Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

داهاتووی ئیسلامییه‌کان…..که‌مال چۆمانی

Be First!
by July 21, 2009 گشتی

داهاتووی ئیسلامییه‌کان
که‌مال چۆمانی

chomani_85@yahoo.com

ته‌نها 5 رۆژی ماوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌ پارله‌مانییه‌که‌ی کوردستان و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم. بێ هیچ دوودڵییه‌ک گۆڕانکارییه‌کی سه‌رنجڕاکێش له پێکهاته‌ی سیاسیی‌ هه‌رێمدا رووده‌دات. دوای ئه‌و 5 رۆژه‌، داهاتووی ئیسلامییه‌کانیش یه‌کلاییده‌بێته‌وه‌. یه‌کلاییبوونه‌وه‌که‌ش، به‌نده‌ به‌و پرسیاره‌ که‌ ئایا ده‌چنه‌وه‌ ناو حکومه‌ت یان ده‌بنه‌ ئۆپۆزسیۆن؟
داهاتووی ئیسلامییه‌کان (لێره‌دا زیاتر مه‌به‌ست له‌ یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵه‌)، به‌نده‌ به‌و بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌ و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی که‌ له‌ مێژووی سیاسیی خۆیان، دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن.
ئه‌وان، واتا یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت له‌ به‌ره‌وپێشچووندا بن و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی خۆیان به‌هێزبکه‌ن، هیچ چاره‌یه‌کیان نییه‌ جگه‌ له‌ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ حکومه‌ت. هه‌ردوو هێزه‌که‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانن که‌ مانه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌مان ده‌موچاوه‌ گه‌نده‌ڵه‌کانی پێشووتر، تا راده‌یه‌ک مه‌ترسیداره‌ بۆیان. ئه‌گه‌ری له‌ده‌ستدانی خه‌ڵکێکی زۆریان لێده‌کرێت.
پێکهێنانی حکومه‌ت له‌گه‌ڵ لیستی کوردستانیی، لێدانێکی گه‌وره‌ ده‌بێت به‌ر هه‌ردوو هێزه‌که‌ ده‌که‌وێت. جه‌ماوه‌ری کوردستان، چه‌نده‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ حکومه‌تێکی شه‌فاف و یه‌کسانخواز و دادپه‌روه‌ر و پاک دروستبێت، ئه‌وه‌نده‌ش به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ هێزی ئۆپۆزسیۆنی ته‌ندروست و جدی دروستبن. گه‌وره‌ترین گۆڕانکاریی له‌ هه‌رێمی کوردستان دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان، دروستبوونی هێزی ئۆپۆزسیۆنی نه‌ترس و جددییه‌.
ته‌نها له‌ یه‌ک کاتدا به‌شداریکردنی ئیسلامییه‌کان له‌ حکومه‌تی ئایینده‌دا جێگه‌ی خۆشحاڵی هاووڵاتییان ده‌بێت، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر بێت و له‌گه‌ڵ لیستی گۆڕان حکومه‌ت پێکبێنن. یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ، ده‌بێت له‌وه‌ زیره‌کتر بن که‌ له‌گه‌ڵ لیستی کوردستانیی حکومه‌ت پێکبێنن. ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تیشدا بوونه‌، جگه‌ له‌ منه‌تی یه‌کێتیی و پارتیی به‌سه‌ریاندا، ده‌سته‌ڵاتێکی ئه‌وتۆیان نه‌بووه‌ تا پاساوی هه‌وڵدان بۆ گۆڕانکاری و چاکسازیمان بۆ بهێننه‌وه‌. چاکترین و باشترین وه‌زیری یه‌کگرتوو یان کۆمه‌ڵ له‌ کابینه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ رابردوودا، به‌قه‌د گه‌نده‌ڵترین و نه‌زانترین وه‌زیرێکی یه‌کێتیی یان پارتیی ده‌سته‌ڵاتی نه‌بووه و حیسابی بۆ نه‌کراوه‌‌. هیچ کاتێکیش نه‌یتووانیوه‌ وه‌ک وه‌زیره‌ یه‌کێتییه‌که‌ یان پارتییه‌که‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ کاروباره‌کانیدا بکات. زۆرجاریش ته‌نها هه‌یکه‌ل بووه‌ له‌وێ. گه‌ر نمونه‌ به‌ وه‌زیری دادی پێشووتر بهێنینه‌وه‌ که‌ یه‌کگرتوو بوو، بۆمان روونده‌بێته‌وه‌ که‌ ئه‌و وه‌زیره‌ به‌پێی یاسا ده‌سته‌ڵاتی باڵای هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا (بێگومان ئێستا زۆر زۆر خراپتره‌)، پێشێلکاریی گه‌وره‌ی ئینسانی، سیاسی و یاسایی روویداوه‌. گه‌ر وه‌زیری داد مه‌به‌ستیشی بووبێت چاره‌سه‌ری کێشه‌کان بکات و به‌پێی یاسا بجوڵێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌سته‌ڵاتی ره‌های یه‌کێتیی و پارتیی به‌سه‌ر وه‌زاره‌ت و قه‌زادا، ده‌سته‌ڵاتێکی بۆ وه‌زیر نه‌هێشتۆته‌وه‌. ئه‌و پاساوه‌ش رێی ئه‌وه‌مان لێناگرێت که‌ بوونی له‌وجۆره‌، خۆی گه‌نده‌ڵییه‌کی ترسناکه‌. یه‌کێتی و پارتی، زۆرجار ئیستیغلالی ئه‌و بوونه‌یان کردووه‌.
گه‌شه‌کردنی ئیسلامییه‌کان له‌ داهاتوودا، به‌نده‌ به‌ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یان له‌ حکومه‌ت و مانه‌وه‌یان به‌ ئۆپۆزسیۆنی. ئه‌گه‌ر تا ئێستا هاووڵاتییان نه‌یانتووانیبێت هێزێکی ئۆپۆزسیۆن بدۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشتگیری بکه‌ن، ئه‌وا بێگومان له‌ دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، هێزی وا دروستده‌بن که‌ نه‌ک هه‌ر خه‌ڵکی ناڕازیی، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر ئیسلامییه‌کان له‌ حکومه‌ت بمێننه‌وه‌، ئه‌وانیش له‌خۆبگرێت (بێگومان له‌ حاله‌تێکدا که‌ لیستی چوار حیزبه‌که‌ نه‌تووانێت له‌گه‌ڵ لیستی گۆڕان حکومه‌ت پێکبێنێت).
یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ، ئه‌گه‌ر ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن، ئه‌وا هیوای ئه‌وه‌ لای خه‌ڵکی خۆیان و هاووڵاتییانیش دروستده‌که‌ن که‌ له‌ داهاتوودا ده‌نگێک بن له‌ پارله‌مان. خه‌ونی گه‌ییشتنیشیان به‌ ده‌سته‌ڵات، به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ڵام گه‌ر به‌شداربن له‌ حکومه‌ت، ئه‌و خه‌ونه‌ کاڵده‌بێته‌وه‌، چونکه‌ خۆت له‌ ده‌سته‌ڵات بیت خه‌ونی چی به‌ ده‌سته‌ڵاته‌وه‌ ده‌بینیت؟ له‌م کاته‌شدا، ئه‌ندامان و لایه‌نگران بێتووانا ده‌بن له‌وه‌ی که‌ چیتر پاڵپشتیی لیستێک بکه‌ن که‌ ده‌سته‌ڵاتێکی لاوازی هه‌بێت و رازییبێت به‌ گه‌نده‌ڵی، بێقانوونی، سه‌رپێچی مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادیی راده‌ربڕین.

 

Previous
Next

Leave a Reply