Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

دیدارێکی تەلەفۆنی لەگەڵ ''مۆ یان''، براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب، ٢٠١٢

Be First!
by November 21, 2012 ئەدەب

 

 

” هەستمکرد زۆر شتم هەن بۆ گوزارشتلێکردن…”

دیدارێکی تەلەفۆنی لەگەڵ ”مۆ یان”، دەسبەجێ پاش ئاشکراکردنی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ساڵی ٢٠١٢ لە ئەدەبدا، ١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٢. دیدەنیکارەکە ”یانگ شوانگ لیندبلۆم”ە. دیدارەکە لە ”چین” ئەنجامدراوە، لێرەدا لەلایەن ”لیو پو ژێنگ” بە دەستنووس کراوە.

ی.ش.ل: لەپێش هەموو شتێکدا، پیرۆزباییت لێدەکەم… هەستت چۆنبوو وەختێک هەواڵی بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵت لە ئەدەبدا پێگەیشت؟ 

مۆ یان: هەستم بە سەرسوڕمانێکی زۆر کرد… وەختێ ئەمەم بیست، لەبەرئەوەی مەزەندەی ئەوەم کردبوو خەڵاتی نۆبڵ لە ئەدەبدا زۆر لەمنەوە دوور بێ.

ی.ش.ل: زۆرێک لە میوانانی ڕێکخەرانی خەڵاتی نۆبڵ خوێندکارانی هایسکووڵ-ئامادەیی بوون، ئایا ئەمە بۆ کتێبەکانت دەبێتە خاڵی دەستپێکێکی باش بۆ کەسە لاوەکان، یا ئەوانەی تازە کتێبەکانت دەخوێننەوە؟

مۆ یان: بەهیوام خوێنەران بە ڕۆمانی ”ژیان و مردن دەمپڕوکێنن” دەستپێبکەن، کە ئەمساڵ لە ‘سوێد’ بڵاوبوویەوە. پاشان ئەوانی دیکە بخوێننەوە، بۆ نموونە؛ ” گەنمەشامی سوور”، ” مەمکە زلەکان و قوونە پانەکان” و ئیتر ئاوا. پێشنیار دەکەم ”ژیان و مردن دەمپڕوکێنن” یەکەمجار بخوێنرێتەوە، چونکە ئەم کتێبە شێوازی نووسینی من لەچاو ئەوانی دیکەدا گشتگرانەتر دەردەخا، و هەروەهایش لێووردبوونە و گەڕانی منە لەسەر هونەری ڕۆمان .

ی.ش.ل: چون مرۆڤێکی گەنج، چ شتێ ئەوەی تێدا دروستکردی ببیتە نووسەرێک؟

مۆ یان: دەستم بە خوێندنەوەی کتێبەکان کرد، وەختێ منداڵێک بووم. ئەمە بایەخی بەتینی منی لە ئەدەبدا پاش خوێندنەوەی زیاتر و زیاتری کتێبەکان وروژاند و هانیدام. هەستمکرد زۆر وشەم هەن بۆ دەربڕین، پێموابوو بەهێزترین و ناجڵەوگیرترین ڕێ سەراپا لە ئەدەبدا بوو، هەربۆیە دەستم بەنووسین کرد. بەدڵنیایییەوە، هەروەها منیش ئارەزوویەکم بۆ سەلماندن و ساخکردنەوەی خۆم هەبوو، و خوزگەیەک بۆ گۆڕینی چارەنووسم.

ی.ش.ل: دەتوانی کارە داهێنەرەکانی خۆت بە ئێمە بناسێنی؟

مۆ یان: هەر ئێستا پێشنیاری کتێبەکەم ”ژیان و مردن دەمپڕوکێنن” دەکەم. یەکەمجار، ئەم کتێبە مامەڵە لەتەک مەسەلە گەورەکانی مێژوو و هەقیقەتی ‘چین’ دەکا، وەک کێشەکانی خاک، مەسەلەی کشتیارەکان. دووەمجار، لەم کتێبەدا داڕشتن و دەربڕینی سوریالی خۆرهەڵاتییم بەکارهێناوە. لەم ڕۆمانەدا، مرۆڤ و ئاژەڵ دەتوانن ئازادانە بگۆڕدرێن، دەتوانن سرنجبدەن بەو گۆڕانکارییانەی کە کۆمەڵگە و مێژووی ‘چینییەکان’  بەسەریدا هاتووە لەماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا، لە چاوی ئاژەڵەوە. سەرباری ئەوە، من زۆرم کۆششکرد لە زماندا تا هەوڵبدەم سەربەخۆترین ستایڵ و ناجڵەوگیرترین ڕێ بۆ پەسنکردنی بیرۆکەکانم لە دڵەوە بەکاربهێنم. بەمجۆرە مەزەندە دەکەم ئەم کتێبە، گەر بەراوردی بکەیت لەگەڵ کتێبەکانی دیکەدا کامڵە و تێکەڵەیەکی یەک نەوایی و هاوشێوەیی نێوان توانای سرنجدان و گوێگرتن بۆ هەقیقەت و لێووردبوونەوە و گەڕانە بەدوای ستایڵی خەلاقانەدا. 

 

ی.ش.ل: من ئەو کتێبەت ” ژیان و مردن دەمپڕوکێنن” دەخوێنمەوە، کە لە ٤٣ ڕۆژدا نووسیت، چی وایلێکردی وا زۆر بەخێرایی بنووسیت؟ پرۆسێسی نووسینەکە لەوکاتەدا چۆنبوو؟

 

مۆ یان: چۆن من توانیم ڕۆمانی ”ژیان و مردن دەمپڕوکێنن” زۆر بەخێرایی بنووسم؟ یەکەمینجار، ئەم کتێبە لە هەقیقەتەوە سەرچاوەی گرتووە. وەختایەک لەتەمەنی ٦ و ٧ ساڵانییدا بووم، کشتیارێک هەبوو لەنێزیک خوێندنگەکەی ئێمەوە دەژیا. دژکاریی لە بەرانبەر گشت کۆمەڵگە، لە بەرانبەر ”بیروباوەڕی خەڵکی گوندەکە بۆ ژیان، کە یەک بیروباوەڕ بوو و زەویوزاریان هاوبەش بوو”، و بەرانبەر بە ”بەسۆشیالیزمکردن”ی کەسێتی ئەنجامدا، تا کۆتایی پێی لێدادەگرت و سوور دەبوو. لەو کاتەدا کەسێکی وەک ئەو، زۆر بە توندڕەو تێبینی دەکرا، وەک دەعبایەک ڕەچاو دەکرا، خەڵکیی دەستیان کرد بە لێدان، خراپ مامەڵە لەگەڵ کردن و جنێوپێدان بە کشتیارەکە. قوربانیی زۆری دا تەنیا بەخاتری ئەوەی لەسەر بیڕورای خۆی سووربێ. خێزانەکەی، بە کوڕ و کچەکەشیەوە، لێی دوورکەوتنەوە و جێیانهێشت و لێی جوێبوونەوە. لێ کشتیارەکە هێشتا خۆی بەدەستەوە نەدا و دەستی لەبیروڕاکەی هەڵنەگرت. پاش ئەوە، مێژوو سەلماندی، کە ئەو لەسەر هەقبووە. دوای ئەوەی دەستم بە پرۆژەی نووسینی ڕۆمانەکە کرد، هەستمکرد ئەم پیاوە زووتر یا درەنگتر دێتە ناو ئەم ڕۆمانەوە، هەربۆیە ئەم کتێبە بە گورجوگۆڵی نووسرا. من ڕاست بە ٤٣ ڕۆژان نووسینی درافت-ڕەشنووسەکەیم تەواوکرد، لێ لەڕاستییدا، کاراکتەرەکانی ڕۆمانەکە پێشتر و بۆ ماوەی چەند دەیەیەک لە مێشکمدا وجودیان هەبوو. بیرکردنەوە نە کەم و نە زۆر بوو، بۆیە نووسینی ڕۆمانەکە گورج ڕوویدا.

 

ی.ش.ل: بەنیازیت چۆن ئاهەنگ بگێڕیت و ئایا دێیت بۆ ‘سوێد’ بۆ ئاهەنگی خەڵاتکردنەکە؟

 

مۆ یان: پێموایە سبەینێ لەتەک خانەوادەکەمدا دەبم و کفتەی بچووکی ناو شۆربا دەخۆین، چونکە هیواخوازم بتوانین پێکەوە کفتە بخۆین. هەروەها بەدڵنیاییشەوە لە ١٠ی دیسێمبەردا بۆ ئاهەنگی خەڵاتی نۆبڵ دێم بۆ ‘سوێد’. سپاسی زۆرت دەکەم! و لە ‘سوێد’ دەتبینمەوە!  

 

 

 

سەرچاوە:

http://www.nobelprize.org/nobel_prizes/literature/laureates/2012/yan-telephone.html

 

Previous
Next

Leave a Reply