Skip to Content

Friday, March 5th, 2021

دوای سەدەیەك خەباتی رەوا زمانی كوردی بەفەرمی قەدەغە دەكرێت

Be First!
by November 12, 2008 گشتی

 قەدەغەكردنی زمانی كوردی لەزانكۆكانی ئێراقدا بێجگە لەهەرێمی كوردستان بەكەركوكیشەوە، هێمایە بۆ بەهێزبونەوەی ئێراقو زیندووبونەوەی دەسەڵاتی كۆنی رژێم، كەتا ئێستا جەسارەتی دەنگ هەڵبڕینیان نەدەكرد، بەڵام لەگەڵ كزیی دەسەڵاتی كورد لەئێراقو سازشكردن لەزۆرینەی مافەكانی گەلی كوردو پشتگیری نەكردنی وەك جاران لەلایەن ئەمریكاوە، لەكاتو ساتی گفتوگۆكردن لەسەر كشانەوەی هێزە بیانیەكان لەئێراق، لەدەستدانی مادەی140و جێگرتنەوەی مادەی 24و كارنەكردن بەدەستورو پێشێلكردنی، زەمینەیەكی باش بۆ زیندووبونەوەی كۆنە بەعسیەكان رەخساو ئێستا بەئاشكرا بانگەشەی بۆ دەكەن.
 لەدەستوردا زمانی كوردی دووەم زمانی فەرمیەو لەچوارچێوەی ئێراقدا مافی كار پێكردنی هەیە، بەپێی سیستەمی فیدراڵی هەموو پێكهاتەو ئەتنیكە جیاوازەكان مافی گوزارشتكردن لەزمانو كەلتورو بیری خۆیان هەیەو بەپێی ئامارەكانی ساڵانی رابردوش هێشتا یەك ملیۆن كورد لەبەغداد دەژینو لەچیای حەمرینەوە واتە هەموو گەرمیان وێڕای تەعریبكردن بەكوردی دەئاخڤن، پێویست بوو وەك باشترین هەلی دەستكەوتوو حكومەتی هەرێم لەسەرەتاوە كاری لەسەر ئەم بەندە دەستوریە بكردایەو خوێندنگاكانی لەناوچەی گەرمیان بكردایە بەكوردیو هەموو پێداویستیەكانی بۆ دابین بكردنایە، هەرچەندە ئەمە لەهەرێمیش نەكراوە، بەڵام خەڵكی ئەوێ زۆر پەرۆشترو تامەزرۆترن بۆ زمانو ناسنامەی كوردی، جەسارەتو بەرگریشیان لەناسنامەو ئیرادەی كوردی زیاترە، هەموو هەڵەكان ئەگەرچی لەبەرامبەر سیستەمێكی كۆنداینو هیچ بەندێكی فیدراڵی بەسەردا ناسەپێت، بەڵام زەمینەی كاركردنو بەفەرمیكردنی ئەم لایەنە گرنگە لەباربوو، لەدوای پڕۆسەوە لەكەركوك كەخەڵك بەتاسەوە داوای خوێندنی كوردیان دەكرد لەخوێندنگاكانداو منداڵەكانیان بۆ قوتابخانە كوردیەكان دەبرد، لەوێ بەو شێوەیە تێدەگەیەنران كەزمانی عەرەبی بۆ دواڕۆژی منداڵەكانیان باشترەو لەبەرامبەر هەڵپەو هەنگاوی توركمانو عەرەبەكانی ئەوێ بۆ خۆسەپاندن، دەسەڵاتی كوردی سەرەڕای ئەو هەموو بنكەو بارەگاو رۆژانە ئاهەنگی حیزبیو فیوداڵیە، ئاوڕێكیان لەخەڵكی كورد نەدەدایەوەو بەدەنگ داوایەكیانەوە نەدەچوونو خەڵكیان بەوێنەی ئێستای هەرێم بێزار دەكردو ناچاری خۆدانە دەست چارەنوسیان دەكردن.
 كورد كە لەسەرەتای داگیركاری كوردستانەوە ئیرادەی شكێنراوە، كەسێتی بێ ئیرادەی بەسەردا دابڕاوە، مەحاڵە ئەگەر ئیدیۆلۆژیو فەلسەفەیەكی قوڵو ریشەیی لەپشتەوە نەبێت خۆی بكاتەوە بەو قەوارە بەهێزەی كە دەخوازرێت، بۆیە نەبونی ئەم باكگراوندە بەهێزەیە كەهەمیشە گەلو تاكێكی  بێ هێزو دەستەوسانی بەرهەم هێناوەو لەئەنجامدا خەڵكی باشوری كوردستان وای لێهاتوە خەریكە تووشی فەلسەفەی دادایزم دەبێتو بونیادنانەوەی لەبنچینەوە زۆر قورسە تەنها چاكسازییەكی ریشەیی دەیگۆڕێت.
 هەمان فەلسەفە لەهەنگاوی سەركردەكاندا هەیەو ئیرادە شكاون، لەكاتی سەردانو گفتۆگۆو كۆنگرە رۆژنامەوانیەكاندا پێویست بوو داوای وەرگێڕیان بكردایەو بەكوردی بئاخڤینایەو قورسایی زمانی كوردیان لەسەر رای گشتیو گەلی كوردیش دروستبكردایە، بەداخەوە لەكاتێكدا كە بەزمانی بێگانە دەدوێین بەشانازی دەزانین.
 هەرچەندە بڕیاری قەدەغەكردنی زمانی كوردی بەدرۆ خرایەوەو دەوترێت راست نیە، بەڵام خۆ ئەو مەترسیە هەر بوونی هەیەو پەسند نەكراوەو هەركات ئەگەری رووبەڕوبونەوەمان هەیە، ئەگەرەكانیشی لەلایەن دەسەڵاتی عەرەبیو كوردیشەوە لاواز نینو بەهێزیشە، كەواتە ناردنی ئەو لێشاوە زۆرەی عەرەبی ئێراق بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو راستیە پشت راستدەكەنەوە كەئامانجیان تەنها تەعریبكردنەوەی كوردستان بوەو هەموو بیانوەكانیتری وەك رەوشی نالەباری ئێراقو خراپی باری ئاسایش لەو ناوچانە هەمان ئەو پەندە پشتڕاست دەكەنەوە كەدەڵێت، رووی راستی بەبێژەنگ ناگیرێت. ئەمەش چاكەو پاداشتی گەلی عەرەبە بەرامبەر ئەو هەموو میواندۆستیو دڵ سەخاوەتیەی دەسەڵاتی كوردی كە لەگەورەیی خۆیان نیشانیان دانو!!!!!!! كەچی بەداخەوە لای دەسەڵاتی كوردی سبەینێ هەمان تاسو بابەتەو هیچ ئەزمونێكی لێوەرناگیرێت، ئەوان هەر برا عەرەبەكانماننو ئێمەش هەر خۆمان. ئەگەر دەسەڵاتی ئێراقی چەند بەهێزیش بێت، بەڵام بەهێزی دەسەڵاتی كوردیو سووربون لەسەر سەندنی مافە رەواكانی گەلی كوردو هەوڵدان بۆی، دەبێتە ئاستەنگی بەردەمی ئەو هێزەو گەلێری بونی كوردیش بۆ دەسەڵاتی كوردی زیاتر دەبێت.

 Stare-arif@hotmail.com                                                           
      
 
 

Previous
Next

Leave a Reply