Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

ده‌کرێ ئاڵای عێراق وا بێت…فــه‌هــد گــرده‌وانـی

Be First!
by February 2, 2008 گشتی

ئه‌گه‌ر بڕیاری ئاڵای تازه‌ بدرێت و خۆمان له‌و [الله اکبر]ی سه‌دام حوسێن رزگار بکه‌ین ده‌بێت به‌ واقیعانه‌ش ئاسه‌واری شوێن ده‌ستی ئه‌و زاڵمه‌ ره‌شبکه‌ینه‌وه‌ ، که‌ باوه‌ڕی به‌ گه‌وره‌یی خوا نه‌بوو ته‌نها باوه‌ڕی به‌ گه‌وره‌یی خۆی هه‌بووه‌ . ئه‌و الله اکبره‌ ره‌نگه‌ بۆ کلدانی سریانی ئاشوری یه‌زیدی ئه‌رمه‌نی صابئه‌ و یه‌هودی عێراق هێنده‌ جێگای دڵخۆشکه‌ریان نه‌بێت و حه‌زیش نه‌که‌ن هه‌نووکه‌ هاواریان لێهه‌ڵبستێ و داوای شته‌کی تر بکه‌ن ، له‌ ترسی ئه‌وه‌ی که‌لیساکانیان داده‌خرێت و ره‌نگه‌ رێگاشیان پێنه‌درێت نوێژی خۆیان به‌ ئازادی بکه‌ن . ئه‌و عێراقی تازه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بێت و له‌سه‌ر پێکهاته‌ی جۆراوجۆری خه‌ڵکه‌که‌ی موسڵمانی سونه‌ و شیعه‌ و کاکه‌یی و یه‌زیدی و کلدانی سریانی ئاشوری ئه‌رمه‌نی سابئه‌ و ئه‌رمه‌ن و یه‌هودی[هه‌نووکه‌ عێراقی یه‌هوودی پڕی ئیسرائیله ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و وڵاته‌ مافیان بپارێزێت هه‌موو به‌ غاردان ئیسرائیل به‌جێ ده‌هێڵن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی باوباپیریان]‌ و عاره‌ب و کورد و تورکمان و ….هتد بێته‌ دامه‌زراندن ده‌بێت وڵاتێکی عیلمانی دوور له‌ تایفه‌گه‌ری و ئایینی بێت .ده‌بێت دین له‌ دوڵه‌ت جیابکرێته‌وه‌ و خه‌ڵکی ئازاد بن له‌ بیروباوه‌ڕ و ئیمنداری خۆیان . ده‌ڵێن جاره‌کیان معمر قه‌زافی داوای له‌ جورج حه‌به‌ش کردبوو ببێته‌ ئیسلام و ناوی [الاخضر]یشی بۆ دانابوو . جورج حه‌به‌شیش له‌ بیروباوه‌ڕی دوور له‌ دیانه‌ته‌که‌ی مرۆڤه‌کی عاره‌بی تۆخ بوو ، جیاوازی نه‌ده‌کرد له‌ نێوان موسڵمان و کریستیان . قه‌زافی خۆی به‌ شۆڕشگێر و خاوه‌ن شۆڕش ناونووس کردبوو که‌چی باوه‌ڕی به‌وه‌ نه‌بووه‌ جورج حه‌به‌ش [2/8/1926 ـــ 26/1/2008 ] کریستیان بێت و باسی عاره‌ب بکات . هه‌زار گوڵ بۆ ‌سه‌ر سینگی ئه‌و تێکۆشه‌ره‌ ،گۆڤاری [الهدف] یه‌کێک بوو له‌ گۆڤاره‌ چاکه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که‌ بیری شۆڕشگێری له‌ شه‌قامه‌کان بوو . گۆڕینی ئاڵای عێراق ئه‌ونده‌ به‌ هه‌ند هه‌ڵنه‌گیرا ئه‌گه‌رنا ده‌بوایه‌ ته‌پڵوزوڕنا عێراقی داگیربکردبایه‌و خه‌ڵکی له‌خۆشیان سه‌مایان بکردبایه‌ . ده‌ی بابزانین بۆ ساڵه‌کی تر  چی دروست ده‌کرێت و له‌شوێنی ئه‌و ئاڵایه چ په‌ڕۆکێک ده‌بێته‌ ئاڵای عێراقی تازه‌ و‌ به‌رزده‌کرێته‌وه‌ . ئه‌گه‌ر زه‌مانی شه‌ڕه‌ په‌ڕۆکی جاران بوایه‌ ئه‌وه‌ مانه‌وه‌ی الله واکبر به‌ره‌نگی که‌سک ره‌نگه‌ برایانی پارتی قلس ده‌کرد و رازی نه‌ده‌بوون ده‌بوایه‌ الله‌ اکبر به‌ سیسته‌می [فیفتی فیفتی] ببایه‌ زه‌رد و که‌سک[سه‌وز] . سیاسه‌تمه‌دارانی عێراقی ده‌بێ بزانن که‌ ناوی خوا له‌سه‌ر ئاڵا به‌زیانی خوا ته‌واو ده‌بێت ،چونکه‌ له‌کاتی خۆپیشانداندا خه‌ڵکی له‌ رق و کینه‌ ئاڵا ده‌خه‌نه‌ ژێر قاچیان و جارجاره‌ش له‌ توڕه‌یی ده‌یسوتێنن . ئه‌مه‌ش بۆ پیرۆزی ناوی خودا ره‌نگه‌ باش نه‌بێت و به‌زیانی برایانی موسڵمان ته‌واو ببێت . کاتی خۆی که‌ هێرشمان ده‌برده‌ سه‌ر سه‌فاره‌ی عێراقی زۆر به‌ ئاسانی ئه‌و ئاڵا ناپیرۆزه‌ی ئه‌نفاڵ و رژێمی فاشی له‌ناو قوڕوچڵپاوی به‌فر و هه‌ڵپه‌ڕینی له‌سه‌ر ده‌کرا و پاشان دیموکراسیانه‌ ئاگرمان تێبه‌رده‌دا . عێراقیش باهه‌ر ببێته‌ [سویسرا و سوید] خه‌ڵکانێک هه‌ر په‌یداده‌بن له‌دژی راپه‌ڕن و خۆپیشاندان بکه‌ن و ئاڵاکه‌‌ی بخه‌نه‌ ژێرقاچیان .                                                   
1/2/2008ستۆکهۆڵم

Previous
Next

Leave a Reply