Skip to Content

Friday, December 3rd, 2021

درزه‌كانی ئاو درزه‌كانی ئاوێنه‌

Be First!

درزه‌كانی ئاو‌
     درزه‌كانی ئاوێنه‌

 

 

١
گه‌مه‌یه‌ك بوو له‌درزی ئاوێنه‌وه‌
شه‌وی ده‌كرده‌ ده‌سه‌سڕێك
گوڵێك بوو تا ته‌مه‌نی خۆی ده‌نووسییه‌وه‌
شڵه‌ژانێك بوو
چڵه‌ژانێك بوو له‌نێو ده‌ستی من
 له‌نێو جوێباری جه‌سته‌ی من
ئه‌م مه‌رجانه‌له‌شی ئاوه‌
ئه‌مه ‌مه‌رجی ته‌واوی ژانه‌

٢
گه‌مه‌یه‌ك بوو له‌درزی ئاوه‌وه‌
خه‌ونی ده‌كرده ‌به‌ره‌به‌یان
شكۆفه‌بوو توانای نه‌بوو عومری خۆی بخوێنێته‌وه‌
دڵه‌ژانێك بوو
فڕینی خۆی پێشكه‌شی هه‌وا ده‌كرد
هه‌واش له‌نێو مه‌مكۆڵه‌كانم خه‌وی لێ كه‌وتبوو

٣
گه‌مه‌یه‌ك بوو له‌درزی ڕۆژئاواوا
له ‌درزه‌تاریكه‌كانی مێخه‌كێ
بۆنی شه‌وی ده‌دا له‌یه‌خه‌
 له‌نێو كاژێ ئاوا ده‌بوو

 

٤
ئاوا ده‌بوو خه‌ونی من
ده‌ترنجایه‌حه‌وزێكه‌وه‌
كاتێ كه‌كازیوه‌هه‌ڵیده‌ستاند
حه‌وز ده‌بووه ‌حه‌زێ

٥
ترووسكایی له‌خه‌و هه‌ڵسا
شه‌وی لێ داده‌چۆڕی
تریفه‌ی به‌رد بوو كزر و فێنك

٦
گه‌ڵایه‌كی ته‌نك له‌سه‌ر عه‌قڵی ئاو
خه‌وی لێ كه‌وتبوو
كراسی شه‌وی له‌به‌ر ده‌كرد

٧
چۆڕێ شینایی سه‌ر لێشێواو
به‌ردی دڵی كۆ ده‌كرده‌وه‌
خه‌رمانه‌ی ده‌دا ته‌واو

٨
مه‌چه‌كی سپی وه‌ك گه‌ردنی ئاو
قاسپه‌ی به‌ردی ده‌خوارده‌وه‌
كه‌سته‌ك دڕكاوی
گه‌وه‌ی شاخ شێواو

٩
گه‌ردی سه‌حه‌ر مه‌ست
غوباری كۆچه‌ران
ده‌لكانه‌له‌شی دڕكوداڵه‌وه‌

١٠
مرواری جه‌سته‌
زه‌نگۆڵ زه‌نگۆڵ
ماندوویی ده‌شتی ده‌خوێنده‌وه‌

١١
پیاڵه‌یه‌ك له‌رزۆك وه‌ك هۆشیاریی
شه‌وی لێ جودا ده‌بووه‌وه‌
خه‌ونی ده‌تۆرا و
 له‌شی حه‌رفی تۆمار ده‌كرد

١٢
به‌ردێكی غه‌ریب
لاته‌ریك و نه‌خۆێنده‌وار

١٣
دوو كڵۆ به‌فری بێ زاكیره‌
 له‌هه‌یوانی كه‌شكۆڵێ
خه‌ویان لێكه‌وت
توانه‌وه‌

١٤
ئه‌و دوا دێڕه‌ی كه‌خوێندمه‌وه‌
قرتانی نینۆكێك بوو
 له‌نێو بێده‌نگییه‌كی موتله‌ق
زه‌نگوڵی كلێسایه‌كی ده‌له‌رانده‌وه‌

١٥
 له‌په‌راوێزی هه‌ندێ شیعرا
شه‌وی سپیم لكاندبووه ‌قه‌دی
هێشوه ‌شه‌و بوو شكۆفه‌ی ده‌دا
 
١٦
سه‌مای پێشوو له‌م ده‌نووسییه‌وه‌
حه‌رف بوو جریوه‌ی ده‌هات!

١٧
 له‌قه‌راغ به‌رگی كتێبێكی سه‌د لاپه‌ڕه‌یی
چزووی دووپشك بوو وه‌ك به‌یان
دوو چزووه ‌پرسیار بوون له‌گومان
ده‌دره‌وشانه‌وه‌

١٨
گومانم خوارده‌وه‌تاڵ بوو
عه‌قڵم بینی ساردوسڕ
پرسیارم بینی گه‌رداو
ته‌مه‌نیش خاو هه‌ر وه‌كو داو

١٩
ئه‌و دووكه‌ڵه‌ی له‌و گێژاوه‌وه ‌هه‌ڵده‌ستێ
پرسیارێكی چه‌واشه‌یه‌
ئه‌و كڵپه‌یه‌ی كه ‌خه‌ونی خۆڵه‌مێش بوو
خۆڵه‌مێشێكی ساده‌یه‌

٢٠
دوێنێ ئێواره‌پرسیارێكم له‌به‌رد كرد
گوڵێ هاته ‌وه‌ڵام
 

٢١
رێگایه‌ك ته‌نها له ‌توخمی ئاو بوو
شه‌پۆلێك هزری گه‌می ده‌ناسی
رچه‌یه‌كیش بوو به‌ره‌و سنوور
گومانێك بوو پڕتاو

٢٢
گرمه‌ی ئاسن بوو غلۆر ده‌بووه‌وه‌
هاژه‌ی تاڤگه‌بوو به ‌هێوڕی
شه‌ڕی نێوان چرووسكه بوو
ره‌نگی لێ ده‌باری

 

٢٣
سبه‌ینێ بڕیاره‌بچمه‌ژوانی بێده‌نگیی
بچمه ‌ژوانی گاشه‌به‌ردێك
به‌بێده‌نگیی باسی عه‌شقی گیا كه‌م
باسی عه‌شقی با كه‌م بێده‌نگ

٢٤
هه‌میشه‌له‌ته‌نیشت ژنێك
زاكیره‌ی ژنێ ده‌بووژێته‌وه‌
هه‌میشه‌له‌ته‌نیشت ئاوێك
زاكیره‌ی خۆڵ دبوورێته‌وه‌

٢٥
ئه‌و ته‌پ و تۆزه‌م خۆشده‌وێ
كه ‌ده‌ور له‌جوانیی ده‌ده‌ن
ئه‌و ته‌مه‌ش هه‌ر بۆ په‌رستنه‌
كه‌پێش هه‌نگاوی هه‌تاو ده‌كه‌ون

٢٦
ئه‌و سێبه‌ره‌وه‌كو لاولاو هه‌ڵده‌گژێ
به‌ره‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ك كه‌داده‌خرێ
ئه‌و كه‌رته‌مانگه‌ش ده‌كه‌وێته‌نێو
 سه‌رابه‌وه ‌كه‌‌په‌رده‌ی گومان داده‌ڕێ
 

٢٧
په‌نجه‌ی گیای كێوی
هه‌ر وه‌ك په‌نجه‌ی ئاوه‌
ته‌مه‌نیش كورت وه‌كو زاكیره‌ی خوناوه

٢٨
مێوه‌ی زۆر پێگه‌یشتوو
مایه‌ی توڕه‌یی چڵه‌
مێوه‌ی خرچوكالیش
ئاسۆی خاك و گڵه‌

٢٩
ئه‌و گوڵانه‌ی كه‌هێشتا ناویان نییه‌
عاشقی به‌رد و خۆڵن
ئه‌و گوڵانه‌ی هه‌میشه‌له‌سه‌ر زارن
ته‌نها كاغه‌ز بۆنیان ده‌كا

 

٣٠
بڕیاره‌سبه‌ی بچمه‌وه‌نێو میحرابی تاریكیی
جارێكی دیش بپرسم له بێده‌نگی
بۆچی گه‌وره‌ترین گوڵه‌و شكۆفه ‌ده‌كا

 

٣١
كاتێك رۆ ده‌چێته‌ناو ناخی شه‌وه‌زه‌نگ
 له‌شم ده‌بینم گڕ ده‌گرێ
سه‌رم ده‌بێته‌ئاو و
گه‌می رۆحێمیش پڕ ده‌بێ

٣٢
دوێنێ ته‌نها بووم
به ‌ئاسپاییش له‌شم جریوه‌ی ده‌هات
كه ‌گوێم راگرت له‌بێده‌نگیی
گڕی بوو چرووسكه‌ی ده‌هات

٣٣
هه‌ردوو بازووم سپی بوون
پشتم خاكی كاكی به‌كاكی
 له‌ئاسۆوه‌رووبارێ
ئاو شه‌فه‌قی داگیر ده‌كرد

٣٤
 له‌شم حه‌وزێ بوو پڕ له‌خه‌ون
گه‌ردوون تیایا شه‌قی ده‌برد
خۆڵه‌مێشیش وه‌ك گردۆكه‌
به‌یاری ماره‌ده‌كرد

 

٣٥
په‌نجه‌كانم لقه‌دار بوون
هه‌ر وه‌ك لاولاوه‌ی برسی
 له‌بێده‌نگی دیواریان ده‌پرسی

٣٦
ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ی هه‌موو شه‌وێ ده‌كرایه‌وه‌
ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی له‌نێو لم دا نغرۆ ده‌بوو
ئه‌و خه‌ونه‌ی لێكنه‌ده‌درایه‌وه‌
 له‌مه‌تنی ئبین سیرین گیر ده‌بوو

٣٧
كه‌روێشكێك وه‌ك كه‌رته‌مانگ
 له‌و دوڵه‌بزر ده‌بوو
تانجییه‌ك وه‌ك برووسكه‌
 له‌ره‌ژووی دره‌ختێ گیر ده‌بوو

 

٣٨
ئه‌ستێره‌یه‌ك رژایه‌بیره‌قووڵه‌كه‌ی ماڵمان
په‌رییه‌ك پێی له‌ده‌وه‌ن گیر بوو
نوور بوو خه‌ونی ده‌بینی

 

٣٩
شه‌و مامزه‌
هه‌نیه‌ی تاریك چه‌په‌ری سارد
گمه‌ی رووباری له‌به‌ر ده‌كرد

٤٠
ئه‌و مافووره‌ی له‌به‌ره‌به‌یانه‌وه‌
تا ئێواره‌راده‌كێشێ
چیرۆكی چه‌ند گوڵێكی بێ هه‌ناسه‌ن
 له‌پێی شاژن گیر ده‌بن

٤١
په‌رده‌یه‌ك مۆسیقای لێ داده‌چۆڕی
به‌سه‌رهاتی په‌نجه‌بوون

٤٢
ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ی كه ‌وه‌ك به‌رد راستگۆیه
مێژووی روخسار ده‌خوێنێته‌وه‌
ئه‌و ئاوێنه‌یه‌كی كه‌وه‌ك ئاو به ‌شكۆیه‌
مێژووی روخسار ده‌نووسێته‌وه‌

٤٣
لاڵانه‌وه‌ی گیام بیستووه‌
گویم له‌پرسیاری به‌رد بووه‌
گوێم له‌سترانی گه‌رد بووه‌
شیعرم بینی نوستووه‌

٤٤
قوببه‌ی مزگه‌وتم بینی ئاڵ
زه‌نگی كلێساش به‌تاڵ
گوڵه‌پشكۆم بینی له‌سه‌ر مافوور
ته‌زبیحی ئاویش خاڵخاڵ

٤٥
باخچه‌ی هه‌تاو شه‌تاو بوو
ئه‌ستێره‌ش مێوه‌ی به‌هه‌شت
لقه‌چیا گه‌رداو بوو
 له‌زاكیره‌ی ده‌شت

٤٦
تاڤگه‌: ئاوێكی هه‌رزه‌كار
 زه‌ریا : پیرێكی نوورانی
 جۆگه‌له‌ : ژنێكی به‌شه‌هوه‌ت
كانیاو : خه‌می مراوری
 
٤٧
گۆماو : پیرو ئوفتاده‌
 جوێبار : شه‌كه‌ت و ماندوو
گۆلاو : شاكاری سه‌راب
سه‌راب : عاشق و تینوو

٤٨
گه‌رد مراوی بێ ئه‌رك
مراوری ده‌ستی باژن
تاجه‌و له‌ش داده‌پۆشێ
هه‌ر وه‌ك فه‌ریكه ‌ئۆخژن

٤٩
 له‌ش شه‌هوه‌ت و گۆرانی
رۆح ئاوێكی ته‌نیا
سپی هه‌ڤاڵی سیا
بنچكه‌گیاش له‌ده‌وریا

٥٠
ئاو ره‌حه‌ت بێت ده‌ریایه‌
 له‌ش نه‌زۆك بێت مانگه‌

٥١
 له‌ش ره‌حه‌ت بێت هه‌تاوه‌
نوستنی چه‌ویش گۆرانی
كانیاو له‌خه‌و هه‌ڵسێ ده‌نگه‌
دونیاش بۆ خه‌ونی وی ته‌نگه!‌

٥٢
شه‌فه‌قی گه‌ڵا ره‌نگه‌
شه‌وی ئاو سروه‌

٥٣
خۆڵی مێژوو به‌رگی ئینسانه‌
مێژووی ئینسانیش ئاگر
خه‌ونی به‌رده‌وا ده‌پشكوی

٥٤
خه‌ونی ئاگر دوو جه‌سته‌یه‌

٥٥
جه‌سته‌ی ئاگر شیعره‌

٥٦
غلۆر ده‌بێته‌وه‌له‌به‌رده‌مم
شه‌مامه‌ی زه‌مان
یه‌ك یه‌ك ده‌كه‌ونه‌حه‌وزی عه‌ده‌م
هه‌ر وه‌ك حه‌رفی زمان

٥٧
شۆڕ ده‌بێته‌وه‌په‌رچه‌می شه‌و
 به نێو له‌شما بروسكه‌ی دێت
ئه‌م له‌شه‌بۆچی وا نغرۆیه‌

 

 

٥٨
گڤڤه‌ی دێ وشه‌له‌ناو له‌‌شما
وه‌ك خوێنێكی تاڵ
گڤه‌ی دێ رسته‌
 له‌جه‌سته‌ی به‌تاڵ

٥٩
جه‌سته‌ش وا داده‌چۆڕێ به‌سه‌ر كاغه‌زێ
هێڵ ده‌سرێته‌وه‌
ره‌ش و سپی ده‌كه‌ونه‌جه‌نگ
ره‌نگاوی ده‌نگ وا ده‌زێ

٦٠
ئیمشه‌و له‌سه‌ر ئه‌م ده‌فته‌وه‌ده‌نووم
با هه‌تاو هه‌ڵمسێنێ

٦١
سبه‌ینێ هه‌موو ته‌لیسمه‌كان راڤه ‌ده‌كات
دره‌خت ناو له‌خۆی ده‌نێ
ئاو له‌سه‌ر كۆشی هه‌تاو ده‌نوێ

٦٢
غوبار كاغه‌ز داگیر ده‌كات
 له‌ش به ‌ته‌نها شۆڕ ده‌بێته‌وه‌
گه‌ڵا ئاواز له‌به‌ر ده‌كات
سه‌راب له‌ناو وشه‌شی ده‌بێته‌وه‌

٦٣
عه‌قڵ، تۆ دووركه‌وه‌لێم
من خه‌ریكی شیعر نووسینم
به‌ڵام وریا به
ته‌نها له‌دووره‌وه‌تێم بڕوانه‌

٦٤
دڵ، ده‌سه‌ڵاتی خۆت ئاشكرا كه‌
به‌بێشعوور غه‌زوورم مه‌كه‌
ئه‌گینا شیعرم دوات ده‌كه‌وێ

٦٥
زاكیره، وه‌ك قارچك سه‌ری خۆت بكه‌ره‌سه‌یوان
با بارانی به‌رێژنه‌
هیشكایی نه‌خاته‌نێو په‌یڤه‌كانته‌وه

٦٦
 له‌ش ، وه‌ك گه‌مژه‌
سه‌ر مه‌خه‌ره‌نێو گیانمه‌وه‌
با ئه‌م كانییه‌وشك نه‌كات

٦٧
شیعر، تۆ ناكه‌مه‌قوربانی
دونیا بێ تۆ هیشك ده‌كات

٦٨
هه‌ر پێنج هه‌سته‌كانم ڕه‌پ بوونه‌
هێشتاش شیعرێكیان پێ نانووسرێت

٦٩
مێژوو وه‌ره‌له‌ته‌نیشتم دانیشه‌
مێژوو بگه‌ڕێوه‌دواوه‌
ئه‌گینا شیعر نانووسرێت

٧٠
ئه‌م دره‌خته‌ده‌یان لقه‌زمان
ده‌یان چڵه‌ئاوو و
ده‌یان گوڵه‌باران ده‌گرێت
 له‌نێو تونێلی زاكیره‌وه‌ده‌ردێت

٧١
چیا هه‌رگیز ناتوانێت شیعره‌كانم بخوێنێته‌وه‌
چونكه‌ڕووی هه‌میشه‌له‌خوایه‌
خۆڵ تۆ هه‌موو شیعره‌كانمت له‌به‌ره‌
چونكه‌به‌رگ و پێستی په‌یڤه‌كانی

٧٢
ده‌توانن وشه‌كانم له‌ئه‌شكه‌وت ئێشك بگرن
ده‌توانن له‌به‌رده‌م هه‌تاو فرمێسك بڕێژن
وشه‌كانم له‌ساراش خه‌ون ده‌بینن
به‌ڵام ئه‌ی بۆچی نابنه‌ئاو؟

٧٣
ئاگرم له‌حه‌رفێك به‌ردا
هه‌تاو گریا
حه‌رفێكم ئاشت كرده‌وه‌
ئاو زریكانی

٧٤
شه‌وم شێلا
ڕۆژم هیشك كرده‌وه‌
خه‌ونه‌كانم بوونه‌هۆش و
ساته‌كانم هێور بوونه‌وه‌

٧٥
گرمه‌م له‌ڕسته‌یه‌ك هه‌ڵساند
وێرگوڵێ كه‌وته ‌گۆرانی
خاڵێكم نغرۆ كرده ‌ناو سپێتی
بوو به ‌ئاواز تا به‌یانی

٧٦
شه‌وم له‌ڕۆژ ماره‌كرد
پرچی هه‌تاوم به ‌لقه ‌ئاو هیشك كرده‌وه‌
ڕایه‌ڵم بۆ ئاواز ته‌ون كرد

 

٧٧
شه‌قم له‌بڕگه‌هه‌ڵدا
سه‌روا تووشی په‌ركه‌م هات
حه‌رفم له‌زیندان ده‌رهێنا
بوو به ‌لاپه‌ڕه ‌سارا

٧٨
نووزه‌م خسته‌ڕۆحی به‌رده‌وه‌
ئاوازم له‌نێو هیشكایی چاند
 له‌شم به‌گڕ هێور كرده‌وه‌
ڕۆحم به ‌توخمی زوقم ده‌رپه‌راند

٧٩
بێده‌نگیم وه‌ك ڕست هۆنییه‌وه‌

٨٠
ته‌نافم هه‌ڵخست بۆ وشه‌
په‌ڕسێلكه‌مانیان گرت
په‌نجه‌ره‌م بۆ مانگ كرده‌وه‌
ئه‌ستێره‌یه‌ك له‌حه‌ژمه‌تا مرد

٨١
ته‌مم كرده ‌ده‌زگیران
مه‌مكۆڵه‌كانی مژم هه‌ڵگڵۆفی
 له‌سه‌ر ڕایه‌خ نووستم و
هه‌ر خێرا بوو به‌گوڵگیران

٨٢
ناو له‌پم وه‌ك ده‌شتایی ده‌كه‌مه‌وه‌
ده‌فڕن مانا
شتێ ده‌نیشێته‌وه‌
قامكم مه‌ست و بازووم ته‌نیا

٨٣
سه‌مام به ‌وشكایی كرد
شینیم خسته‌نێو لینگی وشه‌وه‌
جه‌سته‌م به‌شه‌وق سیخناخ كرد

٨٤
دڵم وه‌ك عه‌قڵ كرده‌وه‌
هۆشم پڕ له‌نا-هۆشیاریی بو
عه‌قڵم وه‌ك گوێزان تیژ كرد
بۆ ئاسۆی له‌ش كوێرایی بوو

 

 

٨٥
دونیام له‌سه‌ر كۆشم دانا
جوانیی هه‌ر وه‌ك هێشوه‌جریوه‌
دانه‌دانه‌
هه‌ڵده‌پرووكان

٨٦
غه‌مم پیاده ‌كرد
خۆمیش وه‌ك ره‌نگ سواری با بووم
هه‌ور له‌نێو بازوومه‌وه ‌فڕه‌ی ده‌هات
قژم جه‌سته‌ی سایه‌قه‌بوو

٨٧
دمم وه‌ك ئاو هاته‌ده‌م
تاڤگه‌م له‌قورگا گیر بوو
وشه‌وه‌كو لافاو
 له‌جه‌سته‌ما قه‌تیس بوو

٨٨
پیتێ لێم زویر ده‌بوو
ره‌شپۆش ده‌بووم
پیتێ به‌ره‌و ڕووم ده‌تریقایه‌وه‌
سه‌رخۆش ده‌بووم

٨٩
ته‌مه‌نم ته‌نها مشتێ بێهوده‌ییه‌
 له‌هه‌موو جۆگه‌له‌یه‌كیش ئاو ده‌خواته‌وه‌
ته‌مه‌نم سه‌حرایه‌ك ژیرییه‌
ئاسمان ته‌ڵه‌ی بۆ ده‌نێته‌وه‌

 

٩٠
هه‌موو خه‌ڵكم وه‌ك به‌رد خۆش ده‌وێ
هه‌ر بۆیه ‌به ‌زه‌حمه‌ت ده‌بمه ‌خۆڵ
حه‌زیشم ده‌كرد به‌ردێ بم
غلۆرم كه‌نه‌وه ‌به‌ره‌و دوڵ

٩١
حه‌زم ده‌كرد دره‌ختێ بم
ئاسۆم لێوه ‌دیار نه‌بێ
به‌ڵام هه‌ورێك بكه‌مه‌له‌چك
 له‌گه‌ڵ ره‌گما تێكه‌ڵ بێ

٩٢
ره‌گم ده‌خه‌مه ‌سه‌رشان
تاریكیی ده‌مخواته‌وه‌
ره‌گم ده‌كه‌مه‌ئاسۆ
رووناكیی ده‌مشواته‌وه‌

٩٣
 من و رووناكیی وه‌كو دوو دوژمن واین
بۆیه‌هه‌میشه‌به ‌وریاییه‌وه‌
بیر له‌یه‌كتر ده‌كه‌ینه‌وه‌

 

٩٤
من سێبه‌رم
سێبه‌ری دره‌ختێك
وه‌ك گوڵه‌به‌سێبه‌ر
به ‌ده‌ور ئاسۆ ده‌خولێته‌وه‌

٩٥
ئه‌گه‌ر ئاسۆ بوومایه‌
هه‌موو رۆژێ دوور ده‌كه‌وتمه‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌ی زستان به ئیسراحه‌ت پاڵ نه‌داته‌وه‌
هاوینیش وا زوو بۆگه‌ن نه‌بێت

٩٦
ئه‌گه‌ر پایز بوومایه‌
به‌رێزه‌وه ‌ماڵئاوایم له‌هاوین ده‌كرد
به ‌ده‌سماڵی گڕیش ده‌چوومه ‌پێشوازی
باران

٩٧
حه‌زم ده‌كرد
كراسێكم هه‌بوایه‌له‌با
پانتۆڵێك له‌ئاو و
چاكه‌تێكیش له‌خۆڵ
ئینجا ده‌متوانی به‌ناو گڕا پیاسه‌بكه‌م

٩٨
ئاگرم له‌كاغه‌ز به‌ردا
ئینجا شیعرێ هاته‌زوبان

٩٩
ئاوه‌ڕشێنی وڵاتم ده‌كرد
بوو به ‌ئاگران باران
  
                             
 ٢٨- ٨-٢٠٠١
سیودادریال /ئیسپانیا

 

Previous
Next

Leave a Reply