Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
داکۆکیی لە ئازادیی بیروڕای مەلایەک

داکۆکیی لە ئازادیی بیروڕای مەلایەک

Closed
by April 7, 2013 گشتی

 

 

 

 

بۆ ئەو ئازیزانەی کار بۆ بەدادگاگەیاندنی مەلایەک دەکەن

 

ئەمڕۆژانە کۆمەڵێک چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنیی و نووسەری دڵسۆز و جیددی، لە پەرچەکرداری ئەوەدا کە مەلایەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی بە «کۆمەڵە گا» ناودەبات و و ڕێکخراوەکانی ژنان بە «بەدڕەوشت» وەسف دەکات و خاک و نیشتیمان دەکات بە قوربانی عومەری کوڕی خەتاب، کار بۆ بەدادگاگەیاندنی ئەو مەلایە دەکەن.

دیارە گرنگییەکی گەورەی هەیە کە کۆمەڵگای ئێمە هەستیار بێت لەبەرامبەر قسە و بیروڕای ناڕەوا و ئایدۆلۆجیای توندڕەوانەدا و سەنگەر بگرێت لەبەرامبەریدا، بەڵام داواکاریی ئەوەی کە ئەو مەلایە لەسەر ئەو قسانەی بدرێتە دادگا، بەڕای من، نەک هەر هەوڵێک نییە بۆ داکۆکیی لە ئازادییە مەدەنییەکان لە کوردستاندا، بەڵکو دژایەتییکردنی چالاکانەی ئازادیی بیروڕادەربڕینە لە کوردستاندا. ئەمە، زۆر بە سادەیی، لەبەر ئەوەی ئەو قسە بێسەروبەر و کۆنەپەرستانانەی کە ئەو مەلایە دەیانکات ئازادیی دەربڕین دەیانگرێتەوە و ئەو کەسە مافی تەواوی هەیە ئەو قسە هەلەق و مەلەقانە بکات. بە مانایەکی تر، ئەو قسانە هیچ مافێکی هیچ کەسێک و هیچ گروپێکی تر پێشێل ناکەن، بۆیە ئەو قسانە دەبێت ڕێگەپێدراو بن و نابێت، بەغەیری ڕەخنەی تیژ، هیچ سزایەکیان بەدوادا بێت.

من دەزانم ئەو چالاکوان و نووسەرە ئازیزانە دڵسۆزی گەورەی دۆزی ئازادیی بیروڕان لە کوردستاندا، بەڵام ئەوان بەبێئەوەی بیانەوێت یان خۆیان بزانن، کار بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادیی ده‌ربڕین ده‌که‌ن له‌ کوردستاندا. ئه‌وان به‌و چالاکییه‌یان کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن ئازادیی دەربڕین لەیاسادا بەپێی دڵی ئەو کەسانە سنووری بۆ دابنرێت کە به‌ر ڕه‌خنه‌ی زبر ده‌که‌ون، نەک بەپێی ئەو سنوورە بەرفراوانەی کە ئەو ئازادییە دەیگرێتەوە. ئەوه‌ی ئه‌و ئازیزانه‌ ده‌یکه‌ن هه‌وڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئیتر چالاکیی ڕه‌خنه‌ له‌ فه‌زای گشتییدا ببێته‌ دروستکردنی لۆبی و خۆبه‌مه‌غدورپیشاندان و گوشارهێنان و لۆبی-دروستکردن له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بهیننه‌ پای ئه‌وه‌وه‌ی نه‌یاره‌کانیان بۆ جڵه‌و بکات. ئه‌و ئازیزانه‌ جۆره‌ داخوازییه‌ک ده‌که‌ن که‌ هیچی لێ به‌رهه‌م نایه‌ت جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتداران بکه‌ینه‌ ناوبژیوان یان بڕیارده‌ری ئه‌وه‌ی که‌ ئایا کام ڕاوبۆچوون ڕاسته‌ و کامیان هه‌ڵه‌. ئه‌مه‌ ئه‌رکی دێباتی ناو فه‌زای گشتییه‌ نه‌ک دادگاکان. فه‌زای گشتییش کاتێک ئه‌م ئه‌رکه‌ی خۆی به‌ جیبه‌جێ ده‌کات که‌ بهێڵین تیژترین و ره‌قترین قسه‌ نه‌شاردرێته‌وه‌ و ته‌عبیری لێ بکرێت و به‌رچاو بکه‌وێت. ئه‌و ئازایزانه‌ بێئه‌وه‌ی خۆیان بزانن شانبه‌شانی ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ قازانجیانه‌ فه‌زای گشتیی بکرێته‌ مه‌یدانێکی پڕ له‌ کۆتوبه‌ند و موجامه‌لات و پاسیفیزم و سانسۆر، کار بۆ په‌کخستنی ئه‌و فه‌زایه‌ ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی ئه‌وان کاری بۆ ده‌که‌ن سپاردنی ئەرکێکی وایە بە دادگاکان کە کار بۆ ئەوە بکەن ئیتر چالاکیی ڕەخنە و دێبات لە فەزای گشتییدا تەنها ئەو ڕایانەی تیا بەرچاو بکەوێت کە بە دڵی هەموو لایەکە و کەس دڵی پێیان نایەشێت. ئەمەش لە کرداردا مانای ئیفلیجبوونی چالاکیی ڕەخنەیە لە فەزای گشتییدا.

به‌ڵێ منیش کۆکم لەگەڵ ئەو ڕایەدا کە دەڵێت ئەو قسانەی ئەو مەلایە کردوونی و دەیانکات، زۆربڵێیی و حەقارەتکردنێکی کۆنسەرڤاتیڤانەیە بەرامبەر بە چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنیی و بەرامبەر بە دۆزی ڕەواو مرۆڤدۆستانەی یەکسانیی ژن و پیاو لە کوردستاندا و بەرامبەر بە بۆندی هاونەتەوەیی لەنێوان هاوڵاتییانی کوردستاندا. بەڵام ئه‌و قسانه‌ به‌هیچ جۆرێک نه‌ ته‌جاوزکردنه‌ بۆ سه‌ر مافه‌ مه‌ده‌نییه‌کانی ئێمه‌ و نه‌ نایاساییشن. ده‌ستوری وڵات خۆشبه‌ختانه‌ ئازادیی ده‌ربرینی تیا ڕه‌سمییه‌ت پێداوه‌، وه‌ ئه‌و قسانه‌ و زۆر له‌وانه‌ش تیژتر ئه‌و ئازادییه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ و دروستترین کاریش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ له‌جیاتی داوای سزادانی بکه‌ره‌کانیان، تۆلێڕانس و ته‌حه‌مولمان بۆ گوێلێبوونی قسه‌ و ڕه‌خنه‌ی ڕه‌ق هه‌بێت. ئێمه‌ دەبێت ئەوە بزانین کە قەدەغەکردن و سزادارکردنی ئەو جۆرە قسانە زیانی گەورەی هەیە و ڕێگەپێدانی قازانجی گەورەی هەیە.

من پێموایە ئەسڵەن ئەوەیان خەتەرناکە کە ڕێگە نەدەین خەڵک چی لە دڵدایە بیڵێت، نەک ئەوەی ڕێگەبدەین خەڵک مافی هەبێت ناڕەواترین ڕەخنە و قسەی بریندارکەرانەی ناو دڵی خۆی بڵێت.

ئەو ئازایزانەی کار بۆ بەدادگاگەیاندنی مەلا توندڕەوەکان دەکەن، لەبری کارکردن بۆ بەسزاگەیاندنی ئەو مەلایە لەسەر ئازادیی بیروڕادەربڕین، دروستترە تۆڵێڕانس و تەحەمول بۆ ئەوە پیشان بدەن کە ڕەخنەی ناڕەوا و قسەی بریندارکەرانەش مافە، وە دروستترە لەبەرامبەر ئەو قسە حەلەق و مەلەقانەدا کە مەلاکان ئەم ساڵانە بەسەر مینبەرەکانەوە دەیکەن، بە ڕەخنە بوەستنەوە و کار بۆ چالاککردنی فەزای گشتیی بکەن، نەک کار بۆ ئەوە بکەن ئیتر دادگاکانی کوردستان بتوانن بۆ بەشێک و بۆ جۆرێک لە مومارەسەکردنی ئازادیی بیروڕادەربڕین سزا ببڕنەوە.

پیشاندانی ناڕەوایی ئەو قسانە ئەرکی ئارگیومێنتی ناو فەزای گشتییە نەک مادەی یاسایی ناو یاسای سزادان. لێرەوەیە من پێموایە هەوڵ بۆ بەسزاگەیاندنی ئەو مەلایە، کارکردنە بۆ زیاتر ناکاراکردنی دێبات لە فەزای گشتییدا نەک بەپێچەوانەوە. ئەوە کارکردنە بۆ بنکۆڵکردنی ئازادیی دەربڕین لە کوردستاندا نەک تۆکمەکردنی.

من پێموایە گرنگییەکی گەورەی هەیە ئەو مەلایانە ڕێگەیان پێبدرێت ئەو بیروڕا توندڕەوانانەیان بڵێن. ئەمە هەر تەنها لەبەر ئەوە نا کە ئەوان ئەو مافەیان هەیە ئەو قسانە بکەن، بەڵکو بۆ ئەوەی فەزای گشتیی دەستی بگات بە ڕای ئەو کەسانە و بزانێت ئەوان چین و چۆن بیر دەکەنەوە. هەروەها بۆ ئەوەی فەزای گشتیی بتوانێت ئەو ڕایانە ڕەخنە بکات و پوچەڵیان بکاتەوە.

نەبوونی زەمینە بۆ ئەوەی توندڕەوەکان قسەی خۆیان بکەن، کۆمەڵگای ئێمە لەوە بێبەش دەکات کە بتوانێت ڕەخنەی بۆچوونە توندڕەوانەکانیان بکات یان لە زۆربڵێیی و بێئاگایی مەلاکان لە دنیای فیکر و سیاسەت بێزار بێت. سەیری ئەو دیاردەیە بکەن کە هەر ئێستا کلیپی قسەکردنی دەیان مەلا و خەتیب لە یوتیوب و فەیسبووک بووەتە جێگەی مەسخەرەی خەڵک و وەک کلیپی کۆمیدیی شەیر دەکرێن. ئەم پێکەنینە بە عەقڵی ئەوانەی قسەی نابەجێ دەکەن بەشێکە لە دێباتی ناو فەزای گشتیی و ئەمەیە کە، بە تەعبیرەکەی هابەرماس، «سەرکەوتن بە باشترین ئارگیومێنت دەبەخشێت».

ئەم بێئیعتیباربوونەی مەلا توندڕەوەکان و بوونیان بە ماددەی پێڕابواردن لە ئینتەرنێت و لە کۆمەڵگادا ئەو دۆخە ڕەخساندوویەتی کە ڕێگە بە قسەکردنیان دراوە، نەک بەپێچەوانەوە.

ئەگەر توندڕەوەکان ڕا و بۆچوونی خۆیان هەڵگرن بۆ خۆیان، یان دادگاکان و یاساکان و پۆلیس و ئاسایش و دەزگاکانی تری دەوڵەت ناچاریان بکەن ڕا و بۆچوونەکانیان بشارنەوە، کارێکی وا هەم ئەو کەسانە خەتەرناک دەکات چونکە ڕیگرتن لە قسەکردنی کەسێک وەهمێکی وای لا دروست دەکات کە ئەو لەسەر حەقە، هەمیش ئەو قازانجە بە توندڕەوەکان دەگەیەنێت کە ڕاکانیان لەبەردەستدا نەبن و بەر ڕەخنە نەکەون و بگرە شەرعییەتێکی شۆڕشگێڕانەشیان بۆ پەیدا دەکات.

هەر ئێستا دەزگای دژەتیرۆر و یاسای تیرۆر لە هەرێمی کوردستان و مامەڵەی سەرکوتگەرانەی پدک و ینک لەبەرامبەر توندڕەوە ئیسلامیەکاندا وایکردووە دەیان مەلا و ئەمیر و ڕابەری حیزبیی و سیاسەتمەداری توندڕەوی ئیسلامیی وەک پیاوی زۆر دانا و دوانزەعیلم و خاوەن قسەی حەق دەرکەون و خەڵکیان لێ کۆبێتەوە. لەکاتێکدا ئەگەر فەزایەکی گشتیی چالاک هەبێت و ڕێگە بە هەموو ڕایەک بدرێت تیایدا، لەوانە ئەو ڕایانەی کە دڵی بەرامبەر دەیەشێنن، ئەوا ئەو شەخسییەتە کاریزماییانە بەرگەی دوو دێبات ناگرن و ئەو دەستەیان کەشف دەبێت کە چەند بێئاگان لە دنیا و لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا، وە چی بەرنامەیەکی ئەهریمەنانەیان پێیە بۆ کۆمەڵگا.

داخوازیی ڕێگەگرتن لەو قسانەی کە دڵی بەرامبەر بریندار دەکەن، داخوازیی ئەو کەس و تەرەفانەیە کە دەزانن لە دێباتێکی ئازادانەی ناو فەزای گشتییدا بە زەرەرەوە دەردەچن. ئەوەی کە داوا بکەیت بە یاسا قسەی لەو جۆرە قەدەغە بکەیت کە ئەو مەلایە بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی و بە ڕیکخراوەکانی مافەکانی ژنانی دەڵێت، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو داخوازییەدا نییە کە داوا دەکات بە یاسا سزا بۆ ئەو قسەکردنانە ببڕدرێتەوە کە ئازادیی دەربڕینن بەڵام دڵی گروپێکی دینیی یان کۆمەڵایەتیی یان سیاسیی پێی بریندار دەبێت.

شتێک کە پەیوەنددارە بەم باسەوە ئەوەیە کە مەلاکان مینبەری مزگەوتەکانیان لەبەردەستدایە و لەبەر ئەوە دەرفەتێکی گەورەتریان هەیە بتوانن کارکرد لەسەر ڕای گشتیی دابنێن تا خەڵکانی تر. من دەزانم هەبوونی مینبەری مزگەوتەکان لەبەردەستی مەلاکاندا بابەتێکی گرنگە و دەبێت کار بۆ ڕێکخستنی بکرێت چونکە لە مینبەرەکانەوە ناحەقیی گەورە دەکرێت و زۆرجار گرفتی گەورە بۆ دیموکراتییەت و مافە مەدەنییەکانی خەڵکی کوردستان دروست دەکرێت. ئەمە ڕەخنەیەکە لە ڕۆڵ و کارکردی سەلبییانەی مزگەوتەکان لەسەر مافە مەدەنییەکانی خەڵکی کوردستان و من کۆکم لەگەڵی. چەند ساڵێک بەر لەئێستا ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و نووسەران پێشنیارنامەیەکیان بۆ ڕێکخستنی کاروباری مزگەوتەکان پێشکەش کرد و من لەگەڵ زۆرێک لە پێشنیارەکاندا نەبووم، وە ئەگەر بخوازێت من لە داهاتوودا قسەیەک لەسەر مامەڵەی دروستی دەوڵەت لەگەڵ ڕۆڵی دەزگا دینییەکاندا دەکەم، بەڵام وەک ووتم ئەم ڕووەی مەسەلەکە پەیوەنددارە بە باسەکەوە بەڵام خودی باسەکە نییە. مینبەری مزگەوت چەند کاریگەر بێت یان نەبێت هیچ لەو مەسەلەیە ناگۆڕێت کە چی مەلا، چی هەر کەسێکی تر، دەبێت مافی ئەوەی هەبێت ئەو قسە سەقەت و ناڕەوایانە بکات کە ئەو مەلایە کردوونی.

شتێک کە دەبێت لایەنگرانی دادگاییکردنی ئەو مەلایە ئاگاداری بن ئەوەیە کە ئەو مەلایە ئەو قسانە دەکات بۆ ئەوەی ئەو شۆرەتەی بۆ دروست بێت کە ئێستا ئەم هەڵچوونە و ئەم بەجیددیوەرگرتنەوەی ئەو ڕۆشبیر و چالاکوانانە بۆ قسەکانی بۆی پەیدا دەکات. 

هەروەها لایەنگرانی دادگاییکردنی ئەو مەلایە دەبێت ئاگاداری ئەوە بن کە گەورەبوونی ئەو قسە بەتاڵانەی ئەو مەلایە لەبەر ئەوە نییە کە قسەکانی ڕەخنەهایەکی دروست و کاریگەرن، بەڵکو ئەوە میدیاکانن کە بۆ بازاڕگەرمکردنی خۆیان و بۆ گرتنی خوێنەر و زیادکردنی فرۆشی ڕۆژنامەکانی خۆیان ئەم جۆرە بابەتە تابلۆیدییانانە دەوروژێنن و بۆ چەندین ڕۆژ خەڵکی پێوە سەرقاڵ دەکەن و بەوەش هەزاران خوێنەر و موتابەعەکەری ئەو ناکۆکییانە، کە بەتاڵن لە ئارگیومێنت، لە دەوری ڕۆژنامە و سایتە ئەلکترۆنییەکانی خۆیان کۆدەکەنەوە.

دواکەوتنی ئەو قسە ئیستیفزازیی و بێسەروبەرانە هیچ ناکات تەنها ئەوە نەبێت کە شۆرەت بۆ ئەو مەلایانە دروست دەکات کە زۆربڵێترینی ناو مەلاکانن و بازاڕی ئەو میدیایانە گەرم دەکات کە ڕزقیان لەسەر وروژاندنی شەڕەدەنوک و بابەتی وروژێنەرە و بردنەپێشەوەی پرۆسەی دیموکراسیی و مافە مەدەنییەکانی خەڵک دوایین شتە کە بەلایانەوە گرنگ بێت.

ناودەرکردنی ئەو مەلایە لەم ڕۆژانەدا بەرهەمی هیچ نییە بەرهەمی ئەم بێباکییەی میدیاکان نەبێت لە ناودەرکردنی گەنجێکی توندڕەوی دەمهەراشدا لەپێناو گرتنی خوێنەردا.

لە هەموو دنیادا میدیاکان بەدوای ئەوەوەن کە بە بابەتی وروژێنەر بازاڕی خۆیان گەرم بکەن، بەڵام بێباکیی میدیا کوردییەکان لەئاست ئەوەدا کە ئەم جۆرە وروژاندنە چی گورزێک لە دیموکراسییەت و مافە مەدەنییەکان دەدات لە کۆمەڵگای کوردییدا، لە نموونە هەرە گەورەکانی هەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتی. نابه‌رپرسیارییه‌تێک که‌ لە وڵاتانی ئەوروپا ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووسێک نابینیتەوە دەستی بۆ بەرێت یان بهێڵرێت دەستی بۆ ببات. ئه‌وه‌ی میدیاکانی ئێمه‌ ده‌یکه‌ن له‌ زه‌قکردنه‌وه‌ی قسه‌ی به‌تاڵی و خاڵیی له‌ ئارگیومێنتی ئه‌و مه‌لا و سیاسه‌تمه‌دارانه‌دا نابه‌رپرسیارییه‌تیکه‌ که‌ کە لە زمانی سیاسییدا بە ئینگلیزیی پێیدەگوترێت ”سینیزم”. گرنگە ڕۆشنبیران و چالاکوانانی مەدەنیی له‌ئاست ئه‌م دوکاندارییکردنه‌ی ڕۆژنامه‌کانی کوردستاندا بەئاگا بن و نەهێڵن بکرێنە ماددەی گەرمکردنی بازاڕی میدیاکان.

ئینتیباعی من لەسەر ئەو مەلایەی ماوەیەکە دەستی داوەتێ و ئەو جۆرە قسانە دەکات ئەوەیە کە ئەو کەسێکە هیچ ئیعتیبارێک نایبەستێت بە هیچ عەقیدەیەکەوە و تەنها بەدوای شۆرەت و ناوی خۆیەوەیەتی، بۆیە فێڵەکەی فێر بووە قسەی ئیستیفزاییانە دەکات و میدیاکانی دوای خۆی خستووە.

ئەو کەسە بۆ من وا دێتە پێش چاو کە چێژێکی زۆر دەبینێت لەوەی کە ئاوا میدیاکان و خەڵک خۆیان بە قسە بێسەروبەر و ئیستیفزازییەکانی ئەوەوە خەریک کردووە. ئەو بۆ من وا دێتە پێشچاو کە کەسێکە کە ئەگەر بزانێت لە هەر فەزایەکی تردا ئەو شۆرەت و ناوەی دەستدەکەوێت کە ئێستا ئەم سەنعەتە بۆی دەستدەخات، بۆ نموونە لە بازاڕی چەقۆکێشیی و مەیخواردنەوە یان جاشایەتیی بۆ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت، یان جاشایەتیی بۆ پارتیی یان یەکێتیی یان ئۆپۆزیسیۆن یان تەنانەت لایەنگریی لە کاری تەخریب و تیرۆریستیی، ئەوا بێدودڵیی ملی پێوەدەنێت و دەبێتە داکۆکییکاری. بۆیە خراپترین کارێک ئەوەیە کەسێک بەشداریی بکات لەوەدا کە ئەم جۆرە کەسانە ببن بە ناو.

ئەو قسانەی ئەو مەلایە کردوونی ئەگەر میدیاکان نەیکەنە هەواڵ و ڕیپۆرتاژی لەسەر دروست نەکەن و هەوڵی هەڵچاندنی خەڵک نەدەن بە دەوریاندا، هەر لەجێی خۆیاندا دەپوکێنەوە و خۆیان و بکەرەکەشیان 

شایەن بە بچوکترین لالێکردنەوە نابن. 

لایەنگرانی دادگاییکردنی ئەو مەلایە لەبری ئەوەی تەفرەی میدیاکان و ئەو مەلایە بخۆن و بکرێن بە کەرەستەی بازاڕگەرمکردنی ئەو دوو تەرەفە، حەقە ڕەخنەی میدیاکان بکەن کە چۆنە هەست بە مەسئولییەت ناکەن و پیاوی بچوکی نامەسئول دەکەن بە ناوی گەورەی ناو فەزای گشتیی.

هیوادارم ئەو ئازیزانە واز لەو هەوڵانەیان بێنن کە بۆ بەدادگاگەیاندنی ئەو مەلایە دەیدەن و ئەوە بزانن کە ئەو کارە جگە لە سزادارکردنی بەشێک لە ئازادیی دەربڕینی ناو فەزای گشتیی و گەرمکردنی بازاڕی میدیا نامەسئولەکان و ناودەرکردنی کەسانێک کە تەنها بەدوای ناودەرکردنەوەن، هیچی تری لێناکەوێتەوە.

 

 

سیروان عەبدول

sirwanebdul@yahoo.com

05.04.2013

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.