دوو شیعری خولیا حوسێن
لەودیو سنورەکانی شەرم
خولیا حسێن
/کەنەدا ٢٠١١
ئەم شەو پێکی خەمەکانم بە فرمێسکی خۆم خەست دەکەم
پێکێک و دووان سییان و ………..
تا مەست دەبم دەخۆمەوە !
کە مەستیش بووم
چاوەکانم هەر بە تەنها تۆ دەبینن
دڵم لێوانلێو دەبێت لە بەرائەت
ڕۆحم دەبێتە پارچەیەک لە ئاوریشمی عەشق
دەروونم پڕ دەبێت لە پەپوولە باڵ نەخشینەکانی یادگاری و
بە زمانی ئەوینێکی وەنەوشەیی گۆرانیت بۆ دەڵێم
کە مەست دەبم
جوولەکانی جەستەم سنوورەکانی شەرم دەبەزێنن
دەبمەوە بە کچۆڵە عەجوولە دڵتەڕە بێباکە دڵخۆشەکەی جاران و
بزێوانە ماچت دەکەم
نە ماچێک و نە دوو و نە سێ
لێوەکانت لە تامی ماچ دەخووسێنم
وات لێ دەکەم ڕۆحت بۆنی ماچان بگرێ
کە مەست دەبم
لەسەر جەستەی ڕووتی ئارەزووەکانم سەمات پێ دەکەم،
سەمات بۆ دەکەم،
سەمایەکی جاوێدانی.!
تا مەست تر و خاڵی دەبمەوە لە خەمان
لە سەر جەستەی ڕووتی ئارەەزووەکانمدا
لەنێو فەرشی سپی عەشق و بە زمانی خۆشەویستی دەتبزوێنم !
قەدەری بێ تاوان
کەنەدا ٢٠١٢ ، ١٣،٤
……ئەی قەدەر
چۆن بەرگەی ئەم هەموو تۆمەت و
لۆمانەی مرۆڤت گرتووە ؟
بە درێژایی بوونی ئەم گەردوونە
ئێمە خەتا دەکەین و
دەیخەینە ئەستۆی تۆ
ئێمە ڕێگا چەوتەکانی ژیان هەڵدەبژێرین و
دەڵێین قەدەر ئەم ڕێگایەی پێ گرتین
ئێمە یاری بە ئاگر دەکەین و دەڵێین
ئاگری قەدەر بوو یاری پێ کردین
ئێمە چارەنووسی خۆمان دەدەینە بەر
شەپۆلە هارەکانی ڕۆژگار و
دەڵێین ئەوە شەپۆلە بێ بەزەییەکانی قەدەرە
یاری بە چارەنووسمان دەکات .
ئێمە خۆشەویستی لە نێو پێخەفی بێ مروەتی
دەخنکێنین و
عەشق بە شیری ناپاکی فرچک دەدەین
کەچی دەڵێین
قەدەری ئێمە کێڵگەیەکی بێ پیتە
نە خۆشەویستی لێ دەڕوێ
نە عەشقی لێ گەورە دەبێ !
تۆش ئەی قەدەر
بە بێ دەنگی و بە خەم ساردی و
بە بەزەیییوە لێمان دەڕوانی و
هیچ ناڵێی !
چونکە تۆ لەوە دڵنیای
کە ئێمەی مرۆڤ هەمیشە
دەستە پیسەکانی خۆمان بە تۆ دەسڕین و
بەردەوام درۆش لەگەڵ خۆمان دەکەین،
درۆ، هەمیشە درۆ!