Skip to Content

Thursday, May 6th, 2021

درامای رۆژمێری شارێك یان ڕۆژمێری گەڕەکێك ؟؟؟؟

Be First!
by February 22, 2013 سینەما


بەشی یەکەم                                                                                  
هەڵبژاردنی ناو نیشان ؛ بۆ هەر بابەتێكی فیکری وهونەری وڕامیاری وهەموو کایەکانی تر ماناو گوزارشتن بۆ ناوەڕۆکی بابەتەکەو دەکری ناونیشانەکە ڕیالیزمی یان فەلسەفی ویا سریالی و خەیاڵی وە یا کۆمیدی بێت ، بۆ ئەوەی بتوانرێ لەیەکەم بەرکەوتنەوە بینەر یان خوێنەر وەیان بیسەر بۆ خۆی ڕابکێشێت .
هەر لە گرنگیمانەوە بۆ ئەم باسە شۆرۆڤەی  ناو نیشانی زنجیرە درامای ( ڕۆژمێری شارێك  ) دەکەین کە لە نوسینی ( دڵشاد مستەفا و دەرهێنانی ئەرسەلان دەروێش ) ە ، بەرهەمی تیپی سالار و کوردساتەو لە ٣١ زنجیرە پێك هاتوە .
ئەم ناوە ناوێكی ڕیالیزمیە، بە پێێ ناوەکەی گەڕانێکە بە مێژووی شارێك لە سەردەمێكدا، ئەم ڕۆژمێری یە  لە دیدی سیڤەر وئازادەوە دەنووسرا کە ڕووبەری نوسینیان لە گەرەکەکەی خۆیان و ڕووداوەکانی گەرەکەکە  دەرنە دەچوو باسەکانیان هەمە لایەنە وگشتگیرو ڕازی کەر  نەبوو.  زۆر بە کەمی بوون یان ڕۆڵیان هەبوو لە دانیشتنی رۆشنبیران و خوێندکارانی زانکۆ گفتو گۆکانی ئەو سەردەمە،  هەر بۆیە باشتر وا بوو ناوی  ڕۆژمێری گەرەکێکی لێ بنرێ  نەك ڕۆژمێری شارێك..  بە پێێ گوزارشت وبینینمان بۆ سەرلەبەری دراماکە  دەیەوێت بەتایبەت باس لە ساڵانی ١٩٧٠و ساڵەکانی دوایی  شاری سلێمانی بکات . هەر جەندە من بۆ خۆم لەگەڵ تایبەتمەندێتی و جۆرێك لە شارچیتی نیم بەڵام ئەمەش ئازادی ڕەهای نووسەرە،  وەلێ ناوەکەی وداڕشتنی ناوەڕۆکی ناتگەیینە ئەو دەرئەنجامەی بلێێ ئەمە رۆژمێری شارێکە .
 دەست بردن بۆ بابەتی مێژووی زۆر گرنگەو دەبێت لە ئاستی ئەو گرنگیەدا کاری تەواوەتی چڕ وپڕی لە هەموو ڕوویەکی ڕامیاری و ئابووری وکۆمەلایەتی ودینی وکلتووری وڕۆشنبیری و وسروشتی  دیکۆرەوە بۆ بکرێت .
هونەری هەر درامایەک بە هەڵبژاردنی بابەت یان  چیرۆك یان کوالیتی سینارێۆکە لەلایەن نووسەرەوە بە فاکتەری یەکەم دێ ،  کە پێم وایە بەردی بناغەی هەر کارێكی هونەریە  ، دوای هەڵبژاردن وتوانای نواندن  لەلایەن هونەرمەندانەوە بە فاکتەری  دووەم و سێهەمین  فاکتەری گرنگ ، ڕوانین وجێبەجێکردنی کارەکەیە  لەلایەن  دەرهێنەرەوە  ، نەبوونی هەریەک لەم سێ کۆڵەکە گرنگە وەیان کەمتەرخەمی تێیدا ، چۆنیەتی دراماکەت بۆ دەست نیشان دەکەن وبەرپرسیارن لە دەرئەنجامەکەی . هەر بۆیە باسەکەمان لە سێ تەوەرەدا شی دەکەینەوەو گرنگیان پێ دەدەین  .

تەوەرەی یەکەم بابەت یان سینارێۆ لەلایەن نووسەرەوە.
 چیرۆك وهەڵبژاردنی چیرۆك بۆ دراما  یەکێکە لەو مەتریالە  هەرە گرنگانەی کە چۆنیەتی  باڵەخانەی درامای  لەسەر دروست دەکرێ ، دەبێت هەموو ئەو ڕەهەندو هێزانەی تێدا بێ  کە هەوڵی خۆ ڕاگری و مانەوەی دەدات .
گەر بمانەوێت چیرۆك یان سینارێۆی ڕۆژمێری شارێكی (دڵشاد مستەفا) هەڵبسەنگێنین  دەگەمە ئەو بیرو رایەی کە بلێم  جۆرێک لە پەلەیی و شپرزەیی و بە سەر لەبەری سیناریۆکەوە دیارە ، جۆرێک لە بۆردی چیرۆك بۆهەموو کارەکتەرو پەیوەندی نیوانیان و گرێ وڕووداوەکان و هەموو ئەو ووردەکاریانەی ترکە پێویستە بۆ دروست کردنی درامایەك هەست پێ ناکرێت .
سیناریۆکەی بەریز ( دڵشاد مستەفا )  کە لە ٨٠٠ دیمەن پێک هاتووە ، دەتوانم بە جەندین خاڵ باسی لایەنە ئەرێنی ونەرێنیەکانی بکەم ومنیش بتوانم بۆردی نوسینم جیا بکەمەوەو هەوڵ بدەم هێندەی تر سەر لە بینەرو خوینەر تێك نەدەین و مەبەستەکەم بگەیەنم .
زیندوترین خاڵی ئەم سینارێۆیە وەك (تێۆر) بوونی  چەند ڕەهەندێكی فەنتازیایە کە خواستی نووسەر بووە ، بۆ ئەوەی ڕەنگێك یان خاڵێكی تازە بۆ ئەزموونی دراما زیاد بکات ئەویش کارەکتەری وەك  (سەعید حەیران وفریشتەی مەلەك ) و بوونی باخێكی خەیاڵە لە گەرەکێکدا .
 کارەکتەری یەکەم (سەعید حەیران ) ە ، کە زۆر جار  بە خۆی و کۆمەڵێك باڵندەوە  لە زۆر شوێن دەردەکەوێت،   ئەم جۆرە فەنتازیایە  هێمایە بۆئاوارەییەکی هەمیشەیی ی گەڕانی  میللەتێك بەدوای ئازادی وسەربەخۆی بۆ نیشتمانەکەی.
کارەکتەری دووەم( فریشتەی مەلەک) ە ، کە گوایە بەدەرکەوتنی مرۆڤەکان سەرسام دەبن ودەست و پەنجەیەکی ئەفسوناوی هەیە کە توانای چارەسەرکردنی زۆرێک نەخۆشی هەیەو لە هەمووشی گرنگتر وسەیرتر  ئەوەیە کاتێ  کە دەردەکەوێت بۆنی گوڵاوی لێدێت وزۆر جار دەرکەوتنی بە جل وبەرگی سپیەوە هێمایە بۆ خۆشی ودەرکەوتنی بە ئاودامانی ڕەشەوە هێمایە بۆ مردن .
 بوونی باخێك بۆ ئاشقان لە ناو گەرەکێکدا و لەو سەردەمەداو  چوونی زۆربەی ئاشقان کە هەمووی کج وکوڕی گەرەک بن و بە ئاشکرا وەك بینیمان وبە نوسراویش هەیە ئاماژەیە بۆ باخێكی خەیاڵ لای نووسەر بۆ خۆشەویستی دەنا تا ئێستەش درێژ کراوەی ئەو کلتوورە دەبینین کە بەو ئازدی وئاشکراییە  نیە .
 ئەمە رێچکەیەکی تازەیە کە نووسەر پەنای بۆ بردوە وەیان دەتوانم بڵێم سوودی لە  ( جەلادەتی کۆتر) ی بەختیار عەلی لە  شاری مۆسیقارە سپیەکاندا  وەرگرتوە ، کە ڕەمز بوو  بۆ کۆچەری کورد و  بێ نیشتمانی  ، هەروەها (فریشتەی مەلەک ) ی هاوشانی کارەکتەری نەقیب سامیری بابلی کە کاتێ دەردەکەوت بۆنی پڕتەقاڵی لێدەهات . هەرچەندە بەداخەوە دەرهێنەر کە بەرێز (ئەرسەلان دەروێش)  ە نەیتوانیوە بەرجەستەی ئەو فەزا فانتازیاو تازەگەریە بکات بگرە  کارەکتەری (سەعید حەیران) ی بەتەواوەتی سڕیوەتەوەو ئاماژەی پێ نەداوە وبۆ  فریشتەی مەلەکیش نەتوانراوە ئەوەی نوسراوە بە وینەی بکات و بیگەیەنێت  .
نووسەر دەیەوێت بە باسەکانی لەم نوسینەدا بۆ ئەم درامایە پردێك و لێكچوونێکی بارە ڕامیاری وکۆمەلایەتی وکلتوری و ئاینیەکانی ڕابردو و ئێستا پێکەوە گرێ بدات و جۆرێک لێک چوونمان بە بیردا بهێنێتەوەو بیسەلمینێت 
١- کە چۆن تا ئێستە ووڵاتە زلهیزەکان و وولاتانی دراوسێ داگیرمان دەکەن و بێ نیشتمانین .پەرەهەڵدانەوەیەك بوو بۆ  خەباتی سیاسی میللەتی کوردو هەموو ئەو فاکتەرانەی کە بۆتە  هۆی سەرنەکەوتنمان کە تائێستەش مامەڵە بە سۆز دەکەین لەگەل هەموو رووداوە رامیاریەکاندا نەك بە هزر.
٢- لە لایەکی تریش کەمتەرخەمی پارتە کوردیەکان وئاژاوەی نێوانیان لە وێنەی ( قادربەگ ومیرزا) دا لە پێناوی بەرژەوەندیە تایبەتیەکان و  گلاندیان بە شەرو ئاژاوە وە، نیوەندێكی بەهێزی  تری  دروست کرد  کە ئەویش (ئیسلامی سیاسی) بوو لە کارەکتەری ( سەیدی جادوکەر)  کە بەناوی ئیسلامەوە  هەوڵی دەدا  لە رێێ گەنجەکانەوە بچێتە ناو هەموو ئەو باسە کۆمەڵایەتی و ڕامیاریانەوەو فەزای تێکهەڵجوون لە نێوان ڕیزەکانی  میللەتەتدا دروست بکات  و کینە جێگەی بگرێتەوە   .
٣- پانتاییەکی تەرخان کردبوو بۆ خۆشەویستی خاك و نیشتمان و خۆشەویستی مرۆڤەکان بۆ یەکتری.
٤-مەلا شەریفی هێنابوو کە گوایە ئیسلامی راستەقینە مانای خۆشەویستی وپاکیە ، پەیامێكی تری نووسەربوو.
٥- باسی ساویلکەی میللەت و کلتورەکەی  دەکرد لە هەمان کاتتداباسی ئازادی خوازان وئازادی ژنانی دەکرد هەروەها  ووروژاندنی زۆرێك دیدگاو رەهەندی تر کەدەبنە خاڵێ پۆزەتیف بۆ چیرۆکەکە.
راستە نووسەر ویستویەتی زۆرێک بابەت بوروژێنێت وەك سەرە داوێك داویەتی بەڵام بە وردەکاریەکی و سەلیقەیەکی پڕ ڕەهەندەوە باسی لێ نەکردوە ئەوەی جێێ سەرسوڕمانە ، زۆربەی بونیادی کارەکتەرەکان و پەیوەندی و  دوورو نزیکی کەسەکان چ لە ڕووی دەرەکی وناوەکی کار وژیانی رۆژانەی زۆربەی  کەسەکان وڕووداوەکان واقیعی وبروا پێكراو نەبوون،  نموونەشمان بۆ ئەم باسە زۆرە لەوانە داڕشتنی کارەکتەرەکان و پەیوەندی و ڕووداوەکان؛
کارەکتەری قادر بەگ
داڕشتنی ئەم کارەکتەرە پێجەوانەی ئەو کەسانەن کە لەژیاندا ئێمە دەیانبینین، کەسە دڕندەو فێلبازو بێ ویژدانەکان لە فۆرمدا هێندە  بە ئاشکرا دەرناکەون ، بە پێجەوانەوە هەموو رێگایەک دەگرنە بەر بۆ پۆشێنی چەندین ماسک تا بتوانن زیاتر وەك کەسێکی ناحەز دەرنەکەون، وەك بینیمان قادر بەگ هەموو کات لەگەڵ هەموو کەسێکدا بەردەوام تورەو ناحەز دەردەکەوێت بۆ ؟گوایە کاتی خۆی حەزی لە ژنی میرزا کردوە دوای جەندین ساڵ ئەم مرۆڤە بیری نەچۆتەوە و دەبێ بەو شیوەیە مامەڵە بکات تەنانەت لەگەڵ ماڵ ومنداڵ وکەسە نزیکەکانی خۆیدا رۆژێك نەمان بینی مامەلەیەکی باوکانە لەگەڵ مندالەکانی بکات بەتایبەتی لەگەڵ فەرەیدوونی کوڕی کە بەردەوام پاڵپشتی باوکی بوو زۆرێك پرسیاری تر تاوات لێ دەهات تووشی شۆك ببیت  وهەستی بێزاری دەرببڕیت …

 کارەکتەری  سیڤەر
داڕشتنەوەی سیڤەرلە جێی خۆیدا نەبوو بۆ؟  سیڤەر گوایە کەسێكی هێندە بە ئاگایە رۆژمیری شارێک دەنوسێتەوە لەو کاتە گرنگەدا کە شۆڕش هەرەس دەهەینێت بارودۆخەکان زۆر ئاڵۆزدەبن  ، سیڤەر یاداشتەکانی لە کتێبخانەی گشتی هەلگرت و لە نوسین وەستا،  کە دەبوو پێجەوانەی ئەو کارەیبکردایە  هەمیشە لە هەموو سوچێکی ئەو شارەدا سەرگەرمی نوسین و تۆمار بوایە . لەویش کارەساتر کاتێ  شار بە جێ دەهێڵن و ڕوو لە کۆیە دەکەن بۆ ماڵێ داپیری،  لە وکاتە ناسکەدا کە شار خرۆشاوەو تۆپ بارینەو حیزبی بەعس سەگ و گورگی بەرداوەتە میللەت  بە پێێ داڕشتنەوەی کارەکتەرەکە کەسێکی ووریاو ئاقڵەو ئەرکی تۆمار کردنی هەموو ڕووداوەکانی شارەکەی لەسەرە پێ سپێردراوە کە چی وەك مندالێك گڕووی چوونە دەروە لە نەنکی دەگرێت ، کە گوایە پەیمانی پێداوە کە  بە ناو شاری کۆیەدا پیاسەو گەرانی پێ بکات ، ئەم جۆرە ڕوانین وناسینە  دەبێتە دژە کرداری کەسایەتیەکەو کار بۆ ئەوە دەکات بینەر لە خۆی ولەماناکانی بتۆرێنێ .

کارەکتەری عەباس 
چۆن  دەبێت عەباسی خونچە بەو شێوەیە دەربجێت هێندە شەرەنگێز و سەرەڕۆ  لە کاتێكدا پەروەردەی ماڵێ میرزایە،  چۆن دەکرێ من بگەیەنیتە ئەو تێگەیشتنەی کە لە دوای ئەو هەموو کارەساتە بەسەر عەباسدا هات چۆن میرزاو فەرهادی کوڕی و شیرین توانیان بەو شێوەیە وەلای نێن وگرنگی پێ نەدەن،  بەتایبەتی لەدوای مردنی دایکیەوە؟  چۆن نەتوانرا زەمەن وڕووداوەکان ئەو مندالە بەرەو تەقینەو گٶرران بەرن و رێرەوی بیرکردنەوەو مامەڵەی گۆرانکاری بەسەر بێ؟  وەکو بیینیمان لە دوای مردنی دایکی لە ماڵی گوڵە دەمایەوە ئایا چۆن ئەمە بەسەر نووسەر دا تێ دەپەڕێت  کە گوایە فەرهادو میرزا هێندەی گوڵەیان پێ نەدەکرا کە عەباسی بردە لای خۆی ؟ ئەم جۆرە کارەکتەرەو پەیوەندیەش  کار دەکەنە سەر ڕیتم و بەرەو پێشچوونی دراماکەو  دەتوروژێنن وپرسیارێكی زۆرت لا دروست دەکەن کە بێ وەڵامن .
کارەکتەری فەرەیدوون
بۆ دەبێ هێندە نامرۆڤ بێت ؟ هەموو ئەو کارەساتانە کە بەسەر خیزانەکەی هات هیچ جۆرە گۆرانکاریەک لە بونیادی ئەم مرۆڤەدا دروست نەبووبەهەمان شیوەی ئەوانی تر ، دەکرێ نووسەر پێم بڵێ لەو جۆرە مرۆڤانانەمان زۆرە کە دڵرەق و خراپن بەڵام نووسەر دەبوو دەستنیشان وبەرجەستەی پاش وپێشینە وزەمینەی بۆ ئەو کارەکتەرانە خۆش بکردایەو نەبوونایە بە کەمی بۆ داڕشتنی کەسایەتیەکە، نووسەر لەلایەك پێم دەلێ کە فەرەیدوون نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات و هەر زوو وازی لە مەکتەب هێناوە ، ئەی خێرە ئەو بەو زمانە ئارەبیە  دەتوانێ قسە بکات؟ چٶن نووسەر دەیەوێت بە منی بینەر بڵێ ئەوە هێشتا قادر بەگی باوکی ماوە چۆن دەتوانێت هەڵس وکەوت بە سەروەت و سامانی باوکیەوە بکات، گوایە لەکاتی بێهۆشیدا ئیمزای بۆ ئەم کورەی کردوە، ئەی نووسەر بیری چووە کە گەرئەوەش ڕوو بدات ، دەتوانیت لە رێگای پارێزەرەوە ئەو موڵك وماڵ و بەرپرسیارێتیە بگەرینێتەوە بۆ خۆی ؟  لە کاتێكدا کورەکەی خۆی پارێزەرە ، بۆ ئەم کەساییەتیە دوای دەستی لەگەل بەعسدا تێکەڵ کردو بۆ منی بینەر نەمتوانی ئەو زەمینە خۆشکەرە ببینم وبروام هەبێت کە ئەو مرۆڤە بەو شیوەیە دەربچیت ودوای لە رۆژی ژنهێنانی برایدا بەو شیوەیە هەڵس وکەوت بکات و زۆرێكی تر لە کارو کرداری ئەم کەسایەتیە دەبنە هۆی سەر سوڕمان کە چۆن دەبێت هەموو ئەم کەم وکوڕیانە بەسەر نووسەردا تێپەرێت ؟  .

کارەکتەری شیرین 
داڕشتنەوەی ئەم رۆڵەش تێر نەبوو لە هەموو رەهەندەکانی کەسێكی ئاسایی، بۆ نموونە کەسێكی وەك خونچە کە بە پێێ سینارێۆکە وەک دایکی سەیری شیرینی کردوەوبە درێژای ژیانی  لە خزمەتی دا بوە کاتێ کە سووتا چۆن وە بە چ بەهانەیەک شیرین بۆ ٣ مانگ دەچیتە بەغداد؟  لە کاتێكدا ئەو لە گەرمترین ئەشق و لە گەورەترین لە کیس دانی کەسێکی وەک خونجەدایە ،من لێرەدا ئەو پرسیارە لە نووسەر دەکەم  ؟ کە کەسێكی وەک گوڵە بۆ دوو سێ رۆژ لەلای خونجە مایەوە کە چی وەفای ئەو ئافرەتە وای کرد  بە درێژای ئەو ماوەیە لە خزمەتیدا بێ  ئەی نەدەبوو  بەهەموو داب ونەریتێكی ئەو خێزانە کە  شیرین وماڵی باوکیەتی ، کە نووسەر خۆی بۆی داڕشتوون   ئاگایان لە عەباس و دایکی  بۆیە نەبوونی هەر تۆکمەییەک بۆ داڕشتنی کەساییەتیەکان لە کۆتاییدا کەلێنێكی گەورە بۆ داڕشتنی کۆی نوسینەکە دروست دەکات . 
کارەکتەری مەلا شەریف ، گوایە ئیسلام نموونەیە بۆ خۆشەویستی و پاکی بە بیرو ڕای نووسەر؟ بەڵام کاری مەلایەك پێم وایە هێندەی خەتم کردنی قورئان و  نوێژ کردنە هێندە گوێگرتن نیە  لە کتێبی لەیل ومەجنون ، یان گوێ گرتنی  شەو رۆژی لە چیرۆك وهۆنراوەو  گریان  بەدیاریەوە ، ئەمە کەی ولە کوێ بەو شێوەیە ڕووی داوەو ئایا پەسەندە ؟…………

کارەکتەری مستەفا
چەقۆ تیژکەرە، دووهێندەی کارەکەی وەك سیاسی و ئەدیب و هیکایەت خوانێك وکەسێكی کۆمیدی و دوا بەدوای ئەمانەش کەسێكی شٶڕشگێڕ و لە کۆتایشدا وەك کەسێكی ئاشق دەردەکەوێت ، ئایا ئەم هەموو بەرپرسیاریەتیە  چۆن دەبێت وە بۆ؟ ؟ ئایا  دەکرێ سەرنجی منی بینەر بۆ خۆی ڕابکێشت  ؟ وە بۆچی ئەم هەموو تێكەڵیە بە بێ پاساو هەروەها دروست بوونی جەندین پرسیارو گۆمانی تر لەم کەسایەتیە  کا ناچێتە هزری بینەرو سەیرکەرەوە ؟………..

کارەکتەری ئەحمەدی کەشتی
بەهەمان شیوەی کاك مستەفا ئەویش  پێشمەرگەو شیکەرەوەی هۆنراوەو  ئەدەبیات بوو ،  لە جیاتی ئەوەی ببینرایە کە سەرگەرمی کارێكی ڕیالیستی بێت وەک دارتاشێك بۆ کەل و پەلی ناو ماڵ کە پشانی بدات بژێوی ماڵ و منداڵی لەسەرە،  نەك دروست کردنی کەشتیەك کە نەك ئەو کاتە خەیاڵ بوەو دوور بوە لە راستیەوە بگرە ئێستەشی لەگەڵدا بێ و بە پێی هەڵکەوتەی جوگرافیمان بەو شیوەیە ئاشنایەتیمان لەگەڵ ئاو و  دەریاو کەشتیدا  نیە ئیتر بۆ دەبێ کەسێک بەم ناوو کارەوە بێتە ئەم باسەوە  ، ئەمە چ جۆرە باسێكی بۆ سەر دراماوڕێرەوی نوسینەکە زیاد کرد؟  گەر نووسەر دەڵێت  ئەمەش جۆرێکە لە فەنتازیا  دەبوو ئیتر باسەکان چڕ نەکاتەوە کاتێ کە لەدەروەیە پێ دەڵێن ئەرێ ئەوە کاک ئەحمەد کەشتیەکەت چی لێ کرد واتە پرسیار لە واقیعێك دەکرێ ئەویش دەڵێ وەللا لای مام عەزە دامناوە پیاوی چاکە زۆر ئاگای لێدەبێ ، ئەمەدەچێتە چ قاڵبێك ، کۆمیدیا یان تراژیدیا؟……….
کارەکتەری محە

