Skip to Content

Wednesday, December 2nd, 2020

ده‌نگ …. شیعری: مامكاك

Be First!
by July 10, 2011 ئەدەب


ئه‌وه‌ی له‌ ده‌نگی من بكا، كتومت ده‌بێ‌ وه‌ك كه‌ژ بێ‌
باڵا بڵند و سه‌ركه‌ش بێ‌
ئاخر چونكه‌: –
***
سروه‌ی به‌یان له‌گه‌ڵا ده‌نگی من هه‌ڵده‌كا،
شنه‌ی شه‌ماڵی هاوینه‌، خاوه‌، ده‌ڵێی ده‌نگی منه‌، خه‌می ده‌با…
منتان وه‌بیر دێنێته‌وه‌…
***
خه‌واڵووه‌ ده‌نگم لاتان
لـێ‌ ڕاست، بۆنی مێژووی لێدێ‌،
ده‌نگم ده‌بێته‌ دیرۆك و هه‌ر ده‌مێنێ‌،
تا بشمێنێ‌ به‌هادارتر و سه‌نگینتر خۆی ده‌نوێنێ‌:
ویسكی و باده‌ تا كۆنتر بن
قیمه‌تێكی زۆرتر ده‌كه‌ن، بۆ فرۆشیار
به‌ڵام با هه‌ر به‌ ته‌مه‌ن و گرانبه‌ها بێنه‌ بازاڕ،
فڕیان لێده‌، سڕت ده‌كه‌ن
هه‌ڵیانقۆڕه‌، گێژت ده‌كه‌ن
گۆزه‌ڵه‌یشیانت هه‌ڵچۆڕاند
عه‌قڵت دۆڕاند.
لـێ‌ ده‌نگی من – تا قووڵتر بچته‌ ناو مێژوو
زرنگتر و ناسكتر و به‌ سۆزتر و ڕاستتر و ڕه‌وانتر ده‌بێ‌:
نه‌وه‌كانی دواڕۆی كورد، نه‌ وه‌ك ئێستای ئه‌م نه‌وه‌یه‌،
گوێی لـێ‌ ده‌گرن…
ئاخر ئێستا، بیر تاریكه‌
یان هی حیزبه‌، یان هی پووله‌، یان هی خه‌تێكی باریكه‌…
چونكه‌ منیش حیزبم نییه‌، كوردم هه‌یه‌
چونكه‌ منیش پاره‌م نییه‌، هزرم هه‌یه‌
چونكه‌ منیش خه‌تم نییه‌، ڕێگه‌یه‌كی ڕاست و زۆر به‌رینم هه‌یه‌…
كه‌س ده‌هۆڵم بۆ لـێ‌ نادا،
كه‌س له‌ شاییم هه‌ڵناپه‌ڕێ‌،
كه‌س شیعرێكم له‌ په‌ڕێكی ڕه‌شی حیزبێك ناوه‌شێنێ‌!
كه‌سێك نییه‌ به‌ خاترانه‌ش، جارێك
له‌بۆم بكا باسی كارێك
من نووسیبم، جا با به‌ ڕه‌خنه‌ی تفتیش بێ‌…
بۆیێ‌ – بۆیێ‌…
چاوه‌ڕێمه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ بێ‌
هزری پاكی كوردایه‌تی
ڕێگه‌ی ڕاستی یه‌كگرتنه‌وه‌ی خاك و ئاو و ڕێگه‌ و بان و بنكه‌ی زۆر و ڕه‌ش و ڕووت و مێزگه‌لی سه‌ركردایه‌تی
باڵاده‌ست بن،
با خۆم نه‌بم، به‌ڵام ده‌نگم ده‌چریكێنێ‌…
له‌ ناو میشكی هه‌موو كوردێك زه‌نگ لـێ‌ ده‌دا، ده‌ژیێته‌وه‌
منتان له‌بیر ناچێته‌وه‌…
***
له‌ دووم وه‌رن، زایه‌ڵه‌ی من،
ئازادی هزری پێوه‌یه‌…
هه‌ر بایه‌كی له‌م وڵاته‌ كزه‌ بكا، شێی ده‌نگی منی پێوه‌یه‌
هه‌ر بارانێك له‌م وڵاته‌ كه‌ ببارێ‌، زێی ده‌نگی منی پێوه‌یه‌
ده‌نگی من بۆتان ده‌رمانه‌،
هه‌ست و خوستم نابڕێته‌وه‌، هه‌ر دێ‌، هه‌ر دێ‌. تا ئه‌م خاكه‌ كوردستانه‌!
له‌ بیری خۆتان بێلنه‌وه‌…
منتان له‌بیر نه‌چێته‌وه‌…
