Skip to Content

Saturday, January 16th, 2021

دیدار له‌گه‌ڵ‌ ئارام كاكه‌ی فه‌لاح

Be First!
by August 29, 2011 ئەدەب

* له‌ کۆمه‌ڵه‌ چیرۆکی ( بلیتێک بۆ جه‌هه‌نه‌م )دا، به‌شێکی زۆری چیرۆکه‌کان وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ که‌ له‌سه‌ر مه‌نه‌سه‌یه‌ک بۆ کۆمه‌ڵێک گوێگری ئاماده‌ بگێڕیته‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ بوون، به‌ڵام له‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌دا(دزینی خه‌ونه‌کان) هه‌ست به‌مه‌ ناکرێ و گێڕانه‌وه‌کان هه‌مه‌ جۆرن. ده‌کرێ له‌سه‌ر کارکردن له‌ دنیای گێڕانه‌وه‌دا زیاتر بۆمان بدوێی؟

– له‌ ڕاستیدا جوانترین شت له‌ گێڕانه‌وه‌دا( به‌هه‌ر حاڵ لای من)، ئه‌وه‌یه‌ که‌ تۆ بیانوویه‌کت به‌ده‌سته‌وه‌ بێ بۆ گێڕانه‌وه‌، نه‌ک گێڕانه‌وه‌ ته‌نها له‌به‌ر خاتری گێڕانه‌وه‌ بێت، وه‌ک زۆربه‌ی زۆری چیرۆکی کوردی پێوه‌ی ده‌ناڵێنێ و گرفتی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌، تۆ بێجگه‌ له‌و خوێنه‌رانه‌ی وه‌ک گوێگری دووه‌م وان، تۆ ده‌بێ گوێگری یه‌که‌میشت هه‌بێ و له‌وانه‌وه‌ تێکسته‌که‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ گوێگری دووه‌م که‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی تێکسته‌. گوێگری یه‌که‌م له‌ چیرۆک و ڕۆمانی کوردیدا زۆر غایبه‌ و که‌س تا ئێستاش به‌ دێڕێک باسی نه‌کردووه‌.گه‌ر تۆ ته‌نها گوێگری دووه‌مت هه‌بێ، ئه‌وا ئاراسته‌ی گێڕانه‌وه‌کان به‌ره‌و فه‌زایه‌کی نادیاری ده‌ره‌وه‌یه‌، به‌ره‌و بۆشاییه‌ک که‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ ئاراسته‌که‌ی دیاری بکه‌یت و پڕی بکه‌یته‌وه‌. که‌ من لێره‌دا ناوی ده‌نێم( گوێگری خه‌یاڵیی)، چونکه‌ نووسه‌ر نازانێت چه‌ند که‌س ده‌یخوێنێته‌وه‌و ده‌بێته‌ گوێگری دووه‌م، بۆیه‌ ده‌بێته‌ خه‌یاڵیی. بۆیه‌ تۆ ڕاست ده‌که‌ی، زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانی ( بلیتێک بۆ جه‌هه‌نه‌م) به‌و شێوه‌یه‌ نووسراون و بۆ ئه‌مه‌ش شتێ نه‌بووه‌ من خۆم پڵانێک هه‌بووبێ که‌ هه‌ر ده‌بێ وا بێ، به‌ڵکو چیرۆکه‌کان خۆیان وایان ویستووه‌و به‌و شێوازه‌ نه‌بێ ڕه‌نگبێ نه‌نووسرانایه.
له‌ چیرۆکی ( باوکی ناو ته‌له‌فۆن) دا گوێگری یه‌که‌م ئه‌و دوکتۆره‌ ده‌روونیه‌یه‌ که‌ پاڵه‌وانه‌که‌ چیرۆکه‌که‌ی خۆی بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، نهێنییه‌ک له‌م جۆره‌ شێوازه‌دا هه‌یه‌ ناچارم ده‌که‌یت بیڵێم، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ره‌ به‌ره‌ ده‌چیته‌ ناو چیرۆکه‌که‌وه‌، له‌ خاڵێکدا، له‌ چرکه‌یه‌کدا بی ئه‌وه‌ی خۆت پێ بزانیت خزاویته‌ ناو چیرۆکه‌که‌وه‌و به‌ خۆت نه‌زانیووه‌ و له‌ گوێگری دووه‌مه‌وه‌ بوویته‌ به‌ یه‌که‌م و به‌ ته‌نها گوێگر. له‌ (ئه‌و کوڕه‌ی له‌زۆر که‌س ده‌چێت)دا ئه‌و کچه‌ی که‌ که‌یسی پاڵه‌وانه‌که‌ی لایه‌و گوێی لێ ده‌گرێ ژیانی خۆی بۆ بگێڕێته‌وه‌ ده‌بێته‌ گوێگری یه‌که‌م. هه‌روه‌ها له‌ چیرۆکه‌کانی( من به‌ بووکێکی گه‌وره‌وه‌) و ( دڵێک له‌ که‌لاوه‌) و ( گرێبه‌سته‌ له‌گه‌ڵ تاریکی) دا و هه‌روه‌ها ( بلیتێک بۆ جه‌هه‌نه‌م).دا
له‌ڕاستیدا من له‌ هه‌ر سێ چیرۆکی نووسینه‌وه‌ی دڕکیشدا ئه‌م شێوازه‌ هه‌یه‌و له‌وێدا گوێگری یه‌که‌م ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ غه‌ریب ڕیکۆرد نامه‌یان بۆ ده‌نووسێ و باسی ژیانی خۆیی و ڕۆمانی پاریسیی و هاوڕێکانی تر ده‌کات.به‌جیاوازییه‌کی که‌مه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌ویه‌ که‌ هه‌ر دوو گوێگره‌که‌ ده‌بن به‌یه‌ک و جیاکردنه‌وه‌یان له‌یه‌ک مه‌حاڵه‌،هه‌روه‌ها هه‌ر دوو چیرۆکی دره‌وشاندنه‌وه‌ی مه‌حاڵ و گوڵه‌کانی دوزه‌خیش ئه‌و بیانووی گێڕانه‌وه‌یه‌یان تیایه‌و به‌ ئاسانی ده‌بیندرێن.به‌ڵام له‌م کۆمه‌ڵه‌ تازه‌یه‌دا( دزینی خه‌ونه‌کان)، که‌مێک تێکه‌ڵاوه‌و ئه‌وه‌شیان شتێ نه‌بووه‌ من پێش وه‌خت پڵانم بۆ دانابێت.به‌ڵام من لێره‌دا نامه‌وێ هه‌موو شتێ باس بکه‌م، وه‌ک ڤۆڵتێر ده‌ڵێ:هونه‌ری وه‌ڕس کردن ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو شتێ بگێڕیته‌وه‌، بۆیه‌ من نامه‌وێ که‌س وه‌رس بکه‌م.


* له‌ چیرۆکی ( به‌ ده‌زوویه‌ک دڵم ده‌دوورمه‌وه‌)، جیا له‌ به‌شێکی زۆری ئه‌زموونی چیرۆکی تۆ، تارمایی مه‌رگ باڵی به‌سه‌ر به‌شێک له‌ چیرۆکه‌که‌دا کێشاوه‌.به‌ڵام دواجار چیرۆکه‌که‌و پاڵه‌وانه‌که‌ی له‌ده‌ست مه‌رگ ڕزگارده‌بن، له‌ شوێنێکی تریشدا ده‌ڵێی( مردن ته‌نها ئه‌وانه‌ ده‌بات که‌ خۆیان ده‌ده‌نه‌ ده‌ستی)، ده‌مه‌وێ بپرسم، تۆ له‌ نێو ئه‌م دونیایه‌ی که‌ به‌شێکی زۆری ناشرینه‌، ئه‌و گه‌شبینییه‌ت له‌ کوێوه‌ هێناوه‌؟ ئایا ژیان به‌شی ئه‌وه‌ جوانی تیایه‌ که‌ پێی گه‌شبین بین؟

– له‌ ڕاستیدا چیرۆکی( به‌ ده‌زوویه‌ک دڵم ده‌دوورمه‌وه‌)، له‌ دوای نووسینی چیرۆکی (بلیتێک بۆ جه‌هه‌نه‌م) نووسیم، دوای ته‌واو بوونی بلیتێک هه‌ستم کرد، زۆر نائاسووده‌م و چیرۆکێک ماوه‌وخه‌ریکه‌ ده‌مخنکێنێت، بۆیه‌ هه‌ردوو بابه‌ته‌که‌ش به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان باسی مردن ده‌که‌ن.هه‌ستم کرد ئه‌مه‌ی دووه‌میان ته‌واوکه‌ری ئه‌وه‌ی یه‌که‌مه‌. بێگومان من ده‌زانم له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌کو ئه‌وه‌ی ئێمه‌دا، وه‌ک خۆت ده‌ڵێی به‌شێکی زۆری ناشرینه‌، که‌ ده‌رگاکان له‌سه‌رهه‌موو شتێ داخراون، مردن ئاسانتر ده‌بێته‌ هاوڕێی مرۆڤ، وه‌ک کچێک ببێته‌ هاوڕێی کوڕێک یان کوڕێک ببێته‌ هاوڕێی کچێک. که‌ مرۆڤ نه‌توانێ بیر له‌ زۆر شتی تر بکاته‌وه‌، ئاسانترین شت بیرکردنه‌وه‌یه‌ له‌ مه‌رگ،من له‌ دوورو نزیکه‌وه‌ ئاگام له‌ گه‌نجه‌کانه‌و ده‌بینم چه‌ند ڕه‌شبینن،بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ من بمه‌وێ په‌نجه‌ره‌یه‌کیان بۆ بکه‌مه‌وه تا شتێکی تر ببینن،من ڕه‌نگه‌ ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ که‌مێکی بۆ خۆشم بێت، نازانم، به‌ڵام به‌ هه‌رحاڵ من ژیان وه‌کو بیتاقه‌یه‌ک ده‌بینم که‌ ده‌رچووه‌، هه‌ندێ جار زۆر ده‌رده‌چێ و هه‌ندێ جاریش که‌م، هه‌ندێ جارکه‌سانێک ڕێگه‌ به‌ خۆیان ده‌ده‌ن و لێت ده‌دزن،هه‌ندێ جاریش فریا ناکه‌ویت بزانیت ژماره‌که‌ی چه‌نده‌ به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌، جاریش هه‌یه‌ مرۆڤ خۆی فڕێی ده‌دات. تۆ که‌مێک بیر بکه‌ره‌وه‌ برام! کاممان به‌ ڕێکه‌وت له‌دایک نه‌بووین؟ که‌س نازانێ که‌ی دێت و که‌س نازانێ که‌ی ده‌ڕوات و بۆ ئه‌به‌د خواحافیزی ده‌کات. من بڕوام به‌وه‌یه‌ که‌س نییه‌  له‌ ژیانیدا له‌ ساتێک له‌ ساته‌کاندا غه‌مبار نه‌بێ به‌م مۆدێله‌ی که‌له‌سه‌ر زه‌وی هه‌یه‌، به‌م مۆدێله‌ی که‌ دێیت و ده‌ڕۆیت و بۆ ئه‌به‌د ون ده‌بیت و له‌دوای خۆته‌وه‌ هیچ نامێنێته‌وه‌ جگه‌ له‌ سه‌رابێک، هه‌ندێ جار وه‌ک پاسکیل لێخوڕین له‌ هه‌وادا دێته‌ به‌ر چاوم که‌ هه‌ر پایده‌ر لێده‌ده‌یت و به‌ هیچ شوێنێک ناگه‌یت، جگه‌ له‌ که‌وتنه‌ خواره‌وه‌یه‌ک  له‌ ئاسمانه‌وه‌ هیچی ترت بۆ نامێنێته‌وه‌، به‌ڵام هونه‌ری ژیان له‌وه‌دایه‌ له‌و که‌وتنه‌ خواره‌وه‌ خێرایه‌دا سه‌یرێک بکه‌ین وچه‌ند یزه‌یه‌ک بمانگرێ وچه‌ند که‌سێک له‌ دڵماندا کۆبکه‌ینه‌وه‌ و خواردنێکی به‌له‌زه‌ت پێکه‌وه‌ بخۆین و چه‌ند وێنه‌یه‌کی به‌ په‌له‌ش بگرین. چه‌ندیش بۆمان بکرێ جوانییه‌کانی ئه‌م نه‌عله‌تییه‌ تاقی بکه‌ینه‌وه‌. شۆپینهاوه‌ر قسه‌یه‌کی جوانی هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێ ژیان ده‌توانین وه‌ک خه‌ونێک ببینین و مردنیش وه‌ک به‌ خه‌به‌ربوونه‌وه‌،بۆیه‌ چه‌ند خه‌ونه‌که‌مان درێژ ده‌بێته‌وه‌،لێگه‌ڕێ با ببێته‌وه‌، ڕۆژێ دێ به‌خه‌به‌ربینه‌وه‌ و تۆزیشمان نه‌مێنێت.  من هه‌ست ده‌که‌م ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ تێکسته‌کانیاندا زۆر باسی مه‌رگ ده‌که‌ن، زۆر له‌ مردن ده‌ترسێن بۆیه‌ زۆر باسی ده‌که‌ن، ده‌یانه‌وێ به‌ نووسین ڕێگایه‌ک بدۆزنه‌وه‌ تا مردن هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنن و که‌مێ دوای بخه‌ن، تێکست دوای تێکست هه‌ست ده‌که‌ن ناتوانن و ئیشه‌که‌یان له‌ به‌رده‌که‌ی سیزیف خراپتر و ناله‌بارتره‌.

* له‌ چیرۆکی جیابوونه‌وه‌دا هه‌ست به‌ فره‌ده‌نگیی ده‌که‌ین و هه‌ر فیگورێکی نێو چیرۆکه‌که‌ خۆی ده‌دوێ، بێگومان ئه‌مه‌ پێشتریش له‌ چیرۆکه‌کانی تۆدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌م چیرۆکه‌دا تایبه‌تمه‌ندی وه‌رگرتووه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ سێ فیگور له‌م چیرۆکه‌دان، ته‌واوکه‌ری یه‌کترین، ئه‌گه‌ر یه‌کێ له‌ فیگوره‌کان  نه‌بوایه‌ چیرۆکه‌که‌ لاسه‌نگ ده‌بوو، ده‌پرسم چۆن چنین بخه‌ینه‌ خزمه‌ت تێمای سه‌ره‌کی چیرۆک؟

–  له‌م کۆمه‌ڵه‌ چیرۆکه‌دا هه‌ر وه‌ک له‌ پێشه‌کێیه‌که‌یدا باسم کردووه‌، ئیشێکی زۆرم له‌سه‌ر چنین کردووه‌، هه‌روه‌ک چۆن له‌ کۆمه‌ڵه‌ چیرۆکی نووسینه‌وه‌ی دڕکدا ئیشم له‌سه‌ر ته‌کنیک و چیرۆک له‌ناو چیرۆکدا کردووه‌، هه‌روه‌ها له‌ کۆمه‌ڵه‌ی بلیتێک بۆ جه‌هه‌نه‌مدا ئیشم له‌سه‌ر جۆره‌ چیرۆکێک کرد که‌ به‌ کراوه‌یی لای خوێنه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌و خوێنه‌ر خۆی له‌گه‌ڵیا ده‌ژی و ته‌وای ده‌کات.بۆیه‌ گه‌ر هه‌موو کۆمه‌ڵه‌که‌( دزینی خه‌ونه‌کان) بخوێنیته‌وه‌ هه‌ست به‌ چنینی ڕووداوه‌کان ده‌که‌یت  که‌ ئیشێکی زۆرترم تیا کردوون و هه‌ندێ جار ته‌واو چاوه‌ڕوان نه‌کراون، بۆ نموونه‌ به‌ ده‌زوویه‌ک دڵم ده‌دوورمه‌وه‌، هاتنی مامی کوڕه‌که‌ له‌و کاته‌دا که‌ له‌ ده‌رگا ده‌دات و خوێنه‌ر وا ده‌زانێ ئه‌وه‌ ئیزرائیله‌ هاتووه‌ ڕۆحی بکێشێت، له‌ (کێ مام تۆفیقی ده‌نگزل ده‌ناسێت) دا کاتێ کوڕه‌که‌ تووشی هه‌مان حاڵه‌تی مام تۆفیق ده‌بێ له‌ ترسیدا به‌رامبه‌ر ماڵه‌که‌ی، له‌ ( ژنی ژێر باران)دا ناسینه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌ پیره‌که‌ بۆ ژنی ژێر باران که‌ بینیوێتی و ده‌یناسێت. له‌ (جیابوونه‌وه)دا ئه‌و نامه‌یه‌ی که‌ له‌ کچه‌که‌ ده‌که‌وێت و هه‌موو ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌کان ده‌گۆڕێت، بۆیه‌ هه‌ست ده‌که‌یت گه‌ر یه‌کێکیان نه‌بێ چیرۆکه‌که‌ ناگێڕدرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌و هه‌موو یارییه‌ له‌ چنیندا له‌ چیرۆکی ( دزینی خه‌ونه‌کان)دا.

* له‌ چیرۆکی( ژنی ژێر باران)دا هه‌ست به‌ ئاشناکردنه‌وه‌ی پیرێکی 72 ساڵه‌ ده‌کرێت له‌گه‌ڵ عه‌شقدا له‌ ڕێی فه‌یسبوکه‌وه‌، دونیای ئه‌م چیرۆکه‌ زۆر نوێیه‌ به‌و پێیه‌ی له‌و فه‌زایه‌ ده‌دوێ که‌ له‌ ئێستای کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ئاماده‌یی هه‌یه‌، واته‌ ئه‌م چیرۆکه‌ گوزارشتکه‌ره‌ له‌ خه‌م و سه‌رقاڵییه‌کانی مرۆڤی مۆدێرن. ده‌کرێ بپرسین ئایا چیرۆک ده‌توانێت خه‌مه‌کانی مرۆڤی مۆدێرن له‌ خۆ بگرێت؟

– ڕاست ده‌که‌ی، ئه‌م چیرۆکه‌ زۆر له‌ ئێستا ده‌دوێ،مرۆڤی پیر له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا به‌ ژن و پیاوه‌وه‌ گرفتی گه‌وره‌ی هه‌یه‌و که‌سێک ئاوڕیان لێ ناداته‌وه‌، من ویستم له‌ ڕێگای ئه‌م چیرۆکه‌وه‌ ئه‌م پیره‌ بهێنمه‌وه‌ ناو ژیان،دڵ پیریش بێت هه‌ر حه‌ز ده‌کات له‌ ده‌رگای عه‌شق بدات، هه‌ندێ جار پیاسه‌یه‌کی هێمن له‌گه‌ڵ که‌سێکدا خۆشت بوێ  له‌ هه‌موو ده‌رمان و حه‌به‌کانی دونیا باشتره‌، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ ماچ و شتی تر که‌ نامه‌وێ بچمه‌ ورده‌کارییه‌کانییه‌وه‌( به‌ پێکه‌نینه‌وه‌).به‌هه‌ر حاڵ بێگومان چیرۆک زۆر جوان ده‌توانێ له‌و خه‌مانه‌  بدوێ، بۆ نا؟

* له‌ چیرۆکه‌کانی ( بلیتێک بۆ جه‌هه‌نه‌م)دا کۆی چیرۆکه‌کان به‌ ته‌کنیکی کراوه‌ نووسیوته‌، به‌ڵام له‌ کۆمه‌ڵه‌ی ( دزینی خه‌ونه‌کان)دا به‌ر چه‌ند چیرۆکێک ده‌که‌وین که‌ جیاوازن له‌ ته‌کنیک و گێڕانه‌وه‌شدا، به‌ڵام له‌ چیرۆکی ( ژنی ژێر باران)دا ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ هه‌مان ته‌کنیکی گێڕانه‌وه‌ی نێو بلیتێک بۆ جه‌هه‌نه‌م ، واته‌ ته‌کنیکی کراوه‌، ئایا یاریکردن له‌م دوو جۆره‌ له‌ ته‌کنیک زیاندار نابێ ؟

– وه‌ک له‌ زۆر شوێنی تریشدا باسم کردووه‌، من ته‌کنیک هه‌ڵنابژێرم بۆ چیرۆک، به‌ڵکو چیرۆکه‌که‌ خۆی بۆ خۆی ته‌کنیک هه‌ڵده‌بژێرێت، هه‌موو چیرۆکێک به‌ چه‌ند شێوازێک ده‌گێردرێته‌وه‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ دانه‌یه‌کیان زیاتر چێژبه‌خش بێت وه‌ک له‌وانی تر، گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ نووسه‌ر به‌ وردی سه‌یری کاراکته‌ره‌کانی نێو چیرۆکه‌که‌ی بکات و به‌ جوانی گوێ له‌ ترپه‌ی دڵیان بگرێ، گه‌ر چیرۆکیک لای خوێنه‌ر زوو مرد، ئه‌وه‌ بزانه‌ ئه‌و پاڵه‌وانه‌ به‌ نووسه‌ره‌که‌ خۆی غه‌ریب بووه‌، نووسه‌ره‌که‌ باش سه‌یری سیمای نه‌کردووه‌و باش نه‌یناسیووه‌و  ویستوویه‌تی زوو ڕایی بکات و له‌ کۆڵی بێته‌وه‌. با دوو نموونه‌یه‌ی بچووکت بۆ بێنمه‌وه‌، له‌ چیرۆکی ( به‌ ده‌زوویه‌ک دڵم ده‌دوورمه‌وه‌)، تۆ مامێکت هه‌یه‌، هه‌زاره‌ها گرفتی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌یه‌، زمانی باش نییه‌، له‌به‌ر ئاوێنه‌دا هه‌ر سه‌یری خۆی ده‌کات و قسه‌ ده‌کات، گه‌ربه‌ وردی له‌گه‌ڵ ئه‌م کاراکته‌ره‌دا بژیت و گوێی لێ بگریت بۆت ده‌رده‌که‌وێ که‌ ده‌توانی یارمه‌تی بده‌یت باشترو قووڵتر باسی خۆی بکات، وه‌ک نووسه‌ر بۆت ده‌رده‌که‌وێ که‌ ئه‌م که‌سه‌ به‌چه‌ند ڕاناوێک قسه‌ له‌گه‌ڵ خۆی ده‌کات، ئه‌مه‌ یه‌کسه‌ر ده‌بێته‌ شێوازێک بۆ گێڕانه‌وه‌و ته‌کنیکێکی تازه‌ش بۆ چیرۆک، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ بۆ هه‌موو چیرۆکێک ده‌ست نه‌دا، بۆیه‌ له‌ چیرۆکی(ژنی ژێر باران)دا دوای گوێ گرتن له‌ کاراکته‌ره‌کان، به‌و شێوه‌یه‌ خۆیان بۆ نووسینه‌وه‌، ئیتر له‌ چ چیرۆکێکی تر ده‌چێ، زۆر گرنگ نییه‌.گه‌ر به‌ وردی گوێ له‌ باوکی ناو ته‌له‌فۆن بگریت یه‌کسه‌ر به‌ گرفته‌کانی ئاشنا ده‌بیت، باوکێکت هه‌یه‌ وه‌ک هه‌موو باوکێکی مۆدێرن که‌ هه‌ندێ گرفتی هه‌یه‌و لای دوکتۆرێکی ده‌روونییه‌ تا ده‌رگایه‌کی له‌سه‌ر بکرێته‌وه، له‌ولاشه‌وه‌ کچێکی هه‌یه‌ که‌ لێی دووره‌و هه‌موو ئێواره‌یه‌ک حیکایه‌تی بۆ ده‌کات، وه‌ک وتم گه‌ر به‌ هێمنی گوێی بۆ ڕادێری تێده‌گه‌ی که‌ باشترین شێواز بۆ باوکێکی وا تێکه‌ڵکردنی چیرۆکی خۆی و ئه‌و حیکایه‌ته‌یه‌ که‌ بۆ کچه‌که‌ی ده‌کات، که‌ ئه‌و دووانه‌ت تێکه‌ڵاو کرد یه‌کسه‌ر هه‌ست ده‌که‌یت که‌ ته‌واو ده‌رگایه‌کی تازه‌ت بۆ کراوه‌ته‌وه‌ ،دۆزه‌خێک که‌ ئاگرو سووتانه‌که‌ی زۆر جیاوازه‌، ئه‌وه‌شی ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ تۆ وه‌ک نووسه‌رێک ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ به‌ ده‌ستێ بینووسیته‌وه‌و به‌ ده‌سته‌که‌ی تریش خۆت له‌ ئاگره‌که‌ بپارێزیت.

* له‌دوا چیرۆکدا( دزینی خه‌ونه‌کان)، هه‌ست به‌ جیاوازییه‌ک ده‌کرێ له‌ گێڕانه‌وه‌و ته‌کنیکدا، به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ ڕووی ته‌کنیکی نووسینه‌وه‌ به‌ هه‌ناسه‌ی کورت دابه‌شکراوه‌، هاوکات ئه‌م چیرۆکه‌ وه‌کو ئه‌زموونێکی تازه‌ی تۆ ده‌رده‌که‌وێ، ده‌مه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک بده‌ی، به‌ تایبه‌تی که‌ تێمای چیرۆکه‌که‌ زۆر گرنگه‌، به‌ڵام تۆ له‌ ڕووی ته‌کنیکییه‌وه‌ چیرۆکه‌که‌ت بۆ 20 به‌ش دابه‌ش کردووه‌؟

-به‌ڵێ ئه‌م چیرۆکه‌ که‌مێک جیاوازه‌، ئه‌مه‌ ته‌نها تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی خۆم بوو، ڕاستت ده‌وێ جۆرێک له‌ ڕۆمان خۆی وا ده‌نووسرێ، من هاتم و ویستم به‌سه‌ر چیرۆکدا تاقی بکه‌مه‌وه‌، سه‌یرم کرد پڕ به‌به‌رێتی، چیرۆک واش ده‌نووسرێ ، گرنگ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌زووی چنینه‌که‌یت له‌ده‌ست نه‌ڕوا و نه‌پچڕێت، له‌مه‌وه ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بڵێم که‌ تۆ بێ کۆتا ده‌توانی به‌ شێوازی  جۆراوجۆر بنووسیت،ته‌نها وه‌ک وتم گوێ له‌ترپه‌ی دڵی پاڵه‌وانه‌کانت بگره.

ته‌مووزی 2011 ‌
 

Previous
Next

Leave a Reply