Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

دیداری ڕۆژنامه‌ی ئاڵا له‌گه‌ڵ شاخه‌وان سدیق دا

Comment

شاخه‌وان سدیق"
به‌داخه‌وه‌ لێره‌ هه‌موو ناشیرینییه‌كان به‌ناوی عه‌شق ‌و خۆشه‌ویستیه‌وه‌ ده‌كرێن
 دیداری تایبه‌تی ڕۆژنامه‌ی ئاڵا له‌گه‌ڵ نوسه‌روڕۆژنامه‌نووس شاخه‌وان سدیق دا.
بۆ زانین‌و قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی گرنگ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌و په‌یوه‌ندی نێوان عه‌شق‌و خۆشه‌ویستی ڕۆژنامه‌ی ئاڵا ئه‌م پرسیارانه‌ی ئاراسته‌ی نوسه‌روڕۆژنامه‌نووس شاخه‌وان سدیق كرد.

پ/ تاچه‌ند په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تی دوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌ به‌گرنگ ده‌زانی؟
وه‌/ به‌و پێیه‌ی مرۆڤ هه‌میشه‌ له‌ هه‌ر ڕه‌گه‌زێك بێت، ناكامڵ‌و ناته‌واوو نیوه‌یه‌، كه‌واته‌ یه‌كێك له‌ پێشترین كاره‌كانی مرۆڤ له‌دوای ته‌مه‌نی پێگه‌یشتنه‌وه‌ گه‌ڕانه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و نیوه‌یه‌ی تری، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی كامڵ بوون‌و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناكامڵ‌و ناته‌واوییه‌ی له‌ جه‌سته‌و ڕۆحی داهه‌یه‌، لێره‌وه‌ پڕۆسه‌ی دۆزینه‌وه‌ی نیوه‌كه‌ی تریه‌كسانه‌ به‌ پڕۆسه‌ی دۆزینه‌وه‌ی خودی ئینسان. هه‌ر بۆیه‌ مرۆڤ له‌گه‌ڵ دروست بونیدا دوو ڕه‌گه‌زی جیاواز بووه‌و هه‌میشه‌ش به‌بێ نه‌ بوونی یه‌كێك له‌مانه‌ هاوكێشه‌كه‌ ناهاوسه‌نگ بووه‌، بۆیه‌ ئاساییه‌ هه‌م وه‌ك مرۆڤ هه‌م وه‌ك دوو ڕه‌گه‌زی جیاواز‌و هه‌م وه‌ك دوو له‌تی یه‌كتر به‌ هه‌رجۆرێك‌و له‌ ژێر هه‌رناوێكدا بێت ئه‌م دووانه‌ بگه‌ڕێن به‌دوای یه‌كاو یه‌كتر بدۆزنه‌وه‌و په‌یوه‌ندیان هه‌بێت، چونكه‌ كاتێك ئه‌م دووانه‌ دوور له‌یه‌ك‌و به‌جیا ده‌مێننه‌وه‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ماسه‌ره‌كییه‌كانی جوانی له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، بۆیه‌ بوون‌و به‌رده‌وام بوونی په‌یوه‌ندی له‌نێوان ئه‌م دوانه‌دا نه‌ك هه‌ر گرنگه‌ به‌ڵكو یه‌كێكه‌ له‌‌و پێداویستیانه‌ی كه‌ به‌بێبوونی ڕه‌نگه‌ ژیان بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.هه‌روه‌ك (ماركس)یش ده‌ڵێت "ئاسایترین ‌و ساده‌ترین په‌یوه‌ندی له‌ ژیانا په‌یوه‌ندی نێوان دوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌یه‌".

پ/ له‌كاتێكا عه‌شق به‌رزترین پله‌یه‌ له‌ پێگه‌یشتنی ڕۆح دا كه‌چی لای كچانی ئێمه‌ كورتكراوه‌ته‌وه‌ بۆ لایه‌نی مادی تۆ چۆن ئه‌مه‌ ده‌بینی؟
وه‌/ ڕه‌نگه‌ ئه‌م پرسیاره‌ یه‌ك واتا نه‌بێت‌و په‌لكێشی ناو چه‌ندین لایه‌ن‌و ته‌وه‌ره‌مان بكات، چونكه‌ بوونی ئه‌م حاڵه‌ته‌ نه‌بووه‌ته‌ بڕیاری موتڵه‌ق‌و نه‌شبۆته‌ دیارده‌، بۆخۆشی چه‌ندین هۆكار سه‌به‌بی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌مه‌ن، كه‌ ڕه‌نگه‌ گرنگترینیان په‌یوه‌نی به‌ لایه‌نی ئابووری تاكه‌كانه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا هه‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ من هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا هاوڕابووم كه‌ به‌داخه‌وه‌ ماناو مه‌فهومی (عه‌شق) وه‌ك هه‌موو شته‌كانی تر به‌هه‌ڵه‌ گه‌یشتۆته‌لای تاكی ئێمه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌موو ناشیرینیه‌كان له‌ وڵاتی ئێمه‌دا به‌ناوی عه‌شقه‌وه‌ ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر كه‌مێك ورتر سه‌یری هه‌موو ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌بكه‌ین كه‌ له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا هه‌یه‌ به‌ناوی (عه‌شق)ه‌وه‌ هه‌موو شتێكه‌ عه‌شق نه‌بێت. من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ی لای گه‌نجه‌كانی ئێمه‌ به‌ناوی عه‌شقه‌وه‌ ده‌كرێت ته‌نها حه‌زێكی كه‌پتكراوی جنسی زیاتر هیچی ترنییه‌، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ی ئینسان زانی كه‌ عاشقه‌ ئه‌وه‌ هه‌موو شتێكه‌ ته‌نها عاشق نه‌بێت، چونكه‌ عه‌شق ته‌نها حاڵه‌تێكی عیرفانی ڕۆحیه‌و له‌ ژێر سه‌یته‌ره‌‌و كۆنتڕۆڵی ئینساندا نییه‌، وه‌ك ئیمامی غه‌زالی ده‌ڵێ‌" كه‌سێك هه‌موو گیانی به‌ ئاگری عه‌شق نه‌سوتێت هه‌رگیز نابێته‌ عاشق" لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بكه‌ین ده‌بینین نه‌ك به‌ته‌نها لای كچان به‌ڵكو كوڕانیش پشكێكی گه‌وره‌یان له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌وپێیه‌ی هه‌میشه‌ لای ئێمه‌ كچان داواكراو كوران داواكه‌رن بۆیه‌ پشكی زیاتری ئه‌وه‌ به‌ركچان ده‌كه‌وێت، كه‌ به‌بڕوای من ئه‌وه‌ خراپترین حاڵه‌ت‌و دۆغه‌ كه‌ مرۆڤ پیایدا تێده‌په‌ڕێت، چونكه‌ من پێم وایه‌ مرۆڤ ده‌توانێت هه‌موو شتێك به‌ پاره‌ بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نها خۆشه‌ویستیه‌ كه‌ به‌هیچ شتێك ده‌ست مرۆڤ ناكه‌وێت لایه‌نی ڕۆحی خۆی نه‌بێت، هه‌روه‌ك (عیسای مه‌سیح)یش ده‌ڵێت " سه‌خته‌ مرۆڤ هه‌موو ژیان به‌رێته‌وه‌ كه‌چی خۆی بدۆڕێنێت"ڕه‌نگه‌ بوونی ئه‌و ڕێژه‌ زۆره‌ش له‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ دادگاكانی ئێمه‌دا سه‌ره‌كی ترین هۆكاریان هه‌رئه‌و به‌مادی بینینه‌ی عه‌شق‌و خۆشه‌ویستی بێت لای كچانی ئێمه‌.

پ/ ده‌بینین به‌شێكی زۆر له‌گه‌نجانی كورد پێش پڕۆسه‌ی هاوسه‌رگیری په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی ده‌به‌ستن، تۆ ئه‌م خۆشه‌ویستیه‌ به‌دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌ندروست ده‌بینیت؟
وه‌/ پێم وابێت ئه‌م پرسیاره‌ درێژكراوه‌ی هه‌مان پرسیاری پێشووه‌، بۆئه‌وه‌ش له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یدا نه‌كه‌وینه‌ هه‌ڵه‌وه‌ ئه‌وا پێویسته‌ دووشت جییاكه‌ینه‌وه‌و له‌ خۆمان بپرسین. كه‌ئایا مه‌به‌ستمان له‌ خۆشه‌ویستی چیه‌ له‌ویادا؟ ئایا هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوان دوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌دا خۆشه‌ویستی‌و عه‌شقه‌؟ چونكه‌ وه‌ك پێشتروتم دنیایه‌ك ناشیرینی به‌و ناوانه‌وه‌ ڕۆژانه‌ده‌كرێت، خۆئه‌گه‌ر وانه‌بێت نه‌ك كارێرێكی ته‌ندروست‌و باشه‌ بگره‌ یه‌كێكه‌ له‌و قۆناغه‌باشانه‌ی كه‌ ئاسوده‌ی به‌ ڕۆحی مرۆڤه‌كان ده‌به‌خشێت كه‌ دواتر درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ ناو ژیانی ڕۆژانه‌و كۆمه‌ڵگاش، چونكه‌ وه‌ك (نۆڤالیس) ده‌ڵێت" به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی له‌ژیاندا بۆ چركه‌یه‌كیش خۆشه‌ویستی نه‌كردبێت شیاوی به‌زه‌ی پیاهاتنه‌وه‌یه‌، چونكه‌ نازانێت چی له‌كیس چووه‌.

پ/ فره‌ عه‌شقی نه‌ك هه‌ربوونی هه‌یه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر بووه‌ته‌ دیارده‌ تۆ تاچه‌ند فره‌ عه‌شقی لای كچان‌و كوڕان به‌ڕه‌وا ده‌بینی؟ پێت وانییه‌ ئه‌مه‌ بوونی گرێیه‌كی ده‌روونی‌و نه‌بوونی متمانه‌یه‌ له‌ نێوانیاندا؟
وه‌/ ڕه‌نگه‌ هه‌ستكردن به‌ بوونی بۆشای ڕۆحی لای تاكی ئێمه‌ له‌ پێشینه‌ی هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌مه‌بێت، چونكه‌ ئه‌‌وكاته‌ی مرۆڤ هه‌ست به‌ بوونی بۆشایی گه‌وره‌ ده‌كات له‌ خۆیدا له‌ هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌و ساته‌یه‌ كه‌ پێویستی به‌ زیاد له‌ ده‌نگێك‌و زیاد له‌ قسه‌كردنێك‌و زیاد له‌ باوه‌شێك هه‌یه‌، تاله‌ڕێگایانه‌وه‌ هه‌وڵبدات زاڵبێت به‌سه‌ر گرێ‌ ده‌رونییه‌كانیاو بۆشاییه‌كانی پێپڕبكاته‌وه‌، ڕاستیه‌كه‌ی بوونی ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ڕه‌نگه‌ به‌شێكی زۆری هۆكاره‌كه‌ی  هاتنه‌ناوه‌وه‌ی خێرای ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی بێت به‌تایبه‌ت (مۆبایل) كه‌ ڕۆڵ و گاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌دا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و هه‌موو پێوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه‌ چه‌ندین ڕێگریان له‌به‌رده‌م ته‌ندروست گه‌شه‌كردنی په‌یوه‌ندیه‌كانه‌وه‌هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو ڕه‌گه‌زه‌دا، كه‌ سه‌ره‌نجام بوونه‌ته‌ هۆی په‌یدا بوونی كه‌بتێكی گه‌وره‌ لای تاك له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا كه‌ ‌و به‌ چه‌ندین ڕێگه‌ی خراپ‌و ناته‌ندروست كاریگه‌رییه‌كانیان له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی ئینسانه‌وه‌ دێته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌و دواجار مرۆڤ به‌ چه‌ندین ڕێگه‌ی هه‌ڵه‌دا ده‌به‌ن.

پ/ دوانه‌ی عه‌شق‌و سێكس چ په‌یوه‌ندییه‌كیان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌ چۆن وا ده‌بینرێت كه‌ سێكس‌و عه‌شق دوو ڕووی دژه‌ یه‌كن؟
وه‌/ من پێم وایه‌ مرۆڤ كاتێك ده‌توانێت بگاته‌ عه‌شقی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌و كاته‌ی ده‌گاته‌ جه‌سته‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی، به‌واتایه‌كی تر هیچ عه‌شقێك خاڵی نییه‌ له‌ جه‌سته‌ ته‌نها عه‌شقی ئیلاهی نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ ڕۆح‌و جه‌سته‌ن له‌كاتی تێكه‌ڵاوبوونیان‌و توانه‌وه‌له‌ئامێزی یه‌كامرۆڤ ده‌گه‌یه‌ننه‌ عه‌شق، من هه‌میشه‌وای ده‌بینم كه‌ خۆشه‌ویستی پڕكردنه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌ شاراوه‌كانی ناخی مرۆڤه‌ جا گه‌ر مرۆڤ به‌ناوی عه‌شقه‌وه‌ ئازاری جه‌سته‌ی دا، ئه‌وه‌ چ عه‌شقێكه‌ ڕه‌تی جه‌سته‌ی جوانی مه‌عشوق ده‌كاته‌وه‌، هه‌میشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ عه‌شقێكی ڕاسته‌قینه‌ له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كه‌مان بگه‌ین پێوسته‌ هه‌وو به‌شه‌كانی جه‌سته‌ی بناسین هه‌روه‌ك چۆن پێوسته‌ بچینه‌قوڵایی ڕۆحیه‌وه‌، هه‌ركاتێكیش په‌یوه‌ندییه‌ جه‌سته‌ییه‌كانمان له‌ عه‌شقكرده‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌وا هۆكارین بۆ سه‌رهه‌ڵدانی بوونی ئه‌و فره‌ په‌یوه‌ندییه‌ خۆشه‌ویستییه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمانكرد، بۆئه‌وه‌ی توشی ئه‌و لادانانه‌ش نه‌بین پێویسته‌ ته‌ندروستانه‌ هه‌ڵوسوكه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا بكه‌ین، چونكه‌ عه‌شق كردن له‌ كورترین پێناسه‌دا واته‌ ژیان كردن، به‌هه‌موو واتاكانییه‌وه‌. (پاولۆكۆیلۆ) واته‌نیش " ئه‌وه‌ی له‌ عه‌شقا به‌خته‌وه‌ربێت خواش به‌خته‌وه‌ری ده‌كات، چونكه‌ دواجار خوادا خۆی عه‌شقه‌.

*شاخه‌وان سدیق
له‌دایك بوی 1983 هه‌ڵببجه‌ی شه‌هید
ده‌رچووی په‌یمانگای هه‌ونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی
نوسه‌رو ڕۆژنامه‌ نووسه‌و له‌ زۆربه‌ی ڕۆژنامه‌‌و گۆڤاره‌كانی كوردستاندا بابه‌ته‌كانی بڵاوده‌كاته‌وه‌. بۆ بینینی بابه‌ته‌كانی ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ تایبه‌ته‌ی بكه‌ن.
(shazi83.kordblogger.com)

 

Previous
Next

Leave a Reply