Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

دوای هەڵبژاردن ئامانجەکانی شۆڕشی تونس بەرەوکوێ ؟

Be First!
by December 6, 2011 گشتی

ماوەیەک وای لێهاتبوو ڕووبەڕوی گاڵتەجاری دەبویەوە  گەر باست لە پێویستی ڕێکخراوکردنی جەماوەر بکردایە بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگە. ئەوەبوو لە دەرەوەی دنیای ڕۆژهەڵات هاتنە سەر کاری هەندێک لە  حکومەتە سۆسیالیستیە پەرلەمانتاریەکان لە ئەمریکای لاتین توانیان پێگەیەک درووستبەکەنەوە بۆ ئەو ئارگومێنتەی مارکس کە دنیا هێشتا پێویستی بە گۆڕانکارییە. ئەو شەپۆلە سیاسیە لە ئەمریکای لاتین ئەوەندە بە کاریگەر نەبوو و باڵی ڕاست و تەنانەت “چەپە” بیرۆکراتەکان و سۆسیال دیموکراتەکان پێکەنینیان دەهات کاتێک باست لە شٶرش دەکرد وەک ڕێگاچارەسەر بۆ کێشە سیاسییەکان.  هەربۆیە  شۆڕشی یاسەمین لە تونس کە سەرهەڵدانێکی جەماوەری چاوەڕواننەکراو بوو، دنیای سیاسەتی باوی بە تەواوەتی شۆک کرد . نمایشی ئەو زنجیرە خۆپیشاندان و بەرگریکردنە مەدەنیانەش لە شۆڕشی یاسمەینی تونسدا جەختیان کردەوە لەسەر توانای جەماوەر بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی  ستەمکاری نیپۆتیزم، خۆسەپێتن و  خێڵەکی و گەندەڵ و دیکتارۆر.
 لە بیرمان نەچێت،  لە پاڵ ئازادی ئەوە  هەلومەرجە ئابووریەکان بوون ئاگری ئەو شۆڕشەیان گەرم دەکرد، هەژاری و بێکاری و نایەکسانی کۆمەڵایەتی و نەبوونی ئازادی رادەڕبرین ، نەبوونی ئەو ماف و ئازادیانە  کە چەپی مارکسیست ساڵانێکی دورودرێژە دەستیان بۆ ڕادەکێشێت و بۆرژوازی و لیبڕالەکانی دنیاش لە هەوڵی کپ کردن و سڕینەوەیدا بوون, لەڕێگای دەزگاکانیان لە ڕۆژئاوا و  دەوڵەتە دەسکەلاکانیان لە خۆرهەڵاتی ناویندا. بۆیە زێدە ئەرێنیانە ئەم شۆڕشە گەڕانەوەی ئەو باوەڕبەخۆکردنە شۆرشگێڕانەیە بوو و ئەوئارگومێنتەی مارکسیستەکانیشی زیندوو ڕاگرت.
 ئەم شۆرشە گرنگیەکی دیکەشی هەبوو،چونکە کارەکتەرێکی زۆر جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئەو سەرهەڵدان و ڕاپەڕینانەی لە سێ دەیەی ڕابردوودا پێش خۆی ڕوویاندابوو و بەوشێوەیە فران نەبوون. یەکێک لەو جیاوازیانە بەردەوامی شۆڕشەکە بوو بەبێ ئەوەی  بەناو “یارمەتی” وڵاتانی ڕۆژئاوای لە پشت بێت، ئەو وڵاتانەی کە تینوی سامانی سروشتی ناوچەکەن.ئەمەش بۆچوونە نێونەتەوەیەکەی  سۆسیالیستەکانی جارێکی دیکە بۆ دنیا پشتڕاستکردەوە کە  گەر لە شوێنێک سەرهەڵدان و ڕاپەرین و بزووتنەوەی سیاسی کۆمەڵایەتی خۆماڵی سەرهەڵبدات، کاریگەری ئەو شۆڕشە و دووبارەبوونەوەی حەتمییە لە ناوچەکانی تری چواردەوردا ،کە مەزنی و بەربڵاویەکەی دواجار دەگەڕێتەوە بۆ هێزو توانای خودی بزووتنەوەکە لەو ناوچانەدا.
کۆمۆنیستەکان لەم ڕوانگەیەوەیە دەستنیشانی ئەوەیان دەکرد دەکرد کە خەباتی چینایەتی و خەباتی مرۆڤ بە گشتی بۆ دادپەروەری و دیموکراسی ڕاستەقینە لە تەواوی دنیادا یەك ئامانجە. هەر لەو دنیابینیەشەوە، بەرەنگاری ناسیۆنالیزم و ڕەگەزپەرستی و نەژاد پەرستی و جیاکاریەکان بوونەتەوە.  ئەم باسە لۆژیکییە هەتاوەکو بڵاوبونەوەی شۆڕشی تونس تەنها وەک  کردەیەکی مێژووی لە ڕووسیا و ئایدیالێکی جوان بۆ ئێستا و بۆچونێکی ڕۆمانسی بۆ داهاتوو چاوی لێدەکرا . دەیانگوت کە لە سەردەمی نوێ – لیبڕالیزم  و بازاڕی ئازادی گلۆباڵیدا ئەو شێوەیە لە یەکسانی و دادپەروەری مەحاڵە. دوو ساڵ دوای شکستی ئەو بازاڕە گلۆباڵیە و قەیرانە ئابووریەکانی سەرمایە، ئەوە شۆڕشەکەی تونس بوو کە ئەو سنوورانەی بەزاند و چووە میسر و دواتر وڵاتانی دیکەی ناوچەکەی گرتەوە، لە هەمووشی گرنگتر  ئەو هاوکێشە سیاسییە لۆژیکییەی مارکسیستەکانی زۆر بەهێزتر بۆ مرۆڤایەتی پشتڕاستکردەوە و لە ڕاستیدا  بووە نمونەیەکی زیندووی  تێزی “شۆڕشی بەردەوام” ی  گەورە مارکسیستی ڕووسی لیۆن ترۆتسکی. دوای تونس هەنوکە لە ناو دڵی بۆرژوازیدا لە لەندەن و  لە نیوۆرک و زیاتر لە ٨٠ وڵاتی تری دنیادا بزووتنەوەی (داگیرکاری)ەکان پەیدابوون  کە داوای ڕوخاندنی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی دەکەن،ئەم بزووتنەوە جیهانیەش ئیلهامیان لە جوانی  و بۆن و بەرام و بەرخۆدانەکەی  یاسەمینی شۆرشەکەی تونس وەرگرت. بۆیە شۆرش لە تونس کارەکتەرێکی جیهانی هەبوو و لەهەمانکاتدا کاریگەری و کاردانەوەی جیهانیشی بەدوای خۆیدا هێنا .
لە ناو خودی تونسدا ئەو شۆرشە توانی تاڕادەیەکی بەرچاو ئازادی ڕادەڕبرین و ئازادی سیاسی و  کرانەوەی دەسەڵاتی سیاسی  زۆر باشتر لە ڕژێمەکەی پێشوو بخاتە ناو سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتەوە. هەڵبژاردنەکەی مانگی ڕابردوو  شایەتی ئەو گۆڕانکاریانەن. لەو هەبژاردنەدا  ئیسلامییە میانڕەوەکانی بزووتنەوەی نەزهە (حزبی نەزهە)  زۆرینەی دەنگیان بەدەستهێناو یەکەم هەڵبژاردن بوو  لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کە زیاتر لە ٨٠ لیستی جیاوازی سیاسی بەشداریان تیادا کرد . بەڵام لە پشتی فەزای هەڵبژاردن و ئەوەی لە میدیاکانەوە دەیبینین، پرس ئەوەیە  تاچەند گۆڕانکارییەکان و دەسەڵاتی خەڵک لەو وڵاتەدا بەردەوامە؟  دەبێت چ جۆرە دەستورێک بنوسرێتەوە و بەندەکانی ئەو دەستوورە کە بەدەستی زۆرینەی باڵێکی ئاینی دەنوسرێنەوە تا چەند بنەما دیموکراتیەکان و داوا دیموکراتیەکانی شۆرش لەخۆ دەگرن؟ بۆ کۆمەڵە وەڵامێکی عەقڵانی پێویستە لە  مێژووی ئەم پارتە بکۆڵینەوە  کە زۆرینەی هێناوە و بڕیارە حکومەت پێکبهێنیت و سەرپرشتی نووسینەوەی دەستورێکی “دیموکراتی” بکات،
 دوای ئەوەی کە پارتەکەی بن عەڵی قەدەغە کراو نوێنەرانیان دەرکران لە حکومەتە کاتیەکە، لەگەڵیاندا زۆرێک لەو لایەن و  گروپە سیاسیە چەپرەوە شۆڕشگێڕانەش قەدەغەکران کە  ئیسلامی و ڕاستڕەوەکان بە دڵیان نەبوون . ڕێکخراوی (چەپی کرێکار) دیارترین لەو ڕێکخراوانە بوو، کە هەرچەندە لە ڕۆژانی شۆرشدا دەورێكی بەرچاویان هەبوو لە سەرکردایەتیکردنی خۆپیشاندانەکان و  بزووتنەوەی خوێندکاران و ڕۆڵی دیاریان گێڕا لە بەرەنگاربوونەوەی هێزە سەربازییەکانی دەوڵەت، کەچی لە هەڵبژدارنەکاندا ڕێگایان پێنەدان بە لیستی خۆیان بەشداری بکەن و بە لیستی سەربەخۆ بە ناچاری کاندیدیان دانا. یەکێک لە هۆکارەکانی پەراوێزخستنی چەپ لە تونس ئەوەیە کە چەپەکان پێیان وایە ئەگەر جوانترین دەستووری دیمکراتی  سیاسیش بنووسنەوە بۆ تونس  “هێشتا نایەکسانی کۆمەڵایەتی ناگۆرێت چونکە گەندەڵی لە سیستەمەکەدایە و سیستەمەکە بۆگەنە، ئەگەر ئابووری نەگۆڕێت  بۆ ئەوەی لەگەڵ قازانجی گشتدا بێت لە بری ئەوەی بە قازانجی بازاڕی ئازادی ئەوروپا و ئەمریکا ئاراستە بکرێت،  یەکسانی مەحاڵە”.
 لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ یەکێک لە ڕۆژنامەیەکی سۆسیالیست – فێمینستی بەریتانیا، چالاکوان و گوتەبێژی ڕێکخراوی چەپی کرێکار بەناوی ئوسامە دەڵێت:” ڕاستە چەندین ماف و ئازادی بنچینەییمان بەدەستهێناوە بەڵام دەبێت بەردەوام بین لە خەبات ئەگەر بمانەوێت سیاسییەکان لێمان نەسەندنەوە” . هەروەها ئوسامە جیاواز لە زۆربەی کۆمێنتارە سیاسییەکان زۆر نیگەرانە بە هەلومەرجەکان لە تونس. هەروەها  هاتنەوەی سەرۆکی  ڕۆحی ئیسلامی  حزبی نەزهەش بە هێنانوەی خومەیی بۆ ئێران بەراورد دەکات و حزبی نەزهەش بە نازییەکانی ئەڵمانیا دەزانێت و دەڵێت:” ئیسلامیەکانی ئەو حزبە وەک نازییەکان دێنە بەرچاوم، چۆن نازییەکان سەنتەرە کۆمەڵایەتیەکانیان داگیر دەکرد، ئەمانیش وادەکەن. لەو ناوچەیەی کە لێ نیشتەجێم ئیسلامییەکان تەنانەت سەنتەرە وەرزشیەکانیشیان داگیرکردووە و ئەگەر ڕەخنەیان لیبگریت بە دوژمنی ئیسلام لە قەڵەمت دەدەن . ئەمەش هەموو مافێکیان دەداتێ چییان بوێت لێتبکەن تەنانەت زۆر ئاسانە بۆیان لەناوت بەرن.”
 جێگای باسە نەزهە چەندین کاری لەم جۆرەی  پراکتیک کردووە لە چەند مانگی ڕابردوودا، بۆ نموونە مافپەروەری دیاری ناو بزووتنەوەی چەپی تونس عەبدڵ عەزیز مەزوقی لەلایەن میلیشیاکانی نەزهەوە زۆر بە توندی هێرشی جەستەیی کرایە سەر و لێیدرا، تەنها لەبەر ئەوەی ڕەخنەی لەو حزبە ئیسلامییە گرتبوو.لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیشدا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری تونس کە حزبێکی ماوییە و زیاتر لە ڕوانگەی ئەنوەر خۆجەی ئەلبانیاوە  سیاسەتەکانی دیاری دەکات و  دەورێکی سەرەکی هەبوو لە شۆڕشەکەدا، چەندین بەربەستی فیزیکیان لەبەردەمدا دانان بۆ ئەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا لاوازیان بکەن.  دوو چالاکوانی  ئەو حزبە کە پۆستەریان لە دیوارەکان دابوو دەستگیرکران و لێیاندرا  ولەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە و خرانە بەندیخانەوە  لەبەرئەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن لەسەر دیوارەکان قەدەغەیە و ئەو چالاکییە “نایاسایی” بووە، کەچی ئیسلامییەکان و ڕاستڕەوەکان کە بە سەرمایەیەکی زۆرەوە ریکلامی گەورەی مۆدێرنیان لەسەر جادەکان بۆ درووستکرابوون لەلایەن کۆمپانیا تایبەتییە ڕۆژئاواییەکان و  کۆمپانیا قەتەریەکانەوە،  تەواو “یاسای” بوون و کەس قسەیەکی لەبەرەیانەوە نەبوو. سەرباری ئەمانە سیستەمی  هەڵبژاردنی ئێستا لە تونس ڕێگە بە هیچ پارت و ڕێکخراوێک نادات کە خۆی بە خاوەنی زۆرینە بزانێت، کەچی نەزهە پرۆپاگەندەی ئەوەی دەکرد خاوەنی زۆرینەیە بۆ ئەوەی بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت.
ئەمیر سەمیر نووسەری ڕادیکاڵی تونسی  سەرباری نەبوونی چەپی یەکگرتوو ، سەرکەوتنی ئیسلامییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەو سەرمایە زۆرەی لە سعودیە و  قەتەرەوە وەریدەگرن موچەیان بۆ خەڵک بڕیوەتەوە و خۆراک و هەندێک ئیمتیازاتیان بەخشیوەتەوە بۆ ماوەیەکی کاتی، بەتایبەتی لە ناوچە هەژارەکاندا بۆ ئەوەی خەڵك دەنگیان پێبدەن . لەم ڕوانگەیەشەوە ڕەتی دەکاتەوە زۆرینەی تونسییەکان بە باوەڕ دەنگیان بە حزبی نەزهە دابێت.
خۆی سەرکردایەتی ئێستای نەزهە  بەشێکە لەو بزووتنە بەناو “ریفۆرمخوازە” ئیسلامییە میانڕەوانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا هاتونەتە ناو گۆرەپانی سیاسیەوە، وەک پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا لە تورکیا، بەڵام نەزهە هێشتا هێندە کراوە نییە، چونکە کاتێک نوێنەرەکانی تورکیا لە تونس گوتیان “سکولاریزم دڵی دیموکراسییە”، بە ڕەخنەی زۆر توند وەڵامی نوێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکییان دایەوە.  حزبەکە زیاتر لە گەڵ دەوڵەتانی دژە-شۆرش و  دژە نوێخوازی نزیکە وەک سعودییە و قەتەر و وڵاتانی تری کەنداو.  بە پێی ئەو زانیاریانەی ماڵپەری بەناوبانگی شۆڕشی تونس  “کافێ ئەلسەورە” بڵاوی کردونەتەوە، وڵاتانی کەنداو سەرمایەیەکی لەژماردن نەهاتویان خستۆتە بەردەم حزبی نەزهە، کە نەک تەنانەت موچە بەڵکو “خوانی ڕەمەزان و تەنانەت زۆر ئاهەنگی ژنهێنانیان بۆ لاوان ڕێکخستووە تا دەنگیان پێبدەن”. نەزهە هەرچەندە یەکێک لە کاندیدە ژنەکانی (حیجاب) پۆش نییە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە بڵێت پارێزگاری لە یەکسانی ژن و پیاو دەکات، کەچی بە سەدان هەزار تیراژی کتێبێکی سەلەفی بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا داوا دەکات ژن و  پیاو لە شوێنە گشتییەکان لەیەکدی جودا ببنەوە. چەند هەفتەیەک لەمەوبەریش ئاژانسەکان بڵاویان کردەوە کە  سینەمایەکی لۆکاڵی لە شاری تونسی پایتەختدا، فیلمیکی نمایش کردبوو لە سەر پرسی هەبوونی خودا ، کەچێ لەپڕ لاوانی نەزهە سەرباری لێدانی تەماشاکەران سینەمای ناوچەکەیان لەکارخستووە. ئێستا پێشبینی دەکرێت ئیسلامییەکان  لەگەڵ ئەو پاشماوانەی ڕژێمی پێشوو کە حزبی نوێیان درووستکردووە حکومەتێکی  ڕاستڕەوی هاوپەیمانی پێکبێنن.
فەڕەنسا دەستی کردووە بە ڕەخنە لەنەزهە بەوەی کە “دژێ ڕۆژئاواو قازانجەکانیەتی” بەڵام ئەمە زۆر ناڕاستە، هەروەکو نووسەری تونسی ئەمیر سەمیر باسی دەکات کە جگە لە کۆمۆنسیست و سۆسیالیستەکان ” ئەو هێزە سیاسیە باوانەی تونس هیچیان لە دژی قازانجی ئابووری ئیمپریالیزم و بازاڕای ئازادی ڕۆژئاوا نین و بڕوای تەواویان بەوەیە ژیانی خەڵک بخەنە دەستی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکانەوە و لەگەڵ هێڵی سیاسی نێگەتیڤی ئەمریکا و  وڵاتانی تری ئەوروپادا بڕۆن و هاوپەیمانی یەکترن لە هەموو ستراتیژەکاندا. ” ئەمە کێشەکانن کە  دەرەنجامی شۆرشێکی تەواونەکراو ڕووبەڕوی تونسیەکان بۆتەوە، ئیدی  گران نییە بزانین  بۆچی  شوعیەکان و هێزە چەپ و دژە-سەرمایەدارەکان گەشبین نین بەوەی لە تونس دەگوزەرێ .
 سەرباری شکۆمەندی ئەو شۆرشەی تونس، ئەمڕۆ هێزە سیاسییە باڵادەستەکان هەمان ئەجێندەی ئابووری بن عەلییان خستۆتە پراکتیکەوە و داهاتووی ئەو نیشتمانەشیان خستۆتە دەستی بازرگانە تایبەتییەکانی ڕۆژئاواوە و بەهۆی قبوڵکردنی پێدانەوەی قەرزەکانی بن عەلیش بە وڵاتانی ئەوروپا، ڕەزامەندییەکی تەواویان پیشان داوە بۆ گوێڕایەڵی ئەجێندەی بۆرژوازی جیهانی. بۆیە ڕاستە چەند گۆرانکارییەک کراون، بەڵام کۆمەڵگەی تونسی زۆر زیاتری لەوە چاوەڕوان دەکرد،ئەو هۆکارەشە وایکردووە شوعییەکان و چەپە شۆڕشگێرەکان و هێزە ڕادیکاڵەکانی تونس بەردەوام بن لە خەبات  وەک هێزی ئوپۆزسیۆن، چی لە ناو سیستەمی حوکمڕانی چی لەدەرەوە،  تا هێنانەمەیدانی ئەڵتەرناتیڤێکی دادپەروەر بۆ چەسپاندنی یەکسانی و دابەشکردنی سامانی گشتی بە سەر هاوڵاتیان لە پرۆسەیەکی تەواو ئازاد و دیموکراسی و خۆ-بەڕێوەبەردا ، ئەو ئامانجانە کە بوعەزیزی خۆی بۆ سوتاند و بە سەدان لاوی تونسی  ژیانی خۆیان بۆ کردە قوربانی.

ڕۆژ ئەحمەد

Previous
Next

Leave a Reply