دوو شاعیری به هه‌ڵوێست و دوو دیوانه شیعری به‌نرخ
له ماوه‌ی رابردوو دا دوو دیوانی به‌نرخم به‌ده‌ست گه‌یشت:
1 _ دیوانه شیعری “بۆ ئازادی” كاك موسلیح شێخولئسلامی (رێبوار)
هانایه‌كم په‌نگاوه‌ته بین و گه‌روو:
هه‌ی داد، هه‌ی داد!
له‌م بازاره بێ ره‌حمه‌دا
ژیان هه‌رزانتره له‌نان!
2 _ دیوانه شیعری “چۆن بۆت بدوێم” كاك ئه‌حمه‌د بازگر
نامه‌وێ وه‌ك دیل بژیم من، مه‌یلی بێستانم ده‌وێ
په‌یكه‌ره‌ی وشكی ژیانم بانگ ده‌كا: گیانم ده‌وێ!
…
حه‌ز ده‌كه‌م چێژی ژیانی دوور له مه‌ینه‌ت تام بكه‌م
بۆ برینی كۆنی مێژووم، ئه‌مرۆ هه‌توانم ده‌وێ
هه‌ردووكی ئه‌م دیوانه شیعریانه به هه‌وڵی “ئه‌رنوه‌ر حسێن” سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری “ئایدیا” وێرای نوسینی پێشه‌كی بۆیان له به‌رگ و دیزاینێكی گه‌لێك ره‌نگین دا به چاپ گه‌یشتوون كه ئه‌م هه‌وڵانه جێگای ده‌شخۆشین.
ره‌نگه زۆرێك له‌و شیعرانه پێشووتر به شێوه‌ی جۆراو جۆر به‌ده‌ست خوێنه‌ران و گوێ‌گران گه‌یشبێتن به‌ڵام ئه‌وه یه‌كه‌مین جاره ئاوا به‌سه‌ر یه‌كه‌وه و به ته‌واوی له چاپ بدرێن.
ئه‌مانه به‌شێكن له ئه‌ده‌بیاتی ئینسانی و هه‌ست و نه‌سته‌كانی بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی كوردستان، هه‌ڵوێستی دوو شاعیری پێشمه‌رگه‌ی ناو ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه_ن به تایبه‌ت له ده‌یه‌ی یه‌كه‌می دوای شۆرشی 57ه و دواتری… به‌شێكن له ئه‌ده‌بیاتی پێشكه‌وتنخوازانه كه به‌گژ به‌ربه‌سته‌كانی سه‌ر رێی ژیانێكی باشتر دا ده‌چنه‌وه. ئاسۆی بیری زۆرێك له‌م به‌رهه‌مانه “سۆسیالیزم” و دونیای بێ چه‌وسانه‌وه و بێ هه‌ڵاواردنه. وێرای به‌یانی جیهانبینی و ژیانی تاكه‌كه‌سی شاعیره‌كان لێوان لێ‌ون له هاواری په‌نگ خواردووی چینی زه‌حمه‌تكێش و ده‌ردو ئازار و هیوا و ئامانجه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.
دیوانی “بۆ ئازادی” وێرای پێشه‌كیه‌ك شه‌ش ده‌فته‌ره شیعری رێبواری شاعیری له‌خۆی گرتووه و له ناویاندا گه‌لێك له‌و سرودانه‌ی كه تا ئێستاش له‌سه‌ر زاران ماونه‌ته‌وه:ئه‌نترناسیۆناڵ، بریاری یه‌كی ئه‌یار، كاك فوئاد، له‌م بازاره بێ ره‌حمه دا، كاك شوان، هه‌ڤاڵی پێشمه‌رگه…
هه‌روه‌ها دیوانه شیعره‌كه‌ی كاك ئه‌حمه‌د بازگریش به هه‌مان شێوه چه‌ندین شیعر و سروودی تێدا به چاپ گه‌یشتووه‌ته‌وه. وێرای گه‌لێكی تر له شیعره‌كانی ئه‌مدویانه‌ی…
ئه‌وه‌ی كه ره‌نگه ئه‌و دوو دیوانه شیعریه بۆ زۆرێك له ئێمه‌مانان خۆشه‌ویست و به‌نرخ بێنێته به‌رچاو، زیاتر هه‌ڵده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌ده‌بیاتێكی عه‌داڵه‌تخوازانه و ئینسانی و هه‌ستێكی نۆسالژیك كه له شیعر و سرووده‌كانیان هه‌مانه و به ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره‌ی وه‌ك ناسر ره‌زازی، كاڵێ ئاته‌شی، جه‌ماڵ موفتی، مه‌رزیه فه‌ریقی، نه‌جمه غوڵامی و به‌كر له‌گزی گه‌لێك جاران بیستومانه‌و هه‌ست و نه‌ستی خۆمان له كه‌شی شۆرشگێرانه‌یان دا دیوه‌ته‌وه.
له‌وه‌ش واوه‌تر ئه‌و دیوانه شیعریانه و كتێبی هاوشێوه‌ی ئه‌وانه به‌جۆرێكی گه‌لێك ساده و بێ پێچ و په‌نا ئه‌و رووداو كاره‌ساتانه‌یان له‌خۆیاندا جێ كردووه‌ته‌وه كه به‌تایبه‌ت له ده‌یه‌ی یه‌كه‌می دوای شۆرشی 57 شكڵ پێ ده‌ری هه‌ورازو نشێوه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی كوردستان بوون و بۆ زۆرێك له توێژه‌رانی ئه‌م بواره ره‌نگه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌لێك روون بن.
ناسر حه‌قپه‌ره‌ست