Skip to Content

Monday, January 18th, 2021

دو شیعر له‌گۆرانیه‌كانی هونه‌رمه‌ندی شۆڕشگێڕ / ئه‌حمه‌د كایا

Be First!
by November 4, 2012 ئەدەب

 

 

 

ده‌ستم لێ مه‌ده‌! ده‌سوتێی!

 

منداڵیم ، به‌ كاركردن له‌نێو كێڵگه‌كاندا به‌سه‌ر برد.

گه‌نجیشم ، له‌ نێو ڕێپێوان و كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌كان.

زۆر زو كه‌وتمه‌ زیندانه‌وه‌.

زۆر زو تامی ئازاری قامچیم چێشت.

له‌ نێو ژوره‌ ته‌سك و تاریكه‌كان گینگڵمدا.

 

ئێستاش ده‌مه‌وێ به‌ نێو ده‌شتێكی بێ سنوردا ڕاكه‌م ،

بێ ژماردنی هه‌نگاوه‌كانم ،

بێ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ڕابردووی خۆم.

بێ ترس و بێ نیگه‌رانی ، ڕاكه‌م چه‌شنی ئه‌سپێكی كێوی.

 

هیچ له‌ عیشق نازانم ئازیز!

نیگه‌رانی من مه‌به‌ ، خۆم ڕێگای خۆم ده‌دۆزمه‌وه‌.

له‌و ده‌شته‌دا به‌پێی په‌تی و به‌وپه‌ڕی تواناوه‌ ،

موه‌كانی قژم له‌چنگی بادا و چاویشم له‌كێوه‌كانه‌.

ده‌مه‌وێ ڕزگارم بێت له‌و كۆته‌ی مه‌رگ خستویه‌تیه‌ گه‌ردنم.

دڵم برینداره‌.

ده‌مه‌وێ ڕاكه‌م – عیشقی من – ده‌مه‌وێ ڕاكه‌م …

ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕامه‌وه‌ ، لێم ببوره‌.

 

مامۆستای ڕاكردنم.

پۆسته‌ری دۆزینه‌وه‌م ، به‌ هه‌مو دیواره‌كانه‌وه‌یه‌،

منداڵێك ده‌توانێ بمناسێته‌وه‌.

ده‌ستم لێ مه‌ده‌! پڕیشكت به‌رده‌كه‌وێ!

ده‌ستم لێ مه‌ده‌! ئالوده‌ ده‌بی!

شێت مه‌به‌! ده‌ستم لێ بده‌ی ،

كاتێ ده‌زانی له‌ناو ئاگری.

 

ده‌مه‌وێ تێپه‌ڕم به‌ ته‌نیشت دوكه‌ڵ و درۆكاندا.

ده‌مه‌وێ تێپه‌ڕم به‌ ناوجه‌رگه‌ی تاریكی و برینه‌كاندا.

له‌ نه‌بینینی جوانی ، له‌ بێ پاره‌یی ، له‌ بێ خودا مانه‌وه‌ …

نامه‌وێ له‌گه‌ڵ كه‌سدا ململانێ بكه‌م.

 

ئه‌وه‌نده‌ ڕاده‌كه‌م تا جگه‌رم ده‌بێته‌ ئاو.

وه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ته‌نیا عه‌ره‌ق ده‌خۆنه‌وه‌ و

به‌ ته‌نیا مه‌ست ده‌بن.

وه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ بیستنی ده‌نگی گولله‌یه‌ك

جێگاكانیان ته‌ڕ ده‌كه‌ن.

وه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی دوای له‌ سێداره‌ درانی شۆڕشگێڕێك ،

لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كان به‌پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی ڕه‌ش ده‌كه‌نه‌وه‌.

بێ شه‌ڕ ،

بێ زیندانی كردن ،

بێ هاتوهاوار …

ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌نده‌ ڕاكه‌م ، تا ده‌مرم.

 

ده‌مه‌وێ بۆ دوایین جار ده‌ستت بگرم!

نامه‌وێ بگریت!

چاوه‌كانم به‌ڕقن له‌گه‌ڵتا ،

سازه‌كه‌شم له‌گه‌ڵ گۆرانیه‌كانتا.

كاتژمێره‌كه‌م له‌سه‌ر جیابونه‌وه‌ ڕێك كردوه‌ و

ئاماده‌م!

خه‌ونه‌كانم هه‌ڵده‌گرم و ده‌ڕۆم.

درۆ كردن نیشانه‌ی بێ تواناییه‌.

ده‌مه‌وێ خۆم بگه‌یه‌نمه‌وه‌ گولله‌كان

ده‌مه‌وێ بمرم خۆشه‌ویستم!

ئه‌گه‌ر له‌ ژیاندا مامه‌وه‌ ،

لێم ببوره‌!

 

مامۆستای ڕاكردنم

پۆسته‌ری دۆزینه‌وه‌م ، به‌ هه‌مو دیواره‌كانه‌وه‌یه‌،

منداڵێك ده‌توانێ بمناسێته‌وه‌.

 

ده‌ستم لێ مه‌ده‌! پڕیشكت به‌رده‌كه‌وێ!

ده‌ستم لێ مه‌ده‌! ئالوده‌ ده‌بی!

شێت مه‌به‌! ده‌ستم لێ بده‌ی ،

كاتێ ده‌زانی له‌ناو ئاگری.

 

ده‌گه‌رێمه‌وه‌

 

ڕۆیشتنم یه‌كجاری نیه‌ ،

چونكه‌ تینوێتی بۆنی گوڵه‌ به‌هاریه‌كانم له‌ گه‌ڵدایه‌.

پێیان بڵێ پرسه‌م بۆدانه‌نێن ،

من نه‌مردوم ،

وه‌ناشمرم.

 

جێگا گه‌رمه‌كه‌م هه‌ڵمه‌گرنه‌وه‌ ،

له‌ ژێر به‌فره‌وه‌ چرۆ ده‌كه‌م و دێمه‌وه‌.

له‌ بڵێسه‌ی ئاگری خه‌ونه‌كانی ئێوه‌ له‌دایك ده‌بم.

چه‌شنی گه‌رده‌لولێك به‌ڕێدا دێم.

چایه‌كه‌م با سارد نه‌بێته‌وه‌ ،

چاوه‌ڕێم بن ،

وه‌ك چۆن نێو چاوه‌كانی من جێتان بو ،

به‌و چه‌شنه‌ش  ده‌خزێمه‌ نێو جێگاكه‌م ،

جێگام له‌نێو باوه‌شی خۆتاندا بۆبكه‌نه‌وه‌ ،

چه‌شنی منداڵێكی گریاو ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌.

 

 

سه‌رچاوه‌ / دیوارها سخن نمیگویند/ ترجمه‌/ یغما گلرویی _ ایدین اقاخانی/ نشر نگا1386

 

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply