Skip to Content

Monday, May 17th, 2021

دوو دەقی شانۆیی

Be First!

 

شانۆ

 

 

 

دەقی یەکەم : خانمێکی شەبقە لەسەر

دەقی دووەم : تارمایی یان سەرزەمینی بەختەوەری

نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

 

شانۆگەری

خانمێکی شەبقە لەسەر

 

کاراکتەرەکان :

سوزان تەمەن لەدەوروبەری حەفتا ساڵ دەبێ…خاوەن پێداویستی تایبەتە و لەسەر عەرەبانەیە(کورسی پێچکەدارە)

دەنگی کارمەند هەر لەدوورەوە دەبیسترێت.

 

شوێن : گەزیبۆ(سابات- کەپر) ی بەردەم یەکێک لە باڵەخانەکانی سەرپەرشتیاری بەساڵاچوانە.

کات : لەدەوروبەری کاتژمێری دەی سەرلەبەیانی یەکێک لەساڵەکانی هەزارەی سێیەمە.

دیمەن : سوزان کەسێکی بەساڵاچووی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە و لەسەر کورسی پێچکەدارە، شەبقەیەکی نەخشداری گەورەی لەسەرە.چێوەی شەبقەکە وێنەی مانگ وئەستێرەی بچووک بچووکی لەسەر نەخشکراوە، جگەرەیەکی بەدەستەوەیە و بەهێمنی لەو بارانە دەڕوانێت کەپێدەچێت خەریکی پێداچوونەوەی شریتی سەردەمانی زوو و گەنجی بێت، یان لەوانەیە بیر لەشتێکی تایبەت بکاتەوە. ڕووناکی دەچێتە سەر سوزان و کورسییە پێچکەدارەکەی.

 

سوزان : (بەدەم مژلێدان لەجگەرەکەی) سەیرە ئەوا چارەکێک دەبێ چاوەڕوانی ئەو دەم بەهاوارەم و کەچی دیار نییە. باوەڕناکەم لێم تێکچووبێت، خۆی گووتی سەعات دەی سەرلەبەیانی دێم بۆ گەزیبۆکە و پێکەوە جگەرەی ڕۆژ دەکێشێن…(ئاوڕێک لەسەر شانی چەپی دەداتەوە) دیار نییە، تۆ بڵێێ شتێک ڕووی نەدابێت؟ نا باوەڕ ناکەم چونکە گەر شتێک بوایە من دەمزانی…خۆ ناشێت هێشتا نووستبێت؟ بڵێم چی دیسانەوە منی لەم سەرمایە سپاردۆتە تەنیایی…تەنیایی! تەنیایی چی؟ من هەموو ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانم تەنیام… لەو ڕۆژەوەی ڕەمزی هاوسەرم مردووە من تەنیام…من خەڵکانێکی زۆر لەژیانمدا بوونە و هەن، ئەوەتا لە قەرەباڵغترین باڵەخانەی سەرپەرشتیاری بەساڵاچوانم و کەچی هەر تەنیام…تەنیایی بەوە نییە دەوروبەرت چەند قەرەباڵغە و لەکوێیت، بەڵکو بەوەیە ڕوحت چەند تەنیایە…(ئاوڕێکی تر لەسەر شانی چەپی دەداتەوە) ئەو دەم چیکەنەیە پەندی پێدام…ئەوە من بوومایە و ئاوا دوابکەوتمایە پڕ چنگێکی لێدەکردم و جەنگی مەغلوبەی ساز دەدا. بەهەرحاڵ من زۆرجار بیر لەتەنیایی خۆم دەکەمەوە،ئەڵێن خوا تاک  وتەنیایە، ئەی شەیتان و ئەو هەموو فریشتانەی دەوروبەی چین؟ دە کەواتە تەنیا نییە…باوەڕ ناکەم هیچ کەسێک هێندەی من تەنیا بێت…من هاوینان کۆترەکانی ئێرە و قەلەڕەشەکان هاوڕێیەتیم دەکەن و زستانانیش باران. بیرمە ئەو کاتەی لەهەڕەتی لاویدا بووم و لەیەکێک لە دوکانەکانی کێک دروستکردن کارم دەکرد و ڕەمزیم لەوێدا بینی و ناسی و دواتریش بووینە دڵخوازی یەکتر… ئای چەندم گاڵتە بەتەنیایی دەکرد چونکە تامی تەنیاییم نەچەشتبوو، ئاسۆکانی پیربوونم لێوە دوور بوون و دیار نەبوون…گەلێ ئێواران لەکەناری ئەو دەریایەی پشتمانەوە لەگەڵ ڕەمزی لەژێر تریفەی مانگەشەودا باسی خۆشەویستیمان کردووە، باسی ئەوەمان دەکرد کە هاوسەرگیری دەکەین و منداڵ دەخەینەوە و ئیتر لەنێو زاق و زیقی منداڵەکان تامی سێوی موحیبەت دەکەین…( ئاوڕێکی تر دەداتەوە و قونکە جگەرەکەی دەستی دەخاتە نێو ئەو تەپڵەکەی کەلەوێدا بۆ ئەو مەبەستە دانراوە) من بەگومانم لە نەهاتنی ئەو دەم هارە ئەترسم شتێک ڕووی دابێت. ئەترسم دوێنێ شەو حەبەکانی نەخواردبێت و ئەم سبەینێیە پێش لەخەو هەستانی من برابێتە نەخۆشخانەی ئیمێرجینسی(فریاکەوتن)…نا باوەڕناکەم…( تۆزێک بێدەنگ ئەبێت وەک ئەوەی بیر لە شتێک بکاتەوە) نا کارمەندەکانی ئێرە هەموو شتێک لەبیر بکەن ئەو حەبانەی ئەو دەم چیکەنەیە لەبیر ناکەن…دێتە بیرم دوو ساڵ بەر لە ئێستا کارمەندێک لەیادی دەچێت حەبەکانی بداتێ و چ کارەساتێک قەوما…دوای ئەوەی بردیانە نەخۆشخانە بۆ ماوەی هەفتەیەک، کارمەندە خەمساردەکەشیان لەکارەکەی کابرد و ناردیانە ماڵەوە.(بێدەنگییەکی کورت و بەخۆگورجکردەنەوە) دەزانم دێت…نەختێکی تر پەیدا دەبێت..لەوانەیە ئەو مردوو مراوە چووبێتە سەرئاو… خۆ چوونەسەرئاوەکەیشی وەکو خەڵکی تر نییە و بەسەعات دەخاێنێت…لێشی بپرسیت دەڵێت سک چوومە…ئەو پرچبڕاوە هەفتەی دوو سێجار تووشی سکچوویی دێت…( پاکەت و چەرخەکەی دەردێنێ و جگەرەیەکی تر دائەگیرسێنێ) ئەرێ ئەم دووکەڵە تاڵەم بۆ ئەوەندە پێخۆشە…خەڵکی لەگەنجیدا دەست بەجگەرە کێشان دەکەن و لەپیریدا وازی لێ دێنن…من بەپێچەوانەوە لەگەنجیدا جگەرەم بە ڕەمزیش تەرکدا و کەچی دوای مردنی ڕەمزی من دەستم کرد بەجگەرە کێشان…چونکە بۆنی ڕەمزی لەبۆنی ئەو جگەرەیەدا دەبینمەوە…چاوتام لێیە(لەم کاتەدا پاکەتەکەی بەدەستەوەیە و دەستی بەرز دەکاتەوە وەک ئەوەی نیشانی خەڵکی بدات) ئێستا هەمان ئەو جگەرەیە دەکێشم کەڕەمزی پێش هاوسەرگیریمان دەیکێشا…بەڵام ئەم جگەرەیە و بۆنە ناخۆشەش ناتوانن قەرەبووی تەنیاییم بکەنەوە…هیچ شتێک لەدونیادا ناتوانێت ببێت بەرەمزی..زۆر جار کەدەڕوانمە ڕۆژانی ڕابردوو و سەردەمی گەنجیم پێدەکەنم و هەندێجاریش دەگریم… دەگریم بۆ ساتانەی لەسەر پێکانی خۆم دەوەستام…دەگریم بۆ ڕاوە ماسی و پیاسەی ئێواران و بۆنکردنی گوڵەکانی باخچەکە گشتییەکە، دەگریم بۆ ئەو ئەو یادەوەرییانەی لەگەڵ شیعرەکانی ئەدگار ئاڵن پۆ و پۆشکین و ولیەم بلەیک هەمە، دەگریم بۆ ساتی دەستپێکردنی ڕۆمانی پێرەمێرد و زەریای ئێرنێست هەمەنگوای و دانچەرمووی جاک لەندەن و زۆر دی…دەگریم بۆ ساتی نائومێدی گلگامش وەختێ بەدوای نەمریدا دەگەڕا…دەگریم بۆ ئەو ڕۆژەی بەدبەختی ڕووی تێکردم و ڕەمزی بۆ هەمیشە ماڵئاوایی کرد و منی سپاردە تەنیایی…ئای تەنیایی چۆن ناخی کردووم بە بەستەڵەکی ترس…جارجاریش دڵخۆشی خۆم دەدەمەوە و دەڵێم ئەوی ئەوە نییە ساڵانێکی زۆر لە ئاسوودەیی و بەختیاریدا ژیایت، بەخۆم دەڵێم ئەی تۆ نەبووی خۆشی و چێژی ژیانت لەدەست لەملانێی ڕەمزیدا بینی…ئا من بووم سواری پشتی بەلەمی خۆشنوودی بووم و بەسەوڵی چێژەوە دەریاکانی زەمەنم دەبڕی…(مژێک لەجگەرەی دەدات و تەماشای سەعاتەکەی دەستی دەکات) وا زیاتر لە نیو سەعاتە من لەم بەر سەرمایە چاوەڕوانی ئەو ناموبارەکەم و ئەویش ڕەنگە ئێستا بەدیار بەرنامەیەکی ڕادیۆوە یان هەواڵەکانی سەعات دەی تەلەفیزیۆن دانیشتبێت و منی لەیاد چووبێت. ناهەقیشی ناگرم ئەو چەند ساڵێک لەمن گەورەترە…جاربەجار کچەکەی دێت سەری لێ دەدات…بەڵام ئەوەشم لەبیر ناچێت کە کاتێ هاوسەرەکەی لەدوا ساتی ژیانی بوو، کچەکەی داوا لەباوکی دەکات کە دەستبەرداری ژیان بێت!، داوای لێدەکات کۆڵ بدات و چیتر ململانێی مەرگ نەکات و با ژیان تەسلیم بکات، هەرچەند هانا ئەو هەڵوێستەی پێخۆش نەبوو بەڵام چارەشی نەبوو و دواجار باوکە لەسەر بڕیاری کچەکە کۆڵ دەدات و واز لەخواردنی حەبەکانی دێنێت و کۆچی هەتاهەتایی دەکات. هانا هێشتا باشە و وەکو من تەنیا نییە. من نە منداڵ و نە کەس و کار…جگە لە تەنیایی کەسی ترم نییە…تەنیاییش ماڵی ئاوا نەبێ خۆ جێمناهێڵێت…جاران براکەی ڕەمزی دەهات سەری لێدەداین و ئێمەش دەچووین بۆ لایان، بەڵام ئەوا ماوەیەکی زۆرە دیار نییە و هەواڵی نازانم…چاوەکانم کز بوونە و توانای خوێندنەوەم نەماوە، ئەوڕۆژە لەکتێبفرۆشەکەی ناو ئەم باڵەخانەیە ویستم ڕۆمانێک بکڕم کەچی بەچاویلکەشەوە بۆم نەخوێنرایەوە و ناچار دەستبرداری کڕینەکە بووم… ئێستا لەمەودوا ئاگاداری داهێنانی ئەدەبی نووسەران نابم و ناتوانم چیتر لەناو خەیاڵی نووسەراندا گوزەر بکەم…(جگەرەەکەی دەخاتە ناو تەپڵەکی جگەرەکە) ئەم هانایە بۆ وای لێکردم خۆی جەغتی لێمدەکردەوە کە سەعات دە لێرە بم و کەچی خۆی نەهات…تۆ بڵێێ….نا تۆبڵێی ناوێ لەبەرچاومە وا گۆریە ئەستوورەکانی لەپێدایە و گۆچانەکەی بەتەنیشتەوەیە و خەریکی شۆربا خواردنە…ئەم ژنە هەتیوە نازانم بۆ ئەوەندی حەزی لەشۆربای برۆکلییە…کاتی خۆی بەگەنجیش باوکی کێڵگەی برۆکلی و گێزەری هەبووە و هەر برۆکلی و گێزەری خواردووە…ئەی نەتدیوە ئێستاشی لەگەڵدا بێت چاوەکانی وەک چاوی پشیلە دەبریسکێنەوە و ئەڵێی فسفۆڕیان تیا زاییوە…ئەو مردوو نەمراوە ئێستاش بڕوای بەمرۆڤی باڵا هەیە و پێیوابوو گەڕان بەدوای مرۆڤی باڵا گەڕانە بەدوای ئەو ڕاستیانەی کەلەگومان پێکهاتوون…هەر کاتێکیش باسی پۆشکینم بۆ بکردایە ئەو چل دەمە دەیگووت پۆشکین و شاعیران لەکۆمارەکی من و ئەفلاتوندا جێیان نابێتەوە.( ئاوڕێکی تر دەداتەوە) باشە سەیرە بچمەوە ژوورەوە تاقیبێکی بکەم یان نا…نا با نەچم با لێم تووڕە نەبێت و دڵی بشکێت…چونکە هانا بۆ من تاکە مرۆڤێکە هەندێکجار لەو تەنیاییە کوشندەیە هاوەڵیم دەکات…لەبەر ئەوە باشتێک نەکەم زویر ببێت…دەی بەهەرحاڵ ئەم بارانەش بێتامی کردووە و لێی ناکاتەوە… سەرمای ئێرەش لەزستاندا ڕێی هاتنە دەرەوەمان لێدەگریت…ساڵێک زوو بەفرێکی ئەستوور باری  و بۆ ماوەی نزیک بەدوو هەفتە چوونە دەرەوە زەحمەت بوو…ئەو ماوەیە لەگەڵ ڕەمزی هەنگوناویترین ڕۆژەکانی پێکەوەبوونمان بوو.(بێدەنگییەک…سەری دادەخات و دەنگی مەکینەی ئۆتۆمبێلێک دەبیسترێت.. سوزان سەری بەرز دەکاتەوە)دەبینێ ئەمبیولانسێک لەبەردەم باڵەخانەکە وەستا…ئەم هەر لە گەزیبۆکە لەسەر کورسییە پێچکەدارەکەی لەچاوەڕوانی هانایە…پاش نزیک بە پێنج دەقیقەیەک پەرامێدەکان ئافرەتێکیان پێیە و خستیانە ناو ئەمبیوڵانسەکە و بەپەلە و ویقەویق بەردەم باڵەخانەکەیان بەجێهێشت…دواتر کارمەندێک کەهەر دوورەوە دەنگی دەبیسترێت دەڵێ” ئەوە هانا بوو لە خۆ ئامادەکردن بوو بێتە دەرەوە، بەڵام بەداخەوە جەڵتە لێی دا و مرد”

سۆزان دڵی داخورپا و (وەک ترساوێک لەسەر کورسییە پێچکدارەکە خۆی گرمۆڵە دەکات) و ڕووناکی لەسەری کز دەبێت.

 

تێبینی : ئەم شانۆگەرییە لەڕۆژدا روویداوە، بۆیە تەواوی کێشە تەکنیکییەکانی دەنگ و ڕووناکی پەیوەستە بە ستایڵ و شێوە بەرخوردی دەرهێنەر بە دەقەکەوە. لابردنی ئیشەکانی ڕووناکی لە دەقەکە ئاساییە.

 

١٩ی تەمموزی ٢٠١٢

کەنەدا

 

شانۆگەری

 

تارمایی یان سەرزەمینی بەختەوەری

 

کارەکتەرەکان

ژن : تەمەن لەدەوروبەری سی ساڵە. باڵای ڕێک و بەرزە، قژ خورمایی، چاو ڕەش. پلەی خوێندەواری دەرچووی ئامادەیی بازرگانییە.جلێکی سادەی لەبەردایە.

پیاو : تەمەن نزیک بە سو و سێ ساڵە باڵا مامناوەندییە، قژ ڕەش دەرچووی زانکۆیە، نووسەرە و زۆر چڵێسە. قات و بۆینباخی لەبەرە. ڕیش و سمێڵی پاک تاشیوە.

تارمایی : بەرگێکی سپی ئاودامانی درێژی لەبەردایە. لەشێوەی مرۆڤە بەڵام هیچ شوێنێکی دیار نییە، تەنانەت سەریشی داپۆشراوە. تەنها هەردوو چاوی دەبینرێت.

دەنگی هاوڕێی پیاوەکەیە(دەنگی ئەلوات) : ئەم دەنگە زیاتر لەڕێگەی تۆمارکردنی پێشوەختەوە ئامادە بکرێت باشترە.

شوێن   باخچەی ناو حەوشەی ماڵی ژن و پیاوەیە لەیەکێک لەگەڕەکەکانی شارێکی کوردستانە.

کات : ئێوارەیەکی درەنگی دوای نانی شێوانی هاوینی ساڵی 2006ە .

 

پەردە لا دەدرێت

دیمەنی یەکەم

شانۆ بەجۆرێک نەخشەسازی بۆ کراوە کەوەک باخچەی ناو حەوشەی ماڵی و ژن و پیاوەکە بنوێنێت. لای پشتەوەی شانۆ دەرگایەک هەیە بۆ ژووری دانیشتن دەچێ و پەنجەرەیەکی بەتەنیشتەوەیە و لای چەپی شانۆش دەرگایەکی تر هەیە بەرەو دەرەوەی حەوشە.لای ڕاستی شانۆ تۆزێک تاریکە و بە ڕووناکییەکی کەم داپۆشراوە. ژن و پیاوەکە لەسەر دوو کورسی پلاستیک دانیشتوون و مێزێکی بچووکیان لەنێواندایە کە کۆمەڵێ میوە و دوو قاپ و کەوچک و چەقۆ و سوراحیەک و دوو پەرداخی لەسەرە. ژنە وپیاوە بەدەم میوە خواردنەوە خەریکی قسە کردنن. مۆسیقایەکی نەرم دەبیسترێت و لەگەڵ گیرسانەوەی وردە وردەی ڕووناکی لەسەر ژن و پیاوەکە، مۆسیقاکەش کز و کزتر دەبێت تا بەتەواوەتی خامۆش دەبێت.

پیاو : (بەدەم دەست بردن بۆ بۆڵە ترێکەی بەردەمیان) من خۆم ئەزانم چۆن پەیدای دەکەم.( دەنکە ترێیەک دەکاتە دەمییەوە) لەم           جۆرە کارانە خاراوم. . تۆ خەمت نەبێت.

