Skip to Content

Monday, September 21st, 2020

دۆن دیلیۆ و پیاوی که‌وتوو…. دیدار مه‌سیفی

Comment

{پیاوی که‌وتوو} تازه‌ترین رۆمانی نوسه‌ری ئه‌مریکی به‌ره‌گه‌ز ئیتالی دۆن دیلیۆیه‌، که‌ قه‌واره‌یه‌کی مام ناوه‌ندی هه‌یه،‌ که‌چی ناوه‌رۆکه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ چڕ و ئاڵۆزه‌‌ له‌وانه‌یه‌ دۆن دیلیۆ له‌ دوا پاکنووسکردنی دوو سه‌د و په‌نجا لاپه‌ره‌ی ئه‌م رۆمانه‌ خۆیشی وه‌ک خوێنه‌ر که‌مێک وون بووبێت. تایتلی ئه‌م رۆمانه‌ له‌ دیمه‌نی ئه‌و پیاوه‌ نه‌ناسراوه‌ به‌رجه‌سته‌ کراوه‌ که‌ له‌ یه‌کێک له‌ تاوه‌ره‌کانی ناوه‌ندی بازرگانی نیویۆرک له‌ ترسا خۆی فڕێ ده‌دات‌ و‌ وێنه‌که‌ی ده‌گیرێت‌ کاتێک‌ شاقووڵی به‌ره‌و مه‌رگێکی خه‌مناک ده‌چێت. ئه‌م رۆمانه‌ له‌ دیمه‌نی ئه‌و پیاوه‌ و ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ی که‌ وێنه‌که‌ی لێ گیراوه‌‌‌ نه‌خشی دونیایه‌ک ده‌کێشێت که‌ به‌ر له یازده‌ی‌ سپتێمبه‌ر‌ و دوای ئه‌و به‌رواره‌ ‌ پڕه‌  له‌ نا ئارامی، خوێندنه‌وه‌ی دژ به دژ، و دڵه‌ڕاوکه‌یه‌کی به‌رفره‌ له‌ ده‌روونی  خه‌ڵک‌.  

دۆن دیلیۆ جگه‌ له‌م رۆمانه‌ خاوه‌ن چه‌ندین رۆمانی تره‌ وه‌ک {دونیای ژێره‌وه‌} و {لووتی سپی‌} که‌ ناودارتیرنیانن، له‌ کاره‌کانی دۆن تارمایێک له‌ ره‌شبینی خۆی ده‌نوێنێت و کاریگه‌ری دوو فیگه‌ری دونیای نوسینی به‌ سه‌ره‌وه‌ دیاره‌ که‌ یه‌کێکیا‌ن ئادگار ئالان پۆی شاعیره‌ و ئه‌وی دیکه‌شیان سامۆئیل بیکیتی شانۆنوسه‌.                                                  
{پیاوی که‌وتوو} رۆمانێکه‌ پڕ له‌ بۆنی دژوونی سیاسه‌ت، و کاره‌کته‌ره‌کانی سه‌ر به‌ سێ دونیان که‌ له‌ گۆره‌پانی رۆمانه‌که‌ له‌ ململانێ دان. کۆمه‌لێک ئه‌و ئه‌مریکیانه‌ن که‌ چاویان ته‌نێ روخانی دوو تاوه‌ره‌که‌ی ناوه‌ندی بازرگانی ده‌بینێت له جیاتی هه‌موو ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی که‌ له‌ کونجی دیکه‌ی دونیاوه‌ روویانداوه‌ یان رووده‌ده‌ن، کۆمه‌ڵێکی دیکه‌ سه‌ر به‌ دونیای توندڕه‌وین که‌ له‌م رۆمانه‌دا عه‌ره‌ب و ئیسلامیه‌‌کان کراون به‌ نموونه‌‌، ئه‌وانه‌ی ته‌ره‌فی شه‌رێکن که‌ سه‌رکه‌وتنیان له‌ هه‌ره‌س پێهێنانی ئه‌مریکا ده‌بیننه‌وه‌، کۆمه‌ڵی سێیه‌م ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ له‌ شه‌ڕی ئه‌و دوو ته‌ره‌فه‌ی سه‌روو دونیا له‌ ئاقارێکی ترسناک ده‌بینن و نایه‌نه‌وێت ببن به‌ قوربانی جه‌نگی روخێنه‌ران.       سه‌ره‌تا رۆمانه‌که‌ به‌ هه‌ڵسانه‌وه‌ی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی رۆمانه‌ ده‌ست پێده‌کات که‌ به‌ برینداری له‌ نێو ته‌پ و تۆزی ته‌قینه‌وه‌که‌دا ده‌یه‌وێت یارمه‌تی هاوکارێکی بدات به‌ ناوی {رامسی} که‌ له‌ سه‌ره‌ مه‌رگ دایه‌ و له‌ شوێنێکدا گیری خواردوه‌.‌  به‌ڵام ئه‌و که‌ ناتوانێت هیچی بۆ بکات ناچار زوو شوێنه‌که‌ به‌ جێده‌هێڵێت و ئه‌مجاره‌ زیاتر ده‌یه‌وێت خۆی ده‌رباز بکات. له‌ ڕاکردنی بۆ ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆی جانتایه‌ک هه‌ڵده‌گرێته‌وه و ده‌یکات به وه‌سیله‌یه‌ک بۆ گه‌یشتنه‌وه‌ به‌و دونیایه‌ی که‌ له‌ مردنه‌وه‌ بۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. {کیت} ناوی پاڵه‌وانی رۆمانه‌که‌یه‌ که‌ رووداوه‌کان به‌ره‌و دوو ئاراسته‌دا‌ ده‌یبه‌ن یه‌کێکیان دۆزینه‌وه‌ی خاوه‌نی جانتاکه‌یه‌ و ئه‌ویتریشیان گه‌رانه‌وه‌یه‌ بۆ رابردوو بۆ لای {لیان}ی کۆنه‌ هاوسه‌ر و کوڕه‌ ده‌ ساڵیه‌که‌ی. {کیت} له‌ نێوان هاوسه‌ری پێشوو و ئه‌و ژنه‌ ره‌شه‌ خوێن شیرینه‌ی که‌ ده‌بێته‌ خاوه‌نی جانتاکه‌ له‌ په‌ناگه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێت بۆ ئارامی که تێیدا‌ رابردووی شیرینی بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌، به‌ڵام کاتێک هیچ کامیان ئه‌وه‌ی پێنابه‌خشن،‌ {کیت} بیر له‌ سه‌فه‌رکردن بۆ ڤێگاس ده‌کاته‌وه‌‌، چونکه‌ چ نه‌بێت له‌وێ خۆێ بیر ده‌چێته‌وه‌ یان راستر خۆی بیر ده‌که‌وێته‌وه‌ کاتێک له‌گه‌ڵ {رامسی} و هاورێکانی دیکه‌یدا له‌ شوێنێک  کۆده‌بوونه‌وه‌ و خه‌ریکی یاری پۆکه‌ر ده‌بوون. 
     {لیان} پاش رووداوی دوو تاوه‌ره‌که‌ و ‌گه‌رانه‌وه‌ی {کیت}ی کۆنه‌ هاوسه‌ری، ده‌مارگیری و ره‌گه‌زپه‌رستی له ناخیدا زیاتر سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. ئه‌و به‌ توندی ره‌فتار له‌گه‌ڵ {مارتن} ده‌کات که‌ تازه‌ بووه‌ به‌ دۆستی دایکی و هونه‌ر دۆستێکی ئه‌وروپی دژ به‌ سیاسه‌تی ئه‌مریکایه‌. {مارتن} له‌ چاوی {لیان} دا هیچی که‌متر نیه‌ له‌و تیرۆریستانه‌ی که‌ شه‌ریان هێناوه‌ته‌ به‌ر ده‌رگای ماله‌که‌ی ئه‌و له‌ نیویۆرک. {مارتن} له‌ گه‌نجیدا ئه‌ندامی رێکخراوێکی چه‌پڕه‌وی ئه‌ڵمانی بووه‌ که‌ ئه‌مریکا پێشتر به‌ تیرۆریست ناوزه‌ده‌ی کردووه‌. بۆیه‌ {لیان} هه‌رده‌م دایکی به‌وه‌ سه‌ر کۆنه‌ ده‌کات که‌ واز له‌ که‌سێکی وا بێنێت که‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دژ به‌ ئه‌مریکا بووه‌.                                               
کاری سه‌ره‌کی {لیان} ڕاهێنانی ئه‌و که‌سانه‌یه‌ که‌ نه‌خۆشی ئه‌لزه‌مییریان* هه‌یه‌، بۆیه‌ که‌ {کیت} ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای به‌ شیوه‌یه‌کی زۆر وورد هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌کات و یارمه‌تی ده‌دات که‌ بتوانێت بۆ رابردوو بگه‌ڕێته‌وه‌.                        
  شتێکی دیکه‌ که‌ ته‌واو {لیان}ی هه‌راسان کردووه‌ ده‌نگی ئه‌و مۆسیقا رۆژهه‌ڵاتیه‌ سۆفیگه‌ریه‌یه‌ که‌ له‌ ماڵه‌ هاوسێیه‌کانیه‌وه‌ دێت، ئه‌و رۆژێک به‌ دڵێکی پڕه‌وه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر ماڵه په‌نابه‌ره‌که‌‌ و به‌توندی له‌ ده‌رگای ده‌دات و به‌ جوێن و  قسه‌ی ره‌ق ده‌یشوواته‌وه، به‌ڵام نازانێت ئه‌و مۆسیقایه‌ هی میسره، ئه‌فغانستانه‌، یان کوردستان. لێره‌دا نازانرێت نوسه‌ر له‌‌ ناو هێنانی کوردستان له پاڵ میسر و ئه‌فغانستان چ مه‌به‌ستێکی هه‌یه‌؟ به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وه‌ش وه‌ک زۆر شوێنی دیکه‌ی رۆمانه‌که‌ ده‌بێت خوێنه‌ر خۆی سه‌رپشک بێت له‌ گه‌ڕان به‌ دوای مانا شاره‌واکانیدا.                                                  
یه‌کێک له‌ کاره‌کته‌ره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی رۆمانه‌که‌ که‌ زیاتر سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕاده‌کێشێت که‌سێکی عیراقیه‌ به‌ ناوی {حه‌ماد} و  یه‌کێکیشه‌ له‌ ئه‌نجامده‌ره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ته‌قینه‌وه‌که‌ی نیویۆرک، هه‌رچه‌نده‌ له‌ راستیدا له‌ نێو ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ خۆکوژی و خه‌ڵک کوژییه‌ که‌سێکی عیراقی تێدا نه‌بووه‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ش وه‌ک مه‌سه‌له‌ی هێنانه‌وه‌ی ناوی کوردستان وه‌ک وولات چه‌ند مانا و لێکدانه‌وه‌یه‌کی جیا له‌ خۆی ده‌گرێت و دیسان هه‌ر خوێنه‌ره ده‌بێت مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی نوسه‌ر هه‌ڵنجێنێت. له‌ رۆمانه‌که‌دا {حه‌ماد} کۆنه‌ سه‌ربازێکی عیراقیه‌ و به‌شداربوونی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ شه‌ری عیراق و ئێران، بۆیه‌ یاده‌وه‌ری پڕه‌ له‌ وێنه‌ی ئه‌و سه‌ربازه‌ مێرمنداڵه‌‌ فیداکارانه که‌‌ به‌ خۆیان کلیلی به‌هه‌شتی گه‌ردنیان به‌ره‌و مۆڵگه‌کانی مین و زه‌ڵکاوه‌ کاره‌با کراو و ژه‌هر ڕێژه‌کان دا ده‌هاتن و به‌ کۆمه‌ڵ ده‌مردن. {حه‌ماد} له‌‌ ئه‌ڵمانیا ده‌یه‌ویست به‌ جۆرێکی تر بژی و ئه‌و‌ یاده‌وه‌رییه‌ تاڵانه‌ له‌ بیر خۆی بباته‌وه‌، بۆیه‌ شه‌وان ده‌چێته‌ باره‌کان و چاوی ده‌بڕێته‌ رابواردن له‌گه‌ڵ ئه‌م و ئه‌و به‌ڵکو سه‌رده‌می گه‌نجی بۆ بگێرێته‌وه‌ که‌ له‌ شه‌ڕێکی درێژ دا به‌ هه‌ده‌ر چوو بوو. به‌ڵام رۆژێک ده‌که‌وێته‌ داوی که‌سێک به‌ ناوی {ئه‌میر} و ده‌بێته‌ هاوڕێی و سه‌رتاپا ژیانی ده‌گۆڕێت. {ئه‌میر} نازناوی که‌سێکه‌ به‌ ناوی {محه‌مه‌د عه‌تا} که‌ رێکخه‌ری تۆڕیکی نهێنی ئیسلامی توندره‌وه‌. ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ له‌و رۆمانه‌ دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ناوی {محه‌مه‌د عه‌تا} تاکه‌ ناوه‌ که‌ له‌ راستیدا هه‌بوو بێت، ده‌ڵێیت نوسه‌ر ئه‌وه‌شی به‌ ئه‌نقه‌ست کردووه‌ تا پێمان بڵێت که‌ کاتێک کاره‌کته‌ره‌کانی رۆمان که‌سی راسته‌قینه‌ن که‌ که‌سه‌ راسته‌قینه‌کان خه‌یاڵی و درۆ بن.                                                 
له‌م رۆمانه‌دا دۆن دیلیۆ زۆر زیره‌کانه‌ ده‌یه‌وێت چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌یه‌ک بکات که‌ دوای یازده‌ی سپتێمبه‌ر تا دێت قوڵتر و قوڵتر ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ رێگای کاره‌کته‌رێکی ئه‌وروپی به‌ ناوی {مارتن} که‌ عاشقی گه‌ڕان و هونه‌ر و دایکی لیانی عه‌قڵ پارێزگاره‌ ده‌یه‌وێت جیهانبینیه‌ک نیشانی خوێنه‌ر بدات، له‌ سه‌رده‌مێکدا که‌ دونیا له‌ نێوان شه‌ڕی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ تونده‌ره‌وی و تیرۆر دا تا دێت زیاتر ده‌خرێته‌ په‌راوێزه‌وه‌.                                                                                  
{پیاوی که‌وتوو} وه‌ک له‌ ناوه‌که‌ی دیاره‌ که‌ ده‌یه‌وێت کێشه‌یه‌ی مرۆڤ چاره‌سه‌ر بکات له‌ سه‌رده‌مێکدا که‌ پێوه‌ره‌کان  که‌وتنی شته‌ مادییه‌کان گه‌وره‌تر و گه‌وره‌تر ده‌که‌نه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر گه‌وره‌یی و هه‌یبه‌تی ئینسان‌. بۆیه‌ خوێنه‌ر له‌ خوێنده‌نه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ وه‌ک پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی {کیت} حه‌ز به‌ گه‌رانه‌وی رابردوو ده‌کات‌ تا رێگه‌ له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کان بگرێت و هه‌رده‌م ئه‌وه‌ بکات به‌ باوه‌ڕی که‌ که‌وتنی ئینسانه‌‌ نه‌ناسراوه‌که‌‌ له‌ که‌وتنی تاوه‌ره‌کان گه‌لێک و گه‌لێک کاره‌سات تره.‌ 
      

dmasifi289@yahoo.ca  
—————
         ئه‌لزه‌مییر* :  نه‌خۆشیێکی باوه‌ له‌ باکوری ئه‌مریکا که‌ تووش به‌ که‌سانی به‌ته‌مه‌ن دێت و تواناکانی بیرکردنه‌وه‌ و بیرهاتنه‌وه‌ و ده‌رککردن به‌ شته‌کان په‌ک ده‌خات.                       

Previous
Next

Leave a Reply