Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

دونیاى نووسین و شەڕە جنێو..!…. محمد احمد منتک

Be First!
by January 15, 2008 گشتی

دونیاى نووسین، دونیایەکى فراوانە و بەراستى زۆر زەحمەتە.کاتێک مرۆڤ خۆى تەرخان دەکات بۆ ئەم مەبەستە یان بەمانایەکى تر دەیەوێ ببێ بەنووسەر دەبێ ئامانجێکى هەبێت.ئەم دونیایەش دیارە جوانى خۆى هەیەو چێژى خۆى هەیە، واتە هەر کەسێ دەستى دایە قەڵەم نابێتە نووسەر چونکە نووسین خۆى لەخۆیدا دەبێت ڕاستگۆیى تێدا بێت و جورئەتێکى باشى دەوێت. لەخوا بەزیاد بێت لەدواى ڕاپەرینەوە ئەوەندە نووسەرمان هەیە کەلە ئەژمارکردن نایەن کە دەتوانین پۆلینیان بکەین بۆ چەند بەشێک بەراستى هەندێکیان تەنها بۆ پیاهەڵدانى مەسئول و حیزب وماستاو ساردکردنەوە دەنووسن، هەندێکى تریان هەیە بۆ بژێوى ژیانیان ستوون و نووسین دەنێرن بۆ ڕۆژنامە و هەفتەنامەکان.بەشێکى تریان کە بەراستى نووسەرى تەواون بۆ ئەوە دەنووسن کە کۆمەڵگا بەرەو هۆشیارى و ئاسۆیەکى ڕووناک ببەن ئامانجیان بەرەو پێشبردنى ژیانە، جوانکردنى ژیانە.
ڕەخنەگرتنیش هۆیەکى بەرچاوى بەرەو پێش بردنى کۆمەڵگاو ژیانە، چونکە ڕەخنەگر هەڵدەستێ بە شیکردنەوەو بنیاتنانى دونیایەکى فراوان و جوانترلەسەر تێکستێک.کاتێک ڕەخنەگر ڕەخنە دەگرێ بۆ ئەوەیە لایەنە شاراوەکانى ئەو تێکستە ئاشکرا بکات ئەگەر کەم و کوڕیەکى هەبوو ئەوا راستى بکاتەوە، بەڵام بەشێوەیەکى بنیاتنەرانە.
بۆیە نووسین هێزێکى وایە کە نووسەران و ڕۆشنفکران دەتوانن بە هۆیەوە کودەتا لەسەر هەموو لایەنەکانى ژیان بکەن واتە ئەو کاریگەریەى بەهۆى نووسەران و ڕۆشنفکران لەسەر ژیان وکۆمەڵگا دروست دەکرێت بە هۆى هیچ چینێکى ترى ناو کۆمەڵگا دروست ناکرێت. هەروەک بەختیار عەلى دەڵێت"کرانەوەى کۆمەڵگا لە ڕێگاى ئەو پەیوەندییە بازرگانیە ناخوێندرێتەوە کە بازرگانەکانى ووڵاتێک لەگەڵ بازرگانەکانى دەرەوە دەیکەن، لەرێگاى ئەو تەوقەو ماچ و سڵاوانەوە تەماشاناکرێت کە سیاسى و دیپلۆماتەکانى میللەتێک لەگەڵ سیاسى و دیپلۆماتەکانى دەرەوەدا دەیکەن. کرانەوەى ڕاستەقینەى کۆمەڵگا بەکرانەوەى خوێنەران و ڕۆشنفکرەکانى ئەو قۆناغە دەپێورێت بەسەر مێتۆدێکدا بتوانن لەڕێگایەوە ئەوەى بەرهەمدێت لە فکر سەرفیبکەن،بەوە دەخوێندرێتەوە چەند ئەو سەردەمە هێزى تاقیکردنەوەى ڕستەکان و تێکستەکانى تێدایە، ئیرادەى ئیشکردنى لەسەر تێکستەکان تێدایە"
واتە لێرە خوێندنەوەى تێکستەکان بۆ ئەوە نییە تاکو لەناو ئەو تێکستە تێکستێکى تر بەرهەم بهێنێت کەم و کوڕیەکانى بەشێوەیەکى ئەکادیمى و بنیات نەرانە بەدیار بخات. کەبەڕاستى ئەم قۆناغەى سەردەمى ئێمە ڕۆژنامەکان و هەفتەنامەکان تێکست و نووسینى واى تێدایە کە شایانى خوێندنەوە نین.
کاتێک نووسەرێک ڕەخنە لە نووسینى نووسەرێکى تر دەگرێت نووسەرى دووەم هەڵدەستێ بەوەڵام دانەوەى ئەو نووسەرەى کە ڕەخنەى لێگرتووە، ئیتر ئەمە چەندین جار دووبارە دەبێتەوە کار دەگاتە ئەوەى قسەى ناشرین بەیەکتر بڵێن.ئەم وەڵامدانەوەى یەکترە ئەبێ سوودى هەبێ نەوەک یەکترى بڕوخێنن، ئێمە ئەگەربگەرێینەوە سالانى سەرەتاى هەفتاکان کاتێک بانگەوازى (ڕوانگە) دەرچوو گفت و گۆیەکى گەرمى لەسەر ڕووپەڕى ڕۆژنامەکان  هێنایە کایەوە بەتایبەتى لە ( هاوکارى)، بەڵام ئەوکات خوێنەر هەستى بەتام و چێژێکى زۆر دەکردو سودێکى وەردەگرت ئەوکات شەڕێکى ئەدەبى بوو لەنێوان دوو بەرەدا ئەمەش بووە هۆى جولانەوەى ڕخنەى ئەدەبى کوردى بەهۆى ئەوەى ئەو نووسەرانە ڕەخنەیەکى بونیاتنەرانەیان لە یەکتر دەگرت جا سەر بەکام بەرەو ئایدیۆلۆژیا بوایە.
ئەوەى زۆر جار ئێمە لەڕووپەرى ڕۆژنامە و هەفتەنامەکان بەرچاومان دەکەوێت و دەیخوێنینەوە بەراستى لە شەڕە جنێو زیاتر هیچى تر نییە.بەهیچ شێوەیەک ناچێتە قالبى ڕەخنە گرتن، چونکە ئەو نووسینانە هیچ سودێکیان نییە تەنانەت خوێنەر پێى شەرمە بیانخوێنێتەوە .بۆ نموونە لە ژمارەکانى(277،275،265،261،256)ى هەفتەنامەى ( هاووڵاتى) ئازیز شەڕێکى گەرم و گوڕى نێوان دوو نووسەرى ناسراوى میللەتەکەمان کە تەنانەت مرۆڤى ئەکادیمین بەرچاو دەکەوێت، سەیر لەوەدایە کاتێک خوێنەر وتارەکانیان دەخوێنێتەوە نازانێ لەسەر چى و بەچ ئامانجێک ئەمە دەکەن؟ ئەویش شەڕى نێوان(پ.د.وریا عمر امین) وخوالێخۆشبوو (د. ئەورەحمانى حاجى مارف)ە.
کە هەر یەکەیان نکۆڵى ناکرێت خزمەتێکى بەرچاویان بە زمان و ڕێزمانى کوردى کردووە ، بەڵام بەراستى جێى داخە بەو تەمەنەو ئەو ئاستە کە هەریەکەیان خاوەنى چەندین کتێب و لێکۆلینەوەن خاوەن بڕوانامەى بەرزن شەڕێکى وا لە نێوانیان ڕووبدات کە تیایدا دەیان قسەى ناشرین و نابەجێ بەیەکترى بڵێن. کە بەراستى خۆشیان نازانن بۆ وادەکەن ، ئێمە ئەگەر بڕوانینە زمانەکەمان دەبینین دەیان کێشەو کەلێنى تێدایە ئەو دوو مامۆستا بەرێزە نایەن خۆیان بە کێشەو گرفتەکانى زمانى کوردییەوە خەریک بکەن و لێکى بدەنەوە و هاوکارى یەکترى بکەن زمانەکەمان لە هەموو ڕوویەکەوە لە دوژمنان بپارێزن کەچى کەوتوونەتە گیانى یەکترى.ئەم نەخۆشیەش هەر ئەوانى نەگرتۆتەوە بەلکو پێشتر سیاسیەکانیشمانى گرتبوویەوە، بەلام وتمان سیاسى و سەرکردەکانمان لەسەر دەسەڵات و کورسى وایان دەکرد ئەبێ ئەم دوو مامۆستایە لەسەر چى وایان کردبێ؟ بەڕاستى زیان بەخۆیان دەگات و خزمەتێکى گەورەش بە دوژمنانى زمانەکەمان دەکەن.
هەر یەکەیان ئەویتر تاوانبار دەکات و بە پیاوى ڕژێمى بەعسى لەقەڵەم دەدات. باشە من پرسیارێک دەکەم کێ هەیە تا ئێستاش ترسى بەعسى لە ناخ نەبێت؟ بەختیار عەلى دەڵێت"هەموو کوردێک دەیان سەدامى لەناخ دایە" مرۆڤ لەسەردەمى ڕژێم یا دەبوایە واژووى بۆیان بکردایە یا دەبوایە بچێتە شاخ کە بنەماڵەکەشى تووشى دەیان کێشە دەبوون، بەڵام سەیرە ئەوانە بۆ یەکترى تاوانبار دەکەن خۆ دەیان مەسئولى زل زل هەیە ئێستاش وا لەسەر کورسیە کاتى ڕژێمیش یان سیخور بووە یا پیاوى ڕژێم و ڕێ نیشاندەرى هێرشەکانى ڕژێم بوونە بۆ سەر گوندەکانى کوردستان وبەرەکانى پێشمەرگە کەچى ئێستاش باسى کوردایەتى و نیشتمان پەروەریمان بۆ دەکەن . یاخود ئەو نووسەرانەى کە لەشەڕى ناوەخۆ بەقەڵەمە ژەهراوییەکانیان ئاگریان خۆش دەکرد بۆ ئەوەى پلەیەک وەرگرن یا گیرفانیان پێ پڕکەن یا هەرنا ئافەریمێک وەرگرن.
