Skip to Content

Monday, December 6th, 2021

ده‌ڕۆم .. له‌ به‌رزاییدا ده‌ژیم

Be First!
by April 14, 2009 ئەدەب

ده‌ڕۆم .. له‌ به‌رزاییدا ده‌ژیم
زاناسامان

له‌رۆخی ئه‌م كاكێشانه‌ ده‌چمه‌ ده‌رێ‌
پێده‌نێم به‌ دڵی خۆمدا
به‌رزاییه‌ك هه‌ڵده‌بژێرم بۆ نوسینه‌وه‌
ماڵێك دروست ده‌كه‌م له‌ (با)
كتێبێك هه‌ڵده‌گرم،‌و ئه‌یده‌م به‌كۆڵما
مناڵێك له‌ قه‌رسیلی گیا ده‌هێنمه‌ ژیانه‌وه‌
شانه‌یه‌ك له‌ شنینه‌وه‌ پێكده‌هێنم‌و
سه‌ری شۆڕه‌بییه‌كانی پێداده‌هێنم،
به‌رزاییه‌ك هه‌ڵده‌بژێرم بۆ گێرانه‌وه‌
له‌وێوه‌ به‌ هه‌مووتان ده‌ڵێم:
تكایه‌.. گه‌ر ژیانتان خۆش ده‌وێت..؟؟
واژۆ له‌سه‌ر ئه‌‌و په‌ڵه‌ هه‌ورانه‌ بكه‌ن
كه‌ ڕۆژانه‌ دێنه‌ سه‌ردانم
گه‌ر مه‌به‌ستانه‌ نه‌مربن
كه‌ پایز هات ..
بچنه‌ خه‌وێكی شیرینه‌وه‌
به‌ڕۆحتان بڵێن:
حیكایه‌تێكمان بۆ بگێره‌وه‌
تا كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌گه‌ڵیدا بین..؟!
به‌رزاییه‌ك هه‌ڵده‌بژێرم بۆ نوسینه‌وه‌
له‌وێ‌.. ده‌بمه‌ شه‌ریكی ئاسمان
هاورێیه‌تی له‌گه‌ڵ باڵنده‌كاندا دروستده‌كه‌م
به‌(با) ده‌ڵێم:
به‌خێرایدا، بچۆره‌ خواره‌وه‌
ئه‌‌و رۆحانه‌،پێویستیان به‌ پاكبوونه‌وه‌یه‌
بچۆره‌ خواره‌وه‌
به‌دڵه‌كاندا تێنه‌په‌ڕیت
دوورنییه‌ زه‌وی جه‌رگی نه‌سوتێت..؟!
رێگاكان پڕنه‌كه‌یت له‌خۆت
تۆزی غرووری باخچه‌كان داده‌پۆشێت..؟!
به‌به‌ر په‌نجه‌ره‌كاندا ره‌تنه‌بیت
ته‌می بوغز ده‌یانگرێت،
به‌رزاییه‌ك هه‌ڵده‌بژێرم بۆ گێرانه‌وه‌
پڕبێت له‌ خه‌ونی كه‌ڵه‌گه‌ت
تژیبێت له‌ جوانیی
رۆح له‌وێدا، مناڵانه‌
وركی قه‌ڵه‌مێك بۆ نووسین بگرێت،
به‌رزاییه‌ك، هه‌ر ده‌ستم به‌رزكرده‌وه‌
یه‌كسه‌ر ته‌وقه‌ له‌گه‌ڵ خودایا بكه‌م‌و
پێی بڵێم: .. هه‌ر هێنده‌ی نیگایه‌ك‌و به‌س
سه‌یرێكی خواره‌وه‌ بكه‌
چۆن وه‌چه‌كانی ئاده‌مت
به‌ وه‌نه‌وزی گریانه‌وه‌
خه‌ریكی نووسینه‌وه‌ی
ڕۆژه‌كانی نـــــــامورادین،
به‌رزاییه‌ك هه‌ڵده‌بژێرم بۆ دووركه‌تنه‌وه‌
ده‌ڕۆم‌و له‌وێوه‌
قه‌سیده‌یه‌كتان بۆ ده‌نێرم
هێنده‌ درێژبێت
له‌ گۆڤارێكدا به‌ به‌ش به‌ش دایبه‌زێنن
واده‌كه‌م له‌جوانییدا
هه‌موو ماڵێك له‌ كتێبخانه‌كه‌یدا… هه‌یبێت
ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌نوسمه‌وه‌
كه‌ كچه‌ بچكۆله‌كه‌م ده‌یانكات
ئه‌‌و نیگایانه‌ داده‌رێژم
هی ژنه‌ میهره‌بانه‌كه‌من،
ده‌چم له‌و به‌رزاییه‌دا ده‌ژیم
كه‌جێ‌ پێی كه‌سی لێ نییه‌
ئاوێته‌ به‌و شتانه‌ ده‌بم
ده‌مێكه‌ بۆیان ده‌گه‌ڕێم
عاده‌ت به‌ خۆخواردنه‌وه‌ی خۆمه‌وه‌ ده‌گرم
په‌نجه‌ بۆ ئه‌و خه‌ونانه‌ ڕاده‌كێشم
كه‌ ده‌بێت بیانهێنمه‌دی
له‌ به‌رزاییدا..
رێگایه‌ك دروستده‌كه‌م بۆ گه‌یشتن به‌ عه‌شق
ده‌كه‌ومه‌ ئه‌زبه‌ركردنی
چرپه‌ چرپه‌كانی شنه‌با
له‌ خاك‌وخۆڵی ئه‌وێ‌
دیوارێك له‌نێوان
ڕۆح‌و جه‌سته‌مدا به‌رزده‌كه‌مه‌وه‌
سه‌نگه‌ر ده‌گرم بۆ پاراستنی جوانیی
گۆڕانێكی وا دێنمه‌ كایه‌وه‌
هه‌موو دنیا بێنێته‌ زه‌لاله‌ت
له‌وێ‌….
له‌وێ‌ خۆم به‌ چنینه‌وه‌ی گه‌ڵاوه‌ خه‌ریك ده‌كه‌م
واده‌كه‌م دره‌خته‌كان  قاقایان بگاته‌ عه‌رشی فه‌له‌ك
له‌ په‌لكیان جۆلانه‌ دروستده‌كه‌م
بۆ فڕین..
واده‌كه‌م گیاكان
هێند دڵیان خۆش بێت
نه‌زانن سیسبوون چییه‌ ؟
به‌ جواناویی خۆم تینوێتیان ده‌شكێنم
ئاورنگی گوڵه‌كان ده‌كه‌م به‌عه‌تر
سه‌رو دڵۆپێك ده‌نێرم
بۆ ئه‌وانه‌ی تا ئێستا نه‌مناسیون
چه‌هچه‌ی ئه‌م زه‌مه‌نه‌
ڕاده‌كێشم به‌دوای خۆمدا
له‌وێ‌، ده‌ستی خۆم ده‌گرم‌و
پیاسه‌ به‌ناو كاكڵه‌ی شیعردا ده‌كه‌ین
نامه‌یه‌ك ده‌نێرم بۆ هاوڕێكانم
تێیدا باسی به‌رزاییان بۆده‌كه‌م
بۆیان ده‌نووسم بێنه‌ لام،
له‌ به‌رزاییه‌وه‌ بڕوانن
تا سه‌رو (شیعر) له‌ خۆیاندا به‌رنه‌وه‌
بۆ كۆڵانه‌كانی مناڵی
ده‌بێت هێنده‌ شێتانه‌ بدوێن
یاری به‌ ژیان بكه‌ن ,
پێیان ده‌لێم : كه‌هاتن
هه‌رچی حیكایه‌تتان هه‌یه‌ به‌جێیبهێڵن
چونكه‌ به‌رزایی
پڕه‌ له‌حیكایه‌تی نه‌وتراو..
به‌رزایی ئه‌وه‌نده‌ شتی لێیه‌
عیشق ته‌جره‌به‌ی نه‌كردووه‌ ،
له‌ به‌رزاییدا..
مه‌رگ شتێكه‌ بوونی نیه‌
ژیان قه‌سیده‌یه‌كه‌
به‌شی هه‌ر هه‌موومان ده‌كات .. بۆ نووسینه‌وه‌

 

Previous
Next

Leave a Reply