Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

داڵانی دۆزەخ … توانا ئەمین

Be First!
by July 30, 2012 چیرۆک

 

 

 

بۆ ئەوەی دەرەقەتی بێيت، دەبێ لە ژیان بێ حورمەت تر بیت.. کتێبەکان.. کتێبە کۆنەکان ھەڵەیان فەرموو، تۆ سەرداری دونیا نیت.. دڵم لە سنگی چۆلەکەیەکی دەنوک زەردی ترساودا لێ ئەدا، با سەگێک دە جار لە من پتر، پیاوەتی بفامێ.. خۆشیی بکو‌ژێ پشیلە ئیرادەی ناگاتە تۆ.. گەردوون لە مندا ئێشێت … تۆ شتێکيت لە نێوان ئەواندا.. سێ جار لەسەریەک تف لەوەی شانازی بە مرۆڤایەتییەوە دەکات، ئەم غەمگینییە جارێ بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە و شەش جار بەدەوری تۆدا.. ھەتاوم سەعاتێکی تر بڕ ناکات و وەک باڵندەی شەو بەتەنیا دەفڕم.. دەبێ بڕۆيتەوە بۆ ژیانێکی تر، بۆ ئەوروپای مەرحووم.. تۆ ڕۆحی خۆت دەکرۆژیت و بیر لە شەیتان دەکەيتەوە، کە لەگەڵ خودا-دا سنوری خۆیان دەزانن و کەسیان ناچنە حەرەمی یەکترەوە.. بەو بچووکییەوە چ فەخرێکە ئەو ھەموو عاسیی بوونە، خۆشە شەڕێک بکەیت، کە سوور بزانی دەدۆڕێی.. من ئەو سازشە دەبەمەوە، کە نایکەم.

شەیتانێکى ئاوا جوان، ئیبلیسێکی ئاوا حیز، ھی ئەوەیە خۆشت بوێ.. ئەم ڕۆژانە بەدەست خوداوە گیرت خواردووە.. خودا بڕستی لێ بڕیووم.. مەولانا ڕاستی فەرمووە (چون در نھانیش جویی، دوری ز اشکارش-چون اشکار جویی، محجویی از نھانش).. تۆ  بەچاوی باوکێکی ڕیش چەرمووە وە لە خەڵک دەڕوانيت و من لە توێی دڵەوە بە ئازاری چکۆلانەیان پێکەنینم دێت..

ئازارێکی گەورە لە دڵتدایە.. من دڵم ئێشێت…! تۆ پیاوێکی ھەڵە نیت… تۆ لە شوێنێکی ھەڵەدا نیت.. من لە کاتێکی ھەڵەدام..! تۆ (ھەڵە)ت لە (ڕاست) پێ پەسەندترە، لە (ھەڵە)دا دەزانی شتگەلێک لە دنیادا ھەن لە (ڕاست) زۆر خۆشترن.. تۆ تا سەرت ھەڵدەگرێت ھەڵە بفەرموو و بەس بە من مەڵێ “عەفوو..!” ئەزانم ژیانی ھەمووان سەردابێکی داخراوە، بەس ئەوەی تۆ  تووناوتوونە، لەم تونێلە سارد و شیدارەدا سەرت قورسە و تەنیا.. زۆر تەنــــــیـــــــا جێھێڵراوم.

سەگێک لە مندا دەوەڕێت.. 

دەست دەکەینە ملی یەک و بەو کۆڵانە درێژ و تاریکانەدا دوور دوور پێکەوە دەچین بۆ پیاسە.. سوپاس بۆ ئینسافت، کەس وا لەگەڵ تەنیایی خۆی ناکات.. لەسەر سکەیەکی ژەنگاوی پاڵ دەکەوم و تۆ دەخەمە ژێر شەمەندەفەرێکی ڕەش.. ژیان بە نامەکانی تۆ دەست پێ دەکات، کە ئێستا ئیتر نایەن و مەحاڵن، بەڵکو شتێک بکەیت ئەم مەحاڵە مەحاڵ نەبێت..! تۆ حەز دەکەیت ھەموو ئەو شتانە بکەیت، کە پێچەوانەی پرەنسیپە ئەخلاقییەکانی خۆتن و من عادەتێکی قۆڕم گرتووە: چاوتروکاندنەکانی خۆم، ترپە خاوەکانی دڵت دەژمێرم؛

 ئەوە نۆزدە… 

    ئەوە ھەژدە..

        ئەوە حەڤــ..

ئاسنگەرێک لەسەری تۆ دا مانگ دەکوتێتەوە.. کاسس بووم ھێوااااااااااااشـــــــ.. خەرێکە گەرد گەرد دەنیشێيت.. تا خودا حەز دەکات.. تا دڵت دەیگرێت تەنــــــــــــــیـــــــــــــــــــــــــام. تۆ وەک دوورخراوەیەک دەژیت.. من لە ماڵەچکۆلانەکەی خۆمدا نـــــــا، لەسەر ئەم زەوییە دەستبەسەرم.. 

ئەم تەنیایيەت وەک کەلەبچەیەک بەخۆتەوە گیرۆدە کردووە.. ھەزار جار بمەوێ فریووی بدەم، بیبەمە سەر کەسێ، شتێ، شوێنێکی تر، ئەو ھەر فریوم دەدات و دەمھێنێتەوە سەر تــــــــۆ، بە ئەسپایی چاوم لێک دەنێم. بیر لەوە دەکەیتەوە کە ئاوا ناتبینم..؟ ئاھــ کاشکێ شتەکان ئاوھا ئاسان بان.. ھەر بەڕاست ئەزانیی من لە بەرانبەر تــــــــۆدا چاوی خۆمم لێ دەبێت بە بەڵا.. بە سەری مێردێکی باشی ژنێکی دۆستت، بە مێشی کاڵەوبووی سەر قژت سوێند دەخۆم؛ لە قەرقەشەدايت، وەک یەکەم قافی حەرفێکی قەلەق.. تۆ شتێکی ترت دەوێت، شتێکی تر، شتێک کە نازانم چییە، بەس دەزانم دەمەوێت.. ڕەنگە ئازادییم بوێت…. 

        ئازادیی..

                   ئازادیی..

                                 بۆخۆم نــا، بۆ کەلەبچەکە .

غەمگینیى تۆ قفڵێکە چەندە سەرنجم لێداوە جێگا کلیلی نییە.. من بە (X) گەورە خۆشم دەوێیت و تۆ بە (n) سمۆڵ نیگەرانمیت.. تۆ  کۆشکێکی گەورەيت.. کۆشکێکی جێھێڵراو، کە ھەموو ژوورەکانی پڕن پڕ پڕن لە من.. بە یەکەم سێو، کە ئـــادەم گرتی و بە یەکەم سێکس و یەکەم ھەڵەش، کە ھەر ئەو کردی؛ مـــــن برین دەجنم و خوێن دەدڵۆپێنم و ئازار دەکەمە کاسەوە..! تۆ بە بۆشاییدا ھەڵدەڕوانی و لە خۆتدا بەدوای شتێکدا دەگەڕێیت و دەڵێی: ئەگەر لەسەرمەوەیت، ئەگەر لە خوارمەوەیت، لە ھەر شوێنێک خۆت حەشارداوە و سەیرم دەکەیت.. ئەی نەفرەتیی؛

ئەم یارییە بووەستێنە..

                      تەواو…

                             تەواو..!

