Skip to Content

Monday, January 25th, 2021

دوو مێینەکە …. ئیسماعیل حەمەئەمین

Be First!
by April 7, 2013 چیرۆک

 

 

 

لەشەقامە گشتیەکەوە خۆی کرد بەکۆڵانەخوارەکەدا، تەنها لەبەرئەوەی بەیەک ئاڕاستەی ڕێک کۆڵانەکە دروستنەکراوە، لەبەرئەوە (ڤێسنا) پێیوایە کەئەم کۆڵانە خوارە. هەموو جارێکیش لەگەڵ (نازدار) لەسەر ئەم کۆڵانە دەبێتە دەمەقاڵێیان،  کۆڵانی خوار کوا لەم دنیایەدا هەیە ڤێسنا! ئەمە قسەی نازدارە، دیارە تۆ ئەڵمانی نازانی… ئیدی ئەوەندە بەسە بۆئەوەی ئەم دوو مێینەیە دەمەقاڵێیان دەستپێبکات، لەسەرئەوەی کامەیان ئەڵمانی باشتر دەزانێت..تادەگەنە سەر شەقامە گشتیەکە ئەمان قسە بەیەکتردەڵێن، قسەکانیش هەمیشە دووبارەبۆوەن، بەوەی ڤێسنا بەنازدار دەڵێت: بەڵێ ..بەڵێ هەرگیز نەمزانیوە ناوگەڵ کردنەوە فێرە ئەڵمانیت دەکات..نازداریش پێش ئەوەی جگەرەکەی دابگرسێنێت بەهێمنی سەیریدەکات و دەڵێت: ئاخ ڤێسنا، خۆ تۆ لەناوگەڵ کردنەوەشدا باش نیت، ئەی ئەوە نییە شەوانە هەموو پیاوە نائومێدەکانی تۆ بۆ لای من دێن، وا بڕوات کرێی ژووری گاندانیشت پێنادرێت..

بەمشێوەیە گفتوگۆیەکی سەرەتانی، شێوە بازنەیی، خڕۆکی وەک ڕۆحێکی بریندار لەنێوان ئەم دوو مێینەیەدا دەستپێدەکات، وەک ئەوەی ئەم گۆی زەویە تەنها بەچارەنوسی ئەوانەوە بەندبێت، ئاوەها تۆنی قسەکانیان تیژبڕتر و بریندارکارتر دەبێت، نازدار کەناوی خۆی ناوە (سوزی) هێمنتر و پڕترە لەوشە و دەستەواژەی ئەڵمانی، جار جارەش بۆ سوژنکردنی ژنانە بە(ڤێسنا) دا هەندێک وشە بەکاردەهێنێت کە ڤێسنا توڕە و دەهری دەکات، بۆ نمونە وشەی(ئۆپتیمیستOptimist  )…  دواجار کەلەسەر خواری ئەم کۆڵانە شەڕیان بوو، ئەم وشەیە شەڕەکەی تاسەر شەقامە گشتیەکە تەقاندەوە، بەڵام ئەم شەڕە دەنوکە لەو ڕاستیەی نەدەگۆڕی  کەڤێسنای یۆگۆسلافی  لە(نازدار) وە  مانای  ئەو وشەیە فێربوو، لەدوای ئەو جارە، ڤێسنا  لەڕاڕەوەکەیاندا و لەبەردەم ژنەکانی هاوپیشەی کەبەنیمچەڕووتی دەهاتن و دەچوون ئەم وشەیەی دووبارە و سەد بارە دەکردەوە… 

 

جاری پێشوو هەر لەهەمان شوێندا  بەڕووی یەکتردا تەقینەوە، تەنها ڕستەیەک  بەس بوو بۆئەوەی دیسانەوە دەستپێبکەنەوە، ڕستەکانی ڤێسنا وەکو: لەدوای ئەوەی کەکۆڵانە خوارەکە جێدەهێڵین یەکسەر ناپەڕینەوە بۆ ئەوبەر، یاخود، دوای کۆڵانە خوارەکە با شاورمەیەک بخۆین!..ئیدی دوای ئەم ڕستەیە کەوشەی کۆڵانی خوار لەخۆدەگرێت، ڕستەکەی نازدار دووبارە دەبۆوە وەکو: کوا کۆڵانی خوار هەیە ئەی دەبەنگ، ئەی قەحبەی یۆگسۆلافی هەرزان..بۆ دەبێت دووبارەی بکەمەوە لێت ئەی ناوگەڵ بۆگەنی یۆگۆسلافی… سەیر لەودا بوو  نازدار ئەم دەم پیسیەی  پابەندکردبوو  بە شیوازیکی هێمن سەیر لەقسەکردندا،  هەموو جنێو و قسە پیسەکانی بەتۆنیکی هێمن دەگووت ، هەر وەک ئەوەی جیهان لەگووتنی شتی پیس پێکهاتبێت.  ئاوەها قسەی دەکرد  و دوکەڵی جگەرەکەی لەنێوهەوادا بڵاوکردەوە، وەک ئەوەی لەنێو بۆشایەکی تایبەت بەخۆیدا پەرشیبکاتەوە، وەک ئەوەی دوکەڵ نەبێت، بەڵکو شتێک بێت لەهەناسەی جیهان، ئاوەها لەبەردەم چاوە سەوزەکانی ڤێسنادا دیواریک، پەردەیەک، سەرپۆشێکی تەنک لەدوکەڵ خۆی دەلاراندەوە، بەجۆرێک وەهای لەدەم وچاوە خڕو چاوە گەورەو ڕەشەکانی نازدار دەکرد، وەک میدۆزایەکی پڕ شەهوەت دەربکەوێت. سەرەڕای توڕەیی ڤێسنا لەقسەکانی، لەوساتەشدا هەستی بەچێژێک دەکرد، بەوەی لێوە ئەستورەکانی نازدار بمژێت، پەردەی تەنکی نێوانیان بدڕێنێت و لەنێو کۆڵانەکەدا دەم بخاتە نێو دەمیەوە، زمانی لەزمانی بئاڵێنێت، دەستبخاتە نێو ئەو مەمکە ئەسمەرە خڕ و گەورانەی، کەشەوانە پیاوەکانی ئەو بۆ خۆی ڕاودەکات.. لەوساتەدا بیرکردنەوە لەوەی کەپیاوەکان لەگەڵ ئاوڕدانەوەیان بۆ لای چەپ، بۆ ژووری تەنیشت ڤێسنا، کاتێک نازدار هیچ پیاوێک بەسەریەوە هاواری پڕ چێژ نەکات، کاتێک چاوەڕێدەکات پیاوێکی ئازادی تر بێت و بەسەر مەمکەکانیدا بگری و زۆرجاریش دووئەوەندەی نرخی گونجاو پارەی بدەنێ و دەستی ماچبکەن. کاتێک بەو بەپەڕی بێزاریەوە لەڕاڕەوەکە بڕوانێت کەهێشتا هام وشۆکارانی دوای نیوەشەو جەنجاڵی نەکردووە. کاتێک نازدار هیچ شتێکی دیکەی نییە، جگە لەگاڵتەکردن نەبێت بەسۆزانیەکانی هاوپیشەی.. لەوکاتانەدا نیوەی لەشەتورت و وەحشیەکەی پاڵدەدات بەچوارچێوەی دەرگا کراوەکەیەوە، ئیدی ئەوەندە بەسە بۆ ئەو پیاوە سەربەستەی قسە لەگەڵ ڤێسنادا دەکات، بچێت بۆلای نازدار و ئەویش بەمەکرەوە قسەی لەگەڵدا بکات و بەتیلی چاوە ڕەشە شەهوانیەکانیەوە سەیری ڤێسنا بکات، چۆن وەک مەنجەڵێکی هەڵمی ئامادە بۆ تەقینەوە دەکوڵێت و هاڵاوی لێ بەرزدەبێتەوە. ڤێسنا گوێی لێیە کەبەپیاوەکە دەڵێت: جارێکیتر  کەهاتیتەوە بۆلام پوزەکانم بلێسەرەوە، دەهێڵم گازی ناسکی لێبگری، بەڵام ئێستا بچۆ لەگەڵ ڤێسنادا بخەوە، من بەشی خۆم کارم کردووە و هیلاکم ئازیزم…کەڤێسنا گوێی لەمە دەبێت لەتوڕەییدا دەچێتە ژوورەوە و دەرگاکە بەو پەڕی هێزی خۆی بەدەم و چاوی پیاوە سەربەستەکەدا دادەخات، بەجۆرێک کەسۆزانیەکانی تر دێنە دەرەوە و پێدەکەنن، چونکە ئەم چیرۆکە دەزانن، لەهەمانکاتیشدا نازدار بەقاقای پێکەنینەوە دەرگای ژوورەکەی خۆی دادەخات، بەجۆرێک کەپیاوە سەربەستەکە لەنێوان ئەم دوو مێینەدا چەقدەبەستێت، وەک ئەوەی لەپڕێکدا شتێکی گەورەی لێی ڕوودابێت، ئاوەها لەشوێنی خۆی چەقدەبەستێت، تاوەکو یەکێک لەسۆزانیەکانی ژوورەکانی ئەوبەر دێن ودەست دەخەنە سەر شانی و دڵی ڕەنجاوی لەنێو ژوورە سوورەکانی خۆیاندا دەلاوێنەوە، گەر ئەوان فریانەکەون  و دەیوسەکانی ڕاڕەوەکە ئاگاداربن، ئەوا  خێرا دەستدەخەنە سەرشانی پیاوە دڵرەنجاوەکەی نێوان نازدار و ڤێسنا  و پێیدەڵێن: کەتەواو بوویت لەباڕەکەی خوارەەوە بیرەیەکی سارد لەسەر حسابی ئێمە چاوەڕێت دەکات، زیز مەبە ژنان جار جارە شێت دەبن …ئەمە بەشێکی ئەم نمایشەیە کەهۆکاری سەرەکی شەڕی نێوان ڤێسنا و نازدار یان وەک چۆن لەڕارەوەکەدا ناسراوە بەسوزی. بەڵام لەهەندیک کاتی دیکەشدا، پیاوە سەربەستەکان بەپەلە ڕاڕەوەکە بەجێدەهێڵن وناگەڕێنەوە، ئازارێک لەدەم و چاویاندا بەدیدەکرێت، وەک ئەوەی خەنجەرێک کرابێت بەدڵیاندا، وەک ئەوەی قوڵ زۆر قوڵتر لەوەی هەمووان مەزندەی دەکەن بریندار بووبن، وەک ئەوەی لەپڕێکدا خۆیان بیرکەوتبێتەوە، نامورادی خۆیان بیربکەویتەوە، لەئاوێنەیەکدا شکستەخواردوویی خۆیان ببینین، ئاوەها پیاوە سەربەستەکان، یان ئەوانەی دەیانەوێت بۆ چەند ساتێکیش بێت دوور لەهەموو پەیوەندی و پابەندبوونێک، لەگەڵ مێینەیەکدا ئازادبن، بێئەوەی مەرجی خۆشەویستی یان خێزان یان هاوڕێیەتی لەنێوانیاندا گەمەی خۆی بکات، ئاوەها بەدوور لەهەموو پەیوەست بوونێک  بەجیهانی دەرەوە دەیانەوێت ئازادبن، چێژوەرگرن و لەدوایشدا پشت لەهەموو شتێک بکەن کەبوونی هەیە، سەربەست بن لەهەموو کۆت وبەندێکی کۆمەڵایەتی و مۆڕاڵێکی هەبوو، لەو ساتە ئەو ئازادییە بچکۆلانەیان بریندار دەبێت، دەڕوشێت و نائومێد دەبن لەدنیا، بێگومان گەر سۆزانیەکانی ژوورەکانی ئەوبەر دەست بەتاڵ نەبن، یان دەیوسەکان ئاگاداری ئەو تراژیدیایە نەبن، ئەوا پیاوە دڵڕەنجاوەکە بەچاوی پڕ فرمێسک یان توڕەییەوە  باڵاخانەی کۆنی سێ نهۆمی  ژمارە چل و حەوتی پڕ سۆزانی هەرزان بەجێدەهێڵن. جارێکیان ئەمە ڕوویدا، بەجۆرێک کەهەموو ڕاڕاووەکە گوێیان لەگریانی بەکوڵی ئەو پیاوە بوو لەنێوان ژووری نازدار و ڤێسنادا هەردوو دەستی بەدەم و چاویەوە گرتووە و بەپەلە بەقادرمەکاندا هاتەخوارەوە، ئەوەندە خێرا ڕارەوەکەی جێهێشت کەدەیوسەکانیش نەیانتوانی بیگرنەوە، هێوری بکەنەوە، لەکۆڵانە دێژکۆلەکەدا بینیان ڕادەکات بۆ سەر شەقامە گشتیەکە و سواری تاکسیەک دەبێت، لەو تاکسیانەی لەوشەقامە بەردەوام سەرەیان گرتووە بۆ پیاوە ئازادو نائۆمێد و سۆزانیە دەم بەبەبنێشتەکان، سۆزانیەکان   پیاوە باریکەلەکەیان بینی   لەتەنیشت شوفێرەکەوە دەگریا.

 

ڤێسنا لەگەڵ هەموو وشەیەکی تازەی نازداردا، ئاوەها نامورادی خۆی لەگەڵ پیاوە سەربەستەکان  بیردەکەوێتەوە،  چیرۆکی شکستەخواردووی خۆی وەک مێینەیەک لەنێو قوڕاوی ژیاندا پەلەقاژێیەتی دەهریتری دەکات لەژیان، لەکەسی نازدار خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو توڕەبوونەی لەنازدار پابەندە بەوەی، کەئەویش حەزی دەکرد وەک پیاوە سەربەستەکان مەمکەکانی نازدار بمژێت، هەرچەندە نازدار جگە لەدەستلێدان، ڕێگەنادات بەپیاوەکان مەمکەکانی بمژن. تەنانەت پارەی زیاتریش قبوڵ ناکات، جگەلەوانەی شاعیرن، بەڕۆح شاعیرن، جوانی مەمکەکانی دەبینن، هەست بەو جوگرافیا ونبووە دەکەن کەخۆی بەسەر شەهوەتدا پەرشکردۆتەوە، نازدار دەیگووت: ئەو پیاوانە ڤێسنا هەرگیز لەجوانی تێرنابن!.. ئەوە قسەی نازدار بوو کاتێک لەهەندێک شەوانی سەرخۆشیدا بۆ ڤێسنای باسدەکرد، بێگومان بەئەڵمانیەکی ساف و ڕەوان..

 هەموو جارێک کەڕاڕەوەکە هێور دەبێتەوە، یان هەردووکیان بڕیاردەدەن چیتر پیاوە سەربەستەکان تێپەڕنەکەن بەسەر جەستەی خۆیاندا، لەسەر تاقی پەنجەرەکە ویسکی دەخۆنەوە، پەنجەرەکە لەسەر کۆڵانە سوورەکە دەکەنەوە، کەپڕێتی لەدەنگی تەقەی پێی هاموشۆکاران و بانگکردنی مێینەکان بۆ پیاوانی نیوەشەو، بۆ باڵندە شینەکانی نیوەشەو…جارجارەش فیکە بۆ هاموشۆکاران لێدەدەن…ئەو ساتانە، ساتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ خود لەنێو ژیانێکی هەڵەدا، بەڵام بۆ ئەم دوومێینەیە هەڵەکردن چیدی لەنێو زەمەنی باودا پێناسە ناکرێت، ئەوان وەک دووپاڵەوان بڕیاریانداوە پشت بکەنە ئازار، نەک هەر ئەوە بەڵکو لەگەڵیدا بژین، و چێژی لێوەببینن. نازدار شەوێکیان باسی ئەو گەنجەی بۆکرد چۆن تاتۆی دووباڵی فریشتە ئاگرینەکانی سەروو سمتەکانی ماچکردووە، چۆن هەردووک، خوماربوون بەجەستەی یەکتری، چۆن هەردووک لەگەڵ تەکان و ناڵەدا، لەنێو بۆنی ئارەقەی سەرجێگا ودەنگی پێی هاموشۆکارانی ڕاڕەوەکە وتەقە لەدەرگادانی جارجارەدا، ئەمان وەک دوو ئاشق لەگەڵ یەکتریدا خەوتوون، چۆن لەدواجاردا ئەو پیاوە، کەگووتویەتی من ڕۆماننوسم، دەستەکانی ماچکردووە، بێگومان وەک خانمێک دەستەکانی ماچکردووە و ئەمیش پێیگوتووە ئافرەتان ئەشق نافرۆشنەوە، لەبەرئەوە نابێت پارە بدەیت.. باسیکرد چۆن باوەشیان کردووە بەیەکتردا و بۆیەکتری گریاون.. ئای ڤێسنا ئەو پیاوانە تەنها لەسەر جێگادا جوانی خۆیانت بۆ دەکەنەوە، تەنها لەسەر جێگا..

 

ڤێسنا لەکۆڵانە خوارەکە هەموو ئەمانەی بیرکەتەوە، کەوشەی (ئۆپتیمست Optimist) یەکێکە لەوشانەی نازادار لەیەکێک لەپیاوە سەربەستەکانەوە بەرگوێی کەوتووە، مانای گەشبین، لەیەکێک لەو شەڕە دەنوکانەی نێوانیان لەچەقی کۆڵانە خوارەکەدا، پێیگووت: من ئافرەتێکی ئۆپتیمیستم، من وەک تۆ گرینۆک نیم، من وەک تۆ (پیسیمست Pessimist  ) نیم. بێگومان تەنها بۆئەوە بووە کەلەڤێسنا تێبگەیەنێت، ئەو خۆی گووتەنی ئەڵمانیەکی، لەئەڵمانی قەحبەیەکی کرواتی باشترە، کەلەیۆگسلافیای کۆنەوە، تاوەکو خۆی و دایکە پیرەکەی دەگەنە ئەڵمانیا، ناوگەڵی خۆی بۆ میلیشیا سربیەکان کردۆتەو، کەلەگەل گەیشتنی بۆ ئەڵمانیا لەئۆردووگای پەناهەندەکاندا دەمرێت…ئەمە تێگەیشتنی نازدارە بۆ چیرۆکی ڤێسنا، بێگومان تەنها  لەم کۆڵانە خوارەدا ئەو ڕایە دەردەبڕێت، هەموو جارێک لەم شوێنەدا نازدار ئەوە وەبیر ڤێسنا دەهێنێتەوە، کەئەوسۆزانیەکی هەرزان وگەمژەیە، نازدار ناتوانێت بڕوا بەچیرۆکی ئەوە بکات کەڤێسنا دەستدرێژی سێکسی لەلایەن سەربازە سربیەکانەوە لێکراوە، ئەو هەمیشە پێیدەڵێت: تائەو کاتە ڤێسنا زیرەک بوویت، کەتوانیوتە قوزت بکەیت بەکەشتیەک وبەنێو سەنگەری سڕب و کروات و موسڵمانەکانی بۆسنەدا، خۆت و دایکتی پێ بپەڕنەوە، بەڵام لەئەڵمانیادا قوزت بووە خەفەت ودایکتی کوشت، چونکە دەبوایە لەسەر پەیمانی خۆت کاریکی ترت بکردایە لەجیاتی گاندان بە دەمارکی هەرزان، ئاخ قسە بۆ کێ دەکەم، ئەوەی یەکجار قەحبە بێت تا ئەبەد قەحبەیە… بەمشێوەیە هەموو جارێک لەدەمەقاڵێیاندا لەسەر کۆڵانی خوار، دەگەنە بەردەم ئەو کەشتیەی کەتوانیویەتی پیرێژنیکی هیلاک لەتاو کوشتاری شەڕی ناوخۆی یۆگۆسلافیای کۆن لەبەندەرەکانی ئەڵمانیا بگرسینێتەوە..هەموو جارێک کەدەگەنە باسی کەشتیەکە هەردووکیان سەیری یەکتر دەکەن و پاشان سەیری ناوگەڵی خۆیان و قاقا پێدەکەنن، هێوردەبنەوە وقسەبۆیەکتری دەکەن، زیاتر باس لەو پیاوە سەربەستانە دەکەن کەشەو بەجەستەیاندا تێپەڕبوون، ئاوەها بەپێکەنینەوە باوەش دەکەن بەیەکتردا..

  دیارە نابێت ئەوە لەبیربکەین ئەم چیرۆکە هەمیشە دەمەو عەسران ڕوودەدات، چونکە ئەوان بەهۆی هاموشۆکارانی چێژەوە تاوەکو کاتژمێر پێنجی سەر لەبەیانی کاردەکەن و لەدوایدا گڵۆپەکان دەکوژێننەوە،  تائێوارە درەنگانێک دەرگا  لەسەر ڕاڕەوە درێژکۆلەکە ناکەنەوە. زۆر عەسرانیش کەبڕیار دەدەن بچن بۆ جل کڕین یان قاوە خواردنەوە، چیدی جل وبەرگی سەرنجڕاکێش لەبەر ناکەن، پانتۆڵێکی کاوبۆ یان عەزییەک کەمتر ڕووتی جەستەیان نیشانبدات. دیارە ئەوان لەنمایشکردنی جەستەیان تێربوون، یاخود لەوانەیە واهەستبکەن گەر وەها بکەن، ئەوا لەنێو کەش و هەوای کارکردنی شەوانەی خۆیاندان، لەبەرئەوە جیاکردنەوەی پشوو و کارکردن لەوەدا دەبیننەوە، کەگۆشتی مێینە نیشانی پیاوانی شار و هاموشۆکارانی سەرجادە نەدەن، تەنها لەوکاتانەدا نەبێت کەلەنێو ڕاڕەوەکەدا لەگەڵ باڵندە تەنیاکانی نیوەشەو و پیاوە شینەکانی نێو خوماری باڕەکاندا، کەبەدڵ شکاوی ونائومێدیەوە خۆیاندەدەن بەسەر جەستەی ئەواندا، دێن و چیژ لەڕووتی ئەوان دەبینین. بەتایبەت ئەو پیاوانەی کەپارەی نوستنیان لەگەڵ سۆزانیەکاندا پێ نییە، بەڵام لەکاتێکی دیکەدا هەر دەگەڕێنەوە. لێرەوە ڕووتبونەوە بۆ تەماشای پیاو دەبێت نرخی هەبێت، ئەوە پڕنسیبێکە کەهەردوو مێینەکە لەسەری ڕێکەوتوون..لەبەر ئەوهۆیە، تێگەیشتنیان بۆ ئەو مێینە گێلانەی شار نییە، کەجلی تەنک لەبەردەکەن و تەنورەی کورت و بووتی درێژ و گۆرەووی ڕەشی تەنکی سێکسیان جوانی پێستە سپی و ئەسمەرەکانیان چاوی پیاوەکان شێت دەکات، ئەم مێینانە زیاتر جیهانی چێژ تەماشای نێرینەکانی شار دەهارووژێنن و هیچیتر. ئەوان هاوڕان لەسەر ئەوەی دەبێت پیاوان بۆ ئەو چێژە پارە بدەن، ئەمەیە گەڕانەوەی نرخ و بەها بۆ جەستەی ئەوان، نەک هەرزانفرۆشی بکەن بۆ پیاوانی برسی، بۆ ڕێبوارانی سەر شەقام و بازاڕە گشتیەکان. لەم پڕنسیبەوە هەردووکیان ئافرەتە باڵاپۆشە ئیسلامەکان بەئافرەتی زیرەک تێدەگەن، نازدار هەمیشە بەڤێسنا دەڵێت: ئەوان و ئێمە لەسەر ئەوە ڕێکەوتووین کەخۆمان بۆ هەموو کەس نەکەینە جێگەی تەماشا، تەنها ئەوانە نەبێت کەنرخمان دەزانن، لێپسراویتیان هەیە بەرامبەرمان، ئەوەی کەپارەش دەدات بەئیمە بۆ نیو کاژێر نرخی ئێمە دەزانێت، جاوەرە دەبێت نرخی ساڵێکی وەک ئێمە چەند بێت، ئەوانیس هەروا دەکەن ….هەردووکیان بەم ئیدیایە پێدەکەنن، بەڵام هەردوو مێینە لەسەر ئەم ئیدیا سەیرە ڕێکەوتوون، لەبەرئەوە هەمیشە کەلەکۆڵانە خوارەکە دەبێتە شەڕە دەنووکیان، بەجلی سیڤیلیەوە شەڕ دەکەن، چونکە بەجلی مەدەنیەوە بەیەکێکی دیکە بڵێت قەحبە زۆر گران دەکەوێت..هەردووکیشان جار جارە پێکەنینان بەدنیای پڕنسیبە سەیرانە دێت کەبۆخۆیان داڕشتووە و پابەند پێوەی.

 

ئێستا ڤێسنا لەناوەڕاستی ئەو کۆڵانە بەتەنیا ڕاوەستاوە و پێدەکەنێ، لەهەمانکاتیشدا چاوەکانی فرمێسکیان تێدازاوە کەدەبێت ئەو هەواڵە بەنازادار بڵێت، هەواڵێک نازانێت نازدار چۆن وەریدەگرێت، چۆن پێشوازی لێدەکات، بێگومان دڵخۆشکار نییە. هەواڵی مردنی لەپڕی خالیدی کۆنە مێردی نازدار، ئەو پیاوە باڵا بەرزە جگەرە خۆرە، چاوتیژەی هەمیشە کەلەگەڵ ڤێسنادا دەخەویت دەڵێت من لەشاخەوە هاتووم، من گورگێکی بەرەڵا و تاکڕەوم..بێگومان ئەمە ئەو کاتانە ڕوودەدات، کەقومار نابووتی کردووە، دێت بۆ ڕارەوەکەو  لەگەڵ نازاداردا دەکەوێتە گلەیی و بەزمانی کوردی دەبێتە شەڕیان، پێدەچێت نائومێدیەکانی خۆی، نابوووتبونی لەژیان بخاتە ئەستۆی نازدار، هەموو جارێکیش ئەوە بەچاوی نازداردا دەداتەوە، گەر ئەو نەبوایە دەبوایە لەگوند و ئۆردووگاکاندا مانگای بدۆشیایە، سواڵی بۆ مێردە پیرەکانی بکردایە، لەپۆخڵی و بۆنی ڕیخدا کەست دەست نەدەکەوت بەپارە سوارت بێت، کیلۆیەک ڕۆنت بۆ پەیدا نەدەکرا..ئەم گفتوگۆیە هەموو جارێک بەوە کۆتایی دەهات، کەنازدار بەهێمنی دەچێتە ژوورە سوورەکەی و تاکە نەعلێک دەهێنێت و دەیکێشێت بەسەر و چاویدا، ئەویش لەبەردەم ژوورەکەدا و لەژێر کاریگەری حەشیشدا دەستدەکات بەگریان.. سەرەڕای ئەوەش دێت داوای پارە دەکات، تەنها پارە بۆ ئەوەی بۆ قەحبەکانی دیکەی  خەرج بکات، بۆ قومار، ئەمە قسەی نازدارە. هەموو جارێکیش چیرۆکەکە خۆی دووبارە دەکاتەوە، خالید لەڕارەوەکەدا دەگری و کەدەیوسەکانی باڵاخانەکە پەیدادەبن بۆ ئەوەی فڕێبدەنە دەرەوە،  ڤێسنا دێت بەهانایەوە و پەلی خالید دەگرێت و دەیباتە ژوورەکەی خۆی، باوەشی پێدا دەکات و دڵی دەداتەوە، شتێک پارەی کەم دەخاتە گیرفانیەوە، سەیر لەوەدایە خالید زۆر جار کەلەقومار دەیباتەوە ئەو پارە کەمە بەزیادەوە دەخاتەوە نێوان مەمکدانە پەمەییە تەنکەکانی ڤێسناوە، ئەمە لەبەرچاوی نازدار ڕوونادەن، بەڵکو وەک پەیمانێکی نهێنی نێوان هەردووکیان خۆی درێژدەکاتەوە..

هەر هەمان سیناریۆ لەبەردەم ژوورەکەی ڤێسنا دووبارە دەبێتەوە کاتێک خالید بەدڵشکاویەوە دەگەڕێتەوە بۆ لای نازدار، لەبەردەم پوزە ئەستورو پڕەکانی دەگری و تۆبەدەکات. ئەوانە بەکوردی قسەدەکەن،  لای ڤێسنا زمانی کوردی زمانێکی گەرمە، پڕێتی لەگەرمی ئەم دنیایە، پڕێتی لەجوڵە، لەژێ لەراندنەوە، کەچێژی گوێگرتن دەهاروژێنێت. ئەوە زمانی نازدارە، تەنها زمانی ئەوەو کەسیتر، زمانی ئەو ئافرەتەیە کەخۆشیدەوێت، هەموو دنیای ئەوی خۆشدەوێت، ڕەقێتی و زبری و لەخۆبایی و کێشە پێچاوپێچەکانیشی خۆشدەوێت، فەرامۆشکردنی دڵی ئەویشی خۆشدەوێت، بۆنی پێستی، هەناسەکانی، بووتە درێژە سێکسیەکانی، ژێرکراسە سوورەکەی، ئاخ و ناڵە و توڕەییەکانی، هەموو شتێکی ئەوی خۆشدەوێت…هەر ئەمەش وایکردووە، هەموو جارێک خالید لەتەنیشت خۆیەوە هێور بکاتەوە، بێگومان دوای ئەوەی پارەکە لەڤێسنا وەردەگرێت، دەیەوێت لەگەڵیدا بخەوێت، بەجۆرێک یەکەمجار لوتەتیژەکەی بۆنی نێوان مەمکەکانی ڤێسنا دەکات، ئەویش هەموو جارێک بەنازەوە دەڵێت نا نا خالید تکایە، تۆ کۆنەمێردی خۆشەویسترین هاوڕێمیت…بەڵام زۆرنابات کەگوێیان لەدەنگی نازادار دەبێت لەگەڵ یەکێک لەپیاوە سەربەستەکاندا دەدوێت، وەک ئەوەی هیچ توڕەبوونێک، شەڕ وهەرایەک، خەمێک، گرژییەک، ڕەشەبایەک بەنێویدا تێپەڕنەبووبێت، وەک ئەوەی هیچ ماسیەکی ئاگرین لەوساتانەدا نەباریبێت، هیچ شتێک لەم جیهانەدا نەتوانێت بەرەو گێژەنەکانی خەمی بەرێت، وەک ئەوی تۆزێک پێش ئەوە هیچ ڕووینەدابێت.. ئاوەها لەوکاتانەدا نازدار لەگەڵ سەربەستێکدا، لەگەڵ پیاوێکی ئازادا قاقای بەرزی لێدەدا، ئیدی دوای ئەوەی گوێیان لەپێوەدانی دەرگاکە دەبوو، گوێیان  لەناڵە و ئاهاتی هەردووکیان دەبوو، لەودیوو دیوارە تەنک و ئاوریشمیەکەوە بێخەمی نازداری پەرشدەکەردەوە، لەوساتەدا سێبەری نازادار  لەنێوان ڤێسناو خالید سەمای دەکرد، هەردووکیان مەست دەبوون بەبۆنی نازدار، بەجادووی جەستەی، بەعەیاری و دەست نەگەیشتنیان بەدوورگەکانی ئەو، بەبێخەمی و گوێپینەدانی بە دونیا. هەموو جارێک کەئەم شانۆگەریە دووبارە دەبێتەوە، هیچیان، ڤێسنا و خالید، لەوساتەدا بیر لەوە دەکەنەوە، کەئەوان بەشی پیاوێکی سەربەستیان پێ نابڕێت، بەپارەیەکی کەم لەگەڵ نازداردا دەخەوێت ..هەردووکیان  ڤێسنا و خالید لەدڵی خۆیاندا بیر لەو حەزە دەکەنەوە کەدەزانن پێ گەیشتنی مەحاڵە، ئیدی لەحەسرەتا بێت یان ئیرەیی بێت،  تێکەڵی یەکتری دەبن، چێژیان، حەزیان، ئارەزوویان، ئەشقیان، ئاڵۆشیان، بۆن ئارەقەی سێسکوالیان تێکەڵی یەکتر دەبێت، ئەوانیش لەسەر ڕیتمی ئاهاتی نازدار موچڕکەیان پێدادێت، خالید وەک پیاوێکی ناموراد  و ڤێسناش وەک مێینەیەکی لێواولێو لەئەشقی مێینیەکی تر..

لەڕاستیدا هەردووکیان لەگەڵ وێنەی نازداردا دەخەوتن، لەگەڵ بۆنی ئەو و ڕاکشانی ئەودا دەخەوتن کەلەژوورەکەی تەنیشتیانەوە توڕەیی خۆی لەخالید، لەدنیا لەنێو ئاهاتی وەهادا خۆی پەرشدەکردەوە، کەتەنها ئەو دوو بونەوەرە ئاشقەی ئەودیوو ژوورەکەی نازدار لەو نمایشە تێبگەن، کەئەمە لەجەوهەردا تێکەڵبوونی سێ جەستە بوو لەنێو یەکتریدا، وەک تەختی شانۆیەک بوو،  کرابێت بەدوو بەشەوە، دیوارێک هەبێت لەنێوانیاندا، دیوارێکی  تەنک لەنێوان جەستەی دوومیێنە کەدوو پیاو بەسەر جەستەیانەوەن، یەکێک لەپیاوەکان لەدەرەوەی بینراو بیستراودا بوو، نەبوویەک بوو بەسەر جەستەی نازدارەوە، هاواری دەکرد ئۆه..ئۆی سوزی، سوزی ئۆۆ سوزی گیان.. پیاوێک دوور لەئەشق سێکسی کڕیبوو، بەڵام  لەدیووەکەی دیکەی دیوارەکە، لەژووری تەنیشتی، ڤێسنا و خالید، ئاهات و ناڵەی ئەشقیان تێکەڵ بەوشەی نازدار دەبوو..خالید دەیگووت ئۆی نازدار، ڤێسنا بەهەمان ڕیتم لەژێر ڕیتمی چێژدا لەبەرخۆیەوە دەیگووت: خۆشمدەوێیت نازدار.. ئۆۆ نازدار.. کەتەواو دەبوون وەک ئەوەی پەیمانێکی نەنوسراوی نهێنیان لەنێواندا بێت، ئاوەها بەبێدەنگی سەیری یەکتریان کرد و پێدەکەنین. ئەوەی هەبوو لەنێوانیاندا، نەگوتراو بوو بەهەموو قورسایی خۆیەوە.. خالید و ڤێسنا بزەدەیگرتن و باوەشیان دەکرد بەیەکتریدا، ڤێسنا بەدزیەوە نیوەی دەرگاکەی دەکردەوە و خالید بەپەلە ڕاڕەوەکەی بەجێدەهێشت و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ وندەبوو…زۆری نەدەخایەند پیاوە سەربەستەکە لەژوورەکەی نازدار دەهاتەدەرەوە، ئیدی ئەم دوو مێینەیە ڕووبەڕووی یەکتری دەبوونەوە، بۆتاوێک بێدەنگ دەبوون و لەپڕ دەنگی تریقانەوە و پێکەنین بەڕووی یەکتردا لەوسەری ڕارەوەکەوە دەبیسترا. زۆر جاران سۆزانیەکانی دیکە لەگەڵیاندا پێدەکەنین و دەیانبینی هەردووک میینەی هاوڕێ باوەشیان کردووە بەیەکتردا، لەبەردەم سەرسوڕمانی پیاوە ئازادەکانی نێو ڕارەوەکەدا مێینەکانی دیکە، سۆزانیەکانی دیکە بەقاچە درێژ و ڕووتەکانیانەوە دەهاتن و باوەشیان دەکرد بەیەکتردا، بە ڤێسنا و نازاداریشدا، ئەوانیش بەئەوانیتردا، وەک ئەوەی هەموویان بیانەوێت لەچەند چرکەیەکدا یەکتری بلاوێنەوە، بەهاکانی خۆیان بدۆزنەوە. ئەم نمایشە چەند خولەکێکی دەخایەند و پاشان هەریەکەو دەگەڕایەوە بۆلای پیاوە ئازادەکەی خۆی، ڤێسنا پەلی نازداری  دەگرت و دەیکرد بەژوورەکەی خۆیدا، لەزۆرجاردا فرسەتی دەهێنا لەو باوەشکردنە بەیەکتردا، بەتایبەت  لەژوورەکەدا لێوەکانی ماچدەکرد، بەڵام بەسووکی، بەجۆرێک کەنازدار هەست بەو هەستە گەرمە نەکات لەنێو جەستەیدا قوڵپدەدات.. 

 

خالید لەم نمایشەدا بەخواری تێدەپەڕی، ئەوە بیرکردنەوەی ڤێسنا بوو، کاتیک لەکۆڵانە خڕەکەدا بیری لەخالید دەکردەوە، چۆن بەخواریش بەنێو ژیاندا تێپەڕی، ئاهێکی هەڵکێشا و بیری لەوەکردەوە کەچیتر دوای مردنی خالید ئەم نمایشە جارێکی دیکە ڕووناداتەوە.. لەناوەڕاستی کۆڵانەکە دەستیکرد بەگریان، گریانیکی گەرم بۆ نەهامەتی خۆی، بۆ گۆشەگیری و تەنیایی ژیانی خۆی، بۆ داخرانی هەموو دەرگاکانی بەختەوەری بەڕوویدا، دوا دەرگا خالید بوو بەناڕاستەخۆ دەیگەیاندە نازدار، دەیگەیاندە ئەشقی ئەو کەلەدڵی ئەودا ڕۆژانە جەستەی پڕدەکات لەئاڵۆش، پڕیدەکات لەهاوارێک کەنابیسترێت، وەک ئاگر بەنێو دەمارەکانیدا دێن و دەچن، هیلاکی دەکەن، و زۆر جاریش یارمەتیدەدەن بۆئەوەی بەگەرمی لەگەڵ پیاوە ئازادەکاندا بخەوێت. هیچ شتێک نەماوە بەدنیای ببەستێتەوە جگە لەهاوڕێیەتی نازدار نەبێت کەئێستا بۆتە هۆگریەک، بۆتە پەیوەندیەکی ڕۆحی ئاوەها کەدەبێت تێکەڵی جەستە بێت..ئەگینا دەمرم، بەڵێ دەبمە زیندوویەرکی مردوو.. دەمرم..ئەمە بیرکردنەوەی ڤێسنا بوو بەدەم گریانەوە، چونکە مردنی خالید مانای لەناوچوونی ئەو هاوکێشە سێ دووریە نەبینراوە بوو. خالید و ڤێسنا کۆک بوون لەسەر ئەشقی لەخۆبایی و لوتبەرزیە جوانەکەی نازدار، کۆک بوون لەسەر ئەوەی هەریەکەو بەشێوەی خۆی نازداری خۆشدەوێت..

 

خالید لەسەر ڕێگەی خێرای ژمارە سێدا لەکاتی تێپەڕنی بەلای بارهەڵگرێکدا خۆی کێشاوە بەئۆتۆمبێلێکی  خەتی ناوەڕاست، ئۆتۆمبێلەکەی خالید بەخێرایی سەدوهەشتا کیلۆمەتر ئۆتۆمبێلەکەی هێڵی ناوەڕاستی  فڕێداوەتە سەر خەتی چەپ، کەبەڕێکەوت ئۆتۆمبیلی تیژتێپەڕی پێدا تێنەپەڕیوە، دەنا ڕووداوەکە گەورەتر دەبوو. ئۆتۆمبێلەکە خۆی کێشاوە بەئاسنی جیاکەرەوەدا و جارێکیتر بۆ ناوەڕاست دەستی شکاندۆتەوە و لەخەتی ڕاستدا گیرساوەتەوە. شوفێرەکە بەسەختی بەبریندار دەبێت، بەڵام چارەنوسی ئۆتۆمبیلەکەی خالید لەگەڵ خۆکێشانی بەئۆتۆمبیلەکەی هێڵی ناوەڕاست، فڕێدانی ئۆتۆمبیلەکەی خۆی بووە بۆ ژێر بارهەڵگرەکە، بەمشێوەیە خالید لاشەکەی لەنێو ئاسنەکەدا کۆکراوەتەوە.. ئەمە گێڕانەوەی (جانان) بووە کە لەدەیوسەکەی خۆیەوە ئەوەی بیستووە، ئەویش لەپۆلیسەوە ئەوەی زانیوە کەبدوای کەسێکی نێزیکی خالید دەگەڕین بۆ ئەوەی لاشەکە وەربگرێت و ئیمزا لەسەر ناشتی بکات. ئەوەی کەبیستراوە ئەوەیە، چەند ڕۆژیکە لاشەکە لەبەر نەبوونی ناونیشانی خێزان یان ناسیاوی  خالید هێشتا لەبەفرگەی مردووانی شاری (ڤورتسبورگ) ماوەتەوە.

 

 خالید هەرگیز ناونیشانێکی دیاریکراوی نەبووە تاوەکو پێی بناسرێتەوە، یەکێک لەهەر هۆکارە سەرەکیەکان ئەوەبووە، کەهەمیشە لەپۆلیسی تاوانەکان خۆی دەشاردەوە. خالید یەکێکە لەوگەوادانەی کیژی  لەچیکۆسلۆفاکیای جارانەوە بەسنووردا دەپەڕاندە بۆ یەکەم شاری ئەڵمانیا، بۆ شارێک کەناوی (هۆف) مانانی حەوشە دەگەیەنێت، خالید هەمیشە ئەو شارەی بەحەوشەی قەحبەی قاچاخ ناودەبرد..لەو شارەوە بەشەمەندەفەر بۆ شاری نورنبێرگ و لەوێش بۆ یەکێک لەخانەکاندا نیشتەجێیدەکردن، دوو تا سێ کچی لەگەڵ خۆیدا دەهێنا و دەرگای خانەکەی لەسەر کڵۆم دەدان، پاشان لەکۆڵانەکە دەردەکەوت کەلەکۆنەوە ناوی (کۆڵانی ئافرەتان Frauengasse)ە، لەمسەر تائەو سەر خانوی کۆنن بەدرێژایی دیواری شاری کۆنی نۆرنبێرگ دابەش دەبن بەدوو کۆڵان کەلەمسەر هاموشۆکارانی ئاسایی پێدا تێدەپەڕن و پاشان دەگەنە بەردەم دەروازەی گەورەی کەوانەیی دیواری شاری کۆن، لەوێوە مرۆ دەپەڕێتەوە بۆ بەشی دووهەمی کۆڵانەکە کەپێچێکی گەورەی تێدایە و لەوێوە دەچێتە سەر بەشی چەپی شاری کۆن  و کۆڵانی ئافرەتان بەجێدەهێڵیت..هەموو خانوەکان کۆنن بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ زەمەنی ڕێنیسانس، بەڵام کێ لەو کۆڵانەدا گوێدەداتە هەڵکەوتەی ئەو خانوە جوانانەی کەلەزەمەنی بارۆک یان ڕێنیسانەوە  بیناکراون و شارەوانی دەیپارێزێت، ئەوە جگە لەهاموشۆکارانی ئاسایی کەدەگمەن یان لەبەر کورتکردنەوەی ڕێگا بەوێدا تێدەپەڕن، دەنا کەم کەس هەن بەوێدا تێپەڕن، تەنها بۆ تەماشای لەشی ڕووتی سۆزانیەکان نەبێت، کەلەودیوو پەنجەرەکانەوە پیاوەکان بانگدەکەن یان جار جارە جنێویان پێدەدەن، هەروا بۆ خۆشی و سوعبەت گاڵتە بەگوونە سیسەکانیان دەکەن کەناتوانن سۆزانیەکی پڕ ئاڵۆش تێربکات، یان بەڕەزیل بانگیان دەکەن کەئامادەنین بۆ چێژ لەگۆشتی ئاڵ پارە خەرجبکەن، پارەیەکی کەم..ئیمە لەژنەکانتان باشترین، لای ئیمە بەختەوەر دەبن! ئاوەها هاوار دەکەن، جەستەی خۆیان دەخەنە بەردەم نرخ و سەوداو مامەڵە و تەماشاچێژ…لەشەوانی کۆتایی هەفتە، بەتایبەت لەدوای نیوەشەوەوە لە(کۆڵانی ئافرەتان) بازاڕی مامەڵەکردن گەرم دەبێت دەنگی پێکەنین و تریقانەوە وجڕتلێدان و گۆرانی گووتنی گروپەی گەنجان لەبەردەم ماڵەسوورەکانی ئەشقدا، ڤیستڤاڵێکە لەکۆتایی هەفتەدا، کەڕنەڤاڵێکی پڕ بەختەوەرییە بۆ هەمووان، بۆ سۆزانی و پیاوە ئازادەکان. گروپەکان لەبەردەم قسەی نەرمی سۆزانیە لاق درێژ و مەمک تورتەکان کەجارجارە مەمکدانە تەنکەکانیان لەودیوو شوشەکانەوە بۆ گروپی گەنجەکان دەکەنەوە و لەگەڵ دەرکەوتنی مەمکە هەناریەکانیان، مەمکە زلەکانینان، مەمکە ڕەشەکانیان، مەمکە بەفرینەکانیان، مەمکە شۆڕبۆوە پیرەکانیان،  گەنجەکان دەکەونە چەپڵە و فیکە لێدان، بەتایبەت کاتێک یەکێکیان دەبێت بەتەڵەی یەکێک لەسۆزانیەکانەوە و پەلی ڕادەکێشێتە نێو خانوەکەوە، زۆر جار ناوگەڵی دەگرێت و ڕایدەکێشێت بەدووی خۆیدا و هاوڕێکانی پاڵی پێوەدەنێن..ئاوەها  کەگەنجە سەرخۆشەکان  دەچنە ژوورەوە هاوڕێکانی، بەتایبەت ئەوانەی هێشتا شوشەی بیرەکانیان بەدەستەوەیە و دەزانن نابێت بەشوشەبیرەوە بچنە ژوورەەوە چەپڵە بۆ هاوڕێکانیان لێدەدەن، بەدەم پێکەنین و جگەرە خواردن و بیرە خواردنەوە چاوەڕێی هاوڕێکانیان دەکەن، تادوای ماوەیەک دێنە دەرەوە پاشان بەچەپڵەو فیکە پێشوازیان لێدەکەن و زۆرجاریش وەک براوەی دووگۆڵیەک دەیانخەنە سەرشانیان، کەرنەڤاڵێکە لەخوماری و ئاهەنگ و سێکسوالیەت، وەک ئەوە وەهایە مرۆڤ خۆی لەزەمەنی ئەنیتکا ببینێتەوە، لەیەکێک لەئاهەنگەکانی پەرستگاکانی خوادوەندی خوماری(دیۆنیسۆس)دا بەشداربێت. بەمشێوەیە گەنجە سەرخۆشەکان ڕاو دەکرێنە نێو لانەی جەستەی سۆزانیەکان، کەزۆربەیان بێگانەن و ئەڵمان نین، بەپێچەوانەی ئەوانەوە سۆزانیە ئەڵمانیەکان، هەمیشە لەودیوو پەنجەرە داخراوەکانەوە لەو دیمەنە دەڕوانن، تەنها کاتێک پەنجەرەکە دەکەنەوە کەپیاوێکی ئازاد لەبەردەمیاندا بۆ سەوداکردن ڕادەوەستێت، لەزۆربەی کاتدا کەسەوداکار ئەڵمانی نەزانێت و بێگانەی وڵاتانی خۆرهەڵات بێت پەنچەرەکە ناکەنەوە، یاخود دەیکەنەوە و بەقایمی بەلوتیدا دایدەخەنەوە. 

