Skip to Content

Thursday, December 3rd, 2020

داوا ساده‌که‌ی به‌ناز له‌ شاری خه‌ونی به‌رپرساندا شوێنی نه‌بوو

Be First!
by October 21, 2011 گشتی

 

به‌ناز جه‌واد ده‌رچووی په‌یمانگه‌ی ته‌کنیکی ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له‌ داخی خوێنساردی سیسته‌م و فه‌رمانگه‌کانی ده‌سه‌لات له‌ ره‌تکردنه‌وه‌ی دامه‌زراندنیدا ئاگری له‌خۆی به‌ردا و گیانی سپارد. کچه‌ هه‌ژاری لاو به‌نازی جوانه‌مه‌رگ ساڵ و نوێک دوای ده‌رچوونی هه‌ر بێکار بوو، ئه‌و ده‌رگه‌ و ئه‌م ده‌گه‌ی فه‌رمانگه‌کانی کرد و داوای دامه‌زراندنی پیشکه‌ش ‌کرد، به‌هیوا بوو به‌هۆی به‌ڵگه‌نامه‌که‌ی ببێته‌ کارمه‌ندێکی ئاسایی و به‌ری ڕه‌نجی ماندووبوونه‌که‌ی بخوات، به‌هیوا بوو له‌م رۆژگاره‌ی هه‌ڵڕژانی دۆلار به‌سه‌ر به‌رپرساندا خۆی و خێزانه‌که‌ی به‌ مووچه‌یه‌کی ڕه‌وا ورده‌ ورده‌ له‌ هه‌ژاری ده‌رباز بکات، به‌هیوا بوو سه‌ربه‌رزانه‌ وه‌کو مرۆڤێکی چاڵاکی‌ کۆمه‌ڵگه‌که‌ی بژیت. به‌لام وه‌ڵامه‌کان هه‌ر نه‌رێنی و ره‌تکردنه‌وه‌ بوون. خوێنساردانه‌ پێیان ده‌گوت “دامه‌زراندن بۆ ئێوه‌ نییه‌”!
گوتیان بڕیاردراوه‌ ئه‌وه‌نده‌ هه‌زار که‌سه‌ دابمه‌زرێنن، سه‌رۆک وای گوت و فلان وای فه‌رموو! به‌ناز زۆر له‌و جۆره‌ گوتنانه‌ به‌ر گوێ که‌وت، به‌لام ئه‌و به‌لێنانه‌ نه‌یانتوانی ده‌ردی ساده‌و ڕه‌وای ئه‌و چاره‌سه‌ر بکه‌ن، ئه‌و گوتنانه‌ش وه‌کو ئه‌وانه‌ی پیشوو هیچیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا نه‌هێنا. وادیاربوو شاری خه‌ونی به‌رپرسان جێگه‌ی داوا بچوک و ساده‌که‌ی ئه‌وه‌یان تێدا نه‌ده‌‌بووه‌وه‌.
له‌ وڵاته‌که‌ی ئه‌ودا خۆی هه‌موو ساتێکی رۆژانه ده‌یبیست و ده‌یدیت‌: فڵان چوار موچه‌ی خۆڕایی بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌، فڵان‌ سێ پارچه‌ زه‌وی له‌لایه‌ن پارته‌وه‌ دراوه‌تی، فڵان له‌ ژیانیدا به‌رگی سه‌ربازی له‌به‌ر نه‌کردوه‌ هێنایان کردیانه‌ ئه‌فسه‌ر و دامه‌زرا، مووچه‌یه‌کی قه‌به‌ی بۆ ده‌رچووه‌، دوو موچه‌ی دیکه‌ی هه‌یه‌، چه‌ند پارچه‌ زه‌وی وه‌رگرتووه‌، فڵان له‌ پڕێکدا کرایه‌ دکتۆر، فڵان و له‌وه‌زاره‌تی هین دامه‌زرا و کرایه‌ هین، فلان خزمی فلانه‌ که‌سه‌ دامه‌زراوه‌ و ده‌وامیش ناکات، کچی فڵانه‌ به‌رپرس کرایه‌ وه‌زیر و خاوه‌نی چه‌ند پارچه‌ زه‌وی و خانوو و ..، فڵانه‌ به‌رپرس زه‌وی خوێندگه‌ی ناوجه‌رگه‌ی شاری له‌سه‌ر تاپۆکرا، فلانه‌ که‌س خزمی فلان مساته‌حه‌ی دراوه‌تێ و ئێستا نازانێ پاره‌ له‌ کوێ دانێ، فلانه‌ به‌رپرس خاوه‌نی فڵان ستی مۆله‌، فڵانه‌ پارت له‌ پشتی فلانه‌ کاره‌ و دامه‌زراندن بۆ خه‌ڵکی ئاسایی نییه‌‌، فلانه‌ کۆمپانیا تورک نه‌بێ داینامه‌زرێنێ، له‌ فڵانه‌ شوێن حیزبی نه‌بی دانه‌مه‌زرێندرێی، فڵانه‌ به‌رپرس خاوه‌نی فلان شاری نوێیه‌، خزمه‌کانی سه‌رۆک حیسابیان چۆته‌ ئاستی ملیۆن و ملیارد و وه‌کو پادشا ده‌ژین، فڵانه‌ …..
ئه‌و بۆ داوایه‌کی ساده‌ گه‌لێکی ڕاکرد، ئه‌و داوا ساده‌ و ره‌وا‌یه‌ لێی بوو به‌ خه‌ونێکی دووره‌ده‌ست، بوو به‌ ئه‌ستێره‌یه‌ک له‌ ئه‌ستێره‌ کاروان کوژه‌کان، ئه‌و هه‌ر به‌دوایه‌وه‌ بوو که‌چی خه‌ونه‌که‌ی ئه‌و زیاتر دوورده‌که‌وته‌وه‌ و  له‌ تاریکیدا له‌چاوان وون ده‌‌بوو. به‌ناز بڕستی لێبڕا، به‌ڵام به‌ناز نه‌یویست چیتر مل بۆ گه‌نده‌ڵی و تاڵان بدات، نه‌یویست ببێته‌ کۆیله‌ی سه‌رۆک و پارت، نه‌یویست ببێته‌ کۆیله‌ی موچه‌ی به‌رتیل‌، چیتر نه‌یتوانی ئه‌و جوادییه‌ ناڕه‌وایه‌ ببینێت، چیتر نه‌یویست له‌ جیهانی گه‌نده‌ڵی و دزی و ناپاکی به‌رپرساندا ژیان بباته‌سه‌ر، بۆیه‌ له‌ حه‌یفان گری له‌ خۆی به‌ردا و بۆ دواجار کۆمه‌ڵگه‌ خه‌سێندراوه‌که‌ی کوردستانی جێهیشت. 
به‌ناز داوایه‌کی زۆر ساده‌ی هه‌بوو. به‌ناز ده‌یویست به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌که‌ی له‌ ڕێگه‌یه‌کی ره‌وا و کراوه‌دا به‌پێی توانا و گونجاوی خۆی به‌بێ واسته‌ و به‌رتیل دابمه‌زرێت. به‌ناز ده‌یوست له‌ ولاته‌که‌ی ئه‌ویشدا توانا و گونجاویی ببێته‌ پێوانه‌ی دامه‌زراندن.
گیانی به‌ناز بوو به‌ سیمبۆلی بێکاری له‌ ئه‌نجامی ناڕه‌وایی و جوداکاریدا، بۆیه‌‌ په‌یامی به‌ناز ره‌تکردنه‌وه‌ و یاخیبوونه‌ له‌ درۆ، گه‌نده‌ڵی، دزی و تاڵان، قۆرغکردنی بازاڕ، جوداکاری و ناپاکی. به‌ڵێ په‌یامه‌که‌ی به‌ناز له‌ناوه‌رۆکدا بانگی ده‌رچوونه‌ له‌ سه‌رده‌می ناڕه‌وایی به‌ بنبڕکردنی ناڕه‌واییه‌کان.

 


شاخه‌وان شۆڕش
20ی ئۆکتۆبه‌ری 2011

Previous
Next

Leave a Reply