Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
دیسان گردبوونەوەی خێڵ لەبەردەم کەناڵی NRT  دا!

دیسان گردبوونەوەی خێڵ لەبەردەم کەناڵی NRT دا!

Closed
by February 8, 2013 گشتی

 

 

 

خێڵ، ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەیە کە هەموو تاکەکانی لە بۆتەی شەرەف و ئابڕو و پیاوەتی و جوامێریی گروپێکدا تواندۆتەوە، عەقڵیەتی ئەم پێکهاتەیە ئەوەیە کە ڕوشاندنی کەرامەت و شکاندنی شکۆمەندی خێڵ هەموو تاکەکان دەگرێتەوە و، هی هەر تاکێکیش هەموو خێڵ دەگرێتەوە. هیچ تاکێک لە ناو خێڵدا بە تەنیا خاوەنی کەرامەت و شکۆمەندی خۆی نییە، هیچ خێزانێک لە دەرەوەی سنوری خێڵ خاوەنی هیچ بەهایەکی مرۆیی خۆی نییە، بەها کۆمەڵایەتی و سیاسیی و فەرهەنگییەکانی تاک بە تاکی ناو خێڵ، خێڵ خاوەنێتی و خێڵ بەرپرسیارە لێی. بۆیە لە کاتی ڕوشانی کەرامەتی تاکێک یان خێزانێکی خێڵ، هەموو خێل هەست بە شکاندنی پیرۆزییەکانی خۆیان دەکەن. 

خێڵ ئەو ئەو پێکهاتەیەیە کە لەگەڵ هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خۆی رێکدەکەوێت، فیوداڵەکان و دین و ترادسوێنە کۆنەکان هاوبەشن لە زیندوڕاگرتنی ئەو ژینگەیەی کە پاڕیزەری ئەم پێکