Skip to Content

Saturday, September 19th, 2020

ده‌ستتان خۆش فه‌رهاده‌کان

Be First!
by July 30, 2008 ژنان

  له‌وانه‌یه  ناونیشانێکی سه‌یر بێت ،  ئاخۆ فه‌رهاده‌کان کێبن و بۆ ده‌ستیان خۆش بێت ؟  دیاره ده‌ستخۆشی و ئافه‌رین ده‌رئه‌نجامی کارێکی باش ، پاڵه‌وانێتی و به‌ده‌ستهێنانی سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره ئاڕاسته‌ی که‌سێک ده‌کرێت ، به‌لاتانه‌وه سه‌یر نه‌بێت هه‌موو شتێک له‌نێو خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگه‌ی مندا  بۆته  سه‌روسه‌مه‌ره‌و هه‌مووشیان شایه‌نی ده‌ستخۆشین ،  فه‌رهاده‌کانیش  که‌سانێکن  له‌نێو نیشتمانێکی هه‌میشه زامداردا په‌روه‌رده‌کراون و به‌ژه‌کی دڵڕه‌قی گۆشکراون ،  له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی که‌لتورخواز و نامۆ به‌ڕیزگرتن له‌به‌ها جوانه‌کانی ژیان و  له‌بێباوه‌ڕی به‌و ڕاستییه‌ی که ئینسانه‌کان  وه‌ک یه‌ک به‌ئازادی دێنه دونیا و دواتر ئه‌بنه یه‌خسیری کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک تینوو به‌خوێنی ئینسان ، به‌ڵێ فه‌رهاده‌کان  له‌کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا تینوون  به‌خوێنی شیرینه‌کان ،
 ژیانی ژن ئه‌مڕۆ له‌مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌دایه له هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی کوردی تێدا ئه‌ژین ، له ووڵاتانی ده‌ره‌وه‌بن یان له‌ناو کوردستان  به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕوی چاره‌نووسێکی ڕه‌شن که سه‌رچاوه‌که‌ی موتوربه‌کراوی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پیاوپه‌رسته ، به‌ڵێ ئه‌مه ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره  له‌ته‌واوی قۆناغه‌کانی مێژووی نه‌ته‌وه‌ی کورددا پیاو سالارو سه‌روه‌ری کۆمه‌ڵگه‌یه و خودی ژن به‌رپرسه له گه‌شه‌کردنی ئه‌و بیرۆکه  کۆنه ، چون ژن هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه  خۆی ته‌سلیمی ئه‌و واقیعه ڕه‌شه کردووه و قایله به‌وه‌ی که  کۆیله‌ی هه‌موو بڕێار وئازارێکی پیاو بێت و هه‌رخۆشی کوڕه‌که‌ی له کچه‌که‌ی خۆشتر ئه‌وێت و هه‌موو دوعایه‌کی ،، کوڕت نه‌مرێت ، به‌دایکی کوڕان بیت ، برات نه‌مرێت ، کوڕه‌کانت خۆش بن ،،، ئه‌مانه ئه‌و دوعا و پاڕانه‌وانه‌ن که به‌سه‌رزاری ژنانه‌وه‌ن وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وان کچیان نه‌بێت و وه‌ک کوڕه‌کانیان  شه‌ونخونی وئازاریان پێوه‌نه‌کێشابن ،  وێرای ئه‌وه‌ی ژن که خۆی کچه ، دایکه ، خه‌سووه ، بووکه ،  به‌ڵام ڕۆڵی هه‌ریه‌کێکیان به‌جیا ئه‌بینێت  ،   کاتێک ئه‌بێته دایک به‌ئاواته‌وه‌یه  کوڕی زۆر ببینێت تا هاوسه‌ره‌که‌ی وماڵی خه‌زوری لێی ڕازی بن ، زۆرمان له چیرۆکی  خۆسووتاندن  یان ته‌ڵاقدانی ئه‌و ژنانه بیستووه که کچیان زۆره یان کوڕیان نییه ،  کاتێک ژن ئه‌بێته خه‌سوو یان دش واته خوشکی مێرد ،  قیناعێکی دیکه ئه‌پۆشێت که دووره له هه‌ست وسۆزی ژنێتی و ئه‌بێته دووژمن و  ماڵوێرانکه‌ری بووکه‌که‌ی یان براژنه‌که‌ی ، زۆریشمان چیرۆکی ئه‌و ژنانه خوێنده‌وه که بوونه سووتماکی ئاگری ئاژاوه‌و بوختان و سوکایه‌تیپێکردنی ماڵه‌خه‌زوران و خه‌سوو ، من تاوان نانێمه گه‌ردنی ژن چون ژن له‌کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا په‌روه‌رده بووه ئێستاشی له‌سه‌ربێت تا بیناقاقای نوقمی بێ به‌رابه‌ری و سوکایه‌تی پێکردنه ، ئه‌و کولتوره‌ی له نه‌نک ودایکی بۆماوه‌ته‌وه که ئه‌بێت ملکه‌چی پیاو بێت ، له خێزانێکدا  په‌روه‌رده ئه‌کرێت یه‌که‌م ووشه‌ی  بڤه‌یه و دووه‌م ووشه‌ی مه‌که هه‌ر که سه‌‌رپێش که‌وت  ئه‌بێت کۆشی داپۆشێت ، ئه‌مه‌یه ڕاستی په‌روه‌رده‌کردنی کچ ، ئه‌بێت شه‌رمن بێت ،  گۆشه‌گیر ولاواز بێت ،  ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا بێشه‌رم وچاوقایمه ، په‌روه‌رده‌یه‌کی بێ به‌رنامه و دوور له  بیرکردنه‌وه له چۆنێتی کاریگه‌ری له‌سه‌ر  دواڕۆژو چاره‌نووس ،  کام له‌ئێمه نه‌مانبیستووه یان پێمان نه‌وتراوه  شاڵا تۆش کوڕێک بویتایه ؟ ئه‌مه‌یه لووتکه‌ی شکاندن وبێباوه‌ڕی به‌ئینسان بوونی ژن ،   ده‌رئه‌نجامی که‌لتورو ترسی کۆمه‌ڵ و  نابه‌رابه‌ری  کێشه‌ی ژنی لێ که‌وتۆته‌وه که ئێستا کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ترسناکه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه بۆسه‌ر به‌ئینسانبوون و ژیانی ژن ،  کۆمه‌ڵێش وا ڕاهاتووه  که ژیانی ژن یه‌کسانه به‌بڕێک  پاره ،  چون  کۆتایی هێنان به ژیانی ئینسانێک  له‌گه‌ڵ پاره‌دا خراونه‌ته یه‌ک ته‌رازوو بۆیه  هه‌ر پیاوێک مه‌زاجی ته‌واو نه‌بوو  خوێنی ژنێک نۆش ئه‌کات تا مه‌زاجی بێته‌وه تاییم ئیتر بێگوێدان به ناوزڕاندن و په‌رته‌وازه‌بوون و سه‌رلێشێوانی مناڵ و  بنه‌ماڵه‌یه‌ک ، ژیانی ژن هێنده  نرخێکی که‌می خراوه‌ته‌سه‌ر  ئه‌کوژرێت و خاوه‌نه‌که‌ی له‌که‌لاوه‌یه‌ک یان  به‌نابه‌ردێت ته‌رمی فڕێ ئه‌دات ،  پێێ له‌نگ نییه  چ تاوانێکی به‌رابه‌ر ئینسانییه‌ت ئه‌نجامداوه ،  ژن کوژی بۆته ئاوخواردنه‌وه چونکه سزای نییه ،  ئه‌و ده‌رده کوشنده‌یه ڤایرۆسێکه کورد له‌گه‌ڵ خۆی هێناویه‌تییه  ووڵاتانی ده‌ره‌وه و ده‌وڵه‌ته پێشکه‌وتنخوازه‌کانیشی به دڕنده‌یی خۆی ناساندووه ، ئه‌وه نییه هه‌ر فه‌رهاده‌و به‌ناوی تێکچوونی باری ده‌رونییه‌وه کچه‌که‌ی ، خوشکی ، هاوسه‌ره‌که‌ی  چه‌قۆی بێویژدانی ونجن ونجن ئه‌کات ، به‌نازو ، شیلانو ده‌یانی دیکه بونه قوربانی که‌سێک نه‌بوو له‌سه‌ریان هه‌ڵباتێ ، ئه‌وا دوێنێ شنۆیه‌کی  دیکه‌ش گه‌یشته کاروانی ڕه‌شه‌کوژی و بووه قازاوه‌تی  پیاو ، خۆ شنۆ هێشتا خیانه‌تی نه‌کردبوو ؟  ئاخر ئه‌و فه‌رهادانه له‌داوێنی خۆیان ئه‌ڕواننه ژن و پێیان وایه شیرینه‌کانیش وه‌ک و ئه‌وان داوێنیان پیسه ،  به‌داخه‌وه شنۆش چووه ڕیزبه‌ندی ئه‌و ده‌سته خوشکانه‌ی که ژیانیان کرایه قوربانی ێولحی عه‌شایه‌رو بێ سه‌روه‌ری یاسا و داڵده‌دانی بکوژه‌کانیان و شه‌ره‌فی پاکیان له‌که‌دارکرا تا بیکه‌نه پاساو بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و له‌که‌یه‌ی هێشتا داوێنیانی نه‌گرتبوو،  ئاخۆ ئه‌بێت نرخی شنۆ چه‌ند بێت و ژیانی به‌چه‌ند دۆلار بقه‌بڵێنرێت  ؟
 
 لەژمارە ( 4634) ( 27/7/2008) ڕۆژنامەى كوردستانى نوىَ  بڵاو بۆته‌وه  
 23/7/2008
 هۆڵندا
 gullabaibun@yahoo.com

   
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply