Skip to Content

Friday, November 27th, 2020

دۆستایه‌تییه‌كی نوێ‌ له‌عێراقێكی تازه‌دا

Be First!
by May 30, 2009 گشتی

تاڵه‌بانی و دوا وێستگه‌ی ململانێكانی.. گه‌ڕانه‌وه‌ یان به‌رده‌وامبوون؟

Lawa_0@hotmail.com

*نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی ویه‌كێتی به‌ئه‌ندازه‌ی یه‌كه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌و دابه‌شكردنی 17% بودجه‌ی عێراق ئه‌م دۆستایه‌تییه‌ تازه‌یه‌ی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌
*كێشه‌ نێوخۆییه‌كانی یه‌كێتی قووڵبوونه‌ته‌وه‌و بێ‌ چاره‌سه‌ركردن ماونه‌ته‌وه‌، چاره‌سه‌رنه‌بوونی كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان به‌ترازانی باڵی ریفۆرم كۆتایی هات
*ئێستا ده‌بینرێت یه‌كێتی به‌سه‌ركردایه‌تی مام جه‌لال سه‌نگه‌ریان له‌دۆست وهه‌ڤاڵه‌ كۆنه‌كانی دوێنیان گرتووه‌و له‌گه‌ڵ دوژمنه‌ ته‌قلیدیی وكۆنه‌كه‌یان له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردان

گه‌رچی بارزانی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی كارامه‌ توانی رێبه‌رایه‌تی بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان له‌باشوور بكات ویه‌كێك بوو له‌و سه‌ركردانه‌ی توانی سنووری خێڵایه‌تیانه‌ ببه‌زێنێت وببێته‌ سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی كورد وله‌ئاستی جیهانیشدا به‌نوێنه‌ری كورد چاوی لێبكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و كێشانه‌ی له‌نێو پارتیدا سه‌ریهه‌ڵداو گه‌یشت به‌لێكترازانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاگربه‌ستی بارزانی بوو  ساڵی "1964" له‌گه‌ڵ عه‌بدولسه‌لام عارفدا، ئه‌م رێككه‌وتنه‌  كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌نێو پارتیدا خوڵقاندو بارزانی به‌وه‌ تۆمه‌تباركرا راوێژی به‌ئه‌ندامانی باڵای پارته‌كه‌ی نه‌كردووه‌. رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عبدولسه‌لام عارف ناڕه‌زایه‌تی به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی وكادرانی پارتی لێكه‌وته‌وه‌ كه‌نزیكه‌ی چوار هه‌زار كه‌س ده‌بوون، ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه‌ سه‌ره‌نجام جیابوونه‌وه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی لێكه‌وته‌وه‌و كه‌دواتر له‌لایه‌ن باڵی بارزانییه‌وه‌  لێیان دراو نزیك به‌شه‌ش سه‌د كه‌س له‌جیابووه‌وه‌كان كه‌مام جه‌لال سه‌ركردایه‌تی ده‌كردن به‌ره‌و ئێران (هه‌مه‌دان) هه‌ڵهاتن. له‌و ساڵه‌وه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی بووه‌ پێشه‌وای ئه‌و یاخیبووانه‌و وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی دیار ده‌ركه‌وت وهه‌ر له‌و ده‌مه‌شدا بوو زاراوه‌ی جه‌لالی چووه‌ نێو فه‌رهه‌نگی سیاسیی كوردییه‌وه‌. سه‌ركردایه‌تیكردنی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی له‌لایه‌ن مام جه‌لاله‌وه‌ زیاد له‌هۆكارێكی هه‌بوو. یه‌كه‌م:مام جه‌لال سه‌ر به‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناسراوبوو به‌به‌راوورد به‌سه‌ركرده‌كانی تری باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی. دووه‌م: ئاستی زانستی ورۆشنبیرییه‌كی به‌رزی هه‌بوو، جگه‌ له‌مانه‌ش تاڵه‌بانی له‌سه‌رده‌می هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ له‌خه‌باتی رزگاریخوازی خه‌ڵكی كوردستاندا تێده‌كۆشا، هه‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ش بوو، كه‌سێكی به‌ته‌مه‌ن وخاوه‌ن ئه‌زموونی وه‌ك برایم ئه‌حمه‌د سه‌ركردایه‌تی ئه‌و باڵه‌ جیابووه‌وه‌ی نه‌گرته‌ ئه‌ستۆی خۆی، هه‌رچه‌نده‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دو مام جه‌لال به‌هاوبه‌شیی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و باڵه‌یان ده‌كرد.
جیاوازییه‌كانی جه‌لالی ومه‌لایی
وه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئاماژه‌م پێدا جیابوونه‌وه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێك له‌هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی گفتوگۆی نێوان بارزانی وعه‌بدلسه‌لام عارف بوو، له‌یه‌كێك له‌به‌یاننامه‌كانی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ بارزانی كوردی فرۆشتووه‌ "به‌سێو وپرته‌قاڵ "، بارزانیشیان به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد له‌دژی پێشكه‌وتنخوازییه‌و دۆستی ئیسرائیله‌و هاوسۆز نییه‌ له‌گه‌ڵ خه‌باتی ره‌وای فه‌له‌ستینییه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م باڵه‌ جیابووه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ئێران نیشته‌جێ بوون وبه‌تاقمی هه‌مه‌دان ناسرابوون، به‌ڵام له‌ساڵی 1965 شای ئێران تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ بارزانی ئاشتكرده‌وه‌و لێبووردنێكی گشتیشیان بۆ ده‌ركرا، ئه‌مه‌ لێبووردنه‌ "ئیبراهیم ئه‌حمه‌د"ی نه‌گرته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و به‌ناچاریی له‌ئێران مایه‌وه‌ تاساڵی 1966. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ دوای تێكچوونی گفتوگۆكانی بارزانی وحكومه‌تی عێراق له‌ساڵی 1966، باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی كه‌له‌لایه‌ن تاڵه‌بانییه‌وه‌ رێبه‌رایه‌تی ده‌كرا پشتیان له‌بارزانی كردو بوونه‌ پیاوی حكومه‌تی عێراق وئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی تاڵه‌بانی، بارزانی تووڕه‌ كرد هه‌ر بۆیه‌ له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ نازناوی جاشی "66"یان لێنرا، باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی له‌پێشووتردا "بارزانی"یان به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرد كوردی فرۆشتووه‌، به‌ڵام هه‌ر خۆیان به‌تانك وچه‌ك وجبه‌خانه‌ی عێراق شه‌ڕی پارتی دیموكراتی كوردستانیان ده‌كرد. تاڵه‌بانی وباڵه‌كه‌ی له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون زۆرترین سه‌رۆك خێڵ وبنه‌ماڵه‌ی دینی ناسراو له‌خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌و خۆیانی پێ‌ به‌هێز بكه‌ن، ده‌شبێت ئه‌وه‌ بڵێین زۆربه‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌ سیاسییه‌كانی كورد له‌ژێر كاریگه‌ریی شێخ ‌وسه‌رۆك خێڵه‌كاندا بووه‌و پێده‌چێت هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌ بووبێت ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی گه‌یاندبێته‌ ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌ركردایه‌تی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی بسپێرێته‌ مام جه‌لال، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایینی ناسراو بووه‌، برایم ئه‌حمه‌دیش نه‌ شێخ بووه‌و نه‌ سه‌رۆك خێڵ، باشترین رێگاش بۆ ئه‌و سوود وه‌رگرتن بووه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی ئایینی بنه‌ماڵه‌ی مام جه‌لال. لێره‌وه‌ روون ده‌بێته‌وه‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی نه‌یانتوانی قۆناخێكی سیاسیی تازه‌ تۆماربكه‌ن، جیاوازیشیان له‌گه‌ڵ پارتیدا نه‌بوو وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد، هه‌رئه‌مه‌ش بوو ئه‌م باڵه‌ی له‌به‌رامبه‌ر پارتیدا شكست پێهێنا، ئه‌وه‌شی پێویسته‌ هێمای بۆ بكرێت ئه‌وه‌یه‌ جیابوونه‌وه‌ی ئه‌و باڵه‌ بووه‌ هۆی خوێنڕژانی به‌شێكی لاوانی كوردو ئه‌و مێژووه‌ش سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ خوێنڕشتنی زیاتری خه‌ڵكی كوردستان.
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو حیزبی دایك
ساڵی 1966 تا ساڵی 1970 شه‌ڕی نێوان باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی وپارتی دیموكراتی كوردستان به‌رده‌وام بوو، ئه‌م شه‌ڕه‌  ناویلێنرا شه‌ڕی جه‌لالی ومه‌لایی، به‌ڵام له‌ساڵی 1970 ئاگربه‌ستێك له‌نێوان بارزانی وعێراق ئیمزاكرا بۆ دانوستان له‌سه‌ر ئۆتۆنۆمی، یه‌كێك له‌به‌نده‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش كه‌بارزانی داوای كردبوو، چه‌ككردنی جه‌لالییه‌كان بوو، چه‌ككردنی باڵه‌كه‌ی تاڵه‌بانی به‌بێ‌ شه‌ڕو ئاژاوه‌ بوو، بارزانیش جارێكی تر لێبووردنی گشتیی بۆ ده‌ركردن، به‌ڵام به‌شێك له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی وه‌ك (مه‌لا ماتۆڕ، عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف، هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا، حیلمی عه‌لی شه‌ریف) به‌یه‌كجاریی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ نێو شۆڕش وبه‌شێكیان بوونه‌ پیاوی رژێم. مام جه‌لال وبرایم ئه‌حمه‌د ونه‌وشیروان مسته‌فاو باقی هاوڕێكانی تریان گه‌ڕانه‌وه‌ نێو پارتی، شكستی باڵی جه‌لالی یه‌كێك بوو له‌كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كان بۆ سه‌ركردایه‌تی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م شكسته‌ش بوو به‌شێكی زۆریان خۆیان دووره‌ په‌رێز گرت وروویان له‌هه‌نده‌ران كرد، جگه‌ له‌مام جه‌لال كه‌له‌به‌یروت نیشته‌جێ‌ بوو له‌لایه‌ن بارزانییه‌وه‌ راسپێردرا نوێنه‌رایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان بكات له‌لوبنان. 

سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ململانێكان
دوای نسكۆی ساڵی1975ئه‌و شكسته‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ به‌سه‌ر بارزانیدا هات، مام جه‌لال به‌هه‌لی زانی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشێكی نوێ‌ بگرێته‌ ده‌ست، پێشبڕكێی مام جه‌لال له‌ساته‌وه‌ختێكدا بوو بارزانی وازی له‌خه‌بات هێنابوو، له‌ساڵی 1975 مام جه‌لال وچه‌ند هاوڕێیه‌كی به‌پیشتیوانی حكومه‌تی سوریا به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیان راگه‌یاند، هه‌رچه‌نده‌ پێش راگه‌یاندنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی لینینی كه‌به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا له‌نێو ریزه‌كانی پارتیدا "باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی"، خه‌باتیان ده‌كرد دوای نسكۆش چالاكانه‌ خه‌باتی ئاشكرایان ده‌ستپێكردو ساڵی 1978 كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانیان له‌سه‌ر جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی لینینی راگه‌یاند. دوای سه‌رهه‌ڵدان ودروستبوونی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ساڵی "1976 " سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتیش دامه‌زرایه‌وه‌ كه‌پێكهاتبوون له‌ئه‌ندامانی كۆنی ئه‌و پارته‌و چه‌ندین كادری دابڕاو كه‌پێشووتر ناكۆك بوون له‌گه‌ڵ بارزانیدا، به‌مشێوه‌یه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانی دامه‌زرایه‌وه‌و دواتریش هه‌ردوو كوڕی بارزانی "مه‌سعودو ئیدریس" سه‌ركردایه‌تی پارتیان له‌ئه‌ستۆ گرت. ساڵی  1976 باشووری كوردستان بووه‌ خاوه‌نی چه‌ندین گروپ ورێكخراوی سیاسیی وسه‌ره‌تایه‌كی نوێ‌ بوو له‌خه‌بات وبه‌ره‌نگاربوونه‌وه‌، به‌ڵام ململانێكان وشه‌ڕو ئاژاوه‌كانی ساڵی 1964 جارێكی تر خۆی گه‌ڕانده‌وه‌ ئه‌م وێستگه‌ تازه‌یه‌و له‌ساڵی 1976- 1980و پێش ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی نێوان عێراق -ئێران شه‌ڕو كۆنه‌ قینی نێوان جه‌لالی ومه‌لایی به‌رده‌وام بوو، ده‌توانین بڵێین لووله‌ی تفه‌نگه‌كان له‌و چوار ساڵه‌دا هێنده‌ی ئاڕاسته‌ی یه‌كتری ده‌كران هێنده‌ رووبه‌ڕووی دوژمنی راسته‌قینه‌ نه‌ده‌كران، له‌ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی ئێران وعێراقیشه‌وه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان وپارتی دیموكراتی كوردستان درێژه‌یان به‌و ناكۆكی وكۆنه‌ قینه‌یان داو هه‌زاران كه‌س كرانه‌ قوربانی ململانێكانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌. جگه‌ له‌وه‌ش شه‌ڕ هێزه‌ سیاسییه‌كانی تری گرته‌وه‌و به‌ره‌ی جووت پێكهات، ئه‌م به‌ره‌یه‌ بریتیبوو له‌حیزبی سۆسیالیست، حیزبی شیوعی، پاسۆك، پارتی دیموكراتی كوردستان، شه‌ڕی یه‌كێتیان ده‌كرد. له‌ساڵی 1986 به‌ره‌ی كوردستانی پێكهات وبۆ چه‌ند ساڵێك شه‌ڕو خوێنڕێژیی راگیرا.
