Skip to Content

Thursday, January 21st, 2021

ده‌بێ چیم نووسیبێ …. حه‌مه‌ کاکه‌ره‌ش

Be First!
by September 7, 2011 ئەدەب

 

دڵی  من
شکاوه‌
ده‌ستی لێمه‌ده‌
چیتر گۆرانی ناڵێ
دڵی من.
***
 
رۆژ به‌ رۆژ
ته‌ڵخ ده‌بێ ڕوانینم
پاییز رژاوه‌ته‌ چاومه‌وه‌
***
 
هیچ تاقه‌تی ژیانم نه‌ماوه‌ هیچ
خۆ من  منداڵ نیم
له‌ یاریکردن بێزار بووم
 
***
هه‌موو ڕۆژێک ساڵێک پیر ده‌بم
که‌ له‌ خه‌و خه‌به‌رم ده‌بێته‌وه‌
ده‌ڵێی له‌ مردن گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌
***
هه‌موو شه‌وێ هه‌زار خه‌ون ده‌بینم
من بێتاقه‌تی ئه‌و خه‌ونه ناخۆشانه‌م
نه‌ک ژیان
ڕاهاتووم له‌وه‌ی
ژیان یه‌ک خه‌ونه‌ به‌تاڵ و خۆش
***
منداڵیم پڕ بوو له‌ خه‌ون
ئێستام پڕه‌ له‌ نائومێدی
ژیانم خه‌ونێکی پڕ نائومێدی و
نائومێدییه‌کی پڕ خه‌ونه‌
***
 
به‌ منداڵی خه‌ونم ئه‌وه‌ بوو گه‌وره‌ ببم
به‌ خه‌یاڵ خۆم گه‌وره‌ ده‌کرد
ئێستا
به‌ خه‌یاڵیش ناتوانم منداڵ ببمه‌وه‌
***
 
ده‌توانین به‌ ژیان بڵێین: ئاگر ئاگرێکی به‌ له‌ززه‌ت
به‌ مردنیش بڵێین: نا هیچ ناڵێم مردن شایه‌نی ئه‌وه‌ نییه‌
هیچ ناوێکی لێ بنێم ته‌واو ناخۆشی کردووه‌.
***
 
گله‌یی چی له‌ تۆ بکه‌م
من خۆم دڵم وه‌ک ژێرپیاڵه‌یه‌ک کێشا به‌ زه‌ویدا
***
 
ڕه‌نگه‌کان به‌ تۆوه‌ ده‌دره‌وشێنه‌وه‌
تۆ به‌ ڕووتی ده‌دره‌وشێیته‌وه‌.
***
له‌ژێر بارانه‌که‌دا پێی گه‌یشتم
وای له‌ ساردیی ده‌ستی و
گه‌رمیی لێوه‌کانی
***
به‌فر ده‌باری
هێنده‌  له‌ژێر به‌فره‌که‌دا وه‌ستاین
سه‌ر و قژمان سپی سپی بوون
به‌ڵام چاوه‌ڕه‌شه‌کانی هه‌ر ده‌دره‌وشانه‌وه‌.
***
وه‌ک دڵم لای نهێنییه‌ک بێ
وه‌ک بڵێ منداڵیم له‌و دێڕانه‌دا خۆیی شاردبێته‌وه‌
حه‌ز ده‌که‌م بگه‌ڕێمه‌وه‌
ئه‌و دیڕانه‌ بخوێنمه‌وه‌
که‌ له‌ ده‌رگا و دیواری
پۆله‌کان نووسیومن
ده‌بێ چیم نووسیبێ!؟
***
 
ئه‌م شیعره‌ له‌ ژماره‌ 66 گۆڤاری هه‌نار بڵاوبووه‌ته‌وه‌

Previous
Next

Leave a Reply