Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

ده‌بمه‌ بازرگانی په‌ڕۆ!! … محه‌مه‌دی مشیر

Be First!
by September 11, 2013 گشتی

 

 

 

 

گه‌ر ده‌مزانی هاونیشتمان و هاوشارییه‌كانم هێنده‌ عاشقی په‌ڕۆ و شه‌ڕه‌ په‌ڕۆن، گه‌ر ده‌مزانی شه‌ڕه‌ په‌ڕۆ ده‌كه‌ینه‌ بۆنه‌یه‌كی نیشتمانیی و هه‌موو چوار ساڵێ‌ به‌گوڕوتینه‌وه‌ یادی ده‌كه‌ینه‌وه‌، گه‌ر ده‌مزانی له‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكدا ملیۆنان دۆلار ده‌كه‌نه‌ په‌ڕۆیه‌كی بێسوود و دوای ماوه‌یه‌كی كورت ده‌یكه‌نه‌ خۆراكی زبڵدان، گه‌ر و گه‌ر و هه‌زار (گه‌ر) ی دی …. قه‌ت ئه‌و رێچكه‌یه‌ی ئێستا گرتوومه‌ته‌ به‌ر نه‌مده‌گرت و بڕیارم ده‌دا ببمه‌ بازرگانی په‌ڕۆ! 

خۆ هیچ نه‌بێ‌ له‌ هه‌ر چوار ساڵ جارێكدا ئه‌وه‌ی له‌ فرۆشتنی په‌ڕۆ وه‌گیرم ده‌هێنا له‌ هیچ جۆره‌ (كاسبیه‌كی) دیكه‌دا وه‌گیرم نه‌ده‌هات. خه‌ڵك (كاسبیی) ده‌كاو ئێمه‌ش (كاسبی!)، سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م میلله‌ته‌ به‌ به‌رچاوی زه‌قه‌وه‌ ده‌چێته‌ زبڵدان و هه‌زارانیش هه‌نسكی په‌یداكردنی نانی به‌یانی هه‌ڵده‌كێشن، سه‌دان كوێره‌ رێی گونده‌كانمان به‌ پوڵی ئه‌و په‌ڕۆیانه‌ قیرتاو ده‌بوون، سه‌دان قوتابخانه‌ی دیهاته‌كانمان به‌و پاره‌یه‌ ئاوه‌دان ده‌بوونه‌وه‌، ده‌یان بنكه‌ی ته‌ندروستی له‌ شارۆچكه‌كانمان دروست ده‌كران، هه‌زاران منداڵی هاوزمانه‌ ئاوه‌راكانی خۆرئاوامان پۆشته‌ ده‌كران، چیتر و چیتر به‌و ملیۆنان دۆلاره‌ نه‌ده‌كران؟!

ره‌نگه‌ بڵێن ئه‌وه‌ش پێویسته‌ و با هه‌بێ‌، لێ‌ هه‌بوونی ئه‌مه‌ نه‌ك له‌ ئێستادا، به‌ڵكو له‌و په‌ڕی ئاسووده‌یی مرۆڤه‌كانیشماندا به‌ هه‌ده‌ر دانی سامانی نیشتمانییه‌و نابێ‌ هه‌بێ‌. هه‌مووی بیست ساڵێك نابێ‌ هاونیشتمانه‌كانم پاره‌ی كڕینی كیلۆیه‌ك ئاردی ورتكه‌نانیشیان له‌ گیرفاندا نه‌بوو، پاره‌ی كڕینی قوتویه‌ك شیری منداڵه‌كانیان پێنه‌بوو، زۆر شتی دیكه‌یشیان نه‌بوو، بۆیه‌ ناشێ‌ هه‌روا به‌ سانایی مێژوویه‌كی پڕ له‌ قات و قڕیی و ته‌ڵخ و تاری وه‌ك دوێنێی نزیك له‌ بیركه‌ین، به‌ڵكو پێویسته‌ په‌ندو وانه‌ی لێوه‌رگرین، هێشتاكێ‌ رۆژانێكی زۆرمان له‌پێشه‌و نه‌خواسته‌ تووشی هه‌ر گرفتێك بین به‌ر له‌ هه‌مووان بازرگانانی په‌ڕۆ گاڵته‌ به‌م هه‌رێمه‌ و مرۆڤه‌كانی ده‌كه‌ن. ئینجا تۆی هاووڵاتیش هه‌تا زووه‌ ئاوێ‌ بینه‌و ده‌ستان بشۆ!  

Previous
Next

Leave a Reply