ژن : خەمی چیم نەبێت. ( دەست دەبات بۆ قاپ و چەقۆکەی بەردەمی سێوێک هەڵدەگرێت و دەست دەکات بە پاککردنی) ئەمڕۆ            دەستبردن بۆ کارێکی وا دژوارە. تۆ بەردەوام کارە تەمومژاوییەکانت لەلایەکەوە گومانم لا دروست دەکەن و لەلایەکی تریشەوە نا       ئارامیم پەرە پێدەدەن. (وچانێک) ئەترسم توووشی گێچەڵێک بیت.

پیاو : (بەدەم ترێ خواردنەوە) کچی تۆ خۆت ترسنۆکیت و وا دەزانیت سەرکردن بە دەرگا داخراوەکان ئەبێتە مایەی مل پەڕاندن. (         ژن قاژێک سێو بۆ پیاوەکە درێژ دەکات و ئەویش وەریدەگرێت) من لەهەوڵی ئەوەدام نائارامیت برەوێنمەوە چاوەکەم! بەدوای         خۆری بەختەوەری ئەم ماڵەوەم.(سێوەکە دەئاخنێتە دەمیەوە). تۆ پێمبڵی دەتوانم دەرگا داخراوەکان واز بکەم یان نا؟

ژن : ( لەگەڵ ئەوەی نەشمیلانە سێو دەخوات و خەمێکیش بە روخساریەوەیە) من تا ئێستا لەهیچ تاقیکردنەوەیەکدا تۆم نەبینیوە تا      بزانم دەتوانی یان نا؟ بەڵام عیشقێک لەناختدایە ڕەنگە بە گڕی ئەو عیشقەوە بتوانی بەستەڵەکی بیابانی خەونەکانی ببڕیت.       ڕەنگە ئەو ئەوینە بەو ئاواتانەت شاد بکات کە ئۆقری لێ بڕیوی.

پیاو : ( چەپڵە لێدەدات و بەدەنگی بەرز) گیان بەدڵمە…بیڵێ. ڕاستیان گووتووە “دوو گا پێکەوە لەدۆڵێک دابنرێن نەچنە پێستی         یەک ئەچنە خوڵقی یەک”لەڕووی تۆدا نەبێت. بڕوا بکە وام زانی ڕستەی ناو چیرۆکێکم بۆ ئەخوێنیتەوە. زۆ نەمئەزانی               ئەتوانی شاعیرانە بدوێی.

ژن : ( بڕێک شەرمەزار و پێکەنینێکی کورتخایەن) بزانە ئەمەش ناکەیتە فەزڵی خۆت! تۆ خۆت بە ڕۆشنبیر دائەنێی و پێشبینی ئەوە       لە ژنێک ناکەی دوو دێری جوان بڵێت. (لەخۆبایبوونێکی پێوە دیارە) ئێ خۆ نەخویندەوار نیم. ئەوە ڕاستە ناخوێنمەوە بەڵام         بایی خۆم گوێ ئەگرم و هەست ڕائەگرم.

پیاو : ( خەجاڵەتە و تۆزێک نائارام دەبێ) نا چاوەکەم وشەکانتم پێ جوان بوو. من شانازیت پێوە ئەکەم کەبەوجۆرە دەدوێی. (            مۆبایلەکەی لەگیرفان دەردەهێنیت و یەک دوو جار دەست لە دووگمەکانی دەدات و لەسەر مێزەکەی بەردەمی خۆی دادەنێ)             ئەزانی چەند خۆشە هاوسەرەکەت فانتازیای بەهێز بێت و ئەدەبیانە بدوێت. من چێژ لەوە دەبینم.

ژن : (زویر بووە و بەنازەوە) ئێوەی پیاوان تێروانینەکانتان لەسەرتان واوەتر ناچێت.(قاپ و چەقۆکە دادەنێتەوە سەر مێزەکە و قاچ       دەخاتە سەر لاق و تەنیشت لە پیاوەکە دەکات) پێم سەیرە تۆ نووسەریت و چۆن دەبێ وا بیت؟ تۆ بڵێی نووسەرانی تریش           لەماڵەوە وا بن؟ من هەندێکجار هەڵسوکەوتی کابرایەکی نەخوێنەدەوار لە ڕۆشنبیرێکی خۆپەرست بەباشتر دەزانم.

پیاو : (بڕێک ناڕەحەتە) ئێ کچی باش خۆ کفرم نەکرد. نازانم بۆ هاندانەکانم بە خراپی لێک ئەدەیتەوە؟ ( پەرداخێ ئاو تێدەکات        و بۆ ژنەکەی درێژ دەکات) فەرموو ئاو بخۆرەوە و پاڵەپەستۆت بهێنە خوارەوە. ( هەندێک کورسییەکەی لە کورسی ژنەکە نزیک        دەکاتەوە) گوڵی من تۆ مایەی ئاسوودەیی منیت، تۆ هەوێنی خۆشەویستی منی، تۆ هەتاوی ژیانمی. توخوا بەس زویر مەبە         چونکە من ئەمڕۆژانە هەموو هەست و هۆشم لای گەیشتنە بە خەونە گەورەکەم.

ژن : (بە پێکەنینێکی گاڵتە ئامێزانەوە) خەونە گەورەکەت؟ کام خەون؟ تۆ مامۆستایت و مووچەیەکت هەیە و جاربەجاریش دەنووسیت      و پاداشت(خەڵات) لەگۆڤار و ڕۆژنامەکانیش وەردەگریت. بەجوانی گوزەرانمان دەچێت بەڕێوە و ئیتر بۆ واز لەو خەون و مەونانە       ناهێنیت؟

پیاو : ( لەژنەکە دوور دەکەوێتەوە و هەڵدەستێتە سەر پێ و ڕووی لەبینەرانە و بێزاری بەسیمایەوە دیارە) ئاخر تۆ لە ناوەڕۆکی          خەونەکەم ناگەیت. من بەنیازم سەفەرت پێبکەم بۆ سەر زەمینی بەختەوەری. بتگەیەنم بەو وێستگانەی کەتا ئێستا بوارت           نەبووە هەر بیریشیان لێبکەیتەوە. من ئەزانم ڕێگاکەم پێچاوپێچە و نوشووستی و گلانی تێدایە و گەر بەجیددی هەوڵبدەم           لەوانەیە سەربکەوم. ئەوکات تاریکایی ژیانمان ئەڕەوێتەوە و خۆری بەختەوەریمان بۆ هەتاهەتایە هەڵدێت. (بێدەنگییەکی           کورت) لەبیریشت نەچێت دەتکەمە شاژنی ناو بنەماڵەکەمان.

 

ژن : ( سینییە میوەکە هەڵدەگرێت و بەدەم ڕێکردنەوە بەرەو دەرگای ژووری دانیشتن ) دەی فەرموو با بزانین چۆن ژیانمان ڕووناک                دەکەیتەوە و چاوەڕێشم بمکەیتە شاژنی بنەماڵە.

 

( پیاوەکەش بە دوای ژنەکە دەچێتە ژووری دانیشتن و شانۆ تاریک دەبێت)

 

دیمەنی دووەم

شانۆ لەشێوەی ژووری دانیشتن سازکراوە. یەک دوو قەنەفەی کۆن و دوو کورسی دار و مێزێکی قاوەی لە دار دروستکراوی لێیە کەگوڵێک و هەندێ کتێب و گۆڤاری لەسەرە. یەک دوو وێنە بەدیواری پشتەوەی شانۆ هەڵواسراون. ڕووناکی بەچڕی شانۆی داپۆشیوە. پیاو بەتەنهایە لە ژوورەکەیە و سەری بەسەر مۆبایلەکەی داخستووە و خەریکە ژمارەیەک لێئەدات.

دەنگی هاوڕێی پیاو : ئەلو…ئەلوات… قسە ئەکات.. فەرموو

پیاو : (مۆبایلەکەی بە گوێوەیە) ئەلو… مەرحەبا قوربان.. تەندروستیتان چۆنە کاک ئەلوات؟ برادەران چۆنن؟ گووتم بەخوا کاک          ئەلوات بێڕەحم بووە و ئێمەی لەبیر نەماوە. ( پشوویەکی کورتخایەن) دەڵێم ناوەخت نەبوو زەنگم بۆ لێدای؟

دەنگی هاوڕێی پیاو : مەرحەبا لەخۆشتان کاک بەدوێژ… من زۆر باشم و برادەرانیش هەواڵت ئەپرسن. ( وچانێکی کورت) نا…نا…                         بۆ تۆ ناوەخت نییە و هەمیشە کاتمان هەیە.

پیاو : (شڵەژانێکی پێوە دیارە) سوپاستان ئەکەم و سوپاسی ئەو برادەرانەش ئەکەم. زۆرم بیری ئەکردی و گووتم با تەلەفۆنێکی بۆ         بکەم و هەواڵی بپرسم.

دەنگی هاوڕێی پیاو : سوپاست ئەکەم و لەچاکەی خۆتەوەیە… خۆت دەزانی زۆر سەرقاڵم و هەفتەی ڕابردوو لەوڵاتی تورکیا                             گەڕامەوە و بڕوا بکە هێشتا فریای ماڵی غەزوورم نەکەوتووم.

پیاو : ئینجا قوربان ئێوەومانان بەرپرسیارێتیتان لەسەرشانە و ئەرکتان قورسە و ڕۆژ تا ئێوارە لەپێناو ئەو میللەتە ( دەست دەکات        بەهاتووچۆ بەناو ژوورەکەدا) زەحمەت ئەکێشن و ئەو وڵات و ئەو وڵات ئەکەن… بەخوا ماندوون، خوا دەست بەتەمەنتانەوە           بگرێت.

دەنگی هاوڕێی پیاو : سوپاست ئەکەم و خۆزگە هەموو کەس وەکو تۆ لە ماندووبوونی ئێمە تێبگەیشتایە. بۆنێکیشم لە تورکیاوە                           بەدیاری بۆ هێناوی و باسی دامەزراندنیشم کردووی لەگەڵ ڕێزدار بنگیس و بەڵێنی داوە بەپێی ئیستحقاق و                       دڵسۆزیت لەجێگەی شیاوی خۆت دابنێت.

پیاو : (دڵخۆشە و بزەی لەسەر لێوانە) دونیایەک سوپاس قوربان…زۆر مەمنوونم…من لەخزمەتدام و هەمیشەش خزمەتکاری              دڵسۆزی ڕێزدار بنگیس و ئێوەم. ( شاگەشکەیەتی) ئەم پیاوەتییەی تۆشم تا مردن لەیاد ناچێت.

دەنگی هاوڕێی پیاو : شایانتە…شایانتە.ڕێزدار بنگیس ڕۆشنبیری وەکو تۆی خۆش دەوێ. ئەو ڕۆشنبیرێکی زیرەکی وەکو تۆی پێ                         شۆڕشگێڕە کە بەردەوام هەوڵ دەدەی مێژووی میللەتەکەمان و بنەماڵە بەڕێزەکەیان بەرز ڕابگری و ستایش بکەی.                      (دەنگی تۆزی نزمتر دەبێتەوە) بەینی خۆشمان بێ وای بەچاک ئەزانم زنجیرە وتارێک لەسەر ڕێزدار بنگیس                          بنووسی و باس لە شەهامەتی بەڕێزیان بکەیت. زوو ئەم کارە بکە و دامەزراندنەکەت مسۆگەرە.

پیاو : (بەدەم قسەکردنەوە هەر ئەڵێی لەبەردەم جەنابی ڕێزدار بنگیسە و خێرا خێرا کڕنۆش ئەبات) من خزمەتکارم و خۆم و              پێنووسەکەم چیمان پێبکرێت درێخی ناکەین. ئەوان ڕاستین و ئێمەش ڕەنگدانەوەی ڕاستین. ئەوان کۆڵەکەی مێژوون و ئەگەر         ئەوان نەبوونایە ئێستا میللەتەی ئێمە هەر لە دەبەنگی دەژیا. ( لەناکاو دەوەستێت) هەر ئەمشەو دەست بەنووسینی ئەو             زنجیرە وتارە دەکەم.

دەنگی هاوڕێی پیاو : وایە…وایە… کاکە بەدوێژ قسەکانت جوانن. دەستت خۆش بێ و دەست پێبکە. من ئەبێ بڕۆم و هەندی کارم                      هەیە و بەڵام لەبیرت ناکەم.

پیاو : ( برۆی تێکئەنێ) تا مردن سوپاس گوزارم… قەت ئەم چاکەیەم لەبیر ناچێت. سوپاس بۆ کاتت و یەک دوو ڕۆژیتر تەلەفۆنت         بۆ ئەکەمەوە.

دەنگی هاوڕێی پیاو : چاکە… جارێ خوا حافیز…

پیاو : خوات لەگەڵ قوربان… شەوت شاد بێ و هەر ئاسوودە ( تەلەفۆنەکە لەلایەن دائەخرێت و پیاوەکە تەماشایەکی تەلەفۆنەکەی        دەستی ئەکا و هەست بەتەریقبوونەوە ئەکات) بیت… هەر ئاسوودە بیت و هەزارجار شەوت شاد ئەی کەشتی پەڕینەوەم              لەدەریای نائومێدی و دەستکورتی. ئەی بەهاری نێو زستان و بەستەڵەکم… شەوت شاد ئەی هەتاوی نێو تاریکستانی                ژیانم…( لەم کاتەیا ژنەکە دێتە ژوورەوە و پیاوەکە ڕوو لەژنەکە دەکات) بەخێر بێی ئەی ژنە شیرینەکەم، ئەی گوڵەباخە         گەشاوەکەی نێو گوڵدانی ئەوینم و ئەی لاسکە ناسکە ژاکاوەکەی نێو ئینجانەی هەژاری… بەڵێن بێ  هەموو شەوێک گەشتی        لای مانگت پێبکەم و مانگ خەجاڵەتبار بکەم بەجوانییەکەت.

ژن : ( لەسەر لایەکی قەنەفەکە دائەنیشێت و بە توانجەوە) ها ئەوە چییە هاتوهاوارت لەودیوەوە ئەهاتە بەرگوێ… بزانە بەمنیش        ئەڵێی شاعیرانە قسە ئەکەیت، تۆ ئاگات لەخۆتە ئەڵێی لەسەر مەنەسەوە وتار بۆ هەزاران کەس ئەدەیت و ئەشیڕێنی. (           سەرزەنشتانە)  هەر شێت نەبیت قەیناکە.

پیاو : کچێ چۆن شێت نابم لە خۆشیانا کە جەنابی ڕێزدار بنگیس بەڵێنی داوە داممەزرێنێ و شوێنی شیاوی خۆمم بداتێ. کاک              ئەلوات ئەم هەواڵەی پێدام… کچێ وەختە لەخۆشیانا بفڕم… (لە نزیک ژنەکەوە دائەنیشێت) زۆرم نەماوە دەستم لەو                            گەنجینەیە گیر ببێ.

ژن : (بەسەرسوڕمانەوە) من تێناگەم بۆچی ئاوا ئۆقرەت لێبراوە. ئەترسم خۆشتی لەسەر دابنێی. تۆ ئەگەر بزانیت یاری بەئاگر           دەکەیت. واز بێنە و لەکەلی شەیتان وەرە خوارەوە. با نەلەقەل بین و نە لەکۆتر.

پیاو : کچێ گیانە تۆ خۆت هەم قەلی و هەم کۆتر…تۆ دەلاقەی هیواکانمی و من ئەم هەموو هەوڵدانەم بۆ ئاسوودەیی و خۆشی           تۆیە. زوو زوو گەشتی تورکیات پێئەکەم و ئەچینە کۆریا ولەزێڕت هەڵئەکێشم و ژیانی دەکەم بە هەنگوین.

ژن : (خۆشباوەڕانە) دە مادام وایە ئەبێ خانوویەکی زۆر جوان دروست بکەیت و بەناومی بکەی.

پیاو : (بە پێکەنینێکی فێڵبازانەوە) بەدڵنیاییەوە بەناوتییەوە دەکەم و تاپۆکەی دەخەمە ناو نایلۆنێک و لەژێر سەرینەکەتی                دائەنێم تا بەئیستراحەت شەوان چاو لێک بنێی و بنووی.

ژن : وەرە بزانە چیترم دەوێت( قۆڵی پیاوەکە بۆ لای خۆی ڕائەکێشێت) ئەبێ پشتێنێکی زێڕم بۆ بکڕیت لەگەڵ دوانزە بازنگ و …

(دەنگیان وردە وردە نزم دەبێ و تەنها دەستیان دەجووڵێت و ڕووناکی لەسەریان کز دەبێ و شانۆ تاریک دادێت)

 

دیمەنی سێیەم

 

هەمان دیمەنی پێشووە و دیسانەوە پیاوەکە بەتەنها لە ژوورەکەدایە… دێت و ئەچێ و خەریکی بیرکردنەوەیە. تارمایی لە دەرگاکەوە دێتە ژوورەوە.

پیاو : (تۆقیوانە ئەکشێتە دواوە) یا ئەڵڵا… ئەوە چییە خۆ زراوم چوو؟ ( نقەی لەخۆی بڕیوە و هەر ئەوەتە هەناسە دەدات) تتتتتۆ          کێی کابرا ئەڵێی لە قەبرسان هاتوویتەتەوە. ئێ چیت دەوێت؟ خێرە بەم ئێوارەیە سەردانت کردم؟

تارمایی : (باسکەکانی درێژ کردوونەتەوە و بەدەنگیکی کەرخ و گەورە دەدوێت) مەترسە ئەی نووسەر. ئەی ئەو ڕۆشنبیرەی                     خەونەکانت خەمی کۆکردنەوەی سامان و سەروەتە. من تارمایی بیرکردنەوەکانتم و نە لە گۆڕستان هاتوومەتەوە و نە                هیچ… من لەناو مێشک و خەیاڵی تۆوە هاتووم. ئەرکمە ئەو ڕۆشناییەت پێ ئاشنا بکەم کەدەبێتە مایەی ڕەنگینتر کردنی            ژیان.

پیاو : ( دەمی تێک دەئاڵێت) حاڵی نیم هێشتا…چۆن لەناو خەیاڵ و مێشکی منەوە هاتووی؟ ( بێدەنگییەکی کورت) خۆ بیرکردنەوەی            من نیت؟ ئەی بیرکردنەوە چۆن لە مێشکەوە دێتە دەرەوە؟ من نەمزانیوە بیرکردنەوە وەکو زەلام بێت. ( تف لەگەرووی وشک           بووە) خۆ بەنیاز نیت شتێکم لێبکەیت؟

تارمایی : (ناجوڵێت و لەشوێنی خۆی وەستاوە) نا… هیچت لێناکەم…من هاتووم ڕێگای سەرزەمینی بەختەوەریت نیشان بدەم!

پیاو : ( بڕێک ترسەکەی دەنیشێتەوە) سەرزەمینی بەختەوەریم نیشان دەدەی؟ (بەپەرۆشەوە) چۆن؟

تارمایی : تۆ ئەگەر دەتەوێت بەختەوەر بیت، ئەبێ واز لە هەموو بەهاکانی ژیان بێنیت و بەها جوانەکان ببەخشیتە شتە                     قێزەوەنەکان. ڕوخسارە ناشیرینەکان جوان بکەیت و پەردەی تەمێک بدەیتە سەر هەقیقەت. ( بێدەنگییەک) ئینجا تا               ئەتوانی جەنگە گەورەکان بەرپا بکە. تۆ بۆ ئەوەی بگەیتە مەرامەکانت ئەبێ ببیتە جەنگاوەری جەنگێکی درێژخایەن.

پیاو : ( ئێستا بەتەواوەتی ترسی نیشتۆتەوە) ئەمەوێت ڕوونتر بدوێێ.

تارمایی : (لەگۆشەی لای دەرگاکەوە ئەجوڵێت و بەرەو لای پەنجەرەکە ئەڕوات) پێویستە واز لەهەموو ئەو قسە قۆڕانە بهێنیت وەکو             میللەت و گەل و پێشکەوتن و  شۆڕش و هەژاران و مافی مرۆڤ. ئەبێ دەست بدەیتە جەنگێکی مەزن لەپێناو باجدان بە              هەقیقەت. چونکە ئێمە هەموو دەبێت باج بدەین. باجی ئێمەش بێدەنگ بوون و سەری رەزامەندی لەقاندنە لەسەر هەر             شتێک کە ڕێزدار بنگیس و بنەماڵە بەڕێز و شۆڕشگێڕەکەیان دەیکەن یان دەیانەوێت بیکەن. ئەمە ڕێگەی گەیشتنە بە                ئاسوودەیی و سەرزەمینی بەختەوەری.

پیاو : (بە پارانەوەوە) ئێ چیتر ؟… تکایە ئامۆژگاریم بکە.

تارمایی : تۆ ئامۆژگاریت ناوێت… لەسەر بۆچوونەکانی خۆت سوور بە و بکەوە شوێن خەیاڵاتت. وەک گووتم من هەوێنی بیرکردنەوەی           تۆم و هاتووم پیت ڕابگەیەنم کە تۆ لەسەر ڕاستە ڕێگای هەقیقەتی و دەگەیتە خەونەکانت.

پیاو : (دڵخۆشە و سەیری زەوییەکەی ژێر پێی دەکات و ڕوو وەردەچەرخێنێ و بەبزەیەکەوە ئەم قسەیە ئەڵێتەوە. لەهەمان کاتیشدا           تارمایی لەدەرگاکەوە دەچێتە دەرەوە) دەگەمە خەونەکانم…دەگەمە خەونەکانم…( ئینجا ئاوڕدەداتەوە ) ئەی چۆن…بەڵام           کەی؟…( تەماشا دەکات تارمایی لە ژوورەکە  نەماوە) ئەوە چیت لێهات؟ بۆ کوێ چووی؟

( ژنە لەم کاتەیا بەپرتاو دێتە ژوورەوە  و دەیەوێ بەهانای پیاوەکەیەوە بێت تا بزانێ چی ڕوویداوە)

ژن : (شڵەژاوە) ئەوەتام پیاوەکە…ئەوەتام…ئەوە چییە دیسانەوە چیت لێقەوماوە؟ هەناوم بەربۆوە؟

پیاو : (سەری سوڕماوە) تۆ هەناوت بۆ بەربۆوە خانم…نا هیچ نەبووە تەنها لەگەڵ تارمایی بیرکردنەوەی خۆم قسەم دەکرد. ئەو          تارماییەی کە ڕێنیشاندەرمە بەرەو دەربازبوونمان لەم ژیانە سادەیە و چوونمان بەرەو بەرزی. ئەم تارماییە پەیژەیە بەرەو          بڵندی و خۆش گوزەرانی.

ژن : ئەرێ تۆ شێت نەبووی؟ تارمایی چی و حاڵی چی؟ ئەوە بۆ وات لێ بەسەر هاتووە؟ ( هێمنتر دەدوێ) تۆزێک پشوو بدە و بۆ وا       لەخۆت ئەکەی؟ باسی تارمایی و مارمایی مەکە تا بەشێتیان لەقەلەم نەداوی!

پیاو : نا بەڕاستمە تارماییەک ئێستا لێرە بوو و قسەمان دەکرد و ڕێگای گەیشتن بە سەرزەمینی بەختەوەری نیشاندام. ( لەژنەکە          نزیک دەبێتەوە) بەڕاستمە ئەو ڕێگای خۆشگوزەرانی نیشاندام.

ژن : ( سەر با دەدات) کوڕە پیاوەکە واز لەم شتانە بێنە با تووشی کارەساتێک نەبین. لە هیچمان کەم نییە و گوزەرانێکی               مامناوەندیمان هەیە و تەنانەت لەزۆر کەسیش باشتر ئەژێین.

پیاو : ( بێگومانانە) نا دڵنییابە، تووشی هیج نابین وئەشزانم چیدەکەم. تۆ خەمت نەبێت. لەم وڵاتە گەر خەمی وڵاتت هەبێت،           گەر خەمی مرۆڤبوونت هەبێت، گەر عاشقی ئازادی بیت و تێبکۆشیت بۆ ڕزگاری ئەوا مایەپووچ دەردەچیت و هەر گیرفان بەتاڵ         دەبیت. خەبات و شۆڕش و ئازادی و ڕزگاری بێجگە لە قسەی بۆش و بەتاڵ هیچیتر نین. ئازادی ڕاستەقینە وا لەگیرفان پڕی         دایە و  بەختەوەریش وا لە لای ڕێزدار بنگیسە. من گاڵتەم دێت بەو بێمێشکانەی بەناوی وڵاتەوە خۆیان بەکوشت دەدەن یان         ژیان لەخۆیان تێک دەدەن.( لەسەر لایەکی قەنەفەکە دادەنیشێت و ڕوو لە ژنەکە دەکات) …هاوسەرە ئازیزەکەم تۆ پشتیوانم        بە، ئەوسا هەموو شتێک بە ئارەزووی خۆمان دەبێت. بێخەم بە، دڵەکەم، بێخەمبە.

 

ژن : (بەدەنگێکی نزم) ئەی من خەمم نەبێت کێ خەمی هەیە؟ شتێک ڕوو بدات هەر لەمن دەقەومێت. کە تۆ شتێکت لێ بێت من چی لە      ماڵوحاڵ بکەم.

( دەنگ و ڕووناکی هاوتا و پێکەوە کز دەبن تا شانۆ تاریک دادێت)

 

دیمەنی چوارەم

 

کات : سەرلەبەیانی ڕۆژێکی پایزی ساڵی 2006ە

شوێن : نووسینگەی تازەی پیاوەکەیە.

دیمەن

شانۆ لەشێوەی نووسینگەیەکی قەشەنگ دیزاین کراوە.ڕووناکی لەسەر پیاوەکەیە لە نووسینگە تازەکەی لەسەر ئەسکەمیلێکی چەرمی ڕەش دانیشتووە و مێزێکی گەورەی لەبەردەمە و ناویشی وەک بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگەیە نووسراوە. مێزەکە لاپتۆپێک و مۆبایلێکی گرانبەهای لەسەرە. کۆمەڵێ کاگەزی لەبەردەمدایە. ئەمە بێجگە لە قەڵەم و پێداویستی تر. پیاوەکە زۆر دڵخۆش دیارە و پێدەچێت و بەبەشێک لە خەونەکانی گەیشتبێت. مۆسیقایەکی گونجاو لەگەڵ ئەتمۆسفیری نووسینگەکە دیتە بەر گوێ. وردە وردە دەنگی مۆسیقاکە کز دەبێ و زەنگی مۆبایلەکە لێدەدات.

پیاو : ( مۆبایلەکە ئەگریتە گوێچکییەوە) ئەلو… بەدوێژ فلان قسە ئەکات

دەنگی هاوڕێی پیاو : بەیانی باش کاک بەدوێژ  لەگەڵ ئەم جێگا تازەیەت چۆنی؟ بەدڵتە؟

پیاو : (بەنەوازشەوە) زۆر باشم کاک ئەلوات …بەڕێزیت…قوربان… بچووکتانم… لەسایەی هەوڵ و کۆششەکانی جەنابتەوەیە من         لێرە دانیشتووم…بەڕاستی نازانم چۆن ئەم چاکەیەت بدەمەوە؟

دەنگی هاوڕێی پیاو : ( لەسەرەخۆ) نا …نا… وا مەڵێ من هەمیشە حەزم کردووە یارمەتیت بدەم.

پیاو : ئەزانم قوربان ئەزانم… خۆزگە ئیشێکت پێم بکەوتایە و منیش بەسەر سەر و چاو بۆم جێبەجی بکردیتایە و بمتوانیایە            تۆڵەی ئەو پیاوەتییە گەورەیەت بۆ بکەمەوە.

دەنگی هاوڕێی پیاو : من قەت گومانم لە دڵسۆزیت نەبووە و بە ڕێزدار بەنگیسیشم گووتووە.

پیاو : من خزمەتکارتانم… دڵسۆزتانم… ئامادەی هەموو قوربانییەکم لەپێناو خۆشی و سەرکەوتنی ڕێزدار بەنگیس و ئێوە.

دەنگی هاوڕێی پیاو : (دوو دڵییەک بەقسەکانییەوە دیارە) دە مادام وایە تەنها یەک کارم پێتە گەر بتوانم بۆمی جێبەجێ بکەیت.

پیاو : ( بەپەرۆشەوە) لە خزمەتتام… هەر کارێک بۆ جەنابتان بێ بە سەر سەر و بەسەر چاو.

دەنگی هاوڕێی پیاو : دەباشە لەسەر مکوڕبوونی خۆت ئەم ئیشەمان بۆ جێبەجێ بکە… ( وچانێکی کورت) بەو خاتوونە قەشەنگە بڵێ                      با شەوێکی سوورمان لەگەڵدا بەرێتە سەر؟

پیاو : ( لەسەر کورسییەکەی هەڵدەستێتە سەر پێ و دێتە بەردەم مێزەکە و  بە سەرسوڕمانەوە) چی… چیت گووت قوربان؟ خاتوون؟        کێ؟

دەنگی هاوڕێی پیاو : ئەو خاتوونەی لە نهۆمی دووەمی نووسینگەکەت خەریکی کاری کۆمپیوتەرە… ئەو قژ مێشکراوەکە ناوی چی بوو؟

پیاو : ( بەسەرسوڕمانەوە) خاتوو بۆرژان ئەڵێی؟

دەنگی هاوڕێی پیاو : ئا … بەڵێ…خۆیەتی…ئەمانەوێت شەوێک لەگەڵمان بێت.

پیاو : بەڵام ئەو خاتوونە خێزاندارە و…ئێ ئاخر چۆن بتوانم (قسەکانی باش بۆ ناکرێ و تاساوە) ڕازی بکەم؟ قوربان ئەو               خاتوونە گاڵتەی بە پیاو و میاو دێت.

دەنگی هاوڕێی پیاو : ئەگەر ڕازی نەبوو بەبیانوویەک دەری بکە. بەس نەهێڵیت کەس هەسستت پێبکات.

پیاو : ( سەر دەلەقینێ) باشە بەسەرچاو … خزمەتکارتانم قوربان.

دەنگی هاوڕێی پیاو : دەی باشە دوایی ئاگادارم بکەرەوە بزانم شێریت یان ڕێویت.

پیاو : ( بەسەر لەقاندنەوە) بەسەرچاو ئاگادارتان ئەکەمەوە.

( پیاوە مۆبایلەکەی دادەخات و بە دوو پەنجەی چەناگەی خۆی دەگرێت و بەدەستی جووڵەیەک دەکات کە هێمای ئەوەیە بچێت داواکەی هاوڕێکەی جێبەجێ بکات، بەرەو دەرگاکە هەنگاو دەنێت و مۆسیقایەکی گونجاو لەگەڵ ئەو دۆخە دێتە بەر گوێ و ڕووناکی لەسەر شانۆکە کز دەبێ)

 

پەردە دادەدرێتەوە

 

کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2011

ڤانکۆڤەر – کەنەدا

 

 

Previous
Next

Leave a Reply