 بەراستی تەنها لە فۆڕمدا وەك شێت دەردەکەوت ، دەنا محە وەک هەموو کەسێكی ئاسایی و بگرە زۆر جار ئاقڵتریش لەکەسە ئاساییەکان دەردەکەوت بەڵام بە ووشەی بچر بچڕ دەنا کۆی ووشەکان مانای رستەی تەواوەتی دەدا بەدەستەوە،  کە دەبوو نووسەر ئەم شێتەی بۆ خزمەت کردنی ڕەوتی دراماکەی بەکار بهێنایەو هەندێک کردار و کارەکتەری ئەم شیتەی بە نهێنی هەڵبگرتایەو زۆرێك لە سەرەدواوەکان و گرێکانی دراماکەی پێ بکردایەتەوە، واتە تەنانەت لای بینەریش ئاشکرا نەبوایە کە بەراستی شیتە یان کەسێكی ئاقڵە و  تا لە کۆتایداو بە مەبەست  کارەکتەری ڕاستەقینەی بناسینایە.   یان داڕشتنی کەسایەتیەکی شێتی بەتەواوەتی  بۆ بەرجەستە بکردایە ، واتە دەبوو نووسەر بە ڕوونی  مەبەستی بۆ ئەو کەسایەتیە دەستنیشان بکردایە ،  نەك بەهەمان شێوەی کارەکتەرەکانی تر لە باخی دڵداران ولە چاخانەو لە هەموو کوچەیەکدا دەبینراو قسەی خۆی لەگەڵ ژن وپیاو کچ وکوڕدا  دەکرد،  ئەم جۆرە دروست کردنە جێژو وبرواو متمانەی منی بینەری  بەدەست نەهێنا   . بە شیوەیەکی گشتی  زۆربەی ڕۆڵەکانی تر   وەك سەیدی جادوکەرو بلەو فەرهادو سەلماو برای مستەفا ومامۆستا جەمال و هەندێكی تر کە ناکرێ باسی هەمویان بکرێ هەمان جارەنوس وداڕشتنیان هەبوو ،  دەوڵەمەند نەبوون و نەتوانرا بوو سەرکەوتوانە ئەو کەسایەتیانە وەک نوسین لەیەکم هەنگاودا بەرجەستە بکرێ .
لێكچوون  وبیرکردنەوەو دارشتنی زۆرێك لە خێزان وکەسایەتیەکان
بەشیوەیەکی گشتی کەش وهەوای  زۆربەی خیزانەکان وەک یەک وابوون ، وەک یەک  بیریان دەکردوە ، بەتایبەتی چونیان بۆ سینەما ، راستە لەو سەردەمانەدا خەڵكی یان خێزانەکان ڕوویان دەکردە سینەما بەڵام بەو شیوەیەش نا ، هەستت بە جۆرێك لە زیادە رۆێی دەکرد کە دەبوە جێێ گومان،  زۆربەی ئاشق،  زۆربەی ئافرەتەکان ڕۆشنبیر، لە ماڵی بەکری بەریدا هیچ جۆرە باسێك نەبوو  تەنها گرفتی  کۆکردنەوەی ئەو پولانە نەبێت. لەگەڵ مردنی جەندین کەس لەم درامایەدا دەبوو مژدەی لە دایک بوونی  جەندین نەوەی نوێی ی بدایە و جۆرێك سەرقاڵی بۆ داراماکەو ناو ماڵەکان دروست بکرایە.
 بوونی خیزانی گەورە وڕاکە راکردنی منداڵان لە شەقام و کوچەکاندا،  بوونی قوماش فرۆشێک کە جاران بارەکەیان دەدا بە کۆڵدا ومەترێکیان پێ بوو، نەوتفرۆشێك، سەوزە فرۆشێك بە عەرەبانەیەکی دەستیەوە سروشتی مێژووی ئەو سەردەمەت  بەیادا بهینێتەوە.
 زۆرێكی تر لەهەموو ئەو ووردەکاریانە کە زیاتر نزیک دەبویتەوە لە سەردەمەکە.  نەبوونی  وچنینی ڕووداوەکان واتە بە شیوەیەکی زۆر سانا دەردەکەوتن ،  بیر چوونەوەی زۆرێک لە رۆڵی کەسایەتیەکان لە زۆربەی زنجیرەکاندا و زۆرێك لە هەڵەو پەڵەی زۆر کە منی بۆ ساتیکش نەدەگەراندەوە بۆ ئەو سەردەمانە،  لەگەڵ زۆر جار پێکەنین وباسی زۆر بێ مانا کە نەیتوانی بوو ئەو خۆشی وپێکەنینە لەگەڵ منی بینەردابەش بکات هێزی نوسین نەیتوانیبوو ئەو پەیوەندیە لە نێوان بینەرو کەسایەتیەکاندا دروست بکات بەو مانایەی ئەوان سەرگەرمی پێکەنین ودانیشتن بوون کاتێ من سەیرم دەکرد نەمدەتوانی بەشداری ئەو خۆشی و پێکەنینە بکەم تا  زۆرجار تووشی حەپەسان و سەرسوورمان دەبویت .ئەم هەموو بەرپرسیاریتیە پێم وایە پێش هەموو هەنگاوێك ئەرکی نوووسەرەو لە دەرئەنجامەکەی بەرپرسیارە .

زمانی داڕشتنی سینارێۆی ڕۆژمێری شارێك
راستە زمانی دراما دەبێت زمانێكی سادەو میللی بێت بەڵام خۆ ناشکرێ فۆتۆکۆپی واقیع بێت، زمانی ئەم سینارێۆیە  زۆر بە زەقی دەبیسرا  ودەتوانم بڵێم گەیشتبوە ڕادەی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی هەموو ئەم گالتە پێ کردن وناو ناتۆرەیە بە یەکتری،  لە خزمەتی کارە درامیەکەدا نەبوو  بۆ نموونە قادر بەگ وفەرەیدون و بلەو وحەسەن وبەکر ومستەفاو عەباس وهاورێکانی وحەمەی بەرید وکە زۆر جار دەبوە هۆی توورە بوونت ، کاری هونەر تەنها گەرم کردنەوەی تێکستەکان نیە بۆ ئەمرٶ هەلبەتە ئەرکی هونەر بازهەڵدانە بەسەرهەموو  ئەو سروشتانەی کە هەندێ جوانی و بەهای مرۆڤەکان بزر دەکەن  .

 کات،  بۆ داڕشتنی درامای رۆژمێری شارێك 
لێرەدا مەبەستم لە  دوو جۆر کاتە، یەکەمیان بە شیوەیەکی گشتی بە ڕوونی کاتەکان دەستنیشان نەکراوە بۆ سەرلەبەری دراماکە ، دووەمیان کاتی حیوارەکان هەست دەکەیت هێندە دیمەن وگرتەی درێژی تێدایە کە رەچاوی کات نە کراوە ، بەتایبەتی کاتی بینەر هەست بە گری ناکات لەم درامایەدا  لەو کاتەدا گرنگیت بۆ کات زیاتر لا دروست دەبێت ودەبێتە هۆی دووجار  بێزاری بۆبینەر.
 داڕشتنی نوسینی ئەم  درامایە هەر لە دەستپێکەوە نەیتوانی هەست ونەستی بینەر بجوڵێنێت ویاری بە هەڵجوون وداچوونی بکات و لە کۆتایشدا  بە شیوەیەکی زۆر خێرا کۆتای بەهەموو ئەو رەگەز وفاکتەرانە هات و هەرجەندە کوتومت کۆتایی( رایەت بیضاء ) ی جمیل راتبی بەیاد هێنامەوە بەڵام ئەمەیان بە بێ  بوونی بەهانەیەك ومەبەستێك بپێکێت کەلە خزمەتی  هێڵە درامیەکە دا بێت………….. ……………………

 هەڵبەتە هیچ کارێک لەسەرو رەخنەوە نیە بە باسەکەی منیشەوە، بەلام هیوادارم هەموو لایەك گازندەو رەخنەکانمان قبوڵ بکەن و سوپاسی هەمو لایەک دەکەم و گەر بوونی ئەم درامایەش نەبوایە بوونی ئەم بابەتەی منیش نەدەبوو هەر بۆیە هەموو کات بوونی هەر بەرهەمەێك باشترە لە نەبوونی بەو هیوایە رۆژێک بێت وئێمەش بتوانین دەربازی ئەم قەیرانە ببین ……………..

     شنە پێنجوێنی  هۆڵەندا ٢٠١٣   

Previous
Next

Leave a Reply