Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
دوكانی توتن فرۆشتن … فرناندۆ پەسوا

دوكانی توتن فرۆشتن … فرناندۆ پەسوا

Closed

 

 

 

 

 

من هیچم

هیچ كاتێ  هیچم نەویستوە

ناتوانم بڵێم چیم دەوێت 

بەم جۆرە. هەموو خەونەكانی جیهان لە مندان.

 

پەنجەرەی ژورەكەم

ژورەكەم. هی كەسێكە لەو ملیۆنان كەسەی لەم جیهانەدا هیچ كەس شتەكانی نازانێت

( ئەگەر بشزانن، چی دەزانن؟)

ئێوە پەنجەرەكانتان دەكەنەوە. بەسەر ئەو شەقامانەدا كە خەڵك بەسەریا تێدەپەرێت

شەقامێك دور لە هەموو خەیاڵێك

بەراستی. واقیعێكی سەیرە. یەك یەك نهێنیەك لە ژێر سنگتاندایە بەبێ‌ ئەوەی خۆتان بزانن. 

هەموومان بەرەو دیوارەكانی مەرگ دەچین و تاڵەكانی سەرمان سپی دەبن

لە سەرنشینی شەمەندە فەرێك دەچین هەر دەرۆین و بێ‌ ئەوەی هیچ بزانین. 

 

ئەمرۆ لە پارەیەكی دراو دەچم. چون گوێم لە حەقیقەتێك بوو

ئەمرۆ كەمێك هوشیارم چون چومە تەنیشتی مەرگەوە.

پەیوەندیم بە هیچ شتێكەوە نەماوە جگە  لە دوعا.

ئەم ماڵە و ئەم شەقامە. لە وارگۆنی شەمەندەفەرێك دەچێت

بەدەنگێك لە سەرمدا شوت لێدەدات تا برۆین

بە دەماری گرژو تەقە تەقی ئێسقانەكانمەوە دەرۆم .

 

ئەمرۆ ونبووێكم

وەك كەسێك كە بیر لە شتێك دەكاتەوە و لە بیر دەكرێت

بۆخۆم لەسەر شەقامێك  لە بەردەستی توتن فرۆشێكدام 

– جیهانی راستی رۆیشت

هەستەكانم پێم دەڵێن هەمووشت خەون بوو

– لە جیهانە راستیەدا نیوە بووم. 

 

لە هەموو شتێكدا شكستم خوارد

هیچ ئارەزوێكم نەماوە تا هیچ شكستێكی تر نەبینم

هەموو شتێكم لە دەست چوو

لە پەنجەرەی پشتەوەی ماڵەكەمەوە هەڵدێم

دەچم بۆ كێڵگەكان. بۆ تابلۆ گەورەكانی ناو سەرم

ئەما جگە لە گیا و درەختەكان  هیچم ناوێت

ئەگەر خەڵكێك هەبێت وەك ئەوان ئەویشم وێت

لە پەنجەرەكە دور دەكەومەوە و لەسەر كورسیەك  بۆ خۆم دادەنیشم

دەبێت ئێستا بیر لە چی بكەمەوە؟.

 

جارێ‌ نازانم. چی دەزانم و چیم دەوێت؟.

تۆ بڵێیت من بیر بكەمەوە؟

بیردەكەمەوە. چەن شتی زۆرم دەوێت

بێ‌ حەد بیر دەكەمەوە. بیركردنەوەكانم  زۆر زۆرن

ئەوەندە زۆرن بۆم ناژمێدرێن

بلیمەت!.

هەزاران بلیمەت وەك من بیر دەكەنەوە و خەیاڵ دەكەن

تۆ ژوزانی. لە وانەیە  مێژوو  رۆژێك لە رۆژان تۆ بە بیر بهێنێتەوە

لە وانەیە كرانەوە  زۆرەكانی ئایندە گرێی تۆش بكاتەوە.

نا. زۆر باوەرم بە خۆم نیە

شێتخانەكان پڕن لە شێت

پڕن لە بیماری و باوەری زۆر!

ئێستا من هیچ باوەرێكم نیە و لە وانەیە تۆزێك مافم هەبێت یان كەمتر.

تەنانەت باوەرم بە خۆشم نیە.

دەبێت چەن زۆر بن ئەوانەی ل ەناو ژورێكدان لەم دونیایەدا

چەن زۆربن ئەو بلیمەتانەی چاوەكانیان پرە لە خەون!

چەن ئارەزوی مەزن و چەن كاری پرشكۆیان هەبێت

– بەلێ‌: باوەرم بە شەریف و گەورەییە

لە وانەشە ئارەزوەكانیشم بەدەست بهێنم

ئایا هەرگیز نوری راستی دەبینی. یان گوێی لێدەگریت؟

ئەم دونیایە هی كەسێكە دێت تا دەستی بەسەردا بگرێت

نەك هی ئەو كەسەی تەنها خەون دەبینێت

تەنانەت ئەگەر شایەستەی ئەویش بێت.

پێش نا پلیۆن من خەونم بینیوە

پێش مەسیح لە سینەمدا خۆشەویستی مرۆڤ هەبووە

فەلسەفەم رۆیشت تا كۆتایی. كە كانت هەرگیز نەیبیستبوو.

 

بەم حاڵەوە پیاوێكم لە ناو ژورەكەمدا. لە وانەشە هەروا بمێنمەوە 

پیاوێكم لە ناو ژورەكەمدا هەرچەند لێرەش نیم

حەزمدەكرد كەسێك بم” نەدەبوو لەدایك بومایە”

حەزم دەكرد كەسێك بم” ئامادەیم  نەبوایە”

حەزم دەكرد كەسێم بم  لە  چاوەروانی ئەوانی تردا

دەرگای بكردایەتەوە روبە  دیوارێك كە دەرگای نیە.

كەسێك لە هێلانەی باڵندەكاندا ئاوازی بخوێندایە

بە كامی دڵ گوێی لە دەنگی خودا بوایە.

باوەرم بە خۆمە؟. نانا بەس  خۆم نەك هیچ  كەسی تر.

لێگەرێ‌  سروشت چراكەی رۆشنكات. باران ببارێنێت

بەسەر سەری پر كێشەما

با _ با_ پرچەكانم تێك بدات

لێگەرێ‌ هەرشتێك بەرەو روم  دێت با بێت 

ئێمە دیلی ئەستێرەكانی ناو دڵمانین

پێش ئەوەی بكەوین ، هەموو جیهان فەتح دەكەین 

كە بێدار دەبین هەوا پیس دەكەین

كە بێدار دەبین دەبینین دونیا زۆر غەریبە

لەماڵ دەچینە دەرەو و سەراپای زەوی و جیهان دەبینین و

بەسە رێگاكاندا. وەك كاكێشان دەرۆین.

 

( شیرینی بخۆ، كچەكە. شیرینی بخۆ!)

سەیركە. جگە لە شیرینی. هیچ شتێك لەم دونیایەدا بۆتۆ میتافیزك نیە

سەیركە، هەرچی مەرامی ئێمەیە بەقەت شیرینیەك بۆتۆ باش نیە

شیرینی بخۆ كچەكە. بەو دەستانەت شیرینی بخۆ!

خۆزگە منیش وەك تۆ دەمتوانی شیرینی بخۆم

بەڵام من لە دورەوە بیر لە شیرینی دەمەوە

( لەدەستم بەردەبنەوە، هەرچۆن ژیان لەدەستم بەر بوییەوە)

بۆیە هیچ باش نیم

دەستم بۆ چیرۆكنوسین و شیعر زیاتر هیچی تر ناگرێت 

كردنەوەی ئەم دەروازە شكست خواردوانە ماچێكی خەیاڵاوین

برێكجار دەتوانم بەم دەستانەم فرمێسكەكانم بسرم

دەتوانم دەستی شەرافەتمەندان بۆ شتەكان رابكێشم

كاتێك دەستم دەدەم لە چركەكان

بەشی دراوسێكانیشم دەدەم و

بەروتی لە ماڵ دەچمە دەر..

 

( تۆ، ئەوەتۆیت رزگارت بووە. تۆی چونكە نیت بۆیە  رزگارت بووە.

یا تۆ . وەك خودایەكی یۆنانی چونكە نیت زیندە خەون دەبینی

یا تۆ: وەك خانمێكی خانەدانی رۆمی. كە باوەر بە خراپەی خانەدانێك  ناكەیت

یا تۆ: وەك وەك خانمێكی شازادەی گۆرانی بێژی كۆن خۆت بادەدەیت

یاتۆ: وەك ماركیسەكی سەدەی هیچ. دەمامكداری 

یا تۆ: ناز بەسەر رەچەڵەكتا دەكەیت

یان شتێكی مۆدێرنی كە بە وردی نازانم چیە.

هەموو ئەمانە. هەرچی بن.كێشەنیە  ئەگەر بتوانی ئیلهام بەخش بیت. 

دڵم خاَڵیە وەك دێرێكی بێ‌ وشە

وەك ئەو كەسانەی بانگی رۆح دەكەن. منیش رۆحم بانگ دەكەم

هیچی ترم ناوێت.

دەچمە كەنار پەنجەرەكەوە بۆخۆم سەیری شەقامەكان دەكەم:

دوكانەكان، رێبوارەكان، ئۆتۆمبێلەكان دەبینم

كەسانێك دەبینم زیندون و جلیان لەبەردایەو بەتەنیشتمەوە تێدەپەرن

سەگەكانیش دەبینم، هێشتا زیندون

هەموو ئەمانە لای من مانای خۆیان هەیە

هەموو ئەمانە لای من غەریبن. وەك هەموو شتێكی تر).

 

من خوێندم. عەشم كرد. ژیانم كرد. تەنانەت ئیمان داریشم

ئەمرۆ وەك هەموو هەژارێك خەفەت دەخۆم كە بۆچی من وەك ئەو نیم

بە جلی جوان و برین و درۆكانمەوە سەیر دەكەم و

بیر لە پێشوتر دەكەمەوە:

لەوانەیە هەرگیز وانەم . عەشق. ژیان. ئیمانم نەبوبێت.

( چۆن دەتوانم ئەو هەموو ئیشە بكەم و هیچ كامیشیان ئەنجامی نەبێت).

لەوانەیە هەر بوبم. وەك مارمێلكەیەك پێچ  بخۆمەوە بەدەوری خۆما.

 

هەر شتێك بۆ خۆم بوبێت نەمكردوە

هەرشتێك توانیبێت بیكەم نەم كردوە

ئەو جلانەی لە بەرما بوون هی خۆم نەبون

من  لە شوێنی كەسێك بووم كە من نەبوو. هیچیشم نەوت و لە دەستیشم چوو.

 

وەختێك ویستم دەمامكەكەی سەرم لابدەم

یەكێكی تر بووم

كاتێك ئەوم لاداو چومە بەردەم ئاوێنە بینم

زۆر پیرم

مت بوم و ئیتر نەمزانی چۆن ئەو جلانە لەبەر بكەمەوە كە بەبەرم نابن

دەمامكەم لە شوێنێك داناو چوم  بۆ خۆم خەوتم

وەك سەگێك كە ماندو بێ‌ خەمە.

دەشمەوێت ئەم چیرۆكە بۆ شاهیدی بنوسم.

 

ئەی گەوهەری شیعرە پر ئاوازەكانم

خۆزگە دەمتوانی

لە بری سەیركردنی دوكانی توتن فرۆشەكەی سەر شەقام

سەیری ئەو شتانە بكەم  بۆ تۆم دروستكردن

یانی ئەو شتانەی لە ژێر پێی ئاگایمدان.

چرچ  بوم

وەك ئەو فەرشەی مەستێك لە سەری  دەتلێتەوە

یان وەك قالۆنچەیەكم كە شتانێك دەدزێت هیچ قیمەتیان نیە.

 

ئێستا توتن فرۆشەكە دوكانەكەی كردوەتەوە و لەبەردەمی وەستاوە

دەردی منیش بەتەواوەتی سوراوە

بەم ئازاری رۆحەوە كە ناشزانم چیە

سەیری دەكەم

هەم ئەو پیاوە و هەم من

ئەو تابلۆی دوكانەكەی چاك دەكاو منیش شیعرەكانم

زمانی تابلۆی دوكانەكەی ئەو مردوە و شیعرەكانی منیش بە هەمان جۆر

كاتێك زمانی تابلۆی توتن فرۆشەكە دەمرێت شیعرەكانی منیش لەگەڵی 

كە ئەستێرەكان وەردەچەرخێن هەموو شتێك دەمرێت.

 

لە ئەستێرەیەكی تر یان لە شوێنێكی تر

شتانێك وەك مرۆڤ شتانێك وەك شیعر دروست دەكەینەوە

شتانێك وەك تابلۆی دوكانەكە حەزیان لە ژیانە.

 

هەمیشە شتێك لە بەرامبەر شتێكی ترە

هەمیشە هەمان قەدەری بێهودەیی شتێكی ترە

هەمیشە هەمان قەدەر واقیعێكی سەختە

هەمیشە چیرۆكی ناخمان هەمان قەدەری ئەو واقیعەیە كە تێدەپەرێت

هەمیشە ئەم شتە یان نا ئەو شتە نا یان ئەویتر .

 

ئێستا پیاوێك چوە ناو دوكانەكە ( ئایا توتنت دەوێت)

ئەم واقیعە. ناچارم دەكات بجوڵێمەوە

لە سەر كورسیەكەم هەڵدەستمەوە_ بەشكۆ. خانەنشین. مرۆڤانە.

هەوڵدەدەم ئەم شتانە بنوسم

بیردەكەمەوە بۆ نوسینی ئەم شتانە پێویستم بە جگەرەیەكە.

لە ناو چێژی جگەرەكەدا رزگارم دەبێت لەم بیركردنەوانە

نیگام بەشوێن دوكەڵەكەدا دەروات

ئەوە ئایندەی  منە.

بۆ یەك چركە هەستەكەم چێژ لەم گومان و

ئازادیە وەردەگرم.

تێدەگەم میتافیزێك كاتێكە كە حاڵی ئێمە باش نەییە. 

دیسان دەچمەوە سەر كورسیەكە و جگەرە دەكێشم.

تا ئەوكاتەی رێبوارەكان تێدەپەرن من هەر جگەرە دەكێشم.

( لەوانەیە ئەگەر لەگەڵ كچێكی جواندا هاوسەر گیرم بكردایە خۆشبەخت بووماییە ).

 

لە سەر كورسیەكە هەڵدەستمەوە و دەچمە بەردەم  پەنجەرەكە

پیاوی توتن فرۆشەكە بەرەو روم دێت ( ئایا پارەی وردە لە گیرفانیەتی وا خرەی دێت؟).

ئەو دەناسم. شوكور میتافیزیك نیە.

( ئێستا توتن فرۆشەكە لە بەردەممدایە)

گوایە ئیلهامی بۆهاتووە. سەری بەرزدەكاتەوە و من دەبینێت

دەستی بەرز دەكاتەوە و : سڵاو 

زۆر بەهێمنی دەچێتەوە شوێنی خۆی

توتن فرۆشەكە بەبێ‌ ئومێد و بەبێ‌ خەون

بۆ خۆی  پێدەكەنێت. 


                        ” فرناندۆ پەسوا” 

                 ” وەرگێرانی: نەبەز گۆران ” 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.