Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
داواكارى گشتى پارێزەرى كێیە؟

داواكارى گشتى پارێزەرى كێیە؟

Closed
by November 14, 2008 گشتی

 داواكارى گشتى پارێزەرى كێیە؟
  ئومێد مەحمود

 
 كارى رۆژنامەنووسى لەرۆژگارى ئێستاى وڵاتى ئێمەدا، نەك یاریكردنە بە ئاگر، بەڵكو بۆخۆى چوونە ناو خودى ئاگرەكەیە، لە وڵاتێكدا دەیان رۆژنامەنووس لە چەند ساڵى رابردوودا تیرۆرو كراون، دەیانى تر رفێنراونو تەرمەكانیان پاش چەند سەعاتێك یان چەند رۆژێك فڕیدراوەتە كەنار شەقامێك یان شیوێكەوە، دەیانى تر رۆژانە لەژێر هەڕەشەدانو رووبەڕووى مەرگ دەبنەوە.
 لە رەوشو بارودۆخێكى پڕمەترسىو ترسناكى لەم جۆرە، كەچى كۆڵى بە رۆژنامەنووسى پیشەیى بوێرو راستگۆ نەداوەو رۆژانە هەر راستییەكو خاڵێكى نادیارو پەنهانو شاراوە بووبىَ، ئاشكرایان كردووەو لە دەرەنجامەكەى سڵیان نەكردوەتەوە.
 لە هەر وڵاتێكو لە نێو هەر میللەتێكى شارستانىو مەدەنیدا سوپایەكى بە جەسارەتو لە خۆبوودوى بەم شێوەیە بوونى هەبىَ، نەك هەر جێگاى شانازى ئەو گەلەو دەسەڵاتەیە، بەڵكو پێگەو شوێنى لە بەرزترینو ئاستو پشتگیرىو پشتیوانى گەلو دەسەڵاتە، چونكە كۆمەڵگەى بىَ رۆژنامەنووسى ئازاد، كۆمەڵگەى دیاردە دزێو و ناشیرنەكانەو  .. كۆمەڵگەى نا بیناو كەڕو بێئاگایە..
 دادگا بە هەموو مانا مرۆڤایەتىو ئەخلاقىو سیاسییەكەیشییەوە، ئەو شوێنەیە كە غەدارو غەدرلێكراو، چەوساوەو چەوسێنەر، راستیىو درۆى تێدا دەردەكەوێتو روون دەبێتەوە. كاتێك دادگا تەنها دەبێتە فەرمانگەیەك كە چەند كەسێك رۆژانە هاتوچۆى تێدا دەكەنو دەوامى رەسمیان پێدەبەنەسەر.. ئەو دادگایە لە مانا ئینسانىو ئەخلاقییەكەى دادەماڵرىَو دەبێتە جێگەى بوونەوەرگەلێكى دابڕاو لە كارلێگەرییەكانى ژیانو پەیوەندییە ئینسانییەكانو لە یەكەیەكى ئەكتیڤەوە دەگۆڕىَ بۆ چەند دیوارێكى بۆیاغكراوى متبوو.
 ئەم وێناكردنە لە دادگا كاتێك بەرجەستە دەبىَ كە ئینسان هەواڵى ئەوە ببیستىَ كە ئینسانێك تاوانباركراوە، بە یاسایەك كە هەڵوەشاتەوەو لە جێگەیدا یاساى نوىَ دانراوە، ئەو یاسایەش بە دەنگى نوێنەرانى گەل لە پەرلەمانو بە ئیمزاى سەرۆكى وڵات چووەتە وارى جێبەجێكردنەوە.
 هەفتەى رابردوو بە دیاریكراوى لە رۆژى 4 /11 /2008 سەرنووسەرى هەفتەنامەى(هەواڵ) لە دادگاى كەتنى (4) سلێمانى وەك لە نامەیەكى سەرنووسەر لە زیندانەوە هاتووەو لە ژمارە(303)ى رۆژى (8)ى 2008 بڵاوكراوەتەوە، دەڵىَ:"جەنابى دادوەر سىَ حوكمى بەسەرمدا سەپاند "
 هەر لەو نامەیەدا هۆكارى ئەو حوكمە روونكراوەتەوە كە تەنها لەسەر چەند بابەتێكى رۆژنامەوانییە سەبارەت بە دادوەر كەمال مستەفا، كە بابەتى باسەكەى من نیە، بەڵكو مەبەستى من ئەم رستەیەیە كە هەر لە هەمان نامەى ناوبراودا نووسراوە:((" خوشكى بەڕێزى جێگرى داواكارى گشتى كە باسى یاساى كارى رۆژنامەنووسیم كرد وتى: ” ئەوەى باسى دەكەى نەبۆتە یاسا هێشتا لە پەرلەماندا مشتومڕى لەسەرە"))
  ئەوەى دەمەوىَ باسى بكەم ئەوەیە كە ئایا رێى تێدەچێت، دادوەر ئاگاى لە یاسایەك نەبێت كە لە پەرلمانى وڵاتەوە دەرچووەو سەرۆكى وڵاتیش ئیمزاى كردووە؟!
 گریمان دادوەر لەبەر زۆریى كاروبارەكانى نەپرژاوەتە سەر خوێندنەوەى یاساى تازەو تەماشاكردنى مشتو مڕى ئەندامانى پەرلمان لە تەلەفزیۆنەوە!! ئەى دەباشە بۆ داواكارى گشتى چ پاساوێكمان هەبىَ؟
 گەر داواكار ئاگادارى یاسا نوێەكان نەبىَ، دەبىَ چۆن ئاگادارى گۆڕانكارییەكانى كۆمەڵگە بىَو بزانىَ چ دەگوزەرىَ؟!
 چەندین ساڵە لەم وڵاتەداو لەنێو ئەم كۆمەڵگەیەى ئێمەدا كێشەى كوشندەو دیاردەو تاوانى جۆرەبەجۆر دژى تاكەكانى ئەم كۆمەڵگەیە دەكرىَ، نازانم بۆچى داواكارى گشتى كە ئەركى سەرەكى بەرگریكردنە لە بەرژەوەندییەكانى كۆمەڵ، رۆژێك بە خەیاڵیدا نەهات سكاڵایەك بەرزكاتەوە یان كێشەیەك بورووژێنىَ؟
 كاتێكیش رۆژنامەنوسان لەو كێشەو دیاردە دزێوانە ئاگاداریان دەكەنەوەو هۆشداریان دەدەنىَ، یان گوێى خۆیان لێكەڕ دەكەن یان  رۆژنامەنووسان بانگى دادگا دەكەن!!
 ئایا كاتى ئەوە نەهاتوە ئیتر داواكارى گشتى ببێتە پارێزەرو بەرگریكارى تەواوى كۆمەڵگە؟
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.