Skip to Content

Saturday, September 19th, 2020

ده‌فته‌ر…..به‌کر ئه‌حمه‌د

Be First!

ده‌فته‌ر به‌رگی تێده‌گیرێ و هه‌موو گیانم ده‌بێ به‌ چاو
به‌ لاستیکێکی به‌نه‌خوێن، تووند ده‌یبه‌ستم و
که‌مێک له‌ نزیک دڵه‌وه، له‌ ژێر باڵما، ‌ هه‌ڵیده‌گرم ‌
به‌ خه‌تێک جوانتر له‌ خه‌تی خۆشنووسه‌کانی ناو بازاڕ، ناوی خۆم و باوک و باپیره‌م ده‌نووسم.

له‌ باراندا ده‌بمه‌ چه‌تری، نه‌بادا پیتێک ئاو بیبا
 له‌گه‌ڵما ده‌چێ بۆ شانۆ
به‌دیار فلیمی سه‌هره‌وه‌، وه‌نه‌وزده‌دا
لای کابرای قاورمه‌فرۆش، بیرم ده‌چێ
باوک و دایک و خوشک و کچ و کوڕی گه‌ره‌ک
به‌ کۆڵاندا وه‌ک شێت هه‌ڵدێن: که‌س ده‌فته‌رێکی به‌رگشینی له‌م کۆڵانه‌دا نه‌دییوه‌
من ده‌گریم و شه‌و دێوێک دێته‌ سه‌ر سنگم
له‌ مامۆستای پۆلمان ده‌چێ و به‌ ده‌م خه‌وه‌وه‌ هه‌ر ده‌گریم.

ئای خوایه‌ چ ده‌فته‌رێک بوو!
مار و په‌یژه‌ی هه‌ڵگه‌ڕان بوو به‌ کێوی سه‌ختی وشه‌دا
نیشانه‌ی پرسیاری تیا بوو له‌به‌رده‌م دوو داری دارا و
داری ده‌ستی مامۆستادا
ناوی ئه‌و مامۆستایانه‌ی وشه‌ی زارییان ، حه‌یوان، ماکه‌ر، گوێدرێژ بوو
به‌هاران، گه‌ڵایه‌کم ده‌خسته‌ لۆچی دوو په‌ڕه‌‌ و
زستانانیش چاوم سه‌وز ده‌ڕشت به‌ گه‌ڵا
ئێواران ده‌فته‌رم، ماڵه‌ و ماڵ ده‌گه‌ڕا
چی کوڕ و کچی گه‌ڕه‌ک بوون، داڕشتنی: "مامۆستا خۆشه‌ویستتره‌ یان باوک"
سه‌ر له‌به‌ر ده‌نووسییه‌وه‌ و
بۆ به‌یانی هه‌ر هه‌موومان له‌سه‌ر یه‌ک پێ و ڕوو له‌ دیوار
له‌سه‌ر یه‌ک قاچ ڕاده‌گیراین

هه‌شت سه‌د وهه‌شتا و هه‌شت شاخی تیا بوو
هه‌شت سه‌د و هه‌شتا و هه‌شت ڕووبار
ناوی کچه‌کانی ئاماده‌ییه‌که‌ی خوارووی ماڵ، قه‌رزی ماستهێنانی باوکم له‌ دووکانه‌که‌ی به‌رانبه‌ر
ده‌رهێنه‌ری فلیمه‌ هندییه‌ تازه‌که‌ و
هه‌ڵه‌کانی گوڵبه‌هاری دراوسێمان، ناوی ئه‌وانه‌ی به‌عز بوون
ئه‌وانه‌یشی پاڵه‌وانی "مه‌جه‌ گه‌ڕڕه‌ بۆم هه‌ڵپه‌ڕه"‌ی ئێوارانێکی هاوین بوون

ئێستاش به‌ عیشقی ئه‌وساوه‌، بۆ ده‌فته‌رێکی ونبوو ده‌گه‌رێم
ده‌ڵێن: ده‌فته‌رێک هاتووه،‌ خه‌ریکی تاپۆکردنی ئاسمانی سه‌ر شاره‌کانه‌ و
‌وه‌ک نهۆمێکی ئیحتیاتی سه‌ر‌ کۆشکی خۆی سه‌یری ده‌کا
گرێبه‌ستی بازرگانی له‌گه‌ڵ هاوین ئیمزاده‌کا و
بای پێده‌دا
ڕه‌نگ له‌ سنه‌وبه‌ر ده‌کڕێت و
به‌ دارستانیش ده‌ڵێ: هیچ ته‌نده‌رێک له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌م ئیمزا نه‌کا
ده‌ڵێن ده‌فته‌رێک هاتووه‌، به‌ ته‌نها سه‌د په‌ڕه‌ییه‌ و
نا و و شوهره‌ت و جنسییه‌ی
 له‌ ده‌‌فته‌ری که‌لیمات و  سی په‌ڕه‌یی، شه‌ست په‌ڕه‌یی هه‌موو په‌ڕه‌ییه‌کانی دیکه‌
سه‌ندۆته‌وه‌ و
ته‌قاعودیشییان ناداتێ.
ئه‌هرامێکی،له‌ حه‌وشه‌که‌یدا داناوه‌ و
 له‌و دیو دیواری ماڵه‌وه، کارخانه‌ی دروستکردنی گۆڕستانێکیش بۆ ژیان
ده‌فته‌ر شاخ ده‌دا به‌کرێ، نه‌شته‌رگه‌ری شه‌قام ده‌کا و
سیحرێکیش له‌و کۆڵانانه‌ی، له‌ نه‌خشه‌ی به‌له‌دییه‌دا هه‌ن، که‌چی هیچ که‌س نایانبینێ
ده‌فته‌ر ناچێته‌ چایخانه‌، که‌س له‌ حه‌مامدا نه‌یدیوه‌ ‌
لای ده‌لاک سه‌ری چاک ناکات
ده‌فته‌ر ده‌چێته‌ په‌رله‌مان، شه‌وان له‌ به‌رده‌م کامێرای تێڤێکاندا، به‌ رۆژ له‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه و 
دوای عه‌سرانیش، ده‌نگی به‌سه‌ر شه‌پۆلی ڕادیۆوه‌‌‌
ده‌فته‌ر بۆیاخچی شاعیر و بۆیاخی شیعری خۆی هه‌یه‌
 هه‌م بۆ قژی
هه‌م بۆ ڕه‌نگکردنی چه‌ند باره‌ی، به‌رگی ئه‌و ده‌فته‌رانه‌ی دی‌
له‌ ڕه‌نگی به‌رگی ئه‌و ناچن

ده‌فته‌ر ناچێته‌ قوتابخانه‌ و
 شه‌هاده‌ی دکتۆرای قانون، ماجسته‌ر له‌ فه‌لسه‌فه‌دا
ده‌خاته‌ ته‌نکه‌ی باخه‌ڵی

من بۆ ده‌فته‌رێک ده‌گه‌ڕێم
له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌میدا
ریزێک شاخ و
ڕووبارێک به‌به‌ر دامێنیا ده‌ڕژێته‌خوار
رێزه‌ ماڵێک،
په‌نجه‌ره‌ی ماڵ، هه‌ر هه‌موویان ڕوو له‌ هه‌تاو
پردێک به‌سه‌ر جۆگه‌له‌وه‌
دارێک سه‌وز وه‌ک سه‌ربانی ماڵ
به‌رخێک و شوانێک و سه‌گێک، دارا و زارا
باوک به‌ عه‌للاگه‌ی ده‌ستییه‌وه‌‌
خۆرێک له‌و دیو شاخانه‌وه‌، قه‌ت نیازی نییه‌ ئاوا بێ
دایکێک سه‌به‌ته‌ له‌ قۆڵییا و پڕ له‌ هه‌نار
بولبولێکیش، پڕ به‌ گه‌رووی، بانگمده‌کا

8ی جانیوه‌ری 2008
baker.ahmed@comhem.se

Previous
Next

Leave a Reply