Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
دڵم بۆ ژیان تولە ڕێیەكی ماوە .. بە تەنیا ژنێك پیاسەی تیا ئەكات

دڵم بۆ ژیان تولە ڕێیەكی ماوە .. بە تەنیا ژنێك پیاسەی تیا ئەكات

Closed
by April 20, 2011 ئەدەب

 

1. لە پشتی ئەم شەوەوە .. خۆرێك نوستووە
ئەم شەو ..
لە ناو شەودا پیاسەیەك ئەكەم
بە تەوسەوە ..
مژم بە تاریكیەوە ناوە
خودا ..
ئەم شەوە چەند شیرینە
ھێشتر مژێكی تێدا ماوە
فڕێیدەمە ناو تەپڵەكی خەوەوە

2. بە چاوانت ھێندەم نەماوە .. بۆ جارێك لە سوێی بێ منی ناپرسیت ئاخۆ تۆ ھەیت یان نیت
ئەم شەو ..
لە ناو شەودا دەستی تەمەنم گرتووە
تەمەن ..
یەك دوو ساڵی خرپن و سپیە
لەسەر قەراغی شەو
بە تەنیشتمەوە دانیشتووە
لاسارانە ..
جۆلانە بە قاچەكانی ئەكات
ئێستا ..
ئەلبومەكەم بەدەستەوەیە
سەیری وێنەكان ئەكەم
وێنەی ژێر درەختێكی
پەشۆكاو و
وێنەی گوڵێكی شین
لە ناو مەیخانەیەكدا و
وێنەی ئایسێكی ڕژاوی
بەر ھەتاو و
وێنەی قەراغی دەریایەك
لەسەر لمەكە ..
وێنەی ڕووتی تۆم
كێشابوو
وێنەی ژوورێكی سور و
وێنەی ستیانێك
بەسەر كورسیەكەوە
شۆڕ بووەتەوە
وێنەكان زۆر زۆرن
وێنەكان بیرێكی ئەوەندە قوڵن
تێیاندا نوقمم
نە خۆم ئەتوانم و
نە كەسیش دەرمدێنێ
ئاخ لە تەمەن ..
چۆن بە تەنیشتمەوە
دەم و لچی داوە بەیەكدا
 

3. لە قوڵایی تاریكیەكەدا دڵۆپێك ڕۆشنایی ماوە
ئەم شەو
لە ناو شەودا ..
موعتادێكی پەست و مەستم
شوشەیەك شەراب و
گوڵێكی سوری وشك و
تورەكەیەك تووڕەبونم پێیە
لەو دیو دەرگاكەتەوە
وەستاوم ..
دەرگاكە بكەرەوە
با خەمی
ژوورە تەنگە نەفەسەكەت دەرچێت
دەرگاكە بكەرەوە
با فرمێسكەكانت لە شەقەی باڵ بدەن و
بڕۆن ..
دەرگاكە بكەرەوە
با گۆمی مەنگی بێدەنگی
بتەقێت ..
دەرگاكە بكەرەوە
بە چەپڵە ئەو حەرفانە ھەڵفڕێنە
كە ڕیقنەت بەسەردا ئەكەن
دەرگاكە بكەرەوە
تەنەكەی خۆڵەكەت
پڕ بووە لە ڕق و كینە
دەرگاكە بكەرەوە
پەشیمانی كەڕووی كرد
ژوورەكەت بۆنی گرتووە
دەرگاكە بكەرەوە
پیاوێك لە دەرەوەیە
ئەم شەو ..
ھەگبەیەك خۆری پێیە

 
 

4. من و ئەم شەو لەبەر ڕۆشنایی پەنجەرەكەدا گوێ لە گمەی كۆترێكی غەمگین ئەگرین
ئەم شەو ..
لە ناو شەوێكی ڕوت و قوت
شەوێكی قژ قەترانی
شەوێكی چاو ڕەش
ئەستێرەیەكم بە دەستەوەیە
بۆ بەختی خۆم
ئەگەڕێم
لە ڕێگادا ..
دوو مەمكی سركم بینی
دەست و پەنجەی پیاوێكیان لێونبوبوو
لە ڕێگادا ..
لێوێكی شوشەییم دی
لێی پرسیم
ماچێكی عەجولم دیوە
لێرەوە بڕوات
لە ڕێگادا ..
زمانێكی پەمەییم دی
تفێكی شیرینی پێبوو
تامەتامەی ئەدامەوە
لە ڕێگادا ..
بەختی خۆمم بینی
گۆچانێكی بە دەستەوە بوو
فوویەكی لە ئەستێرەكەم كرد و
ڕۆشت
ئێستا ..
لەو دیو دەرگاكەمەوە
تەنھا عاباكەی شەو ئەبینم
بە بزمارەكەوەیە
 
 

5. من ئەزانم مەرگیشم لە دەستی تۆدایە .. ئیدی چیبكەم كە تۆ خۆت لەناو دەستی دەعبایەكی پیریت   
ئەم شەو ..
لە ناو شەودا .. تۆ
ھەموو ڕێگاكانیت
بۆ ھەركوێیەك ئەڕۆم
دێمەوە سەر تۆ
تۆ ..
درگایەكیت لە لۆكە
نە ئەتوانم داتخەم و
نە ئەتوانم بتكەمەوە
تۆ ..
دیوارێكیت لە پەشمەك
نە ئەتوانم پیاتا ھەڵزنم و
نە ئەتوانم لەو دیویشتەوە
خۆم بشارمەوە
تۆ ..
ڕوبارێكیت
نە تینوێتیم پێت ئەشكێت و
نە یەكجاریش تیاتا ئەخنكێم
تۆ ..
بەردێكیت بەرد
لەناو ھەموو دەستێكدا
تەنھا دڵی من ئەشكێنیت
تۆ ..
تەنیاترین كەسی دنیایت
بە تەنیشت دەعبایەكی پیرەوە
پیر ئەبیت

6. من چی لە گەردون و من چی لە دنیا بكەم ئەگەر خوداش بم بە من چی كە لە بەردەم خودایەتی تۆدا عەبدێك نەبم  
تۆ ..
پێكێ شەرابی لێو سوری
ناو شەویت
منیش ..
پیاوێكی شێت و مەست
تۆ ..
باڵندەیەكی سپی ناو
تاریكستانەكەی شەویت
منیش ..
ڕاوچیەكی دڵتەنگ
تۆ ..
لەسەر ڕێی گەڕانەوەیت
گەڕانەوە بۆ ناو سەفەرەكانی
شەو ..
منیش پیاوێكی تووڕە
تۆ ..
لە پەنای ئەم گەردونەدا
بۆ عەشق
جوانترین ڕوخساریت
تۆ ..
تۆ گەردونێكیت
لە ناو مندا ..
یەكسانت كردوم بە خودا
منیش دەنكێكم لە تۆدا
ھیچ ..
ھیچ لە ناو گەردونێكدا

Simkan97@hotmail.de

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.