Skip to Content

Wednesday, October 21st, 2020

دۆستیۆڤسکی و چیخۆف

Be First!

 

 

 

 

دۆستیۆڤسکی و چیخۆف دوو پاڵەوانی مەزنن لە پاڵەوانە مەزنەکانی ئەدەبی ڕوسی، لەڕاستیشدا ئەم دوانە  لە ئێستادا  نوێنەراتی ئەدەبی روسی دەکەن لە دەرەوەی ڕوسیادا. هەر لە ڕێگای ئەوانیشەوە   خەڵکی لە جیهاندا باسی ئەدەبی روسی دەکات. 

هەموو ڕەخنەگران و لێکۆلێرەوان و تەنانەت خوێنەرانیش لە جیهاندا، کاتێک دێتە سەر باسی ئەدەبی روسی، ئەوا یەکسەر ناوی ئەم دوانە دێت . ئەمان زۆرترین شٶرەتیان هەیە و بەشێکی زۆری کارەکانیشیان بۆ زمانەکانی جیهان وەرگێراون. بەڵکە ئەمان شوێنێکی تایبەت و مەزنیان ، لەکاروانی ئەدەبی جیهانی هەیە، بەتایبەتی کاریگەرییان بەسەر ئەدەبی جیهانی و پێشکەوتنییەوە هەیە.

لێ ئەوەی جێگەی سەرنج و سەرسووڕمانە ئەوەیە، ئەوان لە کاروانی ئەدەبی روسیدا ، زۆر لەیەکتری جیاواز و نامۆبوون، بەڵكە دەتوانین بڵێین ، زۆر زەحمەتە بتوانین دوو ئەدەیب بدۆزینەوە، کە هێندەی دۆستیۆڤسکی و چیخۆڤ جیاوازییان هەبووبێت. 

پاڵەوانەکانی دۆستیۆڤسکی  گوزارشت لە تەنگەژەیەکی رۆحی و بێ ئارامی مرۆڤ دەکەن، وە ژیانیشیان پڕیەتی لە تاوان و دیالۆگی فکری و فەلسەفی قووڵ ، بەڵام پاڵەوانەکانی چیخۆف ، کەسانی ئاسایی بوون ، ڕۆژانە  دەچن بۆ کارەکانیان و نانی خۆیان دەخۆن ، لە کاروانی ژیانیشیاندا هیچ جۆرە تاوان و ڕووداوی گرینگ ڕوونادات، بەڵکە دەتوانین بڵێین ، کە هیچ شتێکی وا گرینگ لە ژیانیاندا ڕوونادات و جێگەی سەرنج نییە. 

دۆستیۆڤسکی لە ساڵی 1821 لەدایک بوو، رۆمانە ناودارەکەی ” تاوان و سزا” کەلا جیهاندا شۆرەتێکی گەورەی هەیە، لە ساڵی 1866 دا نووسیوە، لەو کاتەدا تەمەنی چیخۆف شەش ساڵ بووە. پاشان ڕۆمانە جیهانییەکەی ” برایانی کارامازۆڤ”ی لە ساڵی 1880 دا نووسیوە. چیخۆڤ ساڵی 1860 لەدایک بووە. کاتێک رۆمانی ” برایانی کارامازۆڤ” چاپ بوو، چیخۆف تەمەنی بیست ساڵان بوو، کۆتایی بە قۆناغی ئامادەیی هێناو خەریکی خوێندنی کۆلیژی پزیشکی بوو لە زانکۆی مۆسکۆ . دۆستیۆڤسکی لە ساڵی 1881 کۆچی دواییکردووە. لەو کاتەدا بۆ یەکەمجار چیخۆف خەریکی بڵاوکردنەوەی ، کۆمەڵە کورتە چیرۆکە گاڵتە ئامێزەکانی لە هەندێک گۆڤاری رووسی ساتیر ئامێز بلاوکردەوە، ئەو گۆڤارانەش لە چاو گۆڤارە ئەدەبییەکانی ئەوکاتی رووسیا، بە پلە دوو وەسف دەکران.

هیچ ئاماژەیەکیش نییە کە باس لەوە بکات ، کە دۆستیۆڤسکی چاوی بەو چیرۆکانە کەوتبێت ، یان ئەسڵەن هەر ناوی چیخۆفی بەرگوێ کەوتبێت ، لەو کاتەدا دۆستیۆڤسکی بە یەکێک  لە ئەدەیب و ڕووناکبیرە مەزنەکانی رووسیا دەهاتە ژماردن، لەهەمانکاتیشدا خاوەنی شۆرەتێکی مەزن بوو لە جیهاندا.

هەروەک پێشتر باسمانکرد، چیخۆڤ لە ساڵی 1860 لەدایک بووە، بۆ یەکەمجاریش لە ساڵی 1880 دا یەکەمین چیرۆکی خۆی بڵاوکردۆتەوە،  وە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا شٶرەتی پەیداکرد، هەر لەبەرئەمانە بەهیچ شێوەیەک ناتوانین لەگەڵ دۆستیۆڤسکی هەڵیبسەنگێنین و دایبنێین. 

ئەو جیاوازیی و سیما تایبەتییانەی نێوان ئەم دوو ئەدیبە، وایکردووە کە بەهیچ شێوەیەک چیخۆف مەیلی بۆ دۆستیۆڤسکی نەبێت، لێ ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت ، کە چیخۆف دانی بە مەزنی دۆستیۆڤسکی نەنابێت، وە شوێن و جێ پەنچە و کاریگەری ئەوی لە کاروانی ئەدەبی  و فکری رووسی  ڕەتکردبێتەوە.  لە 5 مارسی 1889 دا لە نامەیەکدا  کە بۆ ” سفۆرین” ی نووسیوە، تێیدا هاتووە : 

( لە کتێبخانەکەتاندا ، کتێبێکی دۆستیۆڤسکیم کڕی، وە ئێستا خەریکی خوێندوەیم. بەڵام بەشێوەیەکی زۆر درێژدادڕیانە و بێ بابەتییانە دەنووسێت، لە زۆر شوێنیشدا، دوورە لە ڕاستییە وەو موبالەغە دەکات . )

لە وەڵامی پرسیاری دەرهێنەری ناوداری رووسی ” نیمیروفتش- دانجنوکۆ” ، کەلەبارەی رۆمانی ” تاوان و سزا” وە لێی دەکات .  چیخۆف دەلێت : ( ئەم رۆمانە هیچ کاریگەرییەکی وا گەورەی لێ نەکردم ) دیارە لەم ڕووەوە ، وەڵامەکەی چیخۆف توند بووە.  

لە 30 دیدسەمبەری 1902 دا، چیخۆف نامەیەک بۆ سەرنووسەری گۆڤاری ” جیهانی هونەر” (  دیاگلیف) دەنووسێت . جێگەی گووتنە ئەم گۆڤارە بە تەواوی ساڵانی 1900 تا 1902 ، لە گۆڤارەکەدا، ووتارەکانی نووسەر ” میرجکوفسکی” بڵاودەکردەوە، کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم ، رەخنەگر و ئەدیبێکی ناسراو بووە لە مێژووی ئەدەبی رووسیدا ،وە ناودارترین کەسی قووتابخانەی “سیمبۆلیزمی “رووسیش بووە. 

ئەم پیاوە کتێبێکی بەناوی ( تۆلستۆی و دۆستیۆڤسکی ) نووسیوە ، ئەم کتێبەش بەیەکێک لە کتێبە  تایبەتی و باشەکانی  رەخنەیی ئەدەبی رووسی دێتە ژماردن. چیخۆف لەبارەی ئەم کتێبەوە بۆ سەرنووسەری گۆڤارەکە دەنووسێت : 

( کلتووری ئێستا بە سەرەتای کارێک دەستپێدەکات ، کە ناوی دەنێین ” داهاتووی مەزن” . کارێک لەوانەبێت ماوەی دەیان هەزار ساڵ بخایەنێت، بۆ ئەوەی  مرۆڤایەتی فێری ئەوەبێت ، کەلە داهاتوویەکی دووردا ، هەقیقەتی خودای ئەسڵی بۆ دەربکەوێت ، وە ئەمەش لەکارەکانی دۆستیۆڤسکیدا دەرناکەوێت، چونکە هەموو شتێک لای ئەو ئاشکرایە ، لای ئەو دوو کۆی دووی بکە ، دەکاتە  چوار.) 

چیخۆف ئەمەی لە دژی میرجکوفسکی  و هەموو هەوادارانی قووتابخانەی سیمبۆلیزمی رووسی نووسیوە، چونکە ئەوان  زۆر هۆگری دۆستیۆڤسکی  بوون بەشێوەیەکی دەروێشانە دەیانپەرست و ناویان لێ نابوو ”  پێخەمبەری هۆشیاری ئایینی ” .  

لێرەدا جیگەی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەو خاڵە بکەین ، کە ڕەخنەی ئەدەبی رووسی  لە سەردەمی زیوین ” مەبەستمان ساڵانی بیستە لە سەدەی بیستەمدا”  ، زیاتر مەیلیان بۆ لای دۆستیڤسکی دەچوو ، وە ئەویان لە چیخۆف پێ باشتربوو،  لە نێوانیشیاندا ” میرجکوفسکی و گیبیوس و ئەخماتوفا هەتا دەگاتە باسترناک و نابۆکۆف  وە هی تریش . “

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، زۆرێک لە ڕەخنەگر و لێکولێرەوەکانی بواری ئەدەبی رووسی لەو بڕوایەدان ، کە کارێکی هەڵەیە ، گەر بێت دۆستیۆڤسکی وچیخۆف ، وەکو دوو ئەدیب دژ بەیەک و نەیار دابنێین ، بەڵکە بە پێچەوانەوە، ئەوان پێیان وایە کە چیخۆف ، وەریسی” میراتگری” شەرعی دۆستیۆڤسکییە. ئەو وەکو قووتابییەک ئەم میراتەی بەکارنەهێناو نەیویستوە لاسایی مامۆستاکەی بکاتەوە، بەڵكە لەبەرئەوەی چیخۆف هونەرمەندێکی ڕەسەن بوو،ئەو  بە شێوەیەکی داهێنەرانە مامەڵەی لەگەڵ دۆستیۆڤسکیدا کردووە. 

بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژە بە چیرۆکێکی چیخۆف دەکەن کە ناوی (  راهیبە ڕەشەکە). ئەمیش یەکێکە لە  چیرۆکە جوان و داهێنەرەکانی چیخۆف ، ئەم چیرۆکەی پڕیەتی لە سیمای دۆستیڤسکیانە، دیارە جگە لەم چیرۆکەش ، ئەوان پێیان وایە کە پاڵەوانەکانی چیخۆفیش ، وەکو پالەوانەکانی دۆستیۆڤسکین و ئەوانیش بە دوای ” هەقیقەتی ڕەسەنی ژیان ” دا دەگەڕێن ، کە ئەویش خۆی لەناو ” ئیمان” دا دەبینێتەوە. 

لێ جیاوای نێوان دۆستیۆڤسکی و چیخۆف لەوەدایە کە ( ئیمان) لای دۆستیۆڤسکی ، مانای ئیمانهێنانە بە ئایینی مەسیحیەت، بەڵام ( ئیمان ) لای چیخۆف   خۆی لەو فکرانە دەبینێتەوە کە گوزارشت لە بوون و ئارمانجی ژیانی مرۆڤ دەکەنەوە، بەمانایەکی تر ، پاڵەوانەکانی هەردووکیان  لە پرۆسەی گەڕان بەدوای هەقیقەتدا یەکدەگرن ، بەڵام ئەوان لە شێوازی گەڕانەکەدا جیاوازییان تێدەکەوێت و لەیەکتری دوور دەکەونەوە.

پاڵەوانەکانی چیخۆف  بەدوای ئارمانجەکانی سەردەمی مۆدێرن دەگەڕێن ، واتە سەردەمی دوای دۆستیۆڤسکی ، ئەو سەردەمەی کە چیتر هیچ گونجاو نییە بۆ مرۆڤ ، هەتاوەکو بە دوای ئیمانێکدا بگەڕێت ، کە پشت بە کۆمەڵێک دەستنووسی ئایینی دەبەستێت و هیچ لەگەڵ داواکاریی و پێداویستییەکانی سەردەمی مۆدێرندا ناگونجێت. 

بەدڵنییایەوە چیخۆف هیچی لە  دۆستیۆڤسکی کەمتر نییە ، بەتایبەتی لەبواری باسکردنی  کێشەکانی مرۆڤ و ئازارە رۆحیەکانی، لێ ئەو بە شێوازی تایبەتی خۆی ئەم کێشانە چارەسەر دەکات ، بەو پێیەی کە ئەمیش هونەرمەندێکی جیاوازە لە دۆستیۆڤسکی . هەرلەبەرئەوەشە هەتاوەکو ئەمڕۆ ، چ لە ناوخۆی رووسیا بێت یان لە دەرەوە،  داهێنانەکانیان بە زیندوودێتی ماوەتەوەو  ، ، سەرنجی لێکۆلێرەوان و خوێنەران بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن .

 

نووسینی : د. ضیاء االنافع

وەرگێرانی : ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

سەرچاوە: ڕۆژنامەی المدی 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply