Skip to Content

Wednesday, October 28th, 2020

دوو ڕۆژ بەر لە پیربوون……..شاخەوان سدیق

Be First!

دوو ڕۆژ بەر لە پیربوون
  شاخەوان سدیق

                 (ژیان بێمانایە چونكە مەرگ كۆتاى دیارى دەكات) سارتەر
                                                                  
                                                                                      
 ژیان……
 تۆ بەم هەموو بێمانایانەتەوە
 من میهرەبانتر لە باران دێم و
 دڵۆپ
       دڵۆپ
              دڵۆپ
 ئەبارێم و دڵى ڕەقترین خاكت تەڕئەكەم
 بە ئاسپاى
 ئەگەڕێمەوە ناو پاكێتى مناڵیم و
 یادەوەریم ئەبەخشمە بەو كۆڵانەى
 عەجولانە نەمتوانى گڕوگاڵێكى بۆ خۆزگەكانم تیا بكەم
 من كە هاتم………
  پرچ ڕەشتر بووم لە شەرابى ناو پێكەكەى دەستى باوكم
  ژیان……..
 هێندە زوو بەڕىَ كردم فریاى ووتنى گۆرانییەكە نەكەوتم
  بەتەنیاى
 چوون كلوى بەفر سپى سپى
 بەوێنەى خەوى زڕاوى چاوى منداڵێك لە سپێدەى دەم بەیانا
 چوومەوە لە پیرى
 ئەو……..كە ئەویست تۆشەبەرەكەى
 سەر شانم بێت لەم سەفەرمدا
 شێتانە بەم گەمەى پیریە من پێئەكەنىَ و
 سەماى لە بەردەم بارانا ئەكرد
 ئەو كە ئەویست مناڵیم بە باران بنووسێتەوە
 من نەزانانە تەڕ تەڕ ئەبووم ئەخوسام و بەرگەم نەدەگرت
 من پێم ووت
 ژیان قەدەرێكە ئەمان باتەوە سەر وێزگەكانى مردن
 شەرمنمان ئەكات لە بەردەم دەرگاكانى پێكە نینا
 فیێرمان ئەكات نەپرسین
 بوون و نە بوونمان جگە لە ئارەزوویەكى سەیر
 بۆ ئازاردان چیترە؟
  ئارەزوویەك بە هێندەى
 عاشقێك هەیەتى بۆ بڕاندنى نامەى ماعشوقەكەى
 ئەوەندەى مناڵێك هەیەتى بۆ وەراندنى پەڕەكانى گوڵێك
 دایكێك هەیەتى بۆ توونكردنى دەمى مناڵەكەى
 لەكاتى بڕانەوەى لە شیرى مەمكەكانى
 ئێمە چەند نەفامانە هاتین و
 چەندەش خێرا وانەكانى گەورەبوونیان فێركردین
 ئاخمە بۆ دواجار بمرم
 لە مناڵیمەوە هاتم
 پاش باوكم ببمە باخەوانى باخچەى ماڵەكەمان… كەچى نە بووم
 هاتم ئەو تابلۆیە تەواو بكەم كە دەمێك بوو بە سكێچى مابوویەوە
 كەچى نەمكرد
 دەبوو من ئاوازى ئەو گۆرانیانە بڵێم كە نەووترا بوون
  كەچى نەمووت
 هەر هێندەوە بەس
 پیریم هاتوو پاش سەفەرى گۆچان و سە بیلەیەكى بە دیارى بۆ بە جێهێشتم
 وەك سمۆرەیەكى شەكەت
 نەمتوانى دووگوێز لە یادەوەرى هەڵگرم بۆ پاڵ ئاگردانى
 شەوێكى زستان
 ئاه…. چ… خۆ سەرقاڵكردنێكە بە هیچەوە ژیان
 چ …گەمەیەكى شێتانەیە مناڵى
 چ ….بێماناییەكى گەورەیە پیرى و مردن
 حەزمە بۆ تەنها جارێك مناڵیم لە خەوێكدا ببینم
 سڵاوێكى لێبكەم و لاسارانە كۆسەڵەیەك لەو ڕۆژانە بكەم
 كەهى خۆم بوون و نەیدامىَ
 بەباز بازێنەوە بیبەمەوە بەر دەرگاى ماڵى دادەو #
 پەرداخێك لەو دۆیە بخۆمەوە كە بە هۆى ڕژانیەوە فێرى
 خوێندنەوەو نوسینى كردم
 فێرى كردم كە ژیان جگە لە دەست نوسى ڕۆمانى نوسەرێكى
 بێزار زیاتر هیچى تر چیترنیە
 ئەو دەمەى مرۆڤ تێیدا ئاشق دەبێت و
 بەرلە گەیشتن بە مەعشوقەكەى فەنا ئەبێت لە ناو خۆیدا لە غەریبى
 من…. لە خوێندنەوەى كتێبەكانەوە فێربووم
 پیرى خیانەتێكە خوادا لە چارەنووسمانى ئەكات
 لە ئەزبەر كردنى شیعرێكەوە تێگەیشتم
 كە مناڵى پەپولەیەكى سپى و
 ڕەنگێكى سپى و تابلۆیەكى سپى و بەفرێكى سپى زیاتر نیە
 دەپاڕێمەوە خودایە
 لە منداڵیما ئەو ڕەنگە سپیەت نەدامىَ
 لە پیریمدا بیبەخشەرەوە بە پرچە ڕەشە درێژەكانم و
 سپى سپیان بكەرەوە 
 بە میسلى ئەو قومە شیرەى
  یەكەمین جار
  لەمەمكى دایكمەوە خواردم بۆ ژیان.
 
 
 #/مەبەست لەم دێڕە گەڕانەوەیە بۆ یەكەمین كتێبى فێربوونى زمانى كوردى لە قۆناغى یەكەمى سەرتایدا بەناوى (دۆى دادە ڕژاوە)
 
 Shaxi83@yahoo.com
   
                                                                    
 
 

Previous
Next

Leave a Reply