Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دیدار له‌گه‌ڵ کچه‌ شاعیری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هێرۆ مه‌ولودی …دیدار:سه‌رباز مسته‌فا

دیدار له‌گه‌ڵ کچه‌ شاعیری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هێرۆ مه‌ولودی …دیدار:سه‌رباز مسته‌فا

Closed
by January 31, 2008 گشتی

  كچە شاعیرى رۆژهەلاتى كوردستان  هێرۆ مەولوودی:
 شیعرفێری كردم كاتی تەنیاییو دڵتەنگی لێوی قەڵەم و سینگی لاپەڕەكان پێك ئاشنا بكەم
 
دیدارى: دەرباز مستەفا…
 
 شیعر ئەو هەستە ناسكەییە كە تێكەڵى ڕۆحى هەموومان دەبێت بەبىَ ئەوەى  بتوانین ڕێگرى بكەین، شیعر ڕەنگدانەوەى  ژیانى هەر یەكێك لە ئێمەییە  لە ناوەرۆكى  ژیانى كەسى بەرامبەر دەبینن. یەكێك لە شاعیرە هەست ناسكانەى كە هەمیشە ووشەكانى بونى گوڵاوى لێدىَ. خاتوو (هێرۆ مەولوودی) یە.
 هێرۆ ساڵی 1981 لە بنەماڵەیەكی ئەدیب و هونەرمەند لە شاری بۆكان رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە  و خویندنی سەرەتایی و ناوەندی ە ئامادەیی هەر لە بۆكان تەواو كردووە .لە ساڵی 1998 بەشێوەییەكی جیددی دەستی بە نووسینی شیعر و پەخشان كردووە  و لە چەندین فستیڤال و سیمیناری تایبەتی شیعر و چیرۆك لە ئێران بەشداری كردووە و چەندین خەڵاتی لەو بوارە بەدەست هێناوە. ساڵی 2004 بۆ درێژە پێدانی خوێندن دێتە باشوورى كوردستان و ئێستا خوێندكاری ساڵی چوارەمی بەشی كۆمەڵناسی زانكۆی سەڵاحەدینە لە شاری هەولێر.لە دەزگاكانی راگەیاندن لە هەولێر رۆڵێكی كارای هەبووە  و ئێستا بێژەرى رادیۆی دەنگی زانكۆی سەلاحەدینە و لە گەڵ ئەمانەدا خەریكی كاری رۆژنامەگەری و نوسینی بابەت و شیعرە . لە دیدارێكدا  وەلامى چەند پرسیارێكى داینەوە.
 -چۆن هەست و سۆزت ئاوێتەى  شیعر بو؟
 + ڕەنگە ئاوێتە بوونم بە  شیعر و دنیای ئەدەبیات تا ڕادەیەكی زۆر ویراسی بێت و كاریگەری راستەوخۆی بنەماڵەكەم بە تایبەت بابم  و نوسینەكانی بووبێت،  هەر لە منداڵیەوە كە قەڵەمم بە دەست گرت و فێری نوسین بووم  بە پێی ئەوەی كە كتێبی زۆر لە شاعیران و نوسەرانی كورد وفارس لە كتێبخانەكەی بابم دا بوو، جارجارە چاوێكم لێ دەكردن . حەسرەتی خوێندنەوەم بو بە زمانی كوردی و كوردیم نەدەزانى،بە تەق و لۆقە دەمخوێندەوە،لە بیرمە یەكەم شیعری كوردی كە دیتم  شیعری شیرین تەشی دەڕێسیی وەفایی بوو و ئێستا كە بیر لە شێوازی خوێندنەوەى ئەو كاتم دەكەمەوە پێكەنینم دێت. ئەمە سەرەتایەك بوو ، بە حوكمی ئەوەى ئێمە لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە ژێر كاریگەرى زمانى فارسی بووین ، نوسینەكانم كە پەخشان و شیعر بوون بە زمانى فارسی بوو و زیاتر لە قوتابخانە لە كێبەركێ قوتابیان بەشداریم كرد و چەند جارێك خەڵات كرام . بەڵام كە گەیشتمە  قوناغی ناوەندی هەستم بە كەمی دەكرد كە بە زمانی خۆم نازانم بنووسم و بەڵێنم دا كەفێر بم و بابم و هاورێكانی كە زۆربەیان نووسەر بوون یارمەتیان دام و رۆژانە بە كوردی دەمنووسی و ئەوانیش هەڵەكانیان چاك دەكردو من فێری نووسینی كوردی بووم و زۆر هەستم بە شادی دەكرد و دوای ئەوە كە چەند شیعر و پەخشانی كوردیم نووسی بە پێشنیارى هاورییەكی زۆر ئازیزی بابم شاعیری نەمر و لە دڵا شیرین(رەحمان تەرەغە) كە بە راستی مامۆستام بوو لە زۆر بوار دا ،رێگەی ئەنجوومەنی ئەدەبی بۆكانی پێ نیشان دام و م.سەعید نەجاری(ئاسۆ) زۆر یارمەتی دام و هەفتانە بەردەوام سەردانم دەكردن و كەڵكی زۆرم لە كۆمەڵێ كور و كچی گەنج و شاعیری شارەكەم  وەرگرت و هێدى هێدى خۆم لە دنیای خەیاڵ و تەسویری شیعرى كوردی خزاندو ساڵی 1998 بە جیددى كارم لەم بوارەدا كرد و ئێستاش بەردەوامم.
    – شیعر لە ژیانت چى پێبەخشیوى و چین لىَ سەندوى؟
 +هەر كارێ كە مرۆڤ دەستى بۆ دەبات كۆمەڵێ شتى پێ ئەدات و هەندێ شتیشی لێ دەستێنێ كە شیعریش جیا نیە لە حاڵەتەكانی دیكەی ژیان و لە هەندێ رواڵەت جیاوازترە رەنگە ئەوەى شیعربە منی بەخشی بێت ئەگەر قەڵەمم بە دەست نەگرتایە بە دەستم نەهێنابێت و بە پێچەوانە لە دەستم نەدابێت كە لە هەر دو حاڵەت پەشیمان نیم .شیعر دڵ ناسكى و كۆمەڵێ هاوریی زۆر جوان و باشی پێ بەخشیم،شیعر تێڕوانین و بیركردنەوەى قوڵ سەبارەت بە ئازار و خەمەكانی ژیانی خۆم و تاكەكانی كۆمەڵی پێ بەخشیم،شیعر فیری كردم كاتی تەنیایی و دڵ تەنگی لێوی قەڵەم و سینگی لاپەرەكان پێك ئاشنا بكەم،شیعر فێری خۆشەویستی و خۆشویستنی مرۆڤەكانی كردم و فێری كردم كە چۆن بەشداری خۆشی و ناخۆشی و ئازارەكانی نەتەوەكەم بم و شیعر فیری كردم چۆن بوركانی دەروونم بتۆقێنم بە هەستى خۆم هاوار بكەم و بێ دەنگیەكان بشكێنم . شیعر تەنیایی شەوانی لێ سەندووم  ،نامۆیی و غەریبی دنیای هەستی لێ سەندووم ،بێ دەنگی لێ سەندووم .
 – ئەگەر غوربەتى و دورى دۆستان و ئازیزانت لە و دیوو نەبواییە  ئەبوى بەشاعیر؟
 + دوورى ،غەریبی و غوربەت كە هیچ كوردێك لێی دوور نیە هۆكارن بۆ نوسینی شیعر،كاتی ناڵەى جودایی م. هیمن موكریانیم دەخوێندەوە كاریگەرى زۆری هەبوو لە سەرم بەڵام كاتی َ خۆم دابڕام باشترم دەرك كرد و زیاتر كاریگەر بوو لە سەرم ، هەر چەند كە كوردستان غوربەت نیە بۆ من و وڵاتی خۆمە و سنوورەكان ئێمەیان لە یەك جیا كردووەتەوە ، بەڵام دوورى لە خێزان و ئازیزان، كۆلانەكانی سەردەمی منداڵی و هەرزەكاری، میهر و عاتیفەی دایك و باوك وكەس ، زۆر سەختە و كاریگەری راستەوخۆی لە سەر داناوم، من بەر لە وەی بێمە هەولێرو  كوردستانی ئازیز لە رۆژهەڵات وەك كچێك لە بواری ئەدەبیات كارم كردووە و هەرچەند كە لە چەند بواری تر وەك شانۆ و مۆسیقاش كارم دەكرد بەڵام زیاتر كارم نوسینی هۆنراوە و بابەت بوو و لە هەندێ گۆڤار ورۆژنامەی رۆژهەلات و بە تایبەتی لە زانكۆی تاران لە گۆڤارەكانی خویندكاران بە چاپم گەیاند و زۆر جاریش بەناوى خۆم نەبوو و نهێنی بو، كە هاتمە باشووری كوردستان چالاكیەكانم كەوتە دنیای راگەیاندن (رادیۆ،تیڤی) هەر چەند كە كاری نووسینی بابەت و رێپۆرتاژم لە رۆژنامەكان ئەنجام ئەدا و منی لە دنیای شیعر دوور خستەوە بۆ ماوەى  3 ساڵ، بەڵام ئەمجارە چەند هۆكارێك بوونە پاڵنەر بۆ گەرانەوەم و بە كۆمەڵێ بیرۆكە و هەگبەیەك پر ئەزموون قەڵەمم بە دەست گرتوو و ئەم جار كچانە هاتم ، كە كچانە دەلێم من پێشتر لە بواری نەتەوایەتی و ئازارەكانی ئەو دیو دەمنووسی و لێرە ئازارەكان و خەمەكان دەگۆڕێ و لایەنی تر دەگرێتەوە كە من ئێستا لە گەڵیان دەژیم و كاردانەوەیان هەیە لە سەرم و ئێشەكان زیاتر دەكات  و زۆر جاری وەك خوێ برینەكان دەكولێنێتەوە.
 – بە بۆچونى تۆ چى مرۆڤ دەكات بە شاعیر؟
 + زۆر شت دەبێتە پاڵنەر بۆ نووسین رەنگە كاتێ تەنیا دەبی ببی بە شاعیر، دووری و غوربەت و دابِران، نالەباری دەروونى و كۆمەڵایەتی، ناعەداڵەتی، كاتی خنكانی كۆرپەكانی قسە لە گەروو كە زۆرە لە كۆمەڵگای ئێمە، ئازار و ناخۆشیەكانی میللەت ونەتەوە، یان بێ وەفایی و دڵ شكان و شكەست. .زۆر جاریش بە پێچەوانە باروودۆخی ئاسایی ژیان و خۆشیەكانی ، عەشق و خۆشەویستی
 و جوانی سروشت و مروڤەكانی  وا بكات ئەو كەسانەی هەست و سۆزێكی جیاوازییان هەیە یان ئەو كەسانەی خۆیان بە بەرپرسی دلسۆزی هەستەكان دادەنێن قەڵەم بە دەست بگرن و و ئەمە هەموویان راستن لە سەر میللەتی كورد  منداڵی كورد كەهەر لە سەرەتاوە گوێ بیستی لایەلایەی پر سۆزى دایكی دەبێت ئاشنا دەبێت بە ئازارەكان و ئاوێتەی شیعر و مۆسیقا دەبێ  .رەنگە ئافرەتان بە تایبەتی ئافرەتانێ كە لە ژێر چەپۆكی باوك سالاریدان یان ئافرەتانی لادییەكان باشترین شاعیر بن كە ئەگەر هەگبەی دڵیان كە كاتی كار كردن یان لاواندنەوەی منداڵ ببیستین و بینوسین جوانترین و رێك و پێك ترین شیعر بێت و تەواو هەستی ژنانەی تێدا دەبێت.ئەفلاتون دەلێ:هەر كەسێ تووشی خۆشەویستی ببێت ئەبێت بە شاعیر.
 – شیعرى تایبەتت نوسیوە بۆ كەسێك
 + بەڵێ ، بەڵام راستەوخۆ ئاماژەم بە ناوى كەسەكە نەكردوە، پێشتر بۆ ئەو كەسانە كە بە هۆی مەرگ لە دەستم ئەدان وەك(شاملو،ژیلا حسینی، ………) و چەند كەسی تر .بەڵام كە بیرم كردەوە كە بۆ منیش وەك هەمووى كورد زیندوو كوژی مردوو پەرست بم و ئیتر وازم لەو شێوە نوسینە هێنا و ئێستا جار جار بۆ كەسێكی زیندوو دەنوسم كە ئێش و ئازارەكانی بە هی خۆم دەزانم و بە شادییەكانی شاد دەبم.
 – ئاستى  شیعرى شاعیرانى ژن چۆن دەبینى؟
 +بەراستی جێگای فەخر و شانازییە كە ئێستا و لەم سەردەمەدا كۆمەلێ ئافرەتی خامە رەنگین  و چالاك لە بواری نووسین پتر لە بوارەكانی تر هەنگاویان هەلێناوە و لە ئاستێكى باشدایە و داهاتووییەكی روونمان چاوەرێ یە لەو بارەوە خۆشحاڵم كاتی َسایتەكان دەكەمەوە هونراوەجوانەكانیان دەبینم ، بەڵام بە گوێرەی پێویست كار نەكراوە بۆیان ، گرینگی نەدراوە بە شیعر ، هەست دەكەم شیعر هەر نامۆ ماوە و كاری بۆ نەكراوە ، بۆ وێنە با بكرێتە سیدی وەك چون كورەكان هەنگاویان ناو ئەنجامیان دا با ژنانیش بێن و كارەكانی خۆیان وا بڵاو بكەنەوە وكۆمەڵگاش هاوكارییان بكات و با گاڵتە نەكەن بە شیعر و لایان خۆشەویست بێت ،شیعر سەرچاوەی گۆرانی و مۆسیقایە كە هەموو كەسی حەزى لێدەكات با خۆمان ئاورى لێ بدەینەوە با وركشۆپ و سیمینار و كارگەی شیعر نوسین و پێداچونەوە دروست بكرێ و ئەوانەی بەهرەیەكی نوسینیان هەیە هاوكاری فیكرى بكرێن بە نەقد و پێداچوونەوە ی شیعرەكانیان و باسی رێبازەكان و شێوازى نووسینان بۆ بكرێ.
 – چ جیاوازێك لەنوان شاعیرانى هەندەران وكوردستان  دەبینى لە بارەى  بەرهەمى شیعرى؟
 + شاعیرانی هەندەران شیعرەكانیان زیاتر رەنگدانەوەی تەنیایی و غوربەت ، نامۆیی بە هەندەران و پەشیمانیەك لە جێ هێشتنی  وڵاتیان و خۆشەویستانیان، هاڵ و هەوای كورد بوون و نەتەوەیی تیایدا زیاترە و خوازیاری گەرانەوەن بۆ باوەشی دایك و نیشتمان ، بەراوەرد كردنی غوربەت و نیشتمانی تێدا بە روونى دەبیندرێ ،شاعیرانی كوردستان كە لە ناو بابەتەكانن راستەوخۆ شت دەبینن زۆر جار كە قوڕگى پر لە هاواریان پێ دادەخەن بە اشارە و كایە كردنى وشەكان بێ دەنگی دەشكێنن و زۆر جار هەڵاتن لە واقیعەكان دیارە و دەیانەوێت دەرباز بن ،هەندێ جاریش چاوى كەژاڵی كچێكى كورد یان بێ وەفایی و دڵرەقی كورێك دەكەنە هەوێنی شیعرەكانیان و لە شیعر شاعیرانی كوردستان گلەیی و سكاڵا لە ژیان و كۆمەڵ  زیاتر دەبیندرێ .
 – هەوڵت نەداوە  شیعرەكانت لە دیوانكا  چاپ بكەى؟
 + نا تا ئێستا لەم بارەوە هەنگاوم نەناوە  و هەر چەند چەند لایەنێك پێشنیارییان كردووە ،بەڵام حەز دەكەم شتێكى نوێ بكەم و كاری نوێ بۆ كۆرپە شیعرەكانم ئەنجام بدەم و ئەگەر دەرفەت بێت و بۆم برەخسێ بە شێوەی سی دی  و شێوازێكی نوێ پێشكەشی جەماوەری بكەم  بۆ ئەوەی بمێنێتەوە  و تا ئێستا تەنیا لە چەند سایتێكى اینتێرنێت بڵاوم كردوون دەمهەوێ بە مۆسیقایەكی جوان و وێنەی جوان ئەنجامی بدەم كە تا ئێستا نەمتوانیوە ،بەڵام هەوڵی بۆ ئەدەم.
 – شیعر دەبیتە فاكتەرێك ەبۆ پێشكەوتنى كومەلگا؟
 +ئەگەر شیعر باس لە ئازار و مەینەت و ناخۆشیەكانی كۆمەڵگا بكات و ڕەخنە لە كۆمەڵگا بگرێ و رەخنەكانی بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگا بێت بێ گومان دەتوانێ ببێتە فاكتەر بۆ پێشكەوتنی ،بەڵام ئەگەر تەنیا هەست و سۆزەكانی دەروونی تاكەكان بێت  و ئاور لە لایەنەجۆراوجۆرەكانی ژیان نەداتەوە بێگومان ئامانجی خۆی نەپێكاوە و سەركەوتنی بەدەست نەهێناوە،چونكا جیهانی شیعر جیهانێكى فراوانە و رۆڵی شیعر لەوە زیاترە كە تەنیا باس لە هەست و سۆزی تاك بكات.
 – ئە فلاتون دەڵى هەرگەلێك شاعیرى زۆر بوو گەلێكى دواكەوتووە چى دەلىَ بۆ ئەم وتەییە؟
 + لەراستی دا ئەفلاتون لە كتێبی كۆماری دا كە باسی شیعر دەكات  و باس لە لایەنە جۆراوجۆرەكانی شیعر و بابەتەكانی پەیوەست بە شیعر دەكات  لە سەر ئەو باوەرە نیە كە زۆربوونی شاعیر دەبێتە هۆی دواكەوتنی كۆمەڵ چونكا لە هەر كۆمەڵگایەك تەنیا چەند شاعیری باش دەردەكەون و ئەفلاتون بەو قسە رەخنە لەوە دەگرێت كە نابێت هەموو تاكێكی كۆمەڵ شاعیر بن چونكا شیعر مەبەستێكی دیاری كراوى هەیە  و هەموو كەس تواناى نوسینی شیعری نیە و لەم روانگە سەیری كردووە و وای گوتووە.
 
 
nrosty@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.