ت، نه‌ك ئێوه‌ داوای دانوستانی بێ‌ مه‌رج بكه‌ن‌و بتانه‌وێت له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌و پۆستاڵانه‌دا دانوستان له‌گه‌ڵ شه‌قام‌و ئۆپۆزسیۆندا بكه‌ن، كه‌له‌نۆزده‌ی ڕه‌شی نیساندا سه‌ری منداڵانی خۆپیشانده‌رتان پێ‌ پانكرده‌وه‌و، ڕۆژێكی ئه‌نفالی نوێتان به‌پۆستاڵه‌كانتان له‌سه‌ر ئه‌م خاكه‌ تۆماركرد، ناكرێت ئێوه‌ داوای دانیشتنی پێنج قۆڵی سه‌ركرده‌كان بكه‌ن‌و لوله‌ی تفه‌نگه‌كانتان له‌سه‌ر سینگی لایه‌نگرانی ئۆپۆزسیۆن بێت، كاتێك ده‌توانن داوای دانوستانی پێنج قوڵی سه‌ركرده‌كان بكه‌ن، كه‌داخوازییه‌كانی شه‌قامتان جێبه‌جێكردبێت، كاتێك ده‌توانن گه‌نده‌ڵی نه‌هێڵن‌و دادپه‌روه‌ری به‌رقه‌رار بكه‌ن، كه‌له‌ژێر سێبه‌ری خاڵه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی شه‌قامدا كێشه‌‌و گرفته‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌بنبه‌ست بگه‌یه‌نن، نه‌ك ئێوه‌ داوای به‌بنبه‌ستگه‌یاندنی كێشه‌كانی هه‌رێم بكه‌ن‌و، پۆستاڵه‌كانتان له‌سه‌ر سه‌ری تاكی خۆپیشانده‌ری كوردبێت، نه‌ك ئێوه‌ پێمان بڵێن كۆبونه‌وه‌ی پێنج قوڵی بێ‌ مه‌رج ده‌توانێت كێشه‌كان به‌بنبه‌ست بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام لوله‌ی تفه‌نگه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆتان له‌سه‌ر زاری ئه‌و لاوه‌ بێت كه‌ده‌یه‌وێت داوای ئازادبونه‌وه‌ی خۆی بكات، كاتێك ده‌توانرێت دانوستان بكرێت، كه‌ هاونیشتیمانیان له‌ژێر سێبه‌ری ده‌رئه‌نجامی دانوستانه‌كاندا له‌قازانجی شه‌قام یه‌كلای بكرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ته‌نها شه‌قام بڕیارده‌ره‌ كه‌كێ‌ له‌ئێوه‌ بۆ داهاتوی حوكمدارو سه‌روه‌ری خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت…

زمناكۆ ئیسماعیل
zmnakopress@yahoo.com

ٍ

ٍ

Previous
Next

Leave a Reply