***
هاشه‌ی شنه‌ كه‌ له‌ گه‌نمی پێش دروێنه‌ ده‌دا،
تامی ده‌نگی منی لێدێ‌،
خوڕه‌ی ئاوی تیژی كانی
خوستی ده‌نگی منی لێدێ‌
سه‌مای گه‌ڵای سه‌ر لقه‌كان، له‌ به‌هاران
خشپه‌ی ده‌نگی منی لێدێ‌
من ئه‌و ده‌نگه‌م، هه‌ر ده‌مێنم نابڕێمه‌وه‌…
كه‌ ده‌نگی من له‌ دیمه‌نی به‌هار داڵێ‌ ، مێرگی ده‌ڕازێنێته‌وه‌
یه‌كه‌م گه‌واڵه‌ی پایزیش كه‌ له‌ تۆز و خۆڵی زه‌وی ده‌دا، بۆنی ده‌نگی منی لێدێ‌…
ده‌نگی من هه‌نده‌ ڕووناكه‌
هه‌تا كوێره‌یش ده‌یبینێ‌،
ده‌نگی من هه‌نده‌ به‌ هێزه‌،
تا كه‌ڕ و لاڵیش گوێی لێیه‌،
ته‌نته‌نه‌ی له‌ره‌ی ده‌نگی من – خه‌ماوییه‌!
نووزه‌ی ده‌نگم ڕه‌نگ ئاوییه‌!
خه‌میش وه‌ك ئاو، پێویستی هه‌موو ئینسانه‌،
خه‌م باڵایه‌
خه‌م ئاڵایه‌
خه‌م خه‌یاڵێكی ئازایه‌
خه‌م، ده‌نگمه‌، ئینسانییه‌!
نه‌كه‌ن، گه‌لۆ! ده‌ستی من و دامێنتانم!
نه‌ خه‌می من، نه‌ ده‌نگی من، با له‌ بیرتان نه‌چێته‌وه‌.
وه‌ك ده‌نگی یار له‌ هۆشتان بزرنگێته‌وه‌…
***
كووره‌ی هزری كوردایه‌تی، ته‌نیا له‌ ده‌نگی مندایه‌، بۆن كڕووزی كیمیام لێدێ‌…
نه‌ ده‌سڕێمه‌وه‌،
…………..نه‌ ده‌شرێمه‌وه‌،
……………………….نه‌ ده‌بڕێمه‌وه‌،
به‌ردی سه‌فین، مه‌یله‌و، وه‌ك كه‌لله‌ی من ڕه‌قه‌،
هه‌موو دنیا بۆ دواوه‌ بمكێشێته‌وه‌،
نه‌ ده‌كشێمه‌وه‌،
…………… نه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌،
………………………….نه‌ ده‌چه‌مێمه‌وه‌،
………………………………………..نه‌ ده‌سله‌مێمه‌وه‌،
نه‌ بۆ شوێنی خۆم دێمه‌وه‌!
***
هه‌موو خونچه‌كانی ئه‌نفال له‌ ناو له‌پم ده‌پارێزم تا ده‌پشكوون،
هه‌موو خه‌مه‌كانی زیندووه‌كان له‌ قومقومی خوێنی ده‌نگم ده‌شارمه‌وه‌، تا ترس ده‌بێته‌ هه‌پڕوون،
هه‌موو وه‌رد و دێمه‌كاری ئه‌م نیشتمانه‌ بزرگه‌
جووت ده‌كه‌م،
ئاو ده‌ده‌م،
سێبه‌ریان بۆ ده‌سازێنم،
جۆلانه‌یان بۆ ڕێك ده‌خه‌م،
هێلانه‌یان له‌ ناو دڵا بۆ هه‌ڵده‌واسم،
تا ئه‌گه‌ر له‌ ئاینده‌ چاره‌نووس كاروانێكی به‌وێدا برد، كه‌مێك هه‌ڵوه‌سته‌یێكی كرد:
دوو ڕكاعه‌ت نوێژ به‌رانبه‌ری عه‌رشی ئه‌و خودایه‌ بكا كه‌
…….. نه‌ له‌ سه‌ر ئه‌نفال هاته‌ جواب
…………………………………….. نه‌ خه‌می خه‌ڵكه‌ جێماوه‌كانیش ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌!
ده‌نگم با بزرنگێته‌وه‌
نه‌كا له‌بیر بچێته‌وه‌.
***
ده‌نگم ئاشتی ده‌شینێنێ‌،
……………………ئاشتی ده‌چێنێ‌،
…………………………………ئاشتی ده‌ڕوێنێ‌،
………………… ئاشتی ده‌خوێنێ‌،
………ئاشتی دێنێ‌،
له‌ ناو قوڕگی یه‌كه‌مین ئه‌نفالی كوردان – ده‌نگم ئاشتی ده‌شینێنێ‌!
ئه‌وه‌ی هات یه‌كه‌م ئه‌نفالی كوردی كرد
ئه‌وه‌ی هات دووه‌م ئه‌نفالی كوردی كرد
كچی كوردی به‌ كۆیله‌ برد
كوڕی كوردی ڕه‌جم ده‌كرد
كافر بوو، چوو، تووشی نه‌فره‌تی مێژوو بوو.
ئه‌نفال و ده‌نگمتان له‌ بیر بێ‌، با له‌ بیرتان نه‌چێته‌وه‌!
***
ده‌نگم ئازادی له‌ زام ده‌پێچێ‌،
ده‌نگم ئازادی هه‌ناسه‌ ده‌دا:
ده‌نگم ئازادی له‌بری بنكراس و ده‌رپێ‌ قوته‌ ده‌پۆشێ‌،
ده‌نگم ئازادی به‌ چاوی ده‌بینێ‌،
ده‌نگم ئازادی هه‌ر ده‌خوا، ده‌خواته‌وه‌،
ده‌نگم ئازادی بۆن ده‌كا،
ده‌نگم ئازادی تام ده‌كا،
ده‌نگم ئازادی ده‌چێژێ‌…
ئازادیش تام و بۆن و چێژی ده‌نگی منی لێدێ‌،
ئازادی تۆزی ده‌نگی منی لـێ‌ نیشتووه‌،
ئازادی له‌ بن باڵی من خه‌وتووه‌،
ئازادی ئاره‌قه‌ی من ده‌رده‌دا،
ئازادی ئازاری من ده‌چێژێ‌،
ئازادی له‌ قوڕگی من ده‌بێته‌ ده‌نگ،
ئازادی له‌ ده‌ستی من ده‌بێته‌ قه‌ڵه‌م
ئازادی له‌ شاری من ده‌بێته‌ په‌یكه‌ر،
ئازادی له‌ ئاسمانی وڵاتی من ده‌بێته‌ ڕه‌نگ
ئازادی له‌ سه‌ر هه‌ر ده‌ نووكی په‌نجه‌م دانیشتووه‌
ئازادی له‌ سه‌ر تۆقی سه‌رم هه‌ڵتووتاوه‌
ئازادی ته‌ماشای ناو چاوم ده‌كا ده‌یه‌وێ‌ تێبگا عه‌وداڵیمه‌
ئازادی خوای
ئازادی خوای
ئازادی نه‌بێ‌ نابێته‌وه‌!
ئه‌م ده‌نگه‌متان له‌بیر نه‌چێته‌وه‌!
***
ئازادی له‌گه‌ڵا ده‌نگم تێكه‌ڵا بووه‌ و ده‌نگیشم ته‌لی داوی ئازادییه‌:
ده‌نگم چرپه‌ی بای پێوه‌یه‌ و كڵۆی به‌رفی سه‌ر كه‌ژانه‌…
ده‌نگم تێنوێتی ئاو ده‌شكێنێ‌،
كۆرپه‌ی عیشق ده‌خه‌وێنێ‌،
هه‌میشه‌ بانگه‌وازیه‌تی، جوامێر وه‌ئاگا دێنێ‌
تاری مێژوو ده‌بزوێنێ‌
تاوێ‌ ئێستا ده‌شڵه‌ژێنێ‌
ده‌نگی منه‌ وا له‌ هه‌موو شوێنێكدا دێ‌،
ده‌نگم هه‌ستی هه‌ستی منی لێدێ‌،
ناشێ‌ ده‌نگی من بێهۆش بێ‌،
ناشێ‌ ئازادی خامۆش بێ‌،
ناشێ‌ ئه‌نفال فه‌رامۆش بێ‌،
ناشێ‌ خه‌م كه‌م كه‌م بێ‌ جۆش بێ‌،
ئازادی و كه‌ژ –
ئه‌نفال و خه‌م – 
…………..ده‌نگی منن
ڕه‌سه‌نن كه‌ ده‌نگی منن
نه‌ ئازادی به‌ قسه‌ ده‌بێ‌
نه‌ ئه‌نفال به‌ قسه‌ دێته‌وه‌
نه‌ خه‌م به‌ قسه‌ ده‌ڕه‌وێته‌وه‌
نه‌ كه‌ژ كڕنۆش بۆ كه‌س ده‌با
بۆیێ‌ ده‌نگی زوڵاڵی كوردایه‌تی من
له‌ سه‌ر مێزی حكومه‌ت قه‌ت دانانیشێ‌
سه‌فین به‌ كه‌س نه‌وی نابێ‌!
هه‌ڵۆ به‌ كه‌س كه‌وی نابێ‌!
7 / 7 / 2011
هامڵتن، ئۆنتێریۆ، كانه‌دا

Previous
Next

Leave a Reply