هەروەها لە ژمارەکانى(311،310،309،306،304) ى هەمان هەفتەنامەى(هاووڵاتى) ئازیز دیسان شەڕە جنێوێکى دوور لە هەموو بەهایەکى نووسین و کارى ڕۆژنامەنووسى لە نێوان هەردوو براى بەرێز(هەورامان وریا قانع) و (م.سۆران فوزى نورى)دروست بوو. ئەمەش بەهۆى ئەوەى یەکێکیان ڕەخنەى لەکارى ئەوى تر گرتووە، بەلام چ ڕەخنەیەک ڕەخنەکان هەر لەسەرەتاوە رووخێنەر بوونە.من لێرەدا لایەنگیرى هیچ کامیان ناکەم چونکە جارى وا دەبێ ناتوانم وتارەکانیان تەواو بخوێنمەوە لەبەر ئەوەى ناچنە بوارى ڕەخنە گرتن.ڕەخنەگرتن کارێکى پیرۆزە و ئامانج تیایدا هاندانى نووسەرە بۆ ئەوەى کارى جوانتر و داهێنەرانەتر پێشکەش بکات ،بەلام نووسینەکانى ئەم دوو بەرێزە لەشەڕە جنێو زیاتر هیچیتر نییە. هەندێ جار مرۆڤ لەڕووى نایەت بیخوێنێتەوە ،چونکە هەرچەندى بەدواى تام و چێژى خوێندنەوە و سوودێک بگەڕێین تیاى نییە.لەم وتارانەدا جگە لەڕق و کینە بۆ یەکتر هیچیتر نییە. هەروەک بەختیار عەلى لە ژمارە(313)ى (هاووڵاتى) ئازیز وتارێکى پڕ بەبەهاى لەسەر تێکست بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا باس لە تێکستى کوردى لە ئێستا دەکات و دەڵێ" نووسین لەم ساتە وەختەى مێژووى ئێمەدا لەوەکەوتووە درێژکراوەى مێژووى نووسین بێت بەڵکو جۆرێک نووسین لە گۆرێیە بێ پاشڕەوت و بێ پێشڕەوت  نووسینێکە لەڕووى مەعریفیەوە ناچێتە ناوکۆیى هیچ کایەیەکى مەعریفى"
ئەتوانین بڵێین لەم جۆرە نووسینانەدا نووسین هەموو بەهایەکى خۆى لەدەست داوە ئەو پەیامەى کە هەڵگریەتى جگە لەیەکترى شکاندنەوە هیچیتر نییە.بەراستى جێى داخە بۆ ئەو نووسەرانە کە ئەم جۆرە ووشانە بەکار دەهێنن چونکە ئەبێ بەشێوەیەکى وا بنووسن کە نووسینەکانیان هەموو بەهایەکى ئەخلاقى و کۆمەڵایەتى و بوارى نووسینى تێدا بێت . کەس ناڵێ ڕەخنە مەگرن ڕەخنە گرتنیش هۆیەکى سەرەکییە بۆ چارەسەرکردنى کەم و کوڕییەکان و بەرەو پێش بردنى ڕەوتى ڕۆشنفکرى و کۆمەڵگا لەناو هەموو میللەتێک.
لەجیاتى ئەوەى ئەوان هەوڵبدەن نووسینى داهێنەرانەو پڕ لەجوانى و فکر و ئاستەکانى ڕەخنە پیشانىخەلک بدەن کەچى بەم کارەیان دەرگا بەسەر ئەو ڕێگە پڕ لە هەڵەى خۆیان دەکەنەوە کە ڕەنگە دەیان کەسى تر هەمان ڕێگە بگرن. من پرسیار لە هەموو ئەو بەرێزانە دەکەم ئایا خوێنەر چ سوودێک یا زانیاریەکى لەو شەڕە جنێوانە دەست دەکەوێت؟ ئایا چ ئامانجێک لە پشت ئەم نووسینانەتان هەیە؟
جا لەکۆتاییدا من دەست خۆشى لەهەموو کارو وشەیەکى ئێوە دەکەم کە بۆ خزمەتى ئەدەب و مێژوو و زمانى کوردیدا کردوتانە هیوادارم لە خەمى ئەدەب و زمان و مێژووى میللەتەکەى خۆمان بن نەک شەڕە جنێو ئیتر با بەس بێت.
تێبینى/ دەمێکە(پ.د.ئەورەحمانى حاجى مارف) خوالێیخۆشبێت کۆچى دوایى کردووە دواى تەمەنێکى پڕلە خزمەت بەزمان و ڕێزمانى کوردى.

 

Previous
Next

Leave a Reply