Skip to Content

Friday, May 7th, 2021

دووا وێزگەی تەم … یوسف خەلیل

Be First!
by February 4, 2013 ئەدەب

 

 

منی بێ‌ پەڕ

لە پانتاییدا چۆن دەتوانم بفڕم

گێژەڵۆكە لەنێو ژاكانی باڵەكانیدا

گێژم دەكا و بەرەو دووا وێزگەی فەنا بوون

بەڕێم دەخا..

بێباكە لەوەی چ ئاقارێ‌ میوانداریم دەكا

وەك دەسەڵاتی ملهوڕەكان

خەندە دەیگرێ‌ و قاقا دەخنێتەوە

خەڵكی بێئاگایە لەوەی ..

كەپەڕەكانی من لە كەشكۆڵی كێدایە ؟

بەرپرس وا دەڕوانێ‌

بچوكەكانیش هێندە دەلەرزن

بە لەرینەوەی ورگ وجووڵەی پەنجەكان

خەون و خەیاڵم بە فەرامۆشی دەبەخشن

منی پەراگەندە بێپەروا

هەمیشە هەڵزنان بە دیوارەكانی خووددا

وێڵ و شەیدا بەدووی هەنسكی تەمدا

تۆششش..

تا زەردە و رووخساری ئەووو

سڵاوی منت بیرچۆتەوە

هێندەی لاسكێك رێدەكەیت

زۆر بەسانایی دەشكێیتەوە

هاوڕێ‌ گیان

لێم مەگرە كەوا دەدوێم

كە پێت دەڵێم هێوور رێكە

پەرۆشمە خۆشم بوێیت

تا نیگا و نمایشی سیمای ئاڵت

ببەخشیتە ئاوێنەی رووبار

بەڵكو بە بینینی خوودت

هەموو شتێكم بیرچێتەوە

ئەی وزەی ونی رۆحێكی گەڕۆك

پەی ببە بە درزی ناخی بیمارم

لەوێوە بەردەوام بە..

تا دەگەیتە كەناری پەڕەی دڵم

تا كاندێشانە وێڵ بی لە دووم

بەڵكو بگەی بەحەسرەت و

خورپەی لێدانی ترپەی هەستم

لێرەوە لەگەڵ خەونەكانت رێدەكەم

بەڵكو لە پێكی سۆزێكدا بم خۆیتەوە

ئێدی ..هەوێنی خۆرێكی زیندوو

سەرلە نوێ‌ چاوهەڵدێنێ‌ و

دەبێتە بیمارێ‌ بۆ سارێژی خەم

ئێدی ئەوە منم زەوی

بێ هەڵاتنی نیگای روونت

درێژە بە كاروانی نامۆیی نادەم

چونكە ئەستێرەكان

دڕ بەتاریكی ئەندێشەی شەو دەدەن و

بە هەستی تۆوە دەخنێنەوە

كە تۆش ئاڵ دەبیتەوە

تەمی خوماری ناخم دەڕەوێتەوە

دڕ بە شەوەزەنگ دەدەم و

دەبم بەتۆی خۆر و

سەر لە نووێ‌

دەدرەوشێمەوە..

 

Yousif_kazh@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply