دیدێکی ساکار و قۆناخێکی نوێی کارکردن لە لای پیتەر بروک
ڕیژیسۆری جیهانی “پیته‌ر بروك” کە بە کارە شانۆییەکانی بینەرێکی ئێجگاری زۆری لە سەراپای هەموو دونیادا لە خۆی کۆکردۆتەوە، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ڕووی كردۆته پرۆژه و نه‌مایشی ساكار و زۆر كورت، نه‌مایشه‌كانی ئەم دە، بیست ساڵەی دوایی وه‌ك پارچه شیعرێكی كورت له چڕبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وامی فره مانایی دان. له‌م شانۆنامه كورتانه‌دا چه‌نده بیرۆكه و هزری دەق و دیدی ریژی گرینگه، هێنده‌ش هونه‌ری نواندن، به‌هه‌موو ماناكانییه‌وه، جێگای بایه‌خ و گرینگی پێدانه. لە کتێبە تازەکەیشم دا (پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا) بەشێکی تایبەتم بۆ ئەم قۆناخەی پرۆژەکانی بروک تەرخان کردووە و بە شێک لە گرینگ‌ترین نەمایشەکانی ئەم بیست ساڵەی دایی، بۆ نموونە (ئەو پیاوەی ژنەکەی خۆی لێ دەبێتە شەبقەیەک، کۆستیم، دەستت لە ناو دەستمدا، مەرگی سیزوی بانزی، دادگایەکی گەورە)م بەسەر کردۆتەوە و کارم لەسەر کردوون.
بروك له‌م نه‌مایشه كورتانه‌دا ئه‌كته‌ر و هونه‌ری نواندن، بەشێوەیەکی چڕ ده‌خاته ژێر پشکنین و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ووردی كرده‌یی و ئێستاتیكییه‌وه، به ناوه‌وه‌دا، به ناواخنی پرسیار و شێوازه‌كاندا، بە فۆرمەکانی تەکنیکدا گوزەر دەکات و ده‌گه‌ڕێت، به‌دوای ستایلی تری نواندن، ترادیشۆن و فۆرمی پێگه‌یشتنه‌كاندا وێڵه. بروک لە کتێبی “خاڵی گۆرانکارییەکاندا” بە قووڵی هەڵوێستە لەسەر ئەم کارانەی و ئەو فۆرمە ساکارەی دەکات و بەم شێوەیە سەبارەت بەم چەمکە ساکارەی پرۆژەکانی دەدوێت: “ئەوەی بە دوایدا دەگەڕێین زۆر ساکارە، بەڵام سەختە تێی بگەین، بە واتایەکی تر، چۆن لە شێوازی ساکار دەگەین لە شانۆدا، کە لە ساکارییەکەیدا ڕوون و ئاشکرایە و لە هەمان کاتیش‌دا پڕ لە مانایە.” بروك لەم پڕۆژە ساکارانەی دا، هەر وەک نەمایشە گەورەکانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئه‌كته‌ره‌كانی له ناوه‌وه‌ڕا گه‌مارۆ ده‌دات و له ناوه‌وه‌ڕا ڕووتیان ده‌كاته‌وه، یه‌كه یه‌كه توێكڵه كلتووری و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان داده‌ماڵێ و ڕووبه‌ڕووی ڕاستییه‌كی ڕه‌هایان ده‌كاته‌وه، ڕایانده‌چڵه‌كێنێ و لە پانتاییەکی تردا ڕووبەڕووی بینەرانیان دەکاتەوە. ڕاستگۆیی له نواندن و ڕووناككردنه‌وه‌ی ناواخنه تاریكه‌كان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه خودییه‌كان، پێودانگی سه‌ره‌كی مه‌شقی ئه‌كته‌ره. نه‌مایشه كورت و ساكاره‌كانیش بۆ ئه‌كته‌ره‌كانی و بۆ بروك خۆیشی وه‌ك ڕیژیسۆر، گه‌ڕان و دۆزینه‌وه و ئاشكراكردنی نهێنییه‌كانی گه‌ردوونێكی گه‌وره‌ی پڕ له دژوارییه.
بروك هەر لەم دەروازەیەوە، به‌م شێوه‌یه ئاماژه به پرۆسه‌ی مێتودی كارەکانی خۆی ده‌كات:” كاره‌كانی ئێمه پشت ده‌به‌ستن به‌و فاكتانه‌ی، كه ده‌توانن به‌هۆی ده‌نگ و جووڵه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ خۆیه‌وه، په‌رده له ڕووی هه‌ندێك له قووڵترین هه‌ڵوێسته‌كانی مرۆڤایه‌تی هه‌ڵماڵن، به‌شێوه‌یه‌ك كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره و ڕاسته‌وخۆیان له ناوه‌وه‌ی هه‌موو بینه‌رێكدا هەبێت، به‌بێ جیاوازی كولتوور، زمان و نه‌ژادە هەمەچەشنەکانی مرۆڤایەتی.” ئه‌م هونه‌رمه‌نده له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه ڕاڤه‌ی ساته هه‌نووكه‌ییه‌كان بكات، به‌رجه‌سته‌ی چاوتروكانێك له ئاماده‌یی و پێشبڕكێ له‌گه‌ڵ (كات) دا بكات و زەمەنێکی شانۆیی، لە هەمان کاتدا گەردوونی بخوڵقێنێت. بروك مه‌به‌ستییه‌تی مه‌رزه‌كانی شوێن و كات تێكبشكێنێت، ئێستا و له‌م ساته‌وه‌خته‌دا: مرۆڤێك قسه ده‌كات، هه‌ندێك مرۆڤی تر ده‌بنه گوێگر و له هه‌مان كاتیش‌دا ته‌ماشا ده‌كه‌ن. له‌م ساته‌وه‌خته‌دا، هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ی له ژیانماندا ڕوویانداوه، كاریگه‌رییان هه‌بووه به سه‌رمانه‌وه و ئه‌وانه‌شی، كه له‌بیرمان چوونه‌ته‌وه دێنه‌وه یادمان. ئه‌مانه هه‌مووی له‌لای ئه‌كته‌ر، له‌لای بینه‌ران و له پرۆسه شانۆییه‌كه‌دا، له ساته‌وه‌خته زیندووه‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌مایش و ئه‌كته‌ره‌كاندا، له‌گه‌ڵ كرده‌ی ته‌ماشاكردندا ڕووده‌دات.
بروك ڕێگایه‌كی یه‌كجار درێژی بڕیوه، پرسیاره قووڵه‌كانی شانۆی شیكردۆته‌وه و گه‌ڕاوه به‌دوای خانه گه‌وهه‌رییه‌كانی شانۆدا. شانۆ گه‌ڕانێكی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وامه و هه‌موو شێوازێكی تازه‌یش به‌لای ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌وه، هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونیدا، توخمه‌كانی مه‌رگی خۆیشی هه‌ڵگرتووه. هەر لەبەر ئەوەشە، کە هه‌موو فۆرمێك پێویسته سه‌رله‌نوێ بخوڵقێنرێته‌وه، كه سه‌رله‌نوێیش خوڵقێنرایه‌وه، له هه‌موو ڕووه‌كانییه‌وه ده‌ربڕینی جیاواز و فۆرمی نوێ له‌خۆده‌گرێت.
هیچ شتێك ناكۆتا نییه، هه‌موو شێوازێك ده‌گونجێت یان ده‌كرێت سه‌رله‌نوێ وه‌ربگیرێته‌وه، تازه بكرێته‌وه و ڕۆڵی تر و ناوه‌ڕۆكی جیاواز له‌خۆ بگرێت. شانۆ هونه‌رێكه دووپاتی بوونی خۆی له (ئێستا) دا ده‌كاته‌وه، گه‌ر له ئێستایشدا نه‌ژی ئه‌وا هیچ كاریگه‌رییه‌كی نه به‌سه‌ر خۆی و نه به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ره‌كه‌یشییه‌وه نابێت.
