Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
دڵی ئەم غەریبیەم بە تۆ نادرێتەوە … جەبار عەزیز

دڵی ئەم غەریبیەم بە تۆ نادرێتەوە … جەبار عەزیز

Closed
by May 15, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

زەوی وەستاوە و من دەسورێم 

رێگایی غەریب نەماوە هەنگاوەکانم نەخاتە کۆشی 

بارانێک نیە بێ دڵیم کردبێ و سەرم نەخستبێتە بەر دڵۆپەکانی 

زریانێک نەبووە لقەکانم رووت نەکاتەوە لە گەڵا 

رووبارێک نیە بێغیرەتانە پاش ملە باسی نەکردبم 

ئاگرێک دڵخۆشی تەزینی نەداومەوە 

شەپۆلێکی سەرەرۆ  بێدەنگیمی نەخستە رستەیەکی نەستەقەوە 

من لێرەم  بەم دڵە تنهایەوە ئەی دۆست 

لێرەم خاکێک جێپێی هەموو هەنگاوێکم غریب 

شوێن پێی گشت بارانێکم غەریب

تێفکرین و روانینم غەریب 

غەریب 

غەریب 

غەریب 

بەم هەموو غەوربەتەوە قسەم بەشی دڵنیای تۆ ناکا 

هاورێیەتیم بەشی ئەم سەفەرەت ناکا ئەی دۆست 

 

تۆ لە کاسی سەرم ناگەی ئەی دۆست 

لە ورێنەکانی پشت بارانی قەسیدە و

تێفکرینم لە باجی قورسی ناو دێرەکان تێناگەی 

من کە روحێکی پەژمودەیی کۆڵانە تۆزاویەکانی یەقینم 

بەسەر سفرەیی لێومەوە گولێکم نەدیوە 

تیشکێک نەرژاوەتە ئەو دیوو پەنجەرەکانی بینایم 

تۆ ئیستکت نەکردوە لە بەردەم تێفکرینی پر لە خەجاڵەتیم 

دەزانم تۆ هێشتا لەیەقینی ئەم هەستەم تاساویی 

بەدیا کروزانەوەی مۆزەخانەیی تەمەنمەوە 

لەسەر مەعبدەکانی سەر خۆت دەنوسی غەدر

تۆ لە پەشۆکانی دێڕە پڕ بارمتەکانی من تێناگەیی 

بۆیە ماچیکی پر لە ئینتیزار 

دەخەیتە سەرەی هیلاکەتی تێگەیستنەوە 

 

 

ئەی دۆست کە دەزانی شوێنەواری مردنی من 

دەکەوێتە پشت تەیمانی کۆلکە زێرینە 

تەنیشت کەنیسەکانی دووبەرەکی و منارەکانی غەدر

لە پشت مەعبەدە ئاڵۆزی تێگەیشتن 

لێم گەرێ ئەی دۆست با خوا گیری تێفکرینت نەبم 

نەستی من بۆ بیرکردنەوە نابێ 

عاشقێکی تەنها بۆ دۆستایەتی نابێ 

ئەی دۆست پەنجەرەی روانینت داخە 

تۆزی ئەم غەریبیەم بە شەماڵی روانینی تۆ ناتەکێ

دڵی ئەم غەریبیەم بە تۆ نادرێتەوە 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.