Skip to Content

Tuesday, November 24th, 2020

دیالیکتیکی بوون …سیروان علی.

Be First!
by August 7, 2011 ئەدەب

تۆش هه‌ر وه‌کو منی چه‌ندین دێڕی نادیاری له‌ یه‌ک بڕگه‌دا . له‌ دوا پاکنوسی  بابه‌تێکدا چه‌ندین مه‌به‌ستی بزر و کوژاوه‌ی . یه‌ک وشه‌ی له‌ چه‌ندین پیتی له‌یه‌ک ترازاودا  ، چه‌ندین به‌ربه‌ستی بۆ سه‌رچاوه‌ی ڕزگاری بوونت ، قوڵایه‌کی له‌ تاریکی بۆ تاقانه‌ مۆمێکی ڕوحت ، گۆمێکی گومڕایت به‌ چوار ده‌وری به‌رده‌ بازی ڕێبازت ، گریانێکی په‌نگ خواردوی هه‌ر  له‌ ده‌سپێکی گه‌وره‌ بونت ، پێکه‌نیکێکی نا ساغی بۆ چرۆی گه‌شه‌ی منداڵیت.  
،تۆش هه‌ر وه‌ک منی له‌ مه‌رگی مه‌له‌کانی سه‌ر سفره‌ سڵ ناکه‌ی ، تۆش وه‌ک منی تۆقیوی ده‌ستی ته‌ڵه‌ سپێکانی ئه‌گریجه‌تی ، تۆش شه‌ڵاڵی خوێنی جه‌سته‌تی بۆ ئاشتی تێده‌کۆشی ، تۆش چه‌شنی هه‌موومان  به‌رده‌وام په‌یکه‌ری دوێنێی ده‌ستت ده‌شکینی و په‌یکه‌رێکی نوێ ڕۆنان ده‌که‌یت ، هه‌ر وه‌کو پێشینه‌مان له‌ سه‌ره‌تادا په‌تی سێدارکه‌ت ماچت ده‌که‌ی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وی تر بخنکێنی ، چه‌ندین ڕێچکه‌ی پێچاو پێچی بونت هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت نازانیت کامه‌ خۆتی که‌ی و له‌ کوێ ئه‌وی تری .
تۆ هێنده‌ی له‌ یه‌ک که‌سدا ،من هێنده‌م له‌ خۆمدا ، که‌ نه‌ تۆ له‌ من ده‌که‌ی و نه‌ من به‌ خۆم ده‌چم و نه‌ تۆش به‌ خۆت . به‌رده‌وامی تۆ به‌ من ده‌گات به‌شێکم لێ په‌رت ده‌کات له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ش به‌ تۆ ناکات ، نازانم که‌ی خۆم بووم ؟ دوای ئه‌م هه‌موو هاتنه‌ی تۆ و رۆشتنه‌ی من ؟…  دوای ئه‌م زیاد بونی تۆ و ئه‌م که‌رت بونه‌ی من ؟..  دوای ئه‌وگه‌ڕانه‌وه‌ی تۆو جێهێشتنی منه‌ ؟..  کامه‌یان تۆی کامیان منه‌؟…  ئه‌م پاکیزیه‌ی من   تۆی ..؟ یان ئه‌م شه‌ڕخوازیه‌ت هین منه‌ ؟. هێنده‌م زۆره‌ له‌ تۆدا که‌ به‌شێکێان خۆتی و به‌شێکیان ئه‌وی تره‌ ، هێنده‌ت زۆره‌ له‌ مندا دوای گه‌ڕانم نازانم چه‌ندیان خۆمم چه‌ندیان ئه‌وی تره‌ . تۆڕێك له‌ بون وان له‌ ناو ئه‌م تۆزقاڵی بوونه‌، نازانم شێخ زانا خۆمم  یان دوعا منه‌ . من نازانم کام هاتنت خۆت بوی کام هاتنت سه‌ره‌تای بونه‌ یان هه‌مووی تۆڕێ بوونه‌ ئه‌م هه‌موو هاتن و چونه‌ .
 په‌نجه‌کانم  له‌ باوکمه‌وه‌ن ، چاوم پاشماوه‌ی داپیره‌مه‌ ، باڵام وێنه‌ی خاڵۆم ..پێکه‌نینم وه‌ک منداڵیمه‌. سۆزم له‌  میهره‌بانێکانی دایکمه‌وه‌ فێر بوم،توند و تێژیم چه‌شنی سه‌رۆکه‌کانم ،خوێنی سوری سه‌ر تیخه‌م دواچۆڕی  مه‌رگی خوشکه‌ ئاشقه‌که‌مه‌ .هۆنراوه‌ی گڕگرتووم بۆ شه‌م خۆ په‌رستیم له‌ بیری بردم . کێ ده‌توانی ئاراسته‌ی ئه‌م غلۆر بونه‌ی بونمان بگرێته‌ ده‌ست کێ هه‌یه‌ بڵیت له‌م گڵوڵه‌ ئاڵۆزه‌ی بوونه‌دا له‌وێدایه‌ دوا سه‌ری مه‌به‌ست . که‌ من ده‌ستێکم له‌ بونی تۆدا و حه‌زێکشم له‌ ئارزوه‌یه‌کی ئه‌ودا ،که‌ تۆ هه‌وڵیکی له‌ ڕه‌وتی بونی خۆتداو ناحزییه‌کی له‌ ئاره‌زویه‌کی مندا ، هه‌رێکێکمان تاڵه‌ قژێکی له‌ حه‌زه‌ هاوته‌ریب و یه‌کتر بڕی ناو شێواوی قژی هه‌موو بوونداین . کێیه‌ ده‌توانی بوونمان دابهێنێ و بیکات به‌ برۆکی گشتدا ، یان دوا شێوازی ڕووخساری بونمان که‌ی له‌ دوا شکڵی گۆڕانی خۆی له‌نگه‌ر ده‌گرێت و کێ ده‌توانی شانه‌یک بێت بۆ ناو ئه‌و هه‌موو تاڵه‌ ئاڵۆسکانه‌ی قژه‌دا .

که‌واته‌ من خۆمم و ئێوه‌شم و ئه‌وانم و هه‌موومانم . تۆش منی و ئه‌وی تری هه‌ر چه‌ند خۆتی .. که‌واته‌ من گشتم هه‌ر چه‌ند تاک بم ..به‌ڵام تاکێکشم بۆ تاشینی گشت  په‌یکه‌ری بوون ، من ده‌ستێکم له‌ ناو هه‌زاران مه‌چه‌کی زیندانی کراو. من په‌ڕه‌که‌م له‌ په‌رتوکێکی قه‌ده‌غه‌ کراو. من لغاوێکم بۆ ده‌می ئازادییکی نه‌پشکوتوو، هه‌رچه‌نده‌ من هه‌ڵپه‌یه‌که‌م له‌ ناو شۆڕشی ئێسته‌مان.. که‌واته‌ من جه‌سته‌یه‌کم له‌ شه‌ڕی ناکۆکییه‌کان .  که‌واته‌ من ڕوخسارێکم بۆ شاردنه‌وه‌ی هه‌موومان.
نه‌وه‌ی شۆڕشگێڕان جه‌لادن…. نه‌وه‌ی قوربانین شۆڕشگێڕن
من بو ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ تۆ ئاشت ببمه‌وه‌ ده‌بێ به‌ خۆم ئاشنا بم . بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان بگۆڕم ده‌بێ بزانم من به‌شێکم خه‌راپێکان ، بۆ نانه‌وه‌ی شه‌ڕێک له‌ گه‌ڵ تۆ ده‌بێ ناوه‌وه‌م کردبێته‌ وێرانه‌ ،له‌  ڕۆشتنێک بۆ خوانی ئاشتی ده‌بێ چه‌ندێن په‌نجه‌ و دڵ و هه‌نگاوێکم له‌ زیندان ڕزگار کردبێت ..ڕێگه‌کان به‌ یه‌ک ده‌چن تۆ بۆیه‌ من  ده‌که‌ی به‌ قوربانی بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ی له‌  به‌رده‌م مقصله‌ وسیداره‌کانی شۆڕشمدا بمکه‌ی به‌ جه‌ڵآد و خۆتیش به‌ قوربانی . نازانم که‌ی قوربانی له‌ خستنه‌وه‌ی وه‌چه‌ی جه‌لاد ده‌که‌وێت . نازانم که‌ی جه‌لاد له‌ جووتبوون له‌ گه‌ڵ قوربانی تێر ده‌بێت . که‌واته‌ نه‌ تۆ ته‌نیای ئه‌ی قوربانی نه‌ منیش غه‌ریب ئه‌ی خوێنڕێژ .
 نازانم شۆڕشه‌ مه‌زنه‌کان ئه‌مڕۆیان درووست کرد یان دۆڕاندنه‌ گه‌وره‌کان .ئه‌م ئه‌تکه‌ ئه‌م خه‌راباته‌ ئه‌م وێرانیه‌ زاده‌ی منه‌ یان هین تۆیه‌؟ .شۆڕشی ئه‌سپارتکۆس ده‌سه‌ڵاتی پاپا و ئاغای هێنا؟ ،شۆڕش مه‌زنه‌که‌ی  کۆمۆنارکان و سه‌ربه‌ستی و  سه‌ربه‌خۆیی ئه‌برهام لینکۆلن ده‌سه‌ڵاتی ئاسنینی هتلر وسه‌ربه‌رو خوار بوونی ژیانی له‌ سه‌ر گۆی زه‌وی هێنا؟ . خۆ له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دایک ته‌فروتونا بوو ئیتر ڤینۆس بۆ هه‌تایه‌ خه‌ون به‌ شکۆی نابینێته‌وه‌ . خۆ له‌و سه‌رده‌مه‌ی ژیانی هه‌ره‌وه‌زی مرۆی  ئاوابوو ئیتر ده‌سه‌ڵات و چه‌واسناندنه‌وه‌ی ئه‌وی دی  سێوێکی به‌ له‌زه‌ته‌ و ده‌ست به‌ ده‌ست به‌ ئه‌رز ناکه‌وێ ودارێکه‌و چوار وه‌رزه‌ زڕیی تێ ناکه‌وێت . تا که‌ی هه‌وڵی گۆڕان بۆ گه‌ندڵ بوونی من و تۆیه‌ ، بۆ سه‌رگه‌ردانی و ده‌ست ڕۆشتنی خوێنخاره‌که‌ی من و تۆیه‌   .
 ئه‌م ڕه‌وڕه‌ویه‌ من کردم یان تۆ کردت .. له‌منه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد یان له‌ تۆه‌وه‌ ؟به‌ڵام مه‌حاڵه‌ هه‌ر من بم هه‌روه‌ک چۆن نه‌کرده‌یه‌ هه‌ر تۆبیت. تا ئه‌و کاته‌ی منێک تۆبم ، تۆیه‌ک دوێنێکه‌ی من بیت . زۆرانبازی له‌ گه‌ڵ خۆم یان ده‌سته‌ و یه‌خه‌بوون له‌ گه‌ڵ تۆ ئه‌م تراجیدیا و کۆمدیایه‌ به‌رهه‌م دێنێت؟ دۆمه‌ڵێکه‌ و به‌رده‌وام له‌ ناو عه‌قڵی شۆڕشه‌کان سه‌وز ده‌بێت ؟یان شۆڕشه‌کان گه‌رای مه‌رگی خۆی هه‌ڵده‌گرێ؟ .که‌ی خۆری جلاد ئاوا ده‌بێت که‌ی دوا ئازاری قوربانی عیسایه‌کی لیبورده‌ی ده‌بێت؟
بۆ گه‌یشتنم به‌ وڵآمی ڕاستی بۆسه‌ی پرسیاره‌ کراوه‌کان تیغێکن ده‌می هه‌موو بوخچه‌ی یه‌قینیان هه‌ڵدڕیه‌وه‌ ، بۆ گه‌یشتن به‌ ئارامی هێزم له‌ گوومانم وه‌رگرت ، پیرۆزیم ژێر پێ نا و یاخی بوونم کرده‌ ڕێگا .له‌ نێوان یه‌قین و گومان واس واسه‌یه‌ ، له‌ نێوان فڕین و که‌وتن یه‌ک چرکه‌یه‌ .،له‌ نیوان درۆ و ڕاستی یه‌ک په‌رده‌یه‌ . له‌ نیوان بوون و هه‌بوون بڕیارێکی گه‌ردوونیه‌ . ده‌ست بۆ کام لای سه‌نگی ئه‌م گرێیانه‌ ده‌به‌ی وڵامێکی سه‌رسامی پێیه‌ . ده‌ته‌وێت   له‌به‌ره‌ی یه‌قیندا کلیلی ئازادی بدۆزیه‌وه‌ ؟ که‌واته‌ جلادێکی نوێیت و قفڵی زیندانه‌کانی سبه‌ینێت پێیه‌ .ده‌ته‌وێت به‌ گومان بێت له‌ ئێستای ئازادی که‌واته‌ خه‌ونێکی جوانیت و سه‌رگردانیت و ئاسۆت لێڵی تێیه‌ . ده‌فڕیت بۆ ئاشق بوون یان ده‌که‌وێت له ئاڵوده‌ بوون؟ ، ڕاستی ده‌بێته‌ هیمات یان ووتنه‌وه‌ی درۆ سه‌رمه‌ستت ده‌کات؟ ،له‌سه‌ر هه‌بوون توخمه‌ ده‌که‌یت یان له‌ پێناو بوون سه‌ر له‌ ڕێگه‌ی؟ . 
ده‌ی بزانه‌ ئه‌ستێره‌ی بوون له‌ ناو یاخیبوندا درواشاوه‌یه‌ له‌ زه‌رده‌ی گووماندا ڕه‌ونه‌قی ئاڵتونی گرتووه‌ ،له‌ وه‌س وه‌سه‌دا ورشه‌بارانه‌ ، ده‌ی بزانه‌ مه‌رگی جلاد یه‌ک فیشه‌که‌ یه‌ک ووشه‌یه‌ به‌لام توانایه‌کی که‌م وێنه‌یه‌ .. غه‌رق له‌ گه‌ردووندا له‌ ناو نهێنی بووندا له‌ خه‌ونێکی ئه‌فسانه‌ییدا  قوربانی له‌ گه‌ڵ ئازاری برینه‌کانی  لێخۆشبوونی هاتا هاتایی جلادی پێیه‌  .

 

   7/7/2011

Previous
Next

Leave a Reply