Skip to Content

Friday, January 22nd, 2021

دوو ڕووداوی لەیەک چوو ………… بەڵام جیاواز

Be First!
by March 8, 2012 گشتی

ساڵی ١٩٨١ کاتێک ڕۆناڵد ڕیگن، دەبێتە سەرۆکی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، لە یەکەم وتاریدا، قسەیەک دەکات، کە بەشێکی زۆری سیاسییەکانی ئەمەریکا دەهەژێنێت، بە ڕادەیەک تا ئێستاش قسەکەی ڕیگن لەناو گوێچکەی ئەمەریکیەکاندا دەزرنگێتەوە، ڕیگن لەو وتارەدا ئەڵێت ” حکومەت نەک هەر نەیتوانیوە ببێتە هۆی چارەسەری قەیران و کێشەکان، بەڵکو بە پێجەوانەوە حکومەت خۆی قەیران و کێشەیە” .
ئەم وتەیەی ڕیگن، بەشێک لە سیناتۆرەکانی هەژاند، چونکە سیناتۆر و بەرپرسە باڵاکانی حکومەت پێیان وابوو، کە ئەوە ئەوانن پاڵەوانی چارەسەری قەیرانەکانی وڵات، بەلام ڕیگن لە قیمەی دەسەڵاتییدا پێی وتن، برادەرینە، ئیوە خۆتان سەرچاوەی کێشەن، ئیدی بە دوای چ چارەسەرێکدا دەگەڕێن.
لەم ڕۆژانەدا کوشتنی مامۆستایەکی ئەمەریکی ( ئەگەر کورد بوایە ڕەنگە زۆر لاموبالاتانە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا بکرایە)  لەلایەن قوتابییەکەوە لە شاری سلێمانی، هەمووانی هەژاند، ئەوەی لە روداوەکەی سلیمانیدا خوێی کرد بەو زامەدا، هەڵگێڕانەوەی روداوەکە بوو لەلایەن ڕاگەیاندنە حیزبییەکانەوە، بەوەی مامۆستاکە کەسێکی توندڕەو بووە یان لانیکەم مامۆستایەکی تەبشیری بووە و لەگەڵ قوتابییەکەدا چەند جارێک دەمیان لەیەک گیر بووە لەسەر مەسەلەی دین.

 ساڵی پار لە ولاتی نەرویج روداوێکی کوشتن بە دەستی کەسێک ڕویدا، کە چەند قوتابییەک بونە قوربانی تێیدا،  بەڵام جیاوازی ئەو روداوە لەگەڵ روداوەکەی سلیمانیدا لەوەدا بوو، کە قوتابییەکان بونە قوربانی و کوژران بە دەستی کەسێک، کە بە ئیعتیرافی خۆی توندڕەوێکی نەتەوەیی بوە.
لەم دوو روداوەدا، ئەوەی خاڵی لەیەک چوون، ئەوەیە، کە لە هەردوو ڕوداوەکەدا، دوو کوردی تیابوو، وە لە هەردوو روداوەکەدا دوو ئەجنەبی ( بێگانە)شی تیا بوو، لەوەی نەرویج کچێکی ژیکەڵەی کورد بە دنیاییەک خەونەوە دەبێتە قوربانی وەک پەناهەندەیەک لە وڵاتی نەرویج، لە روداوەکەی سلێمانیشیدا، کوڕێکی ئەمەریکی دەبێتە قوربانی، کە بێگانەیە بەم وڵاتەی خۆمان.

بەلام لەو کارەساتەی نەرویجدا، نەک هەر حکومەت، بەڵکو دەزتگاکانی ڕاگەیاندن و کۆی گشتی جومگەکانی نەرویج دەهەژێت و دەبێتە خاڵێکی بە خۆداچونەوە بۆ کۆی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو ولاتە، بەوەی کە بۆچی و چۆن کەسێک لە ژینگەیەکی نەرویجیدا پەروەردە ببێت، دەتوانێت دەستی بچێتە خوێنی چەند قوتابییەک، کە هەموو تاوانیان ئەوە بوو لە قوتابیانی حیزبێکی سیاسیدا کاریان دەکرد، ئەم روداوە نەک هەر نەوریجی هەژاند، بەڵکو وڵاتانی ئەوروپا بە گشی و ئەسکەندەنافیا بە تایبەتی تر وریا کردوە، کە ئەگەر ڕێگەیەک دانەنرێت بۆ بەرهەمهێنانی ڕق و کینە بەرامبەر بە بێگانەکان، ئەوا کارەسات بەڕێوەیە، چونکە دواجار بەشێکی زۆری ئەو بێگانانەی لەو ولاتانەدا دەژین، بونەتە هاوڵاتی ئەو وڵاتانە و نکوڵی کردن لێیان دەبێتە لکە.
کەچی لە دەڤەرەکەی لای خۆمان، گەنجێک بی ئەوەی کەس تا ئیستا ڕونکردنەوە بدات، دەمانچە دەباتە ناو قوتابخانە و مامۆستایەک و خۆشی دەکاتە قوربانی، کەچی لەبری ئەوەی کۆمەڵگای ئێمە، دەوڵەت، حکومەت، سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئیمە، بەخۆیدا بچێتەوە و کار بکات بۆ ئەوەی کە دیاردەی جەکداری کەمبکاتەوە، لەبری ئەوەی هەوڵ بدات لەمەودوا ڕێوشوێنی توند بگرێتە بەر بۆ ئەوەی مەفهومی چەک و چەکداری چیدی هزرێک نەبێت لەناو مۆخی تاکەکانی ئیمەدا بڕوینریت، لەبری ئەوەی کە کوشتنی مامۆستیەکی بێگانە و قوتابییەکی خۆماڵی ببێتە خاڵیک، کە بە خۆداچونەوە بۆ کۆی سیستەمی پەروەردەیی ولاتی ئیمە دروست بکات، بە خۆداچونەوەیەک، ببێتە خاڵی وەرچەرخان  لە کۆی سیستەمی پەروەردە و سیستەمی سیاسی ولاتی ئێمە، کە چی دەستگا ئیعلامییە حزبییەکانی کار بۆ داپۆشین و دیزە بە دەرخۆنە کردنی ئەسڵی بابەتەکە دەکەن، لە لایەک مامۆستاکە بە گوناهبار دەزانن یان کەمتەرخەم، لەلایەکی ترەوە پاساو بۆ قوتابییەکە دەهیننەوە، کە ئەویس وەک مامۆستاکە قوربانییە، بەلام ئەم قوربانی دەستی دەولەت، سیستەم و حکومەت، بە مانا ڕیگنییەکەی.
هەتا سیستەمی سیاسی و حکومی و دەولەتداری ولاتی ئێمە، کار بەو تیۆرییە بکات بۆ شاردنەوە و دیزە بەدەرخونە کردنی ئەم کێشەیەو و هەموو هاوشێوەکانی، ئەوا ڕۆژ بە ڕۆژ مەترسی هەمان کردەوە و هەمان کارەسات زیاتر دەبیت، بۆیە ئەم کۆمەڵگایەی ئیمە یان دەبیت بەرەو کرانەوەیەکی جدیی بروات و کۆمەڵگا ئالیەتی بەیانکردنی خۆی هەبێت بە باش و خراپییەوە، یان دەبیت بۆ جوانکردنی ڕووی چەند دەسەلاتدارێک، دەلاقە بە دەلاقە سواخی بدەن و دایپۆشن، ئەویش ئەگەر تا سەر بربکات، چونکە دواجار قسەکەی ڕیگن دەبێتە واقیع، کە دەوڵەتدارەکان خۆیان کێشەن، خۆیان قەیرانن، نەک خەڵکی.

 
ئاری ئەبوبەکر

لە ژمارە ٣١٦ ی ڕۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە…

Previous
Next

Leave a Reply