Skip to Content

Friday, December 4th, 2020

دروشمه‌كانتان پڕه‌ له‌ وه‌هم , ئامانجه‌كانتان پڕه‌ له‌فێڵ

Be First!
by July 17, 2009 گشتی

دروشمه‌كانتان پڕه‌ له‌ وه‌هم , ئامانجه‌كانتان پڕه‌ له‌فێڵ
25/7 خه‌ڵكی كوردستان تاقیتان ده‌كاته‌وه‌
پێشڕه‌و حه‌مید

دوای ( 18 ) ساڵ له‌خۆبه‌ڕێوه‌بردن و ئه‌و هه‌مو نه‌هامه‌تییه‌ی له‌لایه‌ن حیزبه‌كانه‌وه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا هێنایان, ده‌كرێ‌ له‌ئێستا ته‌نها بۆبیرهێنانه‌وه‌ چه‌ند پرسێاریِك ئاراسته‌بكرێن , به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی له‌دوای 25/7 جارێكی دی ئه‌و پرسیارانه‌ دوباره‌ نه‌بنه‌وه‌ و به‌شێوه‌یكی كۆنكریتی سترایژی كاركردنی ده‌سه‌ڵاتی ئاینده‌ی كوردستان گوڕانێكی جه‌وهه‌ریانه‌ی به‌سه‌ردابێت و چه‌مكی ( دیموكراسیه‌ت ) وه‌ك له‌و ماوه‌ زۆره‌دا بانگه‌شه‌ی بۆده‌كرا له‌ فۆرمێكی  تیۆریی چه‌ق به‌ستوه‌وه‌ بگۆڕدرێت و له‌ فۆرمێكی پراكتیزه‌یدا خۆی ببینێته‌وه‌ و كوردستان بگه‌یه‌نینه‌ ئاست وڵاتانی پێشكه‌وتوه‌ و له‌ دابینكردنی كه‌شێكی ئارام بۆفه‌راهه‌م كردنی ئازادیه‌كانی تاك و ئازادی ئابوری و سیاسی و  ڕۆشنبیری و …تد.
كێ‌ هه‌یه‌ له‌ئێمه‌ ئاگری شه‌ڕی ناوخۆی به‌رنه‌كه‌وتبێت ؟ كام له‌ئێمه‌ له‌شكست و  خیانه‌تی حیزبه‌كان ئاگار نه‌بوه‌ ؟ كێ‌ هه‌یه‌ له‌ئێمه‌ ئه‌و هه‌موشكستانه‌ی , له‌لایه‌ن حیزبه‌كانه‌وه‌ به‌ده‌سكه‌وتی مێژویی و  نیشتمانی  پێ نه‌فرۆشرابێته‌وه‌ ؟ كێ‌ هه‌یه‌گوێی له‌ ڕۆژنامه‌نوسێكی حیزبی نه‌بوبێت , ته‌قه‌كردنی پۆلیس و ئاسایشی  له‌ خۆپیشانده‌ره‌كان , به‌حیكمه‌تی حیزب و ده‌سه‌ڵات له‌قه‌ڵم نه‌دابێت و هه‌مو خۆپیشاندانێكی به‌ ده‌ستێك له‌ قه‌ڵه‌م نه‌دابێت , ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌كه‌یش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كه‌م ئاوی و دابین كردنی وزوی كاره‌باش بوبێت ؟  كێ‌ هه‌یه‌ له‌ئێمه‌ بۆدابین كردنی پێَداویستی یه‌ سه‌ره‌تایه‌كانی به‌شداری خۆپیشاندانێكی نه‌كردبێت و زۆر به‌توندی به‌رشه‌قی ئاسایش و جنێو و سوكایه‌تی پێكردنی  پۆلیسه‌كانی هه‌رێمی هه‌ردولا نه‌كه‌وتبێت ؟  كێ‌ هه‌یه‌ له‌ئێمه‌ له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ك , یان له‌سه‌ر توڕه‌بونێك دژ به‌ كرداره‌ نامۆراڵیی یه‌كانی ده‌سه‌ڵات , له‌ خواره‌وه‌ و له‌لایه‌ن ( به‌رپرسۆلكه‌ ) یه‌كه‌وه‌ هه‌ڕشه‌ی تێهه‌ڵدانی لێنه‌كرابێت یان سوكایه‌تی پێنه‌كرابێت ؟  كه‌سێك هه‌یه‌ له‌م نیشتیمانه‌دا فایلی پڕله‌ خیانه‌ت كردنی چه‌ند به‌رپرسێكی حیزبی و پاڵه‌وانی ناو حیزبه‌ كوردیی یه‌كانیی  له‌ ڕێگای ڕۆژنامه‌كانه‌وه‌ نه‌ خوێندبێته‌وه‌ یان گویێ‌ بیستی نه‌بوبێت ,  ئه‌ی كام له‌ئێمه‌ له‌كاتی دادگــایی كردنی ئه‌وانه‌دا ئاماده‌بوه‌ ؟.
 ( ئێمه‌ ) واته‌ میلله‌ت واته‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ی به‌خت یاوه‌ریان نه‌بووه‌  له‌ نه‌بونی و له‌ نه‌هامه‌تی له‌م نیشتمانه‌دا ڕزگاریان بێت , ئێمه‌ واته‌ ئه‌و بونه‌وه‌رانه‌ی كه‌ فێر نه‌كراوین هیچ مه‌كینه‌ی ماستاو سارد كردنه‌وه‌یه‌ك به‌ده‌سته‌وه‌ بگرین , ئێمه‌ واته‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه‌زمانمان زمانی گوڵه‌و ڕخنه‌كانمان بۆ خۆشنودی خۆمانه‌ و خاڵین له‌ڕق و پڕین له‌ توڕه‌بون به‌رامبه‌ربه‌ ( ئێوه‌ ) و ئێوه‌ ڕه‌خنه‌كانمان به‌ ( وه‌ڕێنی سه‌گ له‌مانگه‌شه‌و) پێناسه‌ده‌كه‌ن و به‌جاسوس و به‌كرێ‌ گیراوی وڵاتان تاونبارمان ده‌كه‌ن .
  ئێوه‌ واته‌ كاربه‌ده‌سته‌ بێ‌ خه‌مه‌كان, مه‌سئوله‌ پاوه‌نخوازه‌كانی ئه‌م نیشتمانه‌, كه‌ وڵات تان وێران كروه‌ و پڕتان كردوه‌ له‌ كائینی شه‌ڕانی و  گه‌نده‌ڵ و چه‌قۆبه‌ده‌ست ؟! ئێمه‌ ده‌ستێكمان هه‌یه‌ بۆ به‌خشین ( ئێوه‌ ) چیتان هه‌یه‌ بیی به‌خشن به‌ ئێمه‌ , جگه‌ له‌ سوكایه‌تی كردن نه‌بێت به‌ ئیراده‌ی ئێمه‌ ؟ ئێَمه‌ دلێكمان هه‌یه‌  پڕه‌  له‌ خۆشه‌ویستی بۆ  نیشتمان , ئێوه‌ چیتان هه‌یه‌تا به‌ نیشتیمانی ببه‌خشن , جگه‌له‌وه‌ی هه‌میشه‌ دڵی نیشتمانتان سوتاندووه‌ و  دڵه‌كانی خوتان پڕكردوه‌ له‌ غه‌ریزه‌ی شه‌یتانی ؟ ئێمه‌ ڕۆحێكمكان هه‌یه‌ هه‌مه‌یشه‌ له‌ئاست گه‌وه‌ری نیشتماندا ئاماده‌یه‌ بۆ ده‌رچوون , به‌ڵام ئێوه‌ كه‌ڕۆحتان لێوان لێوه‌ له‌ هه‌ناسه‌ی ته‌ماوی و ساتێكی پڕ له‌ شه‌هوه‌تی خۆتان و به‌زمی  سه‌رمێزه‌كانتان نا گۆڕنه‌وه‌ به‌ گریانه‌كانی ئێمه‌ , ئیدی چۆن جورئه‌ت ده‌كه‌ن به‌ئێمه‌ بڵێن  ( فه‌وزه‌وی یه‌كان ) ؟  ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك له‌سه‌ر داواكاری یه‌كانی خۆیی زمان بگرێت و دژی شه‌ڕه‌ بێ‌ تاموو بێ‌ ماناكانی ئێوه‌ هاوار بكات و ئێوه‌ ناوی لێبنێن ( فه‌وزا ) ئه‌وا ئێمه‌ خه‌ڵكانێكین تاسه‌رئیسقان شانازی به‌ ( فه‌وزه‌وێتی خۆمانه‌وه‌ ده‌كه‌ین )  و ده‌ڵێن بژی ( فه‌وزه‌وێت ).
 خه‌ونه‌كانی ئێمه‌ هه‌موو خه‌ونی ئیناسنین و ئازادی ئه‌قڵ و خۆشنودی ته‌واوی مرۆڤه‌كان خه‌ونی هه‌میشه‌ سه‌وزمانه‌ , به‌ڵام خه‌ونی ئێوه‌ چی یه‌ ؟ جگه‌ له‌ مۆنۆپۆلكردنی سه‌رجه‌م كایه‌ جیاجیاكان نه‌بێت ؟ خه‌ونی ئێوه‌ بێ‌ ده‌نگی ئێمه‌ یه‌ له‌ئاست گه‌مه‌ ناشرینه‌كانتاندا , خه‌ونی ئێوه‌ شكاندنی ده‌سته‌كانی ئێمه‌یه‌  كه‌هه‌ركاتێك بمانه‌وه‌ێت ( په‌نجه‌ مان )   درێژبكه‌ین بۆ گه‌نده‌ڵی یه‌كانی ئێوه‌ , ئێمه‌ خه‌ون به‌وه‌ وه‌ ده‌بینین كه‌ باڵنده‌كان له‌سه‌ر لوله‌ی تفه‌نگه‌كانتان  بنیشنه‌وه‌ و له‌سێ‌ به‌ری مرۆڤه‌كان هه‌ڵ نه‌یه‌ن , به‌ڵام  ئێوه‌ به‌  تفه‌نگه‌كانتان ده‌م كوتمان ده‌كه‌ن , كاتێك ئێمه‌ قسه‌ ده‌كه‌ین و ڕه‌خنه‌ ده‌گرین بۆ ئه‌وه‌ی خۆتان پاك بكه‌نه‌وه‌ له‌ ئه‌و كاره‌ی كه‌ پێی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون , ئێوه‌ به‌ دوژمون و به‌ جاسوس و به‌ خیانه‌تكارو به‌ تێك ده‌ری ئه‌من و ئاسایشی وڵات تاوانبارمان ده‌كه‌ن و خۆتان ده‌كه‌نه‌ فریشه‌تی فریاد ڕه‌س له‌ئێمه‌ .
ئه‌وه‌ 18  ساڵی ته‌واوه‌ ,ئێمه‌ هاوارتان لێده‌كه‌ین و داوای ئازادی ده‌كه‌ین , ئێوه‌ به‌ندمان ده‌كه‌ن و سوكایه‌تی به‌كه‌رامه‌تمانه‌وه‌ده‌كه‌ن , 18 ساڵه‌ داوای خۆشنودی و سه‌ربه‌ستی ده‌كه‌ین , 18 ساڵه‌ هاوار ده‌كه‌ین , به‌سه‌ گه‌نده‌ڵی , به‌سه‌ كورسی په‌رستی , به‌سه‌ …تد , ئێوه‌ گۆمان لێناگرن , ئێستا ئێوه‌ ده‌پارێنه‌وه‌ داوای به‌خشین ده‌كه‌ن , ئێوه‌ ده‌پارێنه‌وه‌و داوای ده‌نگ دانمان لێده‌كه‌ن , كه‌چی له‌مه‌شیاندا ڕاست نافه‌رمون و دروشمه‌كانتان پڕه‌ له‌ وه‌هم , ئامانجه‌كانتان پڕه‌ له‌فێڵ و خۆَڵاكردنه‌ چاو ؟! .
له‌ 25/7 دوباره‌ خه‌ڵكی كوردستان هه‌موتان  تاقی ده‌كاته‌وه‌ , له‌م سه‌ری چه‌پ بۆئه‌وسه‌ری ڕاست له‌ ئیسلامیه‌كانه‌وه‌ تا عیلامانیی كان , تابۆئه‌وه‌ی بزانن تاچوار ساڵی ئاینده‌ چه‌ند پرسیاری تری هاوشێوه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌ دووباره‌ده‌بێته‌وه‌ و كام له‌ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ دروشم و بانگه‌شه‌كانی خۆیدا ڕاستگۆیانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت .  
تێبینی : ئه‌م وتاره‌ له‌ ژماره‌ ( 541 ) ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ .

 

Previous
Next

Leave a Reply