ئەم کۆڵانەش لەژیانی دووهەمیدا، کلتور و زمانە جیاواز و نەریتەکان تێدا گەمەی خۆیان دەکەن و لەزۆرانبازیدان،  بەر یەکدەکەون و پێکدادانی پیشەیی و کلتوری تێکەڵ بەیەکتری دەبن. بۆ نمونە سۆزانیە ئەڵمانیەکان بۆڵەی ئەوە دەکەن  ئەم کۆڵانە ڕەونەقی سێکسی ئەڵمانی نەماوە، پیشەکە چیتر وەک چۆن لەدێر زەمانەوە و بەتایبەت لەدوای جەنگی جیهانی  دووهەمەوە شیوازیکی سوستماتیک و ترادیسیۆنی وەرگرتووە، لەزەمەنی سۆزانی گەورەوە (بیئاتا هۆزە) کەئێستا خاوەنی کۆمپانیای پۆڕنۆگرافیە، لەزەمەنی دروستبونی شاری سۆزانیەت لەهامبۆرگ، شاری () .. لەو زەمەنەوە ئەم پیشەیە خاوەن ڕێسا ونرخی خۆی بووە، خاوەن کلتوریکی تایبەتی خۆی بووە، نرخەکان بەرز و ڕێزدار بوون، گانکردن پابەندبوو بەکایەیەکی زمانەوانیەوە، زمانە ئەوروپاییەکان، فەڕەنسی ، ئەڵمانی، هۆڵەندی و ئینگلیزی، نەک سلاڤی و ئەفریقایی و ڕۆژهەڵاتی.  وەک سۆزانیە پیرەکان دەڵێن، ئێستا ئەڵمانیا پڕبووە لەسۆزانی منداڵ کەتەمەنیان لەخوار هەژدەوەیەو بەپاسپۆرتی ساختە خۆیان کردووە بەبیست ساڵان، نەباج دەدەن بەدەوڵەت و نەخاوەنی پاسپۆرتی تەندروسین و نەڕەچاوی نرخ و نەریتەکانی پیشەکانیان دەکەن و نەزمانیکی ئەوروپایی بەباشی دەزانن.. خالید هەموو جارێک بەپێکەنینەوە لەبەردەم نازدار و ڤێسنادا هۆکاری کەم بازاڕی سۆزانیە ئەڵمانیەکانی بۆئەوە دەگێڕایەوە، کەئەوان زۆر ئەقڵانین، دەیگووت: (پیاو بەسروشتی خۆی حەز لەگانی ژنی ئاقڵ ناکات..) نازداریش هەموو جارێک نەیدەهێنایە سەرخۆی و دەیگووت: گەر وابێت دەبێت ڤێسنا لەمن زیاتر پەیدا بکات…  دیارە لەکۆڵانی ئافرەتاندا لەوەتەی کەسانی وەک خالید و سێرژی ڕووس و یەشاری تورک و یارۆسلاڤی یۆگلاسفی پەیدابوون، چیتر مۆرکی ناسیونالی ئەڵمانی پێوەدیار نەماوە، ئیدی سۆزانی چیکی، ئەفریکایی، ڕۆمانی و بولگاری تەمەن هەژدە ساڵ و بیست ساڵ، جێگەیان بەسۆزانیە ئەڵمانیە قاچ ئەستور و شێوە دیالەکتیکی بایەری لێژکردووە، سۆزانیە نوێیەکان لەگەڵ کرانەوەی ئەوروپادا بەسەر سنووری دەوڵەتەکانی بلۆکی سۆسیالستی جاران، بەتایبەت چیکۆسلۆفاکیا، ئیدی ڕژاونەتە ئەم کۆڵانە. تەنها دراوی وەک ئۆیرۆ بازاڕی ناسیونالستی ئەڵمانی و کرێی کرێکاری خۆماڵی  تێک نەداوە داوە، بەڵکو بەڕای زۆربەی سۆزانیە ئاقڵەکانی ئەو کۆڵانە قەیرانی خستۆتە بازاڕی ئەوانیشەوە و بیانیەکان نرخی سێکس و کلتوری سێکسیان دابەزاندووە، بۆ (گانی بێ کلتور) ..ئەمە دێڕی (ئوشی کۆخ)ی سۆزانیە کەخۆی بەنەوەی شازادەکانی بایەر و ناوچەی ناوەڕاستی فرانکن تێدەگات.. ئەمانە  چیتر بەئەڵمانی قسەناکەن، بەئینگلیزیەکی شکاو، لەهەندێک کاتیشدا بەئەڵمانیەکی تێک و پێک شکاو لەگەڵ پیاوە ئازەداکاندا مامەڵەدەکەن، بەڕای سۆزانیە ئەڵمانەکان و بەتایبەت بەقسەی ئوشی کۆخ بێت: (نابێت تەنها مۆڵەتی تەندروسیان هەبێت ، بەڵکو دەبێت بۆ ئەم پیشەیە مۆڵەتیان پێ نەدرێت تاوەکو کۆرسی سەرەتایی زمانی ئەڵمانی بەسەرکەوتوویی بەدەست نەهێنن..).  ئاوەها لەم کۆڵانەدا کولتور گرفتێکی دیکەیە لەو دیوو نمایشی سێکس و ئازادیەوە زۆرانبازیەکان هەڵدەسوڕاند. 

 ڤێسنا و نازدار سەرەتا، لەزەمەنی  مارکدا نەک یۆرۆ، (کرێچی  سوڕاوە) بوون، هەڵسوڕاو بوون  لای سۆزانیە بەردەوامەکان، ئەوانەی کەژووری خۆیان هەبوو لەکۆڵانی ئافرەتاندا.  هەر جارەی یەکێک لەسۆزانیەکان  نەخۆش دەبوو ، یان کارێکی هەبوایە، یاخود سەفەریان بکردایە، پەیوەندیان دەکرد بە ڤێسنا و نازدارەوە، کەئەو زەمەنە لەکەمپی پەناهەندەکاندا بوون…ڤێسنا و نازدار دەچوونە جێگەیان، بێگومان نیوەی نرخی خەوتنێکیان دەدا بەخاوەنی ژوورەکە، ئەم ڕێکەوتنە، جار جارە هەرای تێدەکەوت و شەڕە پاپووچ و قژ ڕاکێشان و جڕتی تێدەکەوت، بەڵام  ئاشتبوونەوە سەرئەنجامەکەی بوو. کەهەردووکیان پاسپۆرتیان وەرگرت، ئیتر بەنیوە نرخ ڕازی نەدەبوون، چونکە گەر ژوورەکان، یان چاکتر وایە بڵێم گەر پەنچەرەکان بۆماوەی چەند ڕۆژێک دابخرایە، ئیدی کڕیارەکانی ئەشق تەرە دەبوون بۆ لای پەنجەرەکانی دیکە.  سەرەتا ڤێسنا و نازدار پێکەوە یەک ژووریان هەبوو، بیست و چوار کاژێریان دابەشکردبوو بەسەر دوودا و خشتیەکی کارکردنیان هەبوو، لەدوایدا کەپیاوی ئازادیان زۆربوو، بڕیاریاندا لەداهاتوودا لەتەنیشت یەکترەوەبن. 

نازدار کەچیرۆکی ژوورەکەی ڤێسنای بیردەکەوتەوە،  پێکەنینی بەگێلێتی خەیاڵی ڤێسنا دەهات .. دەیگووت ئەوان یەکەم سۆزانی بوون لەو کۆڵانەدا شەوانە لەهەمان ژووری کارکردنیان دەخەوتن، بێگومان لەبەر لەش و لاریان خواردنی زۆریان نەدەخوارد و لەژوورەکانیاندا بەفرگرێکی بچوکی تێدا بوو، ژووری ڤێسنا دیوارەکانی ڕەنگ پەمەیی بوو، خۆی ڕەنگەکەی هەڵبژاردبوو، ئەمەش جێگەی پێکەنینی نازدار بوو ، ناوی نابوو ڕەنگی ئافرەتە گێلەکان کەنازان پیاو چی دەوێت..ڤێسنا ڕای وابوو ئەو ڕەنگە لەگەڵ پێستە سپیەکەیدا گونجابوو. ئەوەی هەڵەبوو  کەلەپچەی ڕەنگ مۆری بەژوورەکەدا هەڵواسیبوو، بێگومان نرخی سێکس کردن بەکەلەپچەوە جیاواز بوو، گەر پیاوەکان حەزیان بکردایە کەلەپچەبکرێن، ئەوا مامەڵەی نرخ دەگۆڕا بۆ ئاستێکی تر. بەڵام ڤێسنا ڕێگەی نەدەدا خۆی کەلەپچە بکرێت، ئەمەش پابەندبوو بەئەزمونێکی تاڵ، ڤێسنا ئەو جارەی بیرناچێتەوە کە بەکەلەپچەکراوی  بەر زللەی پیاوێکی ئازاد کەوت، ئەو پیاوە لەڕواڵەتدا زۆر هێمن دیاربوو، چاویلکە لەچاوێکی باریکەلە کەبەشەرمەوە لەکەلپچەکانی ڕوانی و مامەڵەی نرخی لەگەڵدا کرد، تەنانەت زۆری پێچوو تاوەکو خۆی داکەند، شەرمی لەلەشە سپیەکی ڤێسنا دەکرد، یان لەخەیاڵیدا بەدووی شتێکدا وێڵ بوو، ئەوە وێنەیەک بوو لای ڤێسنا مابۆوە، دەگەڕا بەدووی شتێکدا، یان وەک ئەوەی شتیکی ونکردبێت، یاخود پێدەچوو ڤێسنای نەبینێت کە بەکەلپچەیەکی مۆرەوە چاوەڕێیدەکرد.  تاوەکو ئەو کاتە هێمن بوو  کە لەئۆرگازم نێزیکدەبۆوە، ئیدی بەرە بەرە زللەی لێدەدا، تادەهات تەکانی بەهێزی وەهای دەدا، کەخەریکبوو کۆندۆمەکە لەناو لەشیدا بتەقێت، چیتر ڤێسنا خۆی بۆ نەگیرا، ئیدی  لەگەڵ قیژە و هاواری ڤێسنادا، لەترسی توندبوونەوەی زللەکان و زیاتریش لەترسی تەقینی کۆندۆمەکە، هاواریکرد. دەیوسەکان بەلەقە دەرگاکەیان شکاند، زۆر زوو فریای کەوتن، ئەگینا خۆی گووتەنی لەوانە بوو تووشی ئایدز بوایە، یان لەژێر بۆکسدا بمردایە. ڤێسنا بینی چۆن پیاوەکان خۆیان هەڵدایە سەر جێگەکەی، سێ پیاو یەکێکیان لەنێو ڕانیدا هیلاک و سڕبوو، ونبوو بوو لەنێو خۆیدا، دووانەکەی تر لەپشتیەوە دەرکەوتن، بینی چۆن دەیوسەکان لەپشتەوە خۆیان هەڵدایە سەر جێگەکەی و پیاوەکەیان لەشوێنی خۆیان وەک بتێک جێگیرکرد، یەکێکیان چەقۆیەکی  خستە سەرملی و پێیگووت نەجوڵێت، ئەویتر لەناوقەدەوە بەهێواشی لەناو گەڵی کراوەی ڤێسناوە ڕایکێشایە دواوە  و هەردوو قاچی پیاوەکەیان وەها وەستایانە ڕاکێشایە دواوە، کەسەرەتا لەشی پاشان ئەندامی نێرینەی بەکۆندۆمەکەوە بێتە دەرێ، بەجۆرێک کەکۆندۆمەکە لەنێو لەشی ڤێسنادا جێنەمێنێت.. ئەمە لەچەند چرکەیەکدا ڕوویدا، هەردوو دەیوسەکە بەجۆرێک بروسکەیی وەها هاتنە ژوورەوە و خێرا دەرگاکەیان لەودیوو خۆیانەوە کڵۆمدا، وەک ئەوەی هەزارەها جار بێت کاری وەهایان کردبێت، وەستایانە لەڤێسنایان دوورخستەوە و  هەر لەسەر جێگەکە  بەر بۆکسیاندا، کۆندۆمەکەیان خستیە دەمیەوە  و دەبوایە قووتیبدات، کەقووتیدا  یەکی زللەیەکیان لێدا و بەپاڵێکی سووک فڕێیاندایە دەرەوە و پێیان گوت بۆ ئەبەد نەگەڕێتەوە بۆ ئێرە، چونکە جارێکیتر دەبێت جووتە گونی خۆت قووتبدەیت…ئەوان نەیاندەویست هەرا بنێنەوە، دیارە بەهاتنی پۆلیس پیاوە ئازادە بەڕێزەکان تەرەدەبن، و هەموو باڵاخانەکەش ناوبانگی دەزڕێت، لەبەرئەوە هەموو لێدان و بگرە و بەردەکە لەپشت دیواری ژوورەکەی ڤێسناوە ڕوویدا و سۆزانیەکانی تر خێرا دەنگی موزیکی ڕیکۆردەریان بەرزکردەوە  و هاتوچۆیان بەنێو ڕاڕەوەکە دەستپێکرد   و حیلکە حیلک و قاقایان بەرزکردەوە، بێگومان بۆئەوەی پیاوە بەڕێزە ئازادەکان، کڕیارەکانی نێو باڵاخانەکە هەستیپێنەکەن، هەموو شتێک لەنێوان دیواری سۆزانی و دەرگاکڵۆمدراوەکاندا ڕوویدا..

ڕووداوەکە تەواوی ژیانی ڤێسنای گۆڕی، بەتەواوەتی دەستبەرداری ئەو خەونە بو بەتەنها لەگەڵ یەک پیاودا ژیان بەسەربەرێت، خەونی پیاوێکی تەنها، سوارچاکێک تەواوی ژیانی بگوڕێت، لەوانەیە وەک ئەو پیاوە ئازادە هێمنە لەپڕ لەکاتی ئۆرگازمدا، ببێت بە بونەوەریکی دیکە، بەئاژەڵێکی دیکەی دڕندە، ئەوە تێکبشکێنێت کەناوی مێینەیە، ودێتە بەردەمی. ڤێسنا دوای ئەو ڕووداوە کەوتە نێو ووردە بیرەکانیەوە، و لەدوای ئەو ڕووداوە هەستی دەکرد، باشترین پیاو ئەو پیاوانەن کەدەتوانن وەک ئەم دەیوسانە لەنێوگەڵی ژن تێبگەن، لەناسکی ناوگەڵ وتەقینی شلەمەنی  ناو لەشی مێینە تێبگەن. لەو چرکە ساتەوە دەیوسی وەک مێینەیەک دەهاتە بەرچاو، بەڵام لەفۆرمی پیاوێکی زبر کەلەهەموو بیرکردنەوەی ژنانە و گۆڕانەکانی لەشی مێینە تێبگات. ئەم ووردە ئیدیا سەیرانە وەک تەونی جاڵجاڵۆکە بەدەوری ڤێسنادا خۆی تەنیبوو، زۆر جار لەشەوانی خواردنەوەی ویسکیدا لەگەڵ نازدار، دەیویست نازدار سەرسام بێت بەو ئەزمونە هزریانەی ئەو. نازدار  ئەو جۆرە بیرکردنەوانەی   بەنەخۆشی ئەبەدی مێینەی لەقەڵەمدەدا کەناوی نابوو (گەمژەیی ئەبەدی ئافرەتانە).. سەیر لەوەدابوو، لەدوای ئەو ڕووداوە لەشی  ڤێسنا بووە زەویەکی ئامادە بۆ خالید، چونکە ئەویش بۆنی نازداری لێدەهات، چونکە خالیدیش دەیوسە و لەلەشی مێینە تێدەگات. بێگومان دەبوایە  ڕۆژانی دوایی پارەی پاراستنی لەپڕی دەیوسەکان بدات…ڕەنگی پەمەیی دیوارەکەی ڤێسنا هێمن بوو  بەڵام پێدەچوو ئەوە ڕەنگی مۆری  کەلەپچەکە بووبێت بەسەر مەچەکی بەفرینی ڤێسناوە حەزێکی سادی لەناخی پیاوە ئازادەکەدا بزواندبێت، کەدەرئەنجام دەبوایە کۆندۆمەکەی بەسپێرم و لینجایی ناو لەشی ڤیسناوە قووتبدات.  بەڵام ڕەنگی ژوورەکەی نازدار سوورێکی تۆخ و نیمچە تاریک بوو، دیوارەکان ڕووت و قووت بوون، فێڵەکە لەوەدابوو وەک نازدار دەیگووت: لەشی من دەبێتە تابلۆ بۆ دیوارەکان، وەستانم لەناوەڕاستی ژوورەکە کاتێک خۆم دادەکەنم لەبەردەمی پیاوەکاندا، بەسە بۆ ئەوەی ژوورەکە پڕکات لەشەهوەت. سەرەتا ژووری هەردووکیان جودابوو هەر یەکەی لە باڵاخەنەو خانوویەک، بەڵام دوایی کەباڵاخانەی کۆنی سێ نهۆمە داخراوەکە نوژەنکرایەوە و لەژێر ناونیشانی  (خانوی ژمارە چل و حەوت) کرایەوە ، بەجیاوازی لەخانووەکانی دیکە ، نێرینە ئازادەکان پێویستیان بەوە نەبوو  بلیتی چوونە ژوورە و گەڕان بدەن، دەیانتوانی بەئارەزووی خۆیان بەهەر سێ نهۆمەکەدا بگەرێن و بێنە خوارەوە، دیارە ئەم خانوە ماوەیەک  دوای یەکگرتنی ئەوروپا کرایەوە، لەوێ، پێش وەخت لەتەنیشت یەکەوە، نازدار و ڤێسنا ژووریان گرت.. 

کاتێک کەهێشتا ئەوروپا نەبوو بەیەک و سنورەکان بەسەر یەکتریدا نەکرابوونەوە، چیک و سلۆفاکیا و پۆڵۆنیا و هەنگاریا بەسەر ئەوروپادا نەکرابونەوە، ئەو زەمەنە سۆزانیە ئەڵمانەکان گروپەیەک بوون و سۆزانیە بێگانەکان گروپەیەکی دیکەی بچوک و لاواز و پاشکۆی زەلیلی ئەڵمانەکان بوون، هێشتا ئەو زەمەمەنە گڵۆبالیزم  لەئارادا نەبوو، موڵتی کلتور و شەڕی کلتورەکان لەهێلکە نەتروکابوون، لەگەڵیشیدا دراوی یۆرۆ هەر وەک خەونیک ، یان وەک نوکتەیەک باسدەکرا..بۆ ڤێسنای کچێکی کرواتی ناسک و وردیلەیە توانای ئەوەی نەبوو خۆی لەسۆزانیە ئەڵمانەکان بپارێزیت کەجار جارە پەلاماریان دەدان، ئەوان زلتر و قاچ ئەستورتر و دەم هەراشتر بوون، بەڵام هەموو جارێک لەبەردەم توڕەیی و دڕی نازداردا، ئەڵمانەکان دەکشانە دواوە، نازدار پرچی دەگرتن وبەیەکجار دەیکێشان بەزەویدا، گەر لەدووان زیاتر بوونایە چەقۆی لێ دەردەهێنان، تاڕۆژێکیان قۆڵی یەکێکیانی بریندار کرد، ئیدی کەس لەوانە دوای ئەو ڕووداوە، نەیدەوێرا پەلاماری ئەو ژوورانە بدات کەسۆزانیە بێگانەکانی تێدابوو. نازداریان ناو نابوو کوردە دڕندەکە، چونکە بەشێک لەو سۆزانیە ئەڵمانەکان دوای هاتنی نازادار بۆ تێگەیشتن لەدڕی نازادار کتێبەکەی (کارل مای) یان خویندبۆوە (گەشتێک بەنێو وڵاتی کوردە دڕندەکاندا)، زۆربەیان دوای ئەو چەقۆ وەشاندنەی نازدار ئەو کتێبەیان خویندبووە، بەنازداریان دەوت (سوزی، گەشتێک بەنێو قەحبە کوردە دڕندەکاندا..)، نەیاندەوێرا ئەمە بەدەنگی بەرز لەبەرامبەر نازدار بڵێن، سەیریش لەودا بوو هیچ یەکێک لەو سۆزانیە توڕانە لەنازدار ئەوەیان نەدەزانی کە(کارل مای) لەهەموو ژیانیدا یەک بست لەئەڵەمانیا دوورنەکەوتۆتەوە و زۆربەی ئەو وڵات و گەلانەی نەناسیوە و نەبینیوە کەلەبارەیەوە کتێبی گەشتیاری لەسەر نوسیوون، بەڵام کێ هەیە لەئەلمانیادا کارل مای نەناسێت… 

 

لەنێو دەیوسە دێرینەکاندا، کەڤێسنا بەمێینەی دەچواندن خالید بوو. جاران خالید بەدڵڕەقترین دەیوسی ئەو گوزەرە ناسرابوو، سێرژی ڕووس بەپلەی دووهەم دەهات. هەردووکیان دوو هاوڕیی نێزیکی یەکتربوون، دوو هاوڕێی، بەجۆرێک کەلەدوای جیابونەوەی نازدار و خالید، بەردەوام سێرجی بە نازداری دەگووت کەهەڵەیەکی گەورەی کردووە لەخالید جیابۆتەوە، چونکە سۆزانی و گەواد چارەنوسیان یەکە نازدار گیان، ئیدی گەر خۆشەویستی هەبووبێت بۆ بەردەوامی پێ نەدرێت… ئەمە قسەی  سێرجی بوو، کەزۆر جار ئازاری دڵی برینداری هاوڕێکەی دەبینی، تکای لەنازدار دەکرد کەچ نەبێت ڕێگەبدات خالید وەک کڕیارێکی ئەشقی کاتی، وەک پیاوێکی ئازاد لەگەڵیدا بخەوێت، نەک وەک ئاشقێک، یان کۆنە مێردێک،  نازداریش دەیگووت: ئاخ سێرجی هەرچەندە هەردووکیان پیاون، بەڵام لەنێوان گەواد ومێردا جیاوازیەکی گەورە هەیە…مێرد نابێت بە مەعمیل..

 پەیوەندی خالید و سێرجی پەیوەندی قومار و سۆزانی و گەوادیی بوو، لەقۆناغێکی دیکەدا قاچاخچێتی نەفەر بوو بەئەڵقەیەکی دیکەی هاوڕێیەتی و بەرژەوەندیان لەدنیای بچکۆلانەی خۆیاندا، بێگومان وەک خۆیان بەبێتاوانترین پیشەیان دەچواند، چونکە ئەوە ئەوانن مرۆڤ بۆ چەند ساتێکیش بێت لەبەندیخانەی گۆشەگیری وخەمۆکی ئازاد دەکەن، بەتایبەت ئەوان ئاوەها کارەکەی خۆیان ڕەواخواز دەکرد، بەوەی ئەوان وەک سێرژی دەیگووت: توانیویانە نرخی سێکس هەرزان بکەن و لەکاڵایەکی لۆکسۆسی بۆرژاوازیەوە بیکەن بەکاڵایەک بۆ پڕۆلیتاریا. لەگرانی بازاڕی کاپیتالیستی  ئەڵمانیەوە بیکەنە کاڵایەکی سۆسیال و موڵتی کولتوری جەستە، هەژارەکانیش بتوانن لانی کەم مانگی جاریک لای کیژەکان بۆ چەند ساتێک جەستەیان ئازاد بکەن، (من و تۆ خالید گیان، وەک دوو کۆمەنیستی کورد و ڕووس بڕوامان بەئازادکردنی مرۆڤ هەیە، من تۆ توانیمان وەها بکەین پرۆلیتاریاش بتوانێت چێژ لەجەستەی جوان ببینێت..کیژەکانی هاوڕێم دەتوانن بەو پارەیەی پەیدا دەکەن چەندەها خێزانی هەژار لەوڵاتانی خۆیاندا لەبرسیتی و دڵڕەقی دنیای کاپیتالیست ڕزگار بکەن.. من بەختەوەرم هاوڕێم ، من بەختەوەرم و من و تۆ لەسەر ڕێبازی جیڤارا دەڕۆین، گەر هاتوو گەوادە ئەڵمانەکانیش بەچەقۆ بمانکوژن ئەوا بێباکم … سێرجی وەهای دەگووت و پێکە ڤۆدکای بەرزدەکردەوە و مژی لەجگەرەی حەشیشەکەی دەدا، خالیدیش سەری ڕادەوەشاند و پێدەکەنی، ئاوەها ئەم دوو کۆمەنیستە شۆڕشگێڕەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سێرجی خەوبینەر بەزمەنی سۆڤیەت پێکەوە لەسەر بازرگانی ئاودیوو کردنی کیژەکانی بلۆکی سۆسیالستی ڕێکەتبوون، ئیدۆلۆژی خۆیان فۆرمولەکردبوو، دیارە خۆشیان  بۆ هەموو ڕەخنەیەک ئامادەکردبوو، سەیر لەوەشدا بوو کیژەکانیان دەپاراست و هاریکاریشیان دەکردن و  ئەو بڕە پارەیەی لەیانەکانیان وەردەگرت زۆر کەمتر بوو لەچاو جوانی کیژەکان، بەڵام لەبەرامبەر ئەوە دەبوایە ئەوان بەدەیوسی و پارێزەری کیژەکان بمێنەوە، بۆئەوەی ئازارنەدرێن. ئەم دوو شۆڕشگێڕە، ئەم کاری ئاودیوو کردنی مرۆڤە لەو کاتەوە فێربوون کەخزمێکی خالید  بۆ دەرچوون بەرەو ئەڵمانیا لەمۆسکۆوە داوای یارمەتی لەخالید کردبوو، لەوێ هەردووکیان بەرامبەر ئەو ژمارە زۆرە ترسناکەی کورد بوونەوە کەوەک هەڵماتی ڕژاوی ڕەنگاو ڕەنگ  بەنێو سۆڤیەتی جاراندا بڵاوبوو بوونەوە. بەتایبەت کاتێک بەهۆی  شەڕی ناوخۆی کوردانەوە، ژمارەیەکی بێشومار سۆڤیەتی جارانیان پڕکردبوو. ئیدی جار جارە لەئۆکراینا و مۆسکۆ خەڵکیان ئاودیوو دەکرد، بەڵام لەبەر قومار و ژیانی بێ سەروبەرەیان، هەندێک جاریش لەبەر دڵی شۆڕشگێڕیان، خەڵکی زۆر نەداریان بێ بەرامبەر و پارەی کەمتر لەنرخی خۆی دەکرد بەوئەودیوودا، ئیدی لەبەر ئەم بێ سەر و بەرەیەدا، چیدی  مافیای ڕووسی نەیدەویست مامەڵەیان لەگەڵدابکات، لەبەر ئەوەی وەک یەکێک لەمافیاکان پێیگوتبوون: زەمەنی شۆڕشگێڕان دەمێکە بەسەرچووە هاوڕێیان، لەلینینی گەورەوە وڵات کەوتۆتەدەست یاڵسنی سەرخۆش و مافیاکان کەجاران کاگابی و پارێزەری شورای کۆمەنیستی بوون لەجیهاندا! ئەوەی لەقاچاخچێتی مرۆڤەوە بۆیان مایەوە بەمیراتی، هێنانی ئافرەتی بلۆکی سۆسیالستی بوو، بەتایبەت کیژانی چیکۆسلۆفاکیای کۆن بوو بۆ نێو ئەڵمانیا و دابەشکردنیان بەسەر  یانەکانی شەو و کۆڵانەشینەکانی نیوەشەو  و مێزەکانی قوماردا…ئاوەها ئەم دوو هاوڕێ شۆڕشگێڕە ژیانیان لەنێوان قومار و ئاودیوو کردنی کیژە هەژارە ڕۆمانی و بولگاری و ڕووسەکان بۆ ئەلمانیا و هۆڵەندا  بەسەر دەبرد..

خالید لەکاتێکدا گیرفانی پڕدەبوو، بیری لەنازدار نەدەکردەوە، بەڵکو  بەدزیەوە دەهات بۆ لای ڤێسنا و چەپکێک پارەی پێدەدا، چونکە خۆی گووتەنی قەرزی جارانە، بێگومان دە هێندی ئەو پارە کەمەیە کەلەکاتی تردا ڤێسنا بەخشیویەتی بەخالید، ئەو بۆی قەرەبوو دەکردوە، بەڵام پێدەچوو  ئەمە لای هەردووکیان بەپارەی خەوتنی سەر جێگەکان مەزندەبکرێت، بێگومان لەکاتی ناسکی و داڕمانی ڕۆحیدا، کەئازاری جێهێشتنی نازدار لەگەڵ ئازاری دۆڕاندنی گەورەی لەڕۆڵێت و هەڵکشانی دوکەڵی جگەرەی حەشیش بوو بۆ نێو دڵی برینداری. لەو چرکە ساتانەدا خۆی وەک پیاوێکی نائومێد بیردەکەوتەوە کەنەیتوانی ئەشقی ئافرەتێک بۆ خۆی بپارێزیت، ئەوەی بیردەکەوتەوە کەئەوە بووە هۆی ئەوەی نازدار لەئەشقەوە بخاتە سەر ڕێگەی فرۆشتنی جەستەی. خالید لەژێر کاریگەری دۆڕاندنی گەورەی ڕۆڵێتدا تفی لەخۆی دەکرد و هەمیشە حەزی لەوەبوو کەنازدار بەنەعل لێی بدات و سووکی بکات و ئەویش فرمێسکی پەشیمانی بڕژێت و لەدوایدا لەباوەشی ڤێسنادا ژیر بێتەوە. قومارکردنی خالید بەجۆرێک بوو کەزۆربەی دەستکەوتی چەند مانگەی بەقاچاخ هێنانی کیژە هەژارەکانی چیکوسلۆفاکیای جارانی بەچەند شەوێک دەدۆڕاند، ئیدی هەر لەگەڵ دۆڕاندنی نەهامەتی دڵی خۆی بیردەکەوتەوە و لەبەردەم ژوورەکەی نازدار وەک خێوی نێو فانۆسی سیحری قووتدەبۆوە، ئیدی چیرۆکەکە لەسەرەتاوە دەستپێدەکردەوە و کۆتاییەکەی هەر لەسەر جێگەی ڤێسنا بوو، هەر لەبەرئەوە ڤێسنا بەخۆشحاڵیەوە ئەو پارەیەی لەکاتی تردا وەک قەرزێکی دوور لێی وەردەگرتەوە. 

 

 

ڤێسنا لەنێوەڕاستی کۆڵانە خوارەکەدا خەیاڵ بۆ ئەم لاو بۆ ئەو لای دەبردەوە، بیری لەو هەموو جوڵە و گەرمییە دەکردەوە کەئەو لەنێوان نازدار و خالیدا هەستیپێکردووە، سەیری ئاسمانی  کرد و بۆ یەکمجار بوو لەژیانیدا هەستبکات پێویستی بەمیهرەبانی خودایەکی گەورە هەیە، پێویستە لەبەردەمی ئەودا دڵی خۆی بکاتەوە و خوداش پێی بڵێت کچم ڤێسنا مەگری، کچم ڤێسنا مەگری من خودای تۆم، من بەمیهرەبانی خۆم داتئەپۆشم، ڕۆحت ئاسودە دەکەم.. لەوساتەدا لەهەموو ساتەکانی ژیانی زیاتر پێویستی بەخودا بوو پێیبڵێت: خودایە من دەگەڕێمەوە بۆ ماڵی تۆ…بەڵام ئەی ئەوە نەبوو جارێکیان نازدار  پێیگووت کەخودا دەرگاکانی لەسەر ئافرەتی وەک ئێمە داخستووە، خودا ئێمەی لەنێو ئەم پیشەیەدا  بەرەو جەهەنەم نەفیکردووە..ئەوە نازدار بوو ئەوەی گووت، پێگووتبوو کەخودا ئافرەتی وەک ئێمە ڕاستەڕێ دەنێرێتە جەهەنەم، بەڵام نازانم خودای ئێوەی کریست چۆن مامەڵە دەکات…ئەو جارە بۆ یەکمجار بوو دیالۆگێک لەنێوان ئەم دوو ژنەدا ڕووبدات و ڤێسنا لەم شەڕە دەنوکەدا بیباتەوە، ئەو پێیگووت: نازدار گیان مەسیحی گەورە لەپەیامی خۆیدا سۆزانیەک هاوڕێی بووە، ناوی ماریا ماگدالینا بووە، لەبەر قاچی مەسیحدا وەستاوە و هاوڕێکانی ویستوویانە دەریبکەن، بەڵام مەسیح شەیتانەکانی ڕۆحی دەردەکات کەحەوت شەیتان دەبن. ڤێسنا بۆی گێڕایەوە، کەلەوڕۆژەوە لەگەڵ مەسیحدا دەبێت بەهاوڕێ بڕوای بەخوادی گەورە کەخودای تاک و تەنهایە، ماریا و مەریەمی دایکی و هاوەڵانی، لەدوای لەخاچدانی مەسیح ڕێگەی مەسیحیەت بڵاودەکەنەوە، کۆنە سۆزانیەک ئەوە دەکات کەبەر لێبوردەیی خودا دەکەوێت، تەنانەت دەڵێن یەکەم کەس کەحەزرەتی مەسیح دەبینێت دوای لەخاچدانی، لەمردنەوە هەڵدەستێتەوە و پێش هەڵکشانی بۆ ئاسمان خۆی نیشانی ماریا ماگدالینا دەدات…

ئەوە بۆ یەکمجار بوو نازدار بەبێدەنگی گوێبگرێت و گاڵتەی بەقسەکانی ڤێسنا نەیەت و پلاری تێنەگرێت. ئەو جارە  ڤێسنا بۆ نازداری گێڕایەوە، کەقەشەی شارە بچوکەکەیان گێڕاویەتەوە کەدوای هەڵکشانی مەسیح بۆ لای باوکی، بۆ لای خودا، ماریا ماگدالینا سی ساڵی ڕەبەق لەدارستانێکدا خۆی گۆشەگیردەکات، لەوێ هەموو ڕۆژێک فریشتەکان دێن وبەرەو ئاسمانی دەبەن. ماریا لەئاسمان لەسەر خوانی حەزرەتی مەسیح دەخوات و دەخواتەوە، حەزرەت ناتوانێت لەئەشقی ماریای ماگدالینای کۆنەسۆزانی دەرباز بێت…نازدار دوای ئەم گێڕانەوەیە  زۆر دڵتەنگ بوو، بەڕادەیەک کەخورپەیەک بەدڵی ڤێسنادا هات بەوەی دەبێت هەڵە لەکوێدا بووبێت، کەباسی ماریا ماگدالینا بۆ نازدار بکات، نازدار دەیویست بزانێت چۆن ماریا ماگدالینا بۆتە هاوڕێی حەزرەتی مەسیح، بۆچی دەبێت ئەوی قبوڵ بێت لەجیاتی هەموو ئەو ئافرەتە پاکانەی ئۆرشەلیم. ڤێسنا تەنها ئەو زانیاریە کەمەی دەزانی کەکاتی خۆی لەقەشەی شارۆچکە بچوکەکیان لەکرواتیا بیستبووی، ئەوەندە دەزانێت کە قەشەکە گووتوویەتی: خودا دڵێکی میهرەبانە بۆ هەمووان، لێبوردنیکی گەورەو  پەنایەکی گەورەیە، دڵێکی گەورەیە لەسۆز و باوەشی ڕەحمەت.. لەوڕۆژەوە نازدار بەخۆی دەگووت (ماریا ماگدالینا) و ئەوەشی لەڤێسنا نەدەشاردەوە هەمیشە خەونی بەو پیاوە دەبینی وەک مەسیح لەو چڵپاوی قەحبەخانەیە ڕزگاری بکات، دێت بۆ ئێرە بۆ ئەم خانەی سێکسی هەرزانە. هەموو جارێکێش بەبزەوە سەیری ڤێسنای دەکرد و دەیگووت: حەتمەن ئەو مەسیحە خالید نییە کەهەر لەقوماردا دۆڕا منی بیردەکەوێتەوە.

 بەڕای ڤێسنا ئەو هەڵەیەکی  گەورە بوو کردبووی، بەوەی ئەم چیرۆکەی بۆ نازدار گێڕابۆوە، چونکە زیاتر خەونی نازدار بۆ پیاوێکی وەک مەسیح بوو، نەک بۆ ئافرەتێک کەخۆشی بوێت و ژیانی نەهامەتی لەبیر بەرێتەوە، ڤێسنا هەمیشە خەونی بەوە دەدی پێکەوە لەگەڵ نازدار ژیان بەسەربەرن، ژیانێک بەهەموو ووردەکاریەکانیەوە.  ڤێسنا هەستیدەکرد، چارەنوسی ئەو و نازدار  پێکەوەبەندە. هەرچەندە ئەمەی هەرگیز لەلای نازدار  نەدرکاندووە، وەک چۆن خالید لەهەمان گێژاوی ئەشقی بەسەرچووی نازداردا دەژیا و تاچەند ڕۆژێک لەمەوبەر هەر لەم گێژاوەدا بووە، تاوەکو بووە چەند پارچە گۆشتێکی بەستوو لەبەفرگەی مردووانی (ڤورتسبۆرگ). ڤێسنا بۆئەوە دەگریا کەنەیدەتوانی ئەو هەواڵە بگەیەنێتە نازادار، چونکە لەوە دەترسا چیتر نازدار، ئەو نازدارەی جاران نەمێنێت، ڕاستە ساڵانێکە لەگەڵ خالیدا پێکەوەنین، بەڵام ژنان بەردەوام لەدوای جیابوونەوەشیان لەئەشقە نامورادەکانیان، هەمیشە پەیوەندیەکی نهێنی ڕۆحی وەهایان لێدەکات ڕەدووی هەواڵی کۆنە ئەشقەکانیان بکەون، بەڵام  بەجۆریک لەجۆرەکان  ئەم پەیوەندیە سێ لایەنی نەبینراوی هەبووە، کەپێکهاتبوو لەڤێسنا و خالید و نازدار، چونکە هەرسێکمان، ڤێسنا گووتەنی: لەم شارا بێ تخووبەدا، کەسمان نەماوە، من گەر نازدارم لێ بڕوات کەسم نامێنێت لەم دنیایەدا، ئیدی تەنها خودایە کەدەبێت پەنای بۆ بەرم، خودایە فریام بکەوە..

 

ڤێسنا نەیدەزانی بیر لەچی بکاتەوە، لەخودا یان لەخالید کەچەند پارچە گۆشتێکی لێ ماوەتەوە، خەریکە لەنێو بەفرگەی خەستاخەنەدا وندەبێت، دەبێت ئەمان ئیمزای وەرگرتنی بکەن، بەڵام کێ ئیمزای وەرگرتنی گەواد و قومارچی و زڕمرۆڤێکی وەک خالید دەکات؟، چۆن دەبێت بنێژرێن و کامە مەلاو قەبرستان؟، بەمەرجێک تێچوونی ناشتن بەکەس هەڵناسوڕێت. ئەمان ئەوەی پەیدای دەکەن تەنها دەتوانن کرێی ژووری سۆزانیەتی خۆیانی پێبدەن، لەگەڵ پارەی سندوقی تەندروستی کەئەمان دەبێت بەزۆر بیدەن…ئەمەش چیرۆکیکی ترە، ڤێسنا و نازدار  لەڕۆژێکی زستاندا لەلایەن فەرمانگەی تەندروستی و پۆلیسی تایبەتەوە داوایان لێکرا کەئەمە بکەن، ئەگینا ژوورەکەیان پێ دادەخەن، بێگومان دەبوایە لەکاتی پێویستدا بەدزی هەمووانەوە وەڵامی پرسیارەکانی پۆلیسی تاوانەکان بدەنەوە، کەپیاوێکە وەک هەموو پیاوێکی ئازاد خۆی دەکات بەژووردا، لەجیاتی سێکس پرسیار لەڤێسنا دەکات و دەبێت ئەویش ڕاپۆرتێکی دەمی پێشکەش بکات، هەموو جارێکیش پارەی سێکسی خۆی دەدات و سوپاسی هاریکاریشی دەکات.. ئاوەها ڤێسنا و نازدار لەگەڵ  پۆلیسی تاواندا پەیماننامەیەکی نهێنیان هەیە.. ڤێسنا لەو کاتەدا کەبیری لەمانە دەکردەوە دەگریا بۆ بەختی خۆی کەلەشفرۆشتنیش لەم وڵاتەدا ئەوەندە ئاسان نییە، بێ باج و سەرانە و سەر ئێشە نییە، پیشەیەکە وەک هەموو پیشەکانی دیکە لەگەڵ پەیدابوونی (یۆرۆ) و کرانەوەی سنوورەکان بەسەر سۆزانیەکانی پۆڵۆنیا و چیک و بولگاریا و بلۆکی سۆسیالیستیدا، ڕوو لەکزبوونە. بێگومان گەر ئەو ونازدار خانەیەک بەکرێبگرن، وەک مرۆڤێکی ئاسایی بژین، ئەوا پارەکەیان بەشی هیچ ناکات..دەبێت  کێ لاشەی وەربگرێت من یان نازدار یان سێرژی؟..بەڵام ڤێسنا ئەوەی لەبیرکردبوو کەسێرجی ساڵیک دەبێت گەڕاوەتەوە بۆ مۆسکۆ و چیتر دەنگی نەماوە، لەوانەیە کوژرابێت، ئەویش وەک خالید سەرسەخت و کەرە، گەر ئەو لێرەبوایە من تووشی ئەم گێژاوە نەدەبووم..خودایە من ئێستا چیبکەم؟..

ڤێسنا نەیدەزانی بۆچی ئاوەها لەنێو ئەم کۆڵانەدا چەقیبەستووە. وەک ئەوەی لەنێوەڕاستی جیهاندا گیری خواردبێت .. ئەو لەوە دەترسا کەنازدار تووشی غەمباریەکی ئاوەها بێت، لەدوایدا ڕق لەو کەسە هەڵبگرێت کەئەم هەواڵەی پێ ڕاگەیاندووە، دەترسا ئەم هەواڵە تەواوی ئەم پەیوەندیە ڕۆحیە تێک و پێک بشکێنێت کەچەندەها ساڵەی تەمەنە، وەک ڕەش مارێکی قەدیمە خۆی ڕاکێشاوە ..چونکە هێشتا نازدار لەچاوەڕوانی ئەو مەسیحەدایە، لەو ژیانە نائۆمێدەی ڕزگاری بکات.. 

 نازدار لەچواردە ساڵیەوە چاوەڕێی پیاوێکە دەرگاکانی بەختەوەریەکی بچوکی لێبکاتەوە، ئێستاش دوای جیابوونەوەی لەخالید، دوای چەند ساڵێک، بەتایبەت دوای ئەو بەرەبەیانەی ویسکی خواردنەوەیان کاتێک پێکەوە لەگەڵ نازداردا، باسی گەشتی مەسیحی بۆ کرد، باسی ئەو لێبوردن و ڕێزە گەورەیەی مەسیحی کرد لەبەرامبەر ماریا ماجدەلینا، کەسۆزانیەکی نێو بازاڕە هەرزانەکان بووە. باسی ئەوەی بۆ کرد کەخودا هەر دەبێت دەرگایەک بکاتەوە، چۆن دەرگاکان دادەخات ئاوەهاش دەرگای دیکەمان بەڕوودا واڵادەکات. ئەم قسانە  نازداری بەرەو غەمباریەکی قوڵ ڕاپێچکرد، بەڵام لەڕۆژی دوایدا باوەشی بەڤێسنادا کرد و گووتی: تۆ هیوات پێ بەخشیمەوە، هیوات بەخودای گەورە پێبەخشیم، بەپیاوێک وەک مەسیح دێت و ڕزگارم دەکات… ڤێسنا ئەو بەیانیە هەستی بەو هەڵە گەورەیە کرد کەکردوویەتی، جۆرێک لەبێ هیوایی داگیری کرد، بەوەی چیتر نازدار بیر لەو ناکاتەوە، ئەوە  ڤێسنایە کە ڕزگار دەکات، ئەوەندەی لەدەم دەرچوو و گووتی: مەرج نییە پیاو بێت نازدار گیان، مەرج نییە، لەوانەیە ئافرەت بێت، میهرەبانێک بێت… نازدار بەسەرسوڕمانەوە سەیری کرد و پاشان بەگاڵتەجاڕیەوە گووتی: ژنان هەر دەتوانن لینگیان بکەنەوە، منیش دەیکەمەوە بۆئەوەی ڕزگارم دەکات، لینگی خۆم بۆ لینگێکی کراوەی تری وەک خۆم ناکەمەوە، ئەو پیاوەی دێت، دەبێت لەنێو ڕانەکانمدا جارێکی دیکە لەدایک بێتەوە، بمکاتەوە بەمێینەیەکی ڕاستەقینە، نەک هەرزان..    

 

نازدار هەمیشە لەچاوەڕوانی فریادڕەسێکدا  چێژی بینیووە لەژیان، بەوەی چاوەڕوانی پیاوێک بێت و قوتاری بکات لەناشرینی دنیا، ئەمێک بەچواردەساڵی لەساڵی 1977 لە گوندە بچوکەکەیان خۆی و خێزانەکەی کەلەسێ برای بچوک و پێنج خوشک پێکهاتبوون، بەر ڕاگوازتتن کەوتبوون. بۆ  ڤێسنای گێڕابۆوە چۆن ئەو یازدەساڵان بووە، کەسواری پشتی ماشێنی سەربازی کراون و هەموویان لەئۆردوگا گشتیەکاندا وەک مەڕو ماڵاتی هیلاک فڕێدراون، ئیتر هیچ شتێک نەما لەو ڕۆژەوە ڤێسنا، خوڕەی ئەو جۆگەلە نەرمە نەما کەشەوانە دەیلاواندمەوە، قیڕەی بۆقەکانی ئەستێلکەکە نەما..هەموو شتێک ونبوو لەشەو و ڕۆژیکدا خۆمان لەشارۆچکەیەک دۆزیەووە کەهەموو ماڵەکانی لەیەکدەچوون، خانویەکی دوو ژوور کەدەکەوتە سەر هەیوانێکی بچوک وحەوشەیەکی ڕووتەن، نەک هەر حەوشەکەیان، بەڵکو لەهەموو ئۆردوگاکەدا درەختێک نەبوو، درەخت تەنها بەگردەکانی دەوروبەرەوە هەبوون، لەودیوو درەختەکانەوە بنکەی سەربازی جار جارە تەقەیان بەنێو ماڵەکاندا دەکرد…

 لەناوەڕاستی حەفتاکاندا بەشێکی زۆری گوندەکانی سەر سنووری ئێران و تورکیا ڕاگوازران بۆ ئۆردوگا زۆرملیەکان، ئۆردووگاکان وەک شارۆچکەی گەورە، یان چاکتر وایە بڵێم وەک سەربازگەی گەورە دروستکرابوون، هەموو گوندەکانی قەدپاڵ و گوندەکانی ناوچەکە لەوێ بەزۆر نیشتەجێکرابوون،یان چاکتر وایە بڵێم مۆڵکرابوون … بێگومان  حکومەتی ئێراقی ئەم ڕاگوازتنەی  بۆ قەرەبووکردنەوە، ئیدی ئەوەی مانگایەکی هەبوایە دەیکرد بەدوو، ئەوەی سەگێکی هاوشاری هەبوایە دەیکرد بەجوانەگا و ئەوەی کەرێکی هەبووایە دەیکرد بەئەسپێکی ڕەسەن و لەبەرەدەم لیژنەکەدا دەینوسی، بەمشێوەیە گوندییەکان بەزۆرە ملێ لەوێ  لەگوندە هاوچەرخەکان وەک چۆن حکومەتی ئێراق ناوی لێنابوون، جێگیربوین. هەندێکیان بەختەوەر بوون چونکە دەیانتوانی گاڵتە بەشاریە لوتبەرزەکان بکەن، کەدەچوون بۆ شار کاتێک بەدوای مزگەوتدا دەگەڕان، دەیانکردن بەسینەماکاندا، پێیان دەگووتن حەبی گولاج چونکە لەهەژاریدا شەڕواڵ ڕەنگێک بوو و مراخانیش ڕەنگێکی دیکە، نوکتەیان لەسەر دەگێڕانەوە و دەیانگووت لادێی یان بەمەردی دەمێنیتەوە بەڵام گەر حیزبوو بەپەنچە لەخۆی بەردەبێت..لەولاشەوە پێشمەرگە سێ ژەم نانیان لەماڵەکانیان دەخوارد و شەوانیش بەدۆشەک و بەتانی ئەوان دەخەوتن و لەکاتی پێویستیشدا ڕەشەوڵاخەکانیان دەبردن..بەتایبەت کوڕە قۆزە شارییەکان کەپێشمەرگە بوون، دڵی کیژەلادێی و ژنەکانیان بۆ خۆیان ڕاو دەکرد و لەپەناو پەساران و نێو سپیدار و قەدپاڵەکاندا لەگەڵ ژنەکاندا دەخەوتن و مەمکی کیژەکانیان دەگرت، کەبەچەندەها درۆی سەوزو سور ڕاپێچی نێو سپیدار و بیشەڵانکانیان کردبوون.. 

خالید لەهەندێک کاتی سەرخۆشیدا باسی ئەوا مەمک گرتنانەی بۆ نازدار  گێڕابۆوە.. ئاوەها بۆ هەندێک لەو گوندنشینانە ڕاگواستن مانای قوتاربوون بوو لەمردنی حەتمی و سەرئێشەی پێشمەرگەکان. بەتایبەت دوای هەموو چالاکیەک گوندەکانی نێزیک بنکە سەربازییەکان بەر هاوەن و تۆپ دەدران، گەر گەنم و دەغڵیان نەسوتایە ئەوا ئاژەڵیان بەردەکەوت، یاخود خۆیان بەردەکەوتن. بۆهەندێکی دیکە لەگوندییەکان ئەم ڕاگوازتنە مردنێکی لەسەرخۆ بوو، زۆر لەوانە لەگەڵ نیشتەجێبونیان تووشی نەخۆشی دڵ و مردنی لەپڕ بوون، کەهۆکارەکەی نەزانرابوو. بەمشێوەیە دوژمنایەتیەکی سەرسەخت لەنێوان گوندنشینەکاندا بەرامبەر شاریەکان خۆی مەڵاسدابوو، کەلەدوایدا نوسەرەکان بەزۆرانبازی کولتوری گوند و کلتوری شار قسەیان لەسەر دەکرد.  ئەم زۆرانبازیە بنەمای ئابووری خۆی هەبوو کەلەساڵانی قەرەبووکردنەوەی ڕاگوازتنی یەکەمەوە بەوە تەعبیری لەخۆیکرد، گوندیەکان هەرچی پارەی قەرەبوویان هەبوو دەیاندا بەئۆتۆمبێلی کیلۆمەتر سفر، کەزۆربەیان لەبلۆکی سۆسیالستیەوە ڕەوانەی ئێراق کرابوو، مۆدیلی لادا کەئەو زەمەنە لەئۆتۆمبیلە ناودارەکان بوو، ئیدی لەماوەیەکی کورتدا شارەکان پڕبون لەئۆتۆمبیلی لادای سپی، شارییەکان نوکتەیان لەسەر دەگێڕانەوە بەوەی گوندیەکان گلەیەیان لەو ئۆتۆمبێلە ئەوە بووە کەشوێنی ڕشانەوەی بۆ دروستنەکراوە، یان دەیانگووت چاڵەکانی دەرەوەی شار بە ئۆتۆمبێلی گوندییەکان پڕدەبنەوە.. لەنێو ئۆردوگاکانیشدا باری کۆمەڵایەتی بەرەو خراپی خۆی ئاڵۆزدەکرد، ئاوەها هەموو مۆڕاڵیکی کۆنزەڤاتیڤی کوردانە لەنێو ئەو ئۆردوگاکاندا دەچووە کەناڵی دیکەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان  پاتۆلۆژیانە خۆی دەچنیەوە.. ئیدی شەڕی دراوسێ لەسەر تەنکەری ئاو و کارەبا دزینی ئەمبەر لەوبەر و چاوبڕکێی  گەنج و کیژەکان و شەڕە چەقۆی ڕۆژانە و قومارکردن، جێگەی هێمنی گوند و ڕێزی ڕیش سپی و ئەو مەلای گوندانەی گرتەوە، کەبۆ هەموویان یەک مزگەوت هەبوو. زۆری نەدەخایەند کوڕی مەلاکانیش بەهاندانی باوکیان لەگەڵ یەکتردا دەبوو بەشەڕیان، ئیدی لەمزگەتەوە بیگرە تاشەڕە دەنوکی ژنانی بەر دەرگاکان درێژەکێشان بوو بەداڕمان و بۆگەنبوونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە دێرینەکان، بۆئەبەد ئۆردوگا کۆتایی بەو شێوە ژیانی گوندی کوردی هێنا، هەموو نۆرمە کوردییەکان لەنێو ئۆردوگاکاندا دەم و چاوی خۆیان وندەکرد. ئۆردوگاکان پڕ بوون  لەئۆتۆمبێلی لادای ڕووسی، پارەی هەڵڕژاوی قەرەبوو، جۆرێک کەڕنەڤاڵی لەخوماربوون بەکڕین هەڵسوڕاندبوو، کەچیتر کەس بیری گوندی بەسەرچوو نەکات، بەڵکو بیرکردنەوە هەبێت لەوەی چی لەو پارەیە بکرێت. بێگومان دوای خەرجکردنی شێتانەی ئەو پارەیە سوپایەک لەبێکار دروستبوو، هەندێکیان دوایی بوون بەچەکداری حکومەتی ئێراقی، دووانیان براکانی نازدار بوون کەلەشەڕدا کوژران و باوکیان شەهیدانەکەی وەرگرت. کەخانویەک و ئۆتۆمبێلێک بوو، ئەمە کاتێک ڕوویدا کەنازدار دەمێک بوو لەئەڵمانیا گیرسابۆوە .. 

نازدار باسی لەو خوماریە کرد کەچۆن حکومەت قەرەبوویەکی زۆری دابوو بەخێزانەکەی، دەیگووت: ئای ڤێسنا ئەو پارە زۆرە بووە هۆی کێشە لەنێوان باوکم و براکانمدا، چونکە باوکم یەکڕاست دوای کڕینی لادایەکی سپی کەنەیدەزانی بەباشی لێی بخوڕێت،  ژنی دووهەمی پێهینا، بێوەژنیک بوو گەڕەکێک لەودیوو ئێمەوە دەژیا، ئیدی دایکم یەکسەر پیری هێرشی بۆ هێنا، چیتر ئەو ژنەی جاران نەما. منیش دوای ماوەیەک  لەوێ بەشوودرام ڤێسنا، لەچواردەساڵیدا باوکم منیدا بەپیاویکی پەنجا و پێنچ ساڵ کەمنداڵی نەدەبوو لەژنی یەکەمی، بێگومان ئەو منداڵی نەدەبوو،  من و ژنی یەکەمی لەیەک ماڵدا دەژیان، وەها ڕیکەوتبوون کەئەو منداڵەی لەمن دەیبێت، وەک منداڵی خۆی خزمەتی بکات، ژن و مێردێک بوون ئامۆزای یەکتری، من تەنها منداڵدانێک بووم و هیچیتر.. لەم ساتانەدا ڤێسنا پێدەکەنی و دەیگووت چۆن ئامۆزا بۆ یەکتری دەشێن، وەک خوشک و برا وەهان، خوێنی یەکترن.. تاکە وەڵامی نازدار ئەوەبوو کەئەوە نەریتە سەیرەکانی موسوڵمانانە، ئەگینا ڕاستە ڤێسنا، ئەوەی تۆ دەیڵیی ڕاستە، خۆ گەر وابێت خوشک مەمکی هەیەو براش پیاوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کەدەشێت لەگەڵ یەکتردا بخەون، ئاخ ڤێسنا ئەم وڵاتانەی ئیمە لەژێر ناوی شەرفدا قەحبەخانەیەکە پیسترە لەوەی  من و تۆ کاری تێدەکەین.. نازدار ئەمەی بەسەرخۆشی دەگووت، کاتێک خوماربوون و هیلاکی لەژێر پیاوە ئازادەکاندا، نائومێدییە دێرینەکانی بیردەهێنایەوە، هەموو جارێک دەیگوويت: ئاخ ڤێسنا، بەس  نییە من و تۆ بەپارە و مامەڵە و ڕازیبوون و ئاشکرا دەیکەین، لەوێ سەرت سپی دەبێت و مەمکت لەخەفەتدا بەدوو ڕۆژ دەبێت بەگۆرەوی.. ڤێسنا لەوساتانەدا کەبیری لەو قسانە دەکردەوە پێدەکەنی و لەهەمانکاتیشدا فرمێسک بەچاویدا دەهاتەخوارێ، مردنی خالید هەموو ئەو چارەنوسە نادیارانەی هێنابووە سەر شانۆی بیرکردنەوەی، ڤێسنا بەوە پێدەکەنی  کەنازدار دەیگووت: هیچ نەمابۆوە  بۆ باوکم کەبتوانێت ئەو هەموو منداڵەی پێ بەخێو بکات، جگەلەوەی هەموومان بەخێرایی بەشووبدات و براکانیشم بخاتە بەر دەستفرۆشی و کرێکاری.. کەئەمەی بۆ ڤیسنا گێڕایەوە بەپێکەنینەوە دەیگووت : ئەو زەمەنە کۆندۆم نەبوو..هەردووکیان بەم قسەیە دەتریقانەوە. 

لەو زەمەنەدا نازدار خەونی دەبینی بەپیاوێک ڕزگاری بکات لەو دۆزەخەی تێدا دەژیا..نازدار گووتی:هەر کەسکم بەرزدەبۆوە، خێرا لەسەر شوێنێکی بەرزەوە خۆم هەڵدەدایە سەر زەوی بۆ ئەوەی لەبارم بچێت، وای لێهاتبوو ناویان نابووم سکی پڕە بەمنداڵی مردوو، ڕەحمی منیان بەقەبری منداڵ ناودەبرد…تاوەکو ڕۆژێک بەهەردووکیان، بەمێردەکەی و ژنی یەکەمی بەقژ ڕاکێشان فڕێیدەدەنە بەردەم ماڵی دایکی، ئێوارە جارێکیتر باوکی پەلیدەگرێت و دەیباتەوە بۆ ماڵی مێردەکەی، لەبەردەرگا دەبێتە شەڕیان، ئەو شەڕە دەبێتە هۆی پێداگرتنی مێردەکەی لەتەڵاقدانی نازدار، ئیدی نازدار لەوڕۆژە بەدوا، گەشتی خۆی لەگەڵ بەشوودانەوەی بەزۆر دەستپێدەکات، نەک هەر ئەوە بەڵکو لەگەڵ شوکردنەوەی تازەدا بەپیاوە پیر و شێتەکان، گەشتی خۆی لەگەڵ لەباربردنی منداڵ دەستپێدەکاتەوە..

خالید بۆ نازدار ئەو مەسیحە نادیارە بوو، کوڕی کۆڵانەکانی شار، کوڕی کانێسکان بوو، وەک پۆلیسی هاتوچۆ لەشارۆچکەیەکی نێزیک، ئۆردووگاکەیان کاری دەکرد. بەڵام من (ماریا ماگدالینا) نەبووم ئازیزم ڤێسنا، من ئەو زەمەنە ماریا ماگدالینایەکی شەرعی بووم، پیاوەکان بەشەرعی خوا و پێغمبەر بەسەرمدا تێدەپەڕین.. کەبۆیەکمجار نازدار خالیدی بەسەر ماتۆڕێکی پۆلیسی هاتوچۆوە بینی بوو، سەرسامم بوو بەباڵای بەرز و جگەرەیەک کەهەمیشە بەلالێویەوە شۆڕ بوو، ئیدی ئەو سەرسامبوونەی یەکەمی بەوێنەی خالید بەدرێژایی ژیانی بەدوویەوە بوو، بەتایبەت  لەساتەکانی خوماری، بەجۆریک کەڤێسنا بەباشی وێنەی خالیدی دەهاتە بەرچاو کەلەشارۆچکەیەکی نێزیک ئۆردوگایەکی کوردستان، کاتێک لەسەر ڕێگەی ڕاستە بازاڕێکدا لەتەنیشت ماتۆڕەکەیەوە وەستابوو. ڤێسنا هەرگیز ئەو وەسفەی خالید لەیاد ناکات، کەچۆن نازدار لەگەڵ یەکەم بینیندا بەردەوام باسی لەو پیاوە باڵابەرزە کردووە کەلەنێو تەم و مژی ڕۆژەکانەوە بەبزەوە سەیری کردووە، چونکە نازدار هەمیشە لەکاتی خوماریدا بەم ڕستەیە دەستێپێدەکات، بەوەی: ئەوە یەکەمجار بوو ڕقم لەپیاو نەبێت ڤێسنا گیان، یەکمجار بوو حەزبکەم خۆم فڕێدەمە نێو باوەشی پیاوێک، یەکمجار بوو حەزبکەم بگوشرێم و ناڵەم بێت لەژێریدا..ڤێسنا ئەوەندە گوێی لەو گێڕانەوەیە بووە، بەجۆرێک لەگەڵ ئەو وێنەیەدا ژیاوە، کەخۆی لێدەبوو بەنازدار لەژێر خالیدا دەناڵێنێت!. لەڕاستیشدا هەر وابوو،  هەموو خەوتنێک لەگەڵ خالید، خەوتنێک بوو لەگەڵ ئەو وێنەیەی نازدار چێژی لێ دەبینی، خەوتنێک بوو لەگەڵ حەزی نازدار، جێگرتنەوەی نازدار بوو لەو چێژەی بۆ یەکمجار بینیویەتی کاتێک خالید لەگەڵیدا خەوتووە.. نازدار بۆ ڤێسنای گێڕابۆوە کەبۆ یەکمجار بووە بیر لەوەبکاتەوە سکم لەبار نەبەم، بەڵام ڕاکردنی هەردووکیان، هەڵگرتنی نازدار، بۆ ناوچەکانی سەر سنوور و  پاشان بۆ ئێران ئەم خەونەی نازداری  تەواو تێک و پێک شکاند…هەموو جارێکیش کەنازدار ئەم چیرۆکەی دەگێڕایەوە دەگریا، دەیگووت: ئای ڤێسنا تۆ وەها دەزانیت من دڵڕەقم، ئاخر ئەم پیاوە کەمنی هەڵگرت، لەئێران یەکەم کاری ئەوەبوو من بدات بەگان، من نەمدەزانی قومارچیە، هەموو شتێک دەدۆڕێنێت تەنانەت شەرەفی خۆیشی، نەمدەزانی وەک تۆ دەڵێیت چاوەڕێی مەسیحێکم دەکرد، من خەونم بەوە دەبینی ماڵم هەبیت، مێرد و خێزانێکی ڕاستەقینە، منداڵ لەو ماڵەدا پێبگرن و بچن بۆ قوتابخانە..تازە من نەمدەزانی بچم بۆ کوێ، ئیدی قاچاخچی و پیاوانی ئیتلاعات و مەلا ڕیشنەکان، بەناوی سیغە و ژنهینانی کاتی و چێژ، بەسەرمدا تێپدەڕین، ئەو دەیگووت، بەشەرعی خوا تەڵاق لەمن وەردەگریت وشوودەکەیت و تەڵاق وەردەگریتەوە، کەدەگەینە ئەوروپا کەس نامانناسێت، لەوێ ئاسودە دەبین پێکەوە هەموو ئەم ئازارەمان بیردەچێتەوە، منداڵمان دەبێت و ژیانی نوێ دەستپێدەکەینەوە…بەم قسان هەڵیدەخەڵەتاندم.. لەگەڵ ئەوەشدا کەهاتم بۆ کەمپی پەناهەندەکان ئەو بەردەوام بو لەسەر قومار و ژیانی خۆی، من دەترسام بێمە دەرەوەی کەمپەکە، ئاوەها منیش کۆتاییم پێهات، تاوەکو شەوێکیان ئەوەندەی لێدام کەلەترساندا ڕامکردە  ژووری چەند گەنجێکی ئەلبانی وجۆرجیەوە، لەو ڕۆژەوە من ئەو دەرگایەم بەهەڵە کردەوە، منیش وەک تۆ بەدەرگایەکی هەڵەدا هاتمە نێو ژیانەوە …

 

ڤێسنا بیری لەو دەرگا هەڵەیە کردەوە کەلای ئەو لەتەمەنێکی هەرزەیدا بەڕوویدا کرایەوە، پێدەچێت هەژاری ئەو دەرگایە بێت کەهەموو مۆڕاڵەکانی دنیا لەنێوخۆیدا بشکێنێت، لەوانەیە سەرخۆشی باوکی و خواردنەوەی هەمیشەیی و دڵ وەستانی بەسەرخۆشی بەسەر دایکیەوە لەموبەقەکەدا، ئەو قێزەونیەی لەپیاو لەلاهارووژاندبێت، کەهەرگیز وەک دایکی بێ بەرامبەر لەگەڵ پیاودا نەخەوێت…ڤیسنا نۆساڵان بوو، بەڵام بەباشی ئەوەی لەبیرە باوکی بەسەرخۆشی وەک بێکارێکی هەمیشە دەرکراو لەکرێکاری، جارجارە خۆی دەکرد بەژووری دانیشتنەکەدا و پەلی دایکی دەگرت و دەیبرد بۆ موبەقە بچوکەکە و دەرگای موبەقەکەی بەسووکی پێوەدەدا.. ڤێسنا لەهەندێک شەوانی خۆی و نازداردا، ئەوەی بەپێکەنینەوە بۆ نازدار دەگێرایەوە، دەیگووت:  من و خوشکەکانم  سەیری ئەو دیمەنەمان دەکرد، چۆن دایکم خێرا تەنورەکەی هەڵدەدایەوە کەپێشتر دەرپێ کورتەکەی بۆ داکەندبوو، چونکە دەیزانی کەباوکیان بەسەرخۆشی لەباڕەکان دێتەوە، خێرا پەلیدەگرێت بۆ موبەقەکە وخێرا خۆی تەواو دەکات..تەنانەت ناڵە و ئاهی دایکیشمان لەبەربوو کەزیاتر لەدەناڵە تێپەڕی نەدەکرد، چونکە ئیمە دەمان ژمارد، بەڵام زۆر جار دوای تەواو بوون، باوکم  دەکەوتە لێدانی دایکم، ئێمەش بەپەلە ڕاماندەکردە ژوورەکە و دەرگامان لەخۆمان پێوەدەدا. دایکم مەحکوم بوو بەکردنەوەی نێو ڕانەکانی… باوکی ڤێسنا لەتاو بێکاری دەهریبوونی لەدنیادا، لەبەردەم ڕانەکراوەکانی دایکیدا بەسەرخۆشی دڵی لەلێدان کەوت. ڤێسنا بیری دێت کەئەوان لەقیژەی دایکیان و زرمەی بەریەکەوتنی جەستەی باوکیان بۆ سەر زەوی  خۆیانکرد بەموبەقەکەدا، باوکیان بینی بەکێریکی سێپرماوی سیسبۆوە گیانی دەدا، زۆری نەخایەند دڵی وەستا..ڤێسنا دەیگووت: دایکم دەیزانی کەهەژاربوون و توڕەیی و دەهریبوونە لەدنیای دەرەوە، هاتۆتە نێو ئەم ماڵە وبەختەوەری لێ تێکداین، ئەگینا یارۆسلاڤ پیاوێکی باشە، منداڵانم، بەڵام بێکاری شێتی کردبوو..

لێرەوە گەشتی ڤێسنا لەگەڵ پارە دەستپێدەکات، بەوەی کەهەژاری نەخۆشیەکە دەبێت مرۆڤ خۆی لێ دووربخاتەوە، وەک چۆن دایکی خۆی لەڕێگەی بەدەستەوەدانی خێرای ناوگەڵی، خۆی لەشەڕی باوکی دووردەخستەوە. ئاوەها ئەویش دەتوانێت لەڕێگەی ناوگەڵی لەهەژاری دوورکەوێتەوە، ئەمەش لەگەڵ خڕبوونی مەمکەکانیدا، ئەو بیروڕایەی  پراکتیزە کرد، خۆی و هاوڕێیەکی کچی هەمیشە هاوڕێیەتی ئەو پیاوانەیان دەکرد کەلەخۆیان بەتەمەنترن و خاوەن پارەن. قۆنەری بەرز دەکڕدا بۆ ڤێسنا و پاشان بەڕووتی لەبەردەمی هاوڕێکەیدا دەیکردە پێی و دوایی لەگەڵیدا دەخەوت، ملوانکەی گرانبەهای بۆ دەکڕی، ئەوسا سنگی بۆ مژین دەکردەوە، هەموو شتێک نرخی خۆی لەسەر دانرابوو، بەجۆریک ماوەیەکی کەم لەڕێگەی هاوڕێ پیاوەکانیەوە کەوەک گۆرەووی دەیگۆڕی، توانی خۆی و خوشکەکانی لەبرسێتی  ڕزگاربکات.. ئەمەی بەزیرەکانە دەکرد، بۆ وەرگرتنی خوشکەکەی لەقوتابخانەی ناوخۆیی کچانی سۆسیالست، جار جارە لەگەڵ بەڕێوبەری قوتابخانەکەدا دەخەوت، بێگومان نهێنی پاراستنی ئەو جۆرە پەیوندیانە وەهای کردبوو کەهەردوولا سوودمەندبن لەیەکتری. ئیدی بەشێکی زۆری هاوڕێ کۆمەنیستەکان بەرتیلی سەرجێگەیان وەردەگرت و بەئازادی تاک و جەستە وەسفیان دەکرد..کەیۆگۆسلافیاش ڕووخا، سەرەتا دەبوایە بۆ دەربازبوون لەشەڕ لەگەڵ جەنگاوەرە کرواتیەکاندا بخەوێت ، لەپەڕێنەوەشدا بۆ ئەڵمانیا. تەنانەت لەنەمسا زیرەکانە سێکسی نهێنی فرۆشتەوە.. ئاوەها بەدەرگایەکی هەڵە هاتە نێو ژیانەوە…  

 

ڤێسنا بیری لەخالید کردەوە کەئەویش بەدەرگایەکی هەڵەدا هاتۆتە نێو ژیانەوە، وەک چۆن ئەم کۆڵانە خوارە پرێتی لەدەرگای هەڵە، ئاوەها بیری لەهەموو شتێک دەکردەوە، بەڵام دیسانەوە بیری لەکۆڵانە خوارەکە کردەوە، حەزیدەکرد ئێستا لەگەڵ نازداردا لەسەر ئەم کۆڵانە بێتە شەڕە دەنووکیان.. سەیر لەوەدابوو ماوەیەکی بوو کەس بەوێدا تێنەپەڕیبوو، یاخود لەوانەشە تێپەڕبون هەبووبێت بەنێو کۆڵانەکەدا، بەڵام پێدەچێت ڤێسنا لەزەمەنی خۆیدا ژیابێت، لەزەمەنی نازدار و خۆشەویستی بۆ جەستەی، بۆ هەناسەی، بۆ ڕانە توندەکانی، بۆ ئاهاتی، بۆ هەموو شتێک.. هەستێکی سەیر لەهێمنی دایپۆشی، بەرەو ڕامان و بیرکردنەوەیەکی تەواو جیاواز لەڕۆحی برینداری و دڵ شکستی خۆی ڕاپێچیکرد، هەستێک لەگەڕانیدا بەدووی نائومێدیەکانی خۆیدا. بیرکردنەوەیەک بوو بەتیژی تێپەڕی، هزرەبیرێکی خێرا بوو بەوەی مردنی خالید، کەوتنی لەنێو بەفرگەی خەستەخانە وەک لاشەیەکی ڕیزاڵ بوو، بەختەوەریەکە و هاتۆتە بەردەمی، ئەی چۆن، ئیدی کەس لەنێوانماندا نەما، کەس نییە بێتە نێو ئەو بازنەیەوە، ئیدی هاوکێشەکە سیگۆشەیی نییە، بەڵکو دەبێتە بازنەیی…ڤێسنا بیری لەوە دەکردەوە کەچۆن لەمنداڵیدا لەسەر شانۆی قوتابخانەکەی بالێتی دەکرد، کاتێک لەو دیوو شانۆکەوە . بڵقی فڕیوی سابوون، پفکەکان، لەڕێگەی پانکەیەکی گەورەوە لەنێو بۆشایی شتەکاندا یاریاندەکرد، پفکەکان لەهەوادا بەرزدەبونەوە و دەتەقین و ئەمیش سەمای دەکرد. سەما و سەما لەنێو پفکەکاندا، لەنێو ڕەنگی تیشکی شانۆکە کەلەنێویدا دەشکایەوە، بیری لەوە کردەوە کەئیدی ئەو و نازدار لەنێو پفکەکاندا سەما دەکەن، تەنها ئەو و نازدار، چیتر هاوکێشەکە سێگۆشەیی نەماوە ،بەڵکو تەنها بازنەییە، بازنەیەک لەنێویدا تەنها خۆی و نازدارە، مادامەکی کەسی نێوانیان بۆ ئەبەد لەنێو بەفرگەی خەستەخانەکەدا دەمێنێتەوە، ئیدی هیچیتر نازدار نابەستێتەوە بەدنیای ڕابوردوو، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها ڤێسنایە، بەڵێ تەنها ئەو و هەمیشە تێپەڕبوونە بەنێو کۆڵانە خوارەکە و کەدەگەنە ئێرە دیسانەوە دەبێتەوە بەشەڕیان، بەڵام ئەمجارەیان ماچیدەکات، توند، زۆر توند ماچیدەکات…. 

 

                                                                تەواو 

هانۆڤەر 22.06.12

 

Previous
Next

Leave a Reply