بروك له نه‌مایشه گه‌وره‌كانییه‌وه، له‌تێڕوانینه ئه‌زموونكارییه‌كانییه‌وه، له گه‌شته دوور و درێژه هونه‌رییه‌كانییه‌وه، له شا لیر، مارا- ساد، ئێمه و وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كۆنفرانسی باڵنده‌كان، ئۆپێرای كارمن، باخی گێلاسەکە و مه‌هابەهاراتاوه، له نه‌مایشه شه‌و و ڕۆژه درێژه‌كانییه‌وه، ده‌گاته ئه‌م به‌رئه‌نجام و نه‌مایشه ساکار و كورتانه‌ی ئه‌مڕۆی. ئه‌م نه‌مایشانه به‌رئه‌نجامێكی قووڵ، پێداچوونه‌وه‌یه‌كی گشتگر، هه‌ڵسه‌نگاندنێكی بابه‌تیانه و دۆزینه‌وه‌ی شانه گرینگه‌كانی شانۆیه بۆ بروكێكی هه‌شتا و پێنج ساڵه. بروك چۆته ته‌مه‌نه‌وه و له‌وانه‌یه ئێستا، دوای ئه‌و ئه‌زموونه دوور و درێژه، له هه‌موو ساتێكی تر زیاتر لە ڕەوتی هەنەری خۆی بڕوانێت وبیر له مه‌رگ بكاته‌وه. چه‌نده له‌مه‌رگیش نزیك ببینه‌وه، هێنده‌یش نه‌مایشه‌كان چڕتر، قووڵتر، ساکارتر و كورت تر ده‌بنه‌وه.
گه‌شته‌كانی بروك له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا بۆ كیشوه‌ری ئه‌فه‌ریقا، كاریگه‌رییه‌كی فیكری و هونه‌ری قووڵیان له‌لای ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌جێهێشتووه. له‌ڕوانگه‌ی ئه‌و گه‌شتانه‌وه كولتوور، ئایین، شارستانییه‌تێكی جیاواز، چه‌مكه‌كانی ڕۆشنبیری و له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌یشه‌وه زمان ته‌وه‌رێكی گرینگی لێكۆڵینه‌وه تیۆری و پراكتیكییه‌كانی بووه. ئەوەی لە نەمایشەکانیدا بەرجەستەی کردوون، ئەو بابەتانەی، کە مامەڵەی لەگەڵ کردوون، ئەو تەکنیکەی بەکاری هێناوە، تێروانین و چۆنییەتی بیرکردنەوەی، کارکردنی لە سەر ڕۆڵی بینەر و گاریگەرییەکانیان، تەنانەت چۆنییەتی هەڵبژاردنی ئەو دەقانەیشی، کە کاری لەسەر کردوون لە نووسین و کتێبەکانیدا قسەی لەسەر کردوون و هەوڵی بە تێوریزەکردنی داون. بروك له حه‌فتاكاندا و له نه‌مایشی (خه‌ونی شه‌وێكی چلەی هاوین) ڕێگاكانی ئه‌زموونگه‌ری و خوێندنه‌وه ڕادیكاڵییه‌كانی شه‌كسپیر به‌ره‌و داستانه گه‌وره‌كانی دونیا ده‌بات. مه‌هابەهاراتا ڕۆچوونه خواره‌وه‌یه‌كی سه‌راپاگیری ئه‌فسانه و داستانه دێرینه‌كانی هیندستانه، له‌هه‌مانكاتدا وه‌رچه‌رخانێكی بنه‌ڕه‌تی هونه‌ری شانۆیه: بنه‌ماكانی ئه‌م هونه‌ره، سه‌ره‌تاكانی ئه‌م هونه‌ره، ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات، كۆن و مۆدێرن، هه‌مووی پێكه‌وه له ڕیتواڵێكی شه‌و و ڕۆژیدا كۆده‌كاته‌وه و دەمان گەڕێنێتەوە بۆ سەرەتا دێرینەکانی هونەری شانۆ. مه‌هابەهاراتا ده‌بێته خاڵی گۆڕانكارییه‌كان و بروك به‌ره‌و ڕێچكه‌یه‌كی تر ده‌بات، ڕێچكه‌یه‌كی تری كاركردن و به ئاراسته‌یه‌كی تر ڕاڤه‌ی جیهان و شانۆ ده‌كات و لەم پڕۆژەگەورەیەدا فۆرمێکی تر و شێوازێکی تری کارکردن دەدۆزێتەوە. هەر لەم نەمایشەشەوە کار لەسەر تێکست و ڕۆڵی وشه، تەکنیکی گێڕانەوە و ساته‌وه‌خته زیندووه‌كان دەکات و له‌گه‌ڵ ئاماده‌یی بینه‌راندا كۆیان دەکاتەوە.
بروك به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پشت ناكاته ڕاستییه‌كانی ژیان و واقیعی مرۆڤ، ته‌نانه‌ت له پرۆژه و نه‌مایشه ئه‌زموونگه‌رییه‌كانیشدا مرۆڤ هه‌میشه له خانه گرینگه‌كانی ژیاندا سووڕاوه‌ته‌وه و هه‌ر له ژیانیشه‌وه هه‌نگاوه‌كانی به‌رجه‌سته‌كردن و دیدی ڕیژی خۆی ده‌سته‌به‌ر كردووه. بروك سه‌باره‌ت به‌م تێزه ده‌ڵێت:” شانۆ له‌لای من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ژیان جیاناكرێته‌وه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش، به‌ڵكو شانۆ داده‌نرێت به به‌شێك له ژیان. له‌ڕێگای شانۆوه فێری ئه‌وه ده‌بین چۆن بژین. له‌به‌ر ئه‌وه هیچ جۆره هزر و بیروباوه‌ڕێك دامه‌ڕێژه گه‌ر له ئه‌زموونی ژیان خۆیه‌وه سه‌رچاوه‌ی وەرنه‌گرتبێت.” هه‌ر بۆیه هه‌میشه نه‌مایشه‌كانی بروك ئه‌تمۆسفێرێكی تایبه‌تمه‌ند له‌خۆده‌گرێت، شانۆیه‌ك كه ڕێگایه‌كی زۆر جیاوازی خۆی هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند نزیك ده‌بێته‌وه له بینه‌ران و له واقیعه‌وه. شانۆیه‌ك، كه له‌لای هیچ ڕیژیسۆر و هیچ گروپ و هیچ ئه‌كته‌رێكی تر به‌م شێوه‌یه نابینرێت. له نه‌مایشه‌كانی بروكدا، هه‌موو بینه‌رێك له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌كانی نه‌مایشه‌كه‌دا پێكه‌وه له‌هه‌مان كات و هه‌مان شوێندا و له‌هه‌مان ژووردان. ئه‌مه‌یه ئه‌فسوونی شانۆی بروك.
بروک وەک هونەرمەندێکی بە ئەزموون کار لە سەر فۆرمە ساکارەکان دەکات، دەگەڕێتەوە بۆ دیدەکانی شانۆی بۆش، کە خۆی لە شەستەکاندا بانگەشەی بۆ دەکرد و لە بنەما و سترکتورێکی ترەوە، کە قووڵ بوونەوە و بەرەوپێشچوونێکی گشتگریی ئەم هونەرمەندەیە بە بنەماکانی پانتاییە بۆشەکاندا، کار لە سەر فۆرمە ساکارەکەی دەکات. ئەم فۆرمە ساکارە وانەیەکی گرینگی شانۆیە و هەنگاوێکی تریشە بۆ نوێ بوونەوەیەکی تری هونەری شانۆ.