 ھاتی و وتت: “من زۆر باوەڕم بە خودا نییە…….” قوڕگت گیرابوو، دەتگووت دەستێکی غەریب لە ناوەوەڕا یەک یەک خەنجەر ھەڵدەچەقێنێتە وشەکانت، کە لە زارت دەترازان سوور بوون، بۆنی خوێنیان لێ دەھات، خوێنێکی ئاڵی تازە.. شتێک بینتی گرتبوو کە وتت: “……بەڵام کە ھاتم سەرم بەخۆمدا شۆڕکردەوە و وتم خودایە ئەگەر تۆ ھەیت، وا بکە بەدڵی شکاوەوە نەڕۆمەوە…”

 مـــــــــن بووم، وامکرد بەدڵی شکاوەوە نەڕۆیتەوە…!

دەتەوێت لەبارەی خۆت و ئەو پیاوەوە بنووسيت، کە پێکەوە ژنێکتان خۆش دەوێت، ئەم پەیوەندییە سکپڕە بە شتێکی تر.. شتێک، کە پەلەت لێ ناکەم و ئەزانم ئێستا ناوترێت.. شەق لەزەوی ھەڵدەدەيت.. تف دەکەيتە ئاسمان.. بە ھەموو ھێزم، سەری کاسم دەکێشم بە بادا.. بۆ گوێناگری..؟ بۆ ساتێک سەرنج نادەیت.. ئەم بەندەیەت چەند تەنیایە.. 

 

  چ ە ن د    .     .           چ

                                         ە 

                                              ن 

                                                   د

                                                          …!

                                                                 تەنیایە

                                                           چ

                                                   ە 

                                              ن 

                                         د

چ ە ن د    .     .           …!

 

درۆ دەکات ئەوەی دەڵی ئێرە دەرگای تێدا نییە، شارەکە ئەستانەیەکی گەورەیە ڕووەو جەھەنەم…! من خوێنی چاخێکی ترم تێدایە و لە چاومدا مانگ گەنیووە..! خەونەکانت ئاماژەن، کە تۆ ھێشتا باش نیت.. من ئەم شەقامەم ئەزبەرە.. تۆ ڕێبواری ڕێیەکی بنبەستى و  من ئەم جادەیە بەدوای خۆمدا ڕادەکێشم.. تۆ لەمسەر بۆ ئەوسەری شەقامەکە ھەر خۆت دەبینيت.. ئەوە بۆ ئینسان ھەمیشە لووتی بە لووتی ئەوانەدا دەتەقێت، کە ڕقی لێیانە..؟ جاران ھەردووکمان دەبووین بە تـــــۆ، ئێستا ھەردووکمان دەبین بە مــــن. مــــن سەرەتا و تۆ کۆتاییميت.. ڕێی تــــــــــــۆ لە مــــندا دەست پێ دەکات و ڕێی من لە تۆدا تەواو دەبێت.. بە دەنکی قەڵەوی گەنمێک سوێند دەخۆم دەبێ بڕۆم.. زۆر درەنگ کەوتوويت.. دەزانیی..؟

 ئەم دیواری نائومێدیی چین-ـە لەمندا ھێندە درێژە..

              ھێندە درێژە..

                         ھێندە درێژە.

                                 ” ئەرێ ئێوە ماڵتان لە کوێیە..؟”

خودایە باری شانم سووک بکە..

تۆ جاران شتەکانت دەخستەوە جێگای خۆیان.. ئێستا دەبێ ئەوە لەگەڵ خەڵکدا بکەم، مرۆڤایەتی لەجێ چووە و “نابەجێ!”ماوە..  تۆ وەک گورگێکی بریندار، لوورەت دەڕژێتە شەوەوە.. من لە سۆفیا نیم، ئەو لە مندایە، ئیتر سفرە، نیوەتیرەی ئەم بازنەیە.. تەنگە ئینسان بیت؛

 من 

تەنـــــــیــــــــــام

 تەنـــــــــــــــــــــــــیــــــــــام

 تەنــــــــــــــــــــــــــــــیــــــــــــام

                                            وەک 

                                                    سـەگ..

 

 

 

 

 

ناوەڕاستی 2012

ستۆکھۆڵم

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply