Skip to Content

Tuesday, October 27th, 2020

داهۆڵی سیاکێو … فەرهاد چۆمانی

Be First!
by March 24, 2012 چیرۆک

 

نیوەڕۆیان هەمیشە کەوەڕێتر دیاری، خەواڵو و چاو دەرپۆقیو، جارجارەش بەدەم چوونە بەردەم پەنجەرەی ژوورەکەتەوە کە تەنها شەقامێکی چۆڵی لێوە دەبینرێ بەلا دادێی و هاکا بکەویت، ئەمە نە لەبەر گەرمای تاقەتپڕوکێنی هاوینانە بەتەنێ، بەڵکو زیاتر لەبەر ئەو هەموو خەوەیە کە لەهەر وەرزێکدابیت تۆی بە جێگاکەتەوە شەتەک داوە و ناهێڵێ بچیتە دەرەوە و هەوای تازە لەشی داهێزراوت توندوتۆڵ بکاتەوە.. باڵەکانت بکەیتەو و لێبگەڕێی هەوای ساردی ئەم بەیانییە بای باڵەکانت بدات و پێستی سفتت ختوکە بدات، بە هەر هۆیەکی نەزانراو بێت بیر لەوە دەکەیتەوە لەبەردەم پەنجەرەکەوە خۆت بخزێنیتەوە ناو جێگاکەت، وەک ئەوەی ئەو هەوا ساردەی لەخەیاڵتدایە بەراستی بەر لەشت کەوتبێت و تۆی قەسراندبێت. بەڵام ناچیت، ئەگەر چی دڵنیاشی وا نزیکەی مانگێک تێپەڕ دەبێت نەتدیوە کەس بەوێدا گوزەر بکات بەڵام هەمدیس لە چۆڵایی شەقامی بەردەم پەنجەرەکە دەڕوانیت، تەنیا جارجار ژنێکی عەبا بەسەری بێروخسار دەبینیت پشت لە پەنجەرەکەت لەنێو چەندان عەلاقە و پوش و پەڵاشی بەباچوودا وەک ئەوەی ئەمیش با بیهێنێت و بیبات تێدەپەڕێت.
دیسانەوە وەک هەمووجار دوورکەوتنەوەی هەنگاو هەنگاوی ژنەکە دەتخاتەوە بیری چوارمانگ و دوانزە رۆژ بەر لە ئێستا کە ئەم ماڵەت هەمیشە پڕ بوو لە دەنگ و گۆرانییەکانی ئەو، هەموو کات بەدەم هاوتوچۆکردن لە ماڵدا ورتەی دەهات «نەسیمەکەی ساردی پایزی.. » ئەو گۆرانییەی کە سێمانگەی پایز هەر دەیوتەوە و ماندوو نەدەبوو.. هەر کە دەگەیشتە «خودایە کوانێ بەهارت» تۆ  دووراودوور لەو درەختانە رادەمای سات نا ساتێکی دیکە گەڵایەکی دەوەری و با دەیهێنایە سەر شەقامەکە، ئەو کاتە بە لەبزێکەوە بانگت لێدەکرت «repeat» ئەویش وەک ئەوەی سوسەی گاڵتەپێکردنەکانی تۆی کردبێت بە پێدزە دەهاتە ژوورە و بە دزیەوە ناکاو لە دواوەرا باوەشی دەکردی و تێکدەسمڕایەوە و ختوکەت دەهاتێ، تازە کەوتبوویە قەفەسی قۆڵەکانی و دەربازت نەدەبوو، ناچار دابین دەبووی بۆی کە هەرچی دڵی بخوازێ بیکات، ئەگەرچی هەمووجار پاش چەند دەقیقەیەک لەنێوجێگا، نیوەرووت لە نائومێدی و خەمۆکییەکی سارددا دەتلایەوە.. بەڵام هەرچۆن بوو هەڵدەستایتەوە سەرپێ و دەچوویتەوە بەر پەنجەرەکە.
وەستان و نیگاکردنی ئەم پەنجەرە و ئەم شەقامە چۆڵەی کە تەنیا ژنێکی پەچەپۆشی بابردەڵەی لێوە دیارە بووتە خووێکی دەست لێهەڵنەگیراو بۆتۆ، هەندێکجار لەبەر خۆتەوە دەڵێی«دەڕۆم! لە هەموو کوچە و کۆڵانەکان بەدوایدا دەگەڕێم، ئەگەر نەمدۆزیەوە دەچمە شارانی دیکە، لەوێش نەبوو ئاسمانیشم تەیکردبێت هەر دەبێ سۆراخی بکەم » بەڵام هەرجارێک ئەوە دەڵێی وەک ئەوەی ئاسمانیشت تەی کردبێت و بە شەکەتیی و ماندووبوونێکی زۆرەوە دەستبەتاڵ و بێسەرەنجام گەرابیتەوە لەشت دادەتەپێ، ئاخر بۆتۆ وتنی ئەم قسەیە هێندەی کردەکردنی تاقەتبڕ و شەکەتییە.
هەندێکجار دەچیتە ئەو ژوورەی دەستەراست کە دەرگاکەی هەمیشە کڵۆم دراوە، لە توێی ستیانەکەتەوە کلیلەکە دەردەهێنت و دەرگاکە دەکەیتەوە، لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکەدا بۆنێک دێتە لوتتەوە کە لەهەر کەس زیاتر تۆ دەیناسییەوە. لەهەرکەس زیاتر؟! مەگەر کێیتر بۆنی کردووە؟ باشە؛ راستترە بڵێم هەر تۆ ئەم بۆنەت کردووە، بۆنێک کە چیتر لەهیچ کەس وشوێنێکی دیکە نایەت لەم ژوورە نەبێت، وەک ئەوەی ئەم بۆنەت زیندانی کردبێت بۆیە دەرگاکە کڵۆم دەدەیت و دواتر بە پەتوویەک کونبڕی درزی دەرگاکە دەکەیت. سەرچاوەی ئەم بۆنە ئەو جلانەن کە بەهەڵواسەرێکیەوە هەڵتواسیون، کراسێکی سپیت کردوەتە بەری پانتۆڵێکی کوردی رەنگ خاکی و وەک هەمووجار ئەو دەیکرد شەدەیەکی رەشی گوڵینگەدارت بەسەر شانە داچۆڕاوەکانی کراسەکە داداوە، هەوڵتداوە بەتەواوی لەشێوەی وەستانی ئەو بچێت، سەردەستەی باسکێکت خستوەتەوە ناو تەنگەی پانتۆڵەکەوە، ئێستاش بیرتە ئەو دەمانەی وەهات دەبینی هەموو کات بەگومانەوە لەو دەستەت روانییوە داخۆ بۆچی رۆیبردۆتە ئەوێ و لە شەرمان رووت وەردەگێڕا. دواتر، زۆر دواتر زانیت کە غایەلەی نابەجێت کردووە و ئەگەر ئەوسا ئێستا بوایە لە جیاتی روو وەرگێڕان دەچویتە نزیکی و لە جیاتی ئەو دەستت رۆدەبردە ئەوێ و نەتدەهێشت کار بەم حاڵەی ئێستا بگات. بەڵام ئیتر درەنگە بۆ ئەم بریایە.
بە خەیاڵی ئەوەی خەریکیت لەو نزیک دەبیتەوە بۆ لای جلەکانی هەنگاو دەنێی، بۆ ئەوەی بتوانی بەتەواوی بیهێنیتە بەرچاوت چاوەکانت دادەخەی و تەنیا لەرێگەی بۆنی ئەو کە واهەست دەکەی لە هەموو شت زیاتر لە شەدە گوڵینگەدارەکەیەوە دێت وا خۆت دڵنیا دەکەیتەوە کە لەبەر دەم ئەودا وەستاویت، هەرچەند تۆ خۆت دەنووسێنیت بە جلەکانەوە ئەوان دوورتر دەکەونەوە، وەک ئەوەی ئەو بێت و لێت رابکات، تۆ هەر دەچیتە پێش و هەو هەنگاو هەنگاو بەپشتدا دەچێت تا هەڵواسەرەکە بەدیوارەکە دەکەوێت و قۆڵێکی هەڵگری جلەکان دەچەقێتە سنگتەوە، سەرەتا ئازارێک لە سمینی سنگتەوە هەست پێدەکەی، دواتر وردە ورد بەبێ ئەوەی ئەم ئازارە ببێتە هۆی ئەوەی لەم خەیاڵە پوچە بەهۆشت بێنێتەوە ئێشی سنگت دەگۆڕێتە سەر چێژێک کە هێندەیتر دڵنیایی ئەوەت پێ دەدات کە ئەوە لەبەردەمتدا وەستاوە، شەرم لەو رێکەوتە دەکەی چۆن رێک و راست بەبێ ئەملاو و ئەولا چەقیوەتە ناوەڕاستی سنگت. بزەیەک لێوەکان دەنەخشێنێت، خۆ ئەگەر ئێستا لەبەر دەم  ئاوێنەدا بوایەیت و چاوەکانت بکردبانەوە ئەم بزەیەی سەرلێوانت ئومێدێکی گەورەیان پێدەبەخشیەوە کە سەرباری رووخساری زەرد و چاوە دەرپۆقیو و قژی ئاڵۆزاوت هێشتا ئەدگارێکی جوانی بە سیمات بەخشیوە… بەڵام تۆ نایبینیت چونکە چاوەکانت داخستوون و بۆنی ئەو مەستی کردوویت، سەرنج لە نێوچاوانت دەدەم ئارەقەی شەونمئاسات دەرداوە، گوێم لە هەناسەکانیشت دەبێت کە تا دێ قوڵتر و ئاهێوەرتر دەیانبیستم، لەشت لەسەمایەکی بێسرەوت دایە، ئەوە دەهێنیتە بەر خەیاڵت لەدارستانێکدا کە تیرێژی رووناکی خۆر لە نێوانی درەختە زراڤەکانەوە وەکو هەزاران شمشێر ئاراستەتان کرابێت سەما دەکەن، وەک ئەوەی دوا سەمای ژیانتان بێت و  ساتێک دواتر شمشێرەکان شەقار شەقارتان بکەن توند ئامێزانی یەکتر دەبن.. ساتێک دواتر وەک ئەوەی لە خەیاڵدا شمشێرەکان تۆیان پێکابێت و لەگەڵ یەکەم زامداربووندا بەدەم کەوتنە سەر گیاکانەوە ناڵەیەک دەکەیت.. لەبەردەکەم  هەڵواسەری جلەکاندا دەکەویت و من ترسی ئەوە دامدەگرێت شمشێرەکان هێندە قوڵ رۆچوبنە برینانتەوە بمریت، بەڵام هێندەی پێناچێت هەڵدەستیتەوە و لەسەر ئەژنۆ وەک ئەوەی لەبەر دەم خودایەکی بێسەر بەچۆکدا هاتبیت لێی رادەمێنیت «تۆ لەکوێی پیاوی سەرشێت؟ لەکام جەهەنەم دایت؟ بیرتچوو دایکت بە خووی پیرێژنێکی لەخۆکەوتەوە هەمووجار پێیدەگوتیت “ئەم خەیاڵانەت سەرتدەخۆن، ئەو بیر و غایەلە پوچانەت بەندی دەستی نەیارێکت دەکەن مەگەر هەر خودا بزانێت بە چ دەردێکەوە دەتکوژێت.. دوای وتنی ئەم قسانە دەکەوتە سەر رەزمی شین و لاواندنەوەیەکەوە بەجۆرێک کەسێک زێرین’ی دایکتی نەناسیبوایە وای دەزانی تۆ لاشەی بێگیانیت و بۆی گەڕێندراویتەوە، دەتبینی هەر ئەودەم پلاری لە من دەگرتن و دەیگوت داری بێبەرە ئەو سەنەمە سەرەخۆرە، چۆن بە وەچاغکوێری وەدو وەسوەسەکانی ناو سەرت دەکەویت و دەڕۆی! ها بیرت چوو؟ بەڵام تۆ گوێت بە هیچ نەداو لە ناکاوێک بێدەربەستانە ونبووی، منت لە تەنیایی ژنێتیمدا بەجێهێشت و خۆت وەکو ژنێکی سەرشۆڕ رەدووی خەیاڵەکانت کەوتی! ئا، وەهات پێدەڵێم، چونکە تۆ نازانی لە دوای ونبوونی تۆ من لە چ حاڵێکدام، دوای چوار مانگ لە ونبوونت دووگیانم و منداڵی تۆم لەسکدایە، ئێستا دایکت ناتۆرەی “داری بێبەر”ی گۆڕیوە و “ژنێ رووتەڵان”م پێدەڵێ، من بەوە دەهری دەبم. ناچار بووم درەنگانی شەوێک دایکی کرمێبووت، زێڕینی کرمخواردوو ببمە دەرەوە و فڕێیبدەمە سەر ئەو گوفەکە و زبڵدانە گەورەیەی هەمووکات دوکەڵی سوتانی لێهەڵدەستا و ئەم کۆڵانەی قڕ کردبوو، بۆ بەیانی منداڵان سەری داکرماو و لێساوەیان لە سەگە تۆڕییەکان سەندبووەوە و دەرگا بەدەرگا دەیانگێڕا داخۆ کێ دەیناسێتەوە، من لە پەنجەرەکەوە دەمبینین دەیان منداڵ بوون وەک ئەوەی بەدوای داهۆڵی بووکە بەبارانێوە بن سەری دایکتیان ماڵەوماڵ دەگێڕا، تا ئەوەی هێنایانە بەردەرگای ماڵی ئێمەش، بەڵام من گوێی خۆم کەڕ کرد و خۆم نەبان کرد، دەرگای ماڵی ئێمە دواین دەرگا بوو لەم کۆڵانە بیکوتن، بەڵام من هەر گوێم پێنەدان، درەنگان داهات و منداڵان سەری دایکتیان بە سەر دارێکەوە کرد و لەبەرامبەر پەنجەرەی ژوورەکەمان لەو بەر کۆڵان لەسەر کۆمەی کەستەکێک گڵ دایانچەقاند و رۆیشتن. من بە پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوانم دەکرد ئەو شەوە هەروا بەدیارییەوە وەستام و لە کەللە سەری ناوبۆش و چاڵی چاوانییەوە رامام.. »
دێتەوە بیرت ئەم رووداوە دوێنێ شەو بوو، لەبەر ئەوە بە لەشێکی سارد و تەڕەوە لەبەردەم هەڵواسەری جلەکان هەڵدەستیتەوە سەرپێ و دەچیتەوە بەردەم پەنجەرەکە بۆ ئەوەی سەیری کەللەسەرەکە بکەیتەوە بزانیت هێشتا لەوێیە، بەڵام چیتر کەللەسەرەکە لەوێ نەماوە دووراو دوور لە کۆڵانێک ئەودیوی کۆڵانەکەتان گوێت لە دەنگی منداڵەکانە.
تەماشای چۆڵی شەقامەکە دەکەیتەوە، تەزووی سەرما سەرتاپێی لەشت دەتەنێ، رۆدەچیتە بیری رۆژانێک کە خۆشت سەیرت لەوە دێت ئەمانە یادەوەری تۆبن… چونکە تۆ لە تەماشاکەرێک چیتر نەبووی، بووکەشووشەیەک بووی لە رووگەی ماڵەکەت دانرابووی بۆئەوەی سەرنجی یەکێک لەو پێشمەرگە مێردمنداڵانە رابکێشیت کە هەمووجارێ باوکت وەک ئەفسانەی رۆژگارێکی سەخت باسی دەکردن، داستانی کەسنەدیوی “سیاکێو” لەهەموو داستانێکی دیکە بەرباستر بوو، هەم ميوانەکانتان هەم بۆ باوکیشت دەنگۆی بەربڵاوی داستانی سیاکێو باسی هەمیشەیی شەوانی ماڵەکەتان بوو… ئێستا تۆ باشتر لە هەموو کەس لە پوچی ئەو داستانانە تێگەیشتی، شەبەنگێک بوون درەوشی دەدا بۆ ئەوە نا رۆشنتر هەقیقەتی ئەو چەکبەدەستە ترساوانە بزانین کە درەنگانی ئێواران خۆیان دەکردەوە ناو ئاوەدانی و بەدەم خواردنی شلەی بامیەو و نانی تەنوورە لە نێو تاریکییەکی رەهادا باسی جوامێریەکانیان دەگێڕایەوە. وەک کۆمەڵێک تارمایی لەنێو تاریکیدا بجوڵێن دەستیان بە نیازی نیشاندانی چۆنیەتی دەستەویەخەبوون لەگەڵ سەربازانی دوژمن دەجوڵاندن.. بەڵکو ئەم شەبەنگەی دەوری ئەوان لە راستیدا بوونی نەبوو، ئەوە چاوی شارییەکان بوو ئەوانی وە شەوارە دەخست…
دەمی نیوەڕۆیان خەو سەرەگێژەت پێدەخات و وەها خەواڵو دەبیت ناتوانی رێبکەی، ئەمە خووی هەمیشەییتە، هەندێکجار بە لاشیپانی پەنجەرەکەوە خەوت لێدەکەوێت و خەون بە سیاکێو دەبینی کە منداڵان کەللەسەری ماڵەوماڵ دەگێڕن، وەک ئەوەی بتەوێ سەری لە منداڵان بستێنیتەوە رادەچڵەکێیت و  بەتاو دەچیتە دەرەوە، بە پلیکەنەکان ژێردا دەڕۆی و رێی شەقامە چۆڵەکە دەگریتە بەر، بۆجارێک هەست دەکەی لەژێر چاودێری سەدان چاو دایت کە وەک پشیلەی مرخ خۆشکردوو لە توێی پەرەدەی پەنجەرە و درزی دەرگاکانەوە چاو دەدەنە رێڕۆیینت، سەیرت لەوە دێ زۆرێکیان چاوی ژنانن، کل و سورمەی چاوانیان، تیسکی سپی و درێژیان هێندەیتر سپێنەی چاوەکانیان ترسناکتر دیاردەخات، بەڵام تۆ خۆت نەبان دەکەی، بەو نیازە هەنگاو دەنێی بتوانی لەگەمارۆی چاوەکان دەربچیت، بیردەکەیتەوە لەدەرەوە شوێنێک نییە بۆتۆی ژن، ئەم شار و سەرزەمینە دونیای ئەوانیترە و تۆ تێیدا هەڵەتە بووی، بەڵام هێشتا نازانیت بەرەو کوێ؟ تاکە شتێک بیزانی بێ سۆراخی سیاکێو’ـە.
دوور دەکەویتەوە، من لەو پەنجەرەیەوە کە هەمیشە تێیدا دەوەستایت؛ وەستاوم و سەیری رێکردنی گوماناوی و هەڵێنراوت دەکەم، دڵخەنیم بەوەی سیاکێو، شاسواری خەونەکانت بدۆزیتەوە، خەمگینیشم بەوەی دەزانم لەهیچ کونجێکی ئەم دونیایەدا نایدۆزیتەوە.. لەراستیدا من سۆراخی ئەو دەزانم، بۆیە کە لێرە نەبوویتراستی ونبوونی سیاکێو’ـم لە نامەیەکدا نووسی و خستمە نیفۆی پانتۆڵەکەیەوە کە لە ژوورە داخراوەکەت هەڵتواسیوە، بەڵام ئەو کاتەی خستمە ئەوێ هیواداربووم هیچ کاتێک نەیدۆزیتەوە… هەڵبەت دەپرسی کلیلی دەرگاکەم لەکوێ چنگ کەوت؟ ئەمەیش نهێنییەکی ترە کە ئەگەر بیڵێم پەیوەندی من و سیاکێو روون دەکاتەوە کە لەراستیدا من حەز دەکەم هەروا بە پەنهانێ بمێنێتەوە. ماڵەکەت بە نەبوونی تۆ رەزمێکی تری هەیە، بە جۆرێک هەوای گۆرانی وتن لە مندا شنە دەکات، سەیرم لەوەدێ ئەو سیاکێو’ـەی تۆ دونیای بۆ سۆراخی تەیدەکەی من لە خۆمدا دەیدۆزمەوە، بەدەم لقشکێنی گەڵا زەردبووەکانی گوڵدانەکان لەبەر خۆمەوە نوزەم دێ، گۆرانییەک دەڵێم لەوەیە کەسێکیتر بێت و لەمندا بیڵێ، پێشتر نەمبیستووە… هەر دەیڵێم و دەیڵێمەوە.. لە کاتێک دەوەستم و ماڵەکە پڕ دەبێتەوە لە بێدەنگییەکی سەنگین… دەنگی ژنێک لە بەر پەنجەرەکەوە دێت؛ «repeat» ئەمە دەڵێت وپێدەکەنێ، من لەشەرما یان لە حەیران بزەدەکەم و دەچمە ژوورەوە، تۆیت! لەبەر پەنجەرەکە وەستاویت، من دێم و لە دواوە باوەشت دەکەم، بەدەم پێکەنینەوە سەرت بە پاشدا دەخەیت و دەکەوێتە سەرشانم، بۆنی تۆزو خۆڵی رۆژێکی پڕوکێنەری هاوین لە قژت دێت، لەو سەری کۆڵان منداڵان دەردەکەون و داهۆڵی بووکەبەبارانێیان هەڵگرتووە و کۆڵانیان پڕ کردووە لە هاتوهووت، دەگەنە بەر پەنجەرەکەت، خۆت لە باوەشم رادەپسکێنی و رادەکەیت، وێدەچێ من بزانم خەریکی چی دەکەیت! بەڵام هیچ ناڵێم و تەنها سەیر دەکەم.. دەنگی کڵۆم بادانی دەرگای ئەودیو دێت، کەمێک دواتر دەنگی داگەڕان بەسەر پلیکانەکاندا، هێندەی پێناچێت دێیتەوە و خۆت دەخزێنیتەوە باوەشم، سەیرێکی چاوەکانم دەکەیت و بۆ بەر بێڵایی پەنجەرەکە رادەمێنت، وەک ئەوەی بەمن بڵێی؛ “ببینە!” دەنگی منداڵەکان دێتەوە گوێ، جلەکانی سیاکێوت کردووەتە بەری دار داهۆڵی دەستی منداڵەکان.. لەبەر دەرگای هەرماڵێک جامێک ئاو دەپڕژێننە سەر داهۆڵەکە، من رەنگی وشەکانم دەبینم لە دامێنی پانتۆڵەکەیەوە دەتکێن و دەستی ئەو منداڵە رەنگ دەکات کە هەڵیگرتووە، دواتر لە سەر سەرینەکە دوور لە کۆڵانێک ئەو دیو کۆڵانی ماڵەکەت گوێمان لە دەنگی منداڵەکان دەبێ کە تادێ نەبیستترە.

Previous
Next

Leave a Reply