Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

دوا كچی مەسیح…..كارزان لێبوردە

Be First!
by January 24, 2009 ئەدەب

 دوا كچی مەسیح
 كارزان لێبوردە
 
 كیژێك لە ئاوێنەی ژوورەكەمدا بەجێماوە، كە نایناسم
 كیژێك ڕەچەڵەكی دەچێتەوە سەر (كچی كافرۆش)
 كیژێك كە (ئەوە)
 (ئەو) دەبێ چی بێ، 
 كە بە شەو دەڵێ تەختەڕەش
 كە ئوتوو و دەبابە لە یەكتری جیا ناكاتەوە؟ 
 ئەو دەبێ چی بێ،
 كە هەر بەیانییەك و شێوەیەكی تری هەیە؟
 ئەو دەبێ چی بێ،
 كە هەموو شتێكی دەوێ و بە هیچیش قاییل نییە؟
 ئەو دەبێ چی بێ كە لە هیچ ناچێ؟
 
 ئەو سیفەتی بارانی هەیە
 كە دەربكەوێ؛ دڵۆپەكانی لە ئینسان زیاترن
 ئەو نەك ماڵەكەم، هەموو دنیای تێكدا،
 چووە گشت شوێنێك و
 هیچ شتێكیش وەك خۆی نەما.
 هاتنی ئەو وەهای كرد:
 سابوون بە لیفكە خۆی خنكاند
 قەمەرەكان لە جادە چەقین، بوون بە پەیكەر.
 پەرلەمان داخرا، لەسەری نووسرا:
 بە كەیفی خۆتان نان…
 میوەكان خۆیان لە بەقاڵەكان كڕییەوە
 ئینسانەكان لە ماڵەوە داگیرسان،
 چوونە دیار ئاوێنەكان…
 
 هاتنی ئەو وای كرد؛
 دایكانمان چیتر عومری خۆیان لە مەتبەخ نە شوشت
 مێژوو سەروەبن بوو؛ 
 عەینەن فنجانی قاوەگرتنەوە.
 
 ژیان لێرەوە دەست پێ دەكا،
 فاڵچی وای گوت.
 
 كارگەكان نەستەلەیان لە شێوەی دڵ دروست كرد،
 ئاوی تێنووبوون هەڵقوڵا
 پینەدۆز بە ماچ، بابووجی ژنانی ڕوحڕێژ كرد.
 برا، خوشكی خۆشویست.
 بۆ یەكەمجاریش بوو هەنگ بڵێ:
 ئەی گوڵ، سكت چەند مانگە؟
 
 كیژێك كە (ئەو)ە،
 ئەو كە ئاسمانێكی كورتەباڵا بوو
 دەبووایە بینا بەرزەكان خۆیان نەوی كەن،
 دەبووایە كەمتر هەناسە بدەین،
 ئەو كە زەوی لە بن پێی خلیسكی دەبرد،
 دەبووایە بە  دووان پێڵاوێك لە پێ كەین.
 دەبووایە ماسی لەباتی بەلەم ئیشی كردبا،
 دەبووایە پشیلە لە ئاسمان نیشتەجێ با…
 
 كیژێك كە (ئەو)ە،
 بەرلەوەی ئاوێنە بشكێنم
 وای پێ گوتم:
 لە ئاوێنەیەكی تر چاوەڕوانتم!
 
 
 
 هەولێر/ 2008
   
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply