Skip to Content

Wednesday, January 27th, 2021

دڵۆپ،دلۆپ باران ده‌ڕوێنم… تانه‌گه‌مه‌ خه‌راباتی تۆ

Be First!
by August 9, 2012 ئەدەب

 

(1)

من هیچ ڕه‌نگێك نابیستم،

ڕه‌ش نه‌بێ…

كه‌واته‌ نه‌غرۆم به‌تووشبوون…

ئه‌و كاته‌ی دره‌ختی ژاڵه‌یه‌ك ده‌خوێنێ و 

فیراق دواهۆنینه‌وه‌ی كه‌سێكه‌

 ده‌گاته‌ خه‌راباته‌كانی تۆ…!!

(2)

چۆله‌كه‌ كڕێوه‌ ده‌گرێ…

ئه‌ندێشه‌یه‌ك هه‌ڵمده‌واسێ،

ته‌ناف له‌به‌رم ده‌كات..

بۆنی پێڵاوه‌كانی خۆر دواچه‌قینێك ،

نزیك له‌ خه‌راباته‌كانی تۆ….ّ!!

(3)

سوقراتێك له‌له‌پی ده‌ستما هه‌ڵده‌كا…

حیكمه‌تێك له‌ناو بارانا ڕاده‌خه‌م،

ده‌بێ گریان ژیركه‌مه‌وه‌ و 

ده‌ست بنێم به‌پلاكی هۆشا

ئه‌وه‌ خه‌راباته‌كانی تۆن،

له‌چاوی گوڵێكا دوامه‌رحه‌با…!!!

(4)

دره‌ختی سێوه‌كه‌ سوربوونی كه‌وتۆته‌ وێڵی…

سور كه‌وتۆته‌ خواره‌وه‌،

سور ڕومه‌ته‌كانی خه‌ڵتانی سمێڵه‌،

منیش سور ده‌زانم،ئه‌وه‌ دوا نیشتنه‌وه‌ی

 خه‌راباته‌كانی تۆن دێرێك ده‌كیلێ،

له‌لێوی كچێكا…!!

(5)

چه‌ندلێڵی لێده‌م به‌ته‌پڵی جه‌هل

هه‌تا شه‌ره‌ف به‌ڕوونی ببارێ…

كه‌ ده‌بارێ له‌ده‌رپێی هه‌نارێكا زیندان…

كه‌یاخی بوو..له‌كه‌لتوری جه‌هلستان،

خه‌رابات ده‌یكڕێ دواخوێنی ،

شه‌وی هه‌نارستان…!!!

(6)

نیوه‌ شه‌وی مانگه‌ كۆڵان بنێشت ده‌جوێ…

نیوه‌ شه‌وه‌ ژنێك دره‌نگه‌ له‌كۆكردنه‌وه‌ی خۆی،

ئه‌و كاته‌ی كۆڵان به‌بنێشت جوینه‌وه‌

مانگ له‌پیاسه‌یا ده‌روا…

ژنی دره‌نگ له‌خه‌راباته‌كانی تۆدا

گه‌ڵا، گه‌ڵا عیشق رێزان…!!

(7)

دوو فرمێسك خوارتر په‌پووله‌ ده‌بارێ..

من له‌باكوری فرمێسكه‌وه‌ بارانم

له‌كوچه‌ی پێنجه‌می شه‌هوه‌تا،

كه‌پێنج خوله‌كی ده‌وێ بۆ خه‌رابات 

چرا پاڵه‌وانی ده‌كێڵێ..

منیش دوا سكوتێك به‌نووكی باران ،

ئه‌ده‌م له‌نێربوونی پێكه‌نینێك…!!

(8)

 كه‌سێك ده‌ملاوینێ به‌زمانی به‌فر

چ ته‌فسیری خه‌راباتێكه‌

دوو جار ده‌بارێم ،

جارێك بارینی ڕوانینم ،

له‌ژێر سفری تۆدا ته‌زیوو..

جارێك بارینی دڵم ،

له‌گه‌رمبوونی به‌فرا،

دواچێكردنی ماڵی حوزنێك..!!

(9)

من به‌ویستی خۆم چوومه‌ ناو لاولاوێك،

كه‌سه‌ری زیندانیم كێشا…

ئه‌و كات كه‌ته‌ماشا هه‌ڵكرا،

دیوار به‌پێكی مه‌ستی سه‌وز،

منیش له‌خوار پێیه‌كانی چاوه‌ڕوانییه‌وه‌،

سه‌وزی له‌ده‌نگم چۆڕا،

لاولاو بێوه‌فا…!!!

(10)

له‌پێكه‌نینێكی خۆمدا دائه‌به‌زم،

كه‌تۆ هه‌ڵئه‌ده‌م..

هێشووه‌ حوزنێك ده‌هۆنمه‌وه‌،

له‌دوا قرچه‌ قرچی ئه‌م حوزنه‌وه‌،

خه‌راباته‌كانی تۆ به‌ڕێوه‌ن،

تاگریانه‌ مه‌لووله‌كانی ده‌رگای من..!!

(11)

جاده‌ حه‌وسه‌ڵه‌ی نه‌ماوه‌،

له‌سوپاسالاری نووكی پێڵاو…

تفه‌نگ له‌كاری داخوازی گولله‌ی سواو…

من له‌كوشتنی كوفر،

له‌خه‌تا بێ مروه‌ته‌كانی تۆ…!!

(12)

كه‌نیگه‌رانی خۆی ڕاخست،

چڵێ خه‌ون ده‌مباته‌وه‌،

ئاوابوونی حه‌سره‌ته‌كانی تۆ…

له‌ئابوونێكی نارنجیشا،

ئێواره‌یه‌كی موراهیق ده‌سته‌كانم،

پڕ ده‌كا له‌دووكه‌ڵی گلله‌ی،

كه‌حه‌رف ،حه‌رف كوژراوم،

به‌خه‌راباتی تۆ…!!!

(13)

له‌مندا شه‌وێك دێت و ده‌چێت..

ئومێد له‌چواری چوارینه‌كانی 

خه‌ییامدا ده‌خوێنێ…

ووشه‌ هه‌ر ده‌روات و باڵا ده‌كا،

زۆر له‌وه‌ ئه‌ترسم له‌دیواری ئه‌م ووشانه‌دا 

خه‌راباتێك ڕاكشێ،

له‌پێچی ئه‌م شه‌وه‌مدا،

بێ ئومێدی بێزوو بكا…!!

(14)

من شاعیرێكم ووشه‌ تاده‌سته‌ ووشه‌ ده‌خڵافێنم،

تاشاخێك له‌تریقه‌ی ئاوا ڕاكا،

تاهه‌ڵۆیه‌ك له‌به‌رزی ئاسمانا ،

هێلانه‌ چێكا…

هه‌تا شه‌وێك به‌ئاره‌زووی خۆی له‌شه‌قژنا بێ،

من دووكه‌ڵ ده‌به‌سمه‌وه‌،

جه‌نگی سیگاره‌كان له‌خه‌ودا نقووم ئه‌كه‌م…

من شاعیرێكم هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی جوانی سه‌ركا

رێده‌گرم له‌تۆی خه‌تا…

كه‌له‌پچه‌كانی كه‌سیره‌ی ده‌ست و  

چه‌قۆكانی چه‌قی ڕوانینت،

له‌دوا تووڕه‌بوونێكما حه‌شار ئه‌ده‌م…!!

(15)

من هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی مردن له‌خۆما دواخه‌م

هه‌تا مۆری مارۆنی خۆم پڕ ده‌كه‌م ،

له‌عه‌تری وه‌نه‌وشه‌…

هه‌تا كه‌سك و سور خۆم پڕ ده‌كه‌م،

له‌پژمه‌ی گوڵان…

من هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی خۆم له‌مردن دواخه‌م 

چه‌پك ،چه‌پك ئێواره‌ لێده‌كه‌مه‌وه‌،

تابگه‌مه‌ به‌یانییه‌كی تر…

دڵۆپ،دڵۆپ باران ده‌ڕوێنم،

تانه‌گه‌مه‌ خه‌راباتی تۆ…!!!

 

سلێمانی 26/5/2012

ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی

 

Previous
Next

Leave a Reply