راپه‌ڕین و سه‌ره‌تایه‌كی نوێی ململانێكان
دوای راگرتنی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ له‌نێوان عێراق – ئێران وپرۆسه‌ به‌دناوه‌كه‌ی ئه‌نفال له‌ساڵی 1988 تێكڕای هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان روویان له‌سنووره‌كانی ئێران كرد، له‌چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تێكی نوێدا بوون، داگیركردنی كوێت له‌لایه‌ن رژێمی سه‌دام حسێن وبه‌رپابوونی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و رژێمه‌دا ئه‌وده‌رفه‌ته‌ مێژووییه‌ی ره‌خساند تا خه‌ڵكی كوردستان راپه‌ڕن وداموده‌زگاكانی حكومه‌تی عێراق له‌كوردستان وه‌ده‌رنێن، دوای راوه‌ستانی جه‌نگه‌كه‌ رژێمی سه‌دام حسێن هێزه‌كانی كۆكرده‌وه‌و په‌لاماری كوردستانی دایه‌وه‌و سه‌رئه‌نجامیش كۆڕه‌وه‌ مێژووییه‌كه‌ی كوردستانی دروستكرد، كۆڕه‌و هاوسۆزییه‌كی جیهانیی بۆ كورد په‌یداكرد، ئه‌م هاوسۆزییه‌ ناوچه‌یه‌كی ئارامی بۆ كوردستان كرده‌ بڕیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، شكستی دانوستانی به‌ره‌ی كوردستانی ورژێمی سه‌دام حسێن، عێراقی ناچاركرد داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كانی خۆی له‌هه‌ر سێ‌ شاری هه‌ولێرو سلێمانی ودهۆك بكێشێته‌وه‌، كشانه‌وه‌ی داموده‌زگاكانی رژێمی عێراق هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992ی لێكه‌وته‌وه‌، پێكهێنانی یه‌كه‌مین په‌رله‌مان وحكومه‌تی كوردیی هاتنه‌دی، كه‌ خه‌ونێكی مێژوویی خه‌ڵكی كوردستان بوو وچه‌ندین ساڵ بوو له‌پێناویدا تێده‌كۆشان. به‌داخه‌وه‌ پێكهاته‌ی یه‌كه‌مین په‌رله‌مان وحكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای "50 به‌ 50"دامه‌زراو جارێكی تر له‌ژیانی حوكمڕانیشدا درێژه‌ به‌و شه‌ڕو ئاژاوه‌و ناكۆكییانه‌ی ساڵی 1964 درایه‌وه‌و له‌ساڵی 1994- 1998 جارێكیتر شه‌ڕێكی ناوخۆ له‌نێوان ئه‌م دووحیزبه‌دا  به‌رپابوو، كه‌به‌هه‌زاران كه‌سی كرده‌ قوربانی، دوای چه‌ندین هه‌وڵ وتێكوشان له‌ئاستی نێوخۆو نێوده‌وڵه‌تی سه‌ره‌نجام له‌ژێر گوشاری ئه‌مه‌ریكادا پارتی ویه‌كێتی له‌ساڵی 1998پێكهاتنه‌وه‌و حاڵه‌تی نه‌شه‌ڕ نه‌ئاشتیان راگه‌یاندو دوو حكومه‌ت ودوو ئیداره‌ییان به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا سه‌پاندو تا ساڵی 2003 وپێش رووخانی رژێمی سه‌دام حسێن شه‌ڕێكی سارد له‌نێوان ئه‌م دوو حیزبه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌براو هیچ لایه‌كیان ئاماده‌ نه‌بوو ئه‌وی تر قبوڵبكات. 

 دوای داڕمانی كۆی سیستمی حكومڕانیی حیزبی به‌عس له‌سه‌رده‌ستی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی و ئه‌و پاڵه‌په‌ستۆیه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ خرایه‌ سه‌ر سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی وپارتی بۆ ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌به‌شێكی زۆری كۆنه‌ قینه‌كانیان، هه‌ردوولایان به‌ڵێنیان دا په‌ڕه‌یه‌كی نوێ‌ هه‌ڵبده‌نه‌وه‌. نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی ویه‌كێتی به‌ئه‌ندازه‌ی یه‌كه‌م به‌رژه‌وه‌ندیی بوو، دابه‌شكردنی 17% بوودجه‌ی عێراق وبوونی مام جه‌لال به‌سه‌رۆك كۆماری عێراق وسه‌ركردایه‌تیكردنی كوردستان له‌لایه‌ن بارزانی وحیزبه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌م دۆستایه‌تییه‌ تازه‌ی هێنا ئاراوه‌و رۆژ له‌دوای رۆژیش به‌ره‌و پێشچوونی زیاتر له‌په‌یوه‌ندیی ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌دا به‌دی ده‌كرێت. 

ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵه‌بانی بۆ ناو پارتی
پێكهاته‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان جیاوازییه‌كی زۆری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارته‌ سیاسییه‌كانی تری نێو ساحه‌ی سیاسیی له‌باشوری كوردستان، جیاوازی بیرو بۆچوون وتێڕوانینی جیاواز ئه‌م حیزبه‌ی  له‌به‌شێك له‌قۆناغه‌كانی مێژوویدا رووبه‌ڕووی  لێكترازان كردۆته‌وه‌، یه‌كه‌مین جیابوونه‌وه‌ش بزوتنه‌وه‌ی سۆسسیالیستی بوو، پاشان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ته‌حزیری پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ د.مه‌حموود عوسمان وقادر جه‌باری سه‌ركردایه‌تیان ده‌كرد یه‌كیانگرت و"حیزبی سۆسیالیستی یه‌كگرتووی كوردستان"یان دروستكردو پاش ساڵێكیش ناوی حیزبه‌كه‌یان گۆڕی وكردیانه‌ حیزبی سۆسیالیستی كوردستان. ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه‌ زنجیره‌یه‌ك شه‌ڕو كوشتاری به‌دوای خۆیدا هێنا وچه‌ندین سه‌ركرده‌و پێشمه‌رگه‌ی ناوداری كرده‌ قوربانی، له‌دوای دانوستانه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ورژێمی عێراق له‌ساڵی 1985 جارێكی تر ئه‌م حیزبه‌ توشی لێكترازان بووه‌و ئاڵای شۆڕش كه‌له‌لایه‌ن مه‌لابه‌ختیاره‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرا، له‌یه‌كێتی جیابوونه‌وه‌. ئێستاش یه‌كێـتی نیشتیمانی كوردستان له‌سێ‌ هێزی سه‌ره‌كی پێكهاتووه‌ خه‌تی گشتی مام جه‌لال سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، باڵی ریفۆرم له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فای دووه‌م كه‌سی نێو یه‌كێتی سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، كاك كۆسره‌تیش نوێنه‌رایه‌تی باڵێك ده‌كات به‌هه‌ولێرییه‌كانی ناو یه‌كێتی ناوده‌برێن. له‌م ساڵانه‌ی دوایشدا كێشه‌ نێوخۆییه‌كانی ئه‌م حیزبه‌ قووڵبوونه‌ته‌وه‌و بێ‌ چاره‌سه‌ركردن ماونه‌ته‌وه‌. چاره‌سه‌رنه‌بوونی كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان به‌ترازانی باڵی ریفۆرم كۆتایی هات، به‌دوای خۆ كه‌نارگرتنی باڵی ریفۆرمیش چه‌ندین كادری پێشكه‌وتووی یه‌كێتی له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه‌ ده‌ركران كه‌به‌گروپی"ره‌گ" ناسراون، دوابه‌دوای ئه‌مانیش به‌شێك له‌ئه‌ندام وكادرانی ئه‌م حیزبه‌ یان ده‌ركران یاخود ده‌ستیان له‌كاره‌كانیان كێشایه‌وه‌، چوار ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی كه‌بریتیبون له‌: جه‌لال جه‌وهه‌ر، عومه‌ر سه‌یدعه‌لی، عوسمانی حاجی مه‌حموود، مسته‌فای سه‌ید قادر، ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌ وهه‌ڵۆی برایم ئه‌حمه‌دیش كه‌ژنبرانی تاڵه‌بانییه‌ ده‌ركرا. ئێستا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌لایه‌ن خه‌تی گشتییه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت وڕۆژ له‌دوای رۆژ تاڵه‌بانی له‌هه‌ڤاڵه‌كانی دوێنێی خۆی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له‌پارتی نزیك ده‌بێته‌وه‌. ئیمزاكردنی رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی له‌لایه‌ن مام جه‌لاله‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان،  ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ رۆژ له‌دوای رۆژ له‌یه‌ك نزیكتر ده‌كاته‌وه‌ هه‌روه‌ك له‌هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی كوردستانیشدا به‌یه‌ك لیست به‌شداریی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی ئێستاش ده‌بینرێت یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌سه‌ركردایه‌تی مام جه‌لال سه‌نگه‌ریان له‌دۆست وهه‌ڤاڵه‌ كۆنه‌كانی دوێنیان گرتووه‌و له‌گه‌ڵ دوژمنه‌ ته‌قلیدیی وكۆنه‌كانی مام جه‌لال له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردان، لێره‌دا پرسیارێك دێته‌ پێش وپێویستی به‌شرۆڤه‌و شیكاریی زیاتره‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌: ئایا "39 " ساڵ شه‌ڕو ئاژاوه‌ی تاڵه‌بانی وبارزانی كۆتایی هاتووه‌؟، رێككه‌وتن ودۆستایه‌تی ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ ستراتیژییه‌ یان تاكتیكی ئه‌م قۆناغه‌یه‌؟، ئایا باڵی ریفۆرم وجیابووه‌وه‌كانی تری ناو یه‌كێتی، تاڵه‌بانی ناچارده‌كه‌ن بگه‌ڕێته‌وه‌ نێو حیزبی دایك؟، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تاڵه‌بانی ئه‌م قۆناغه‌ی ژیانی سیاسیی خۆی وه‌ك تاكتیك چاو لێده‌كات وستراتیژییه‌كه‌ی درێژه‌پێدانه‌ به‌و كۆنه‌ قینه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی وبنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا هه‌یه‌تی؟. 

راپۆرتی: ئاسۆ عوسمان

 

Previous
Next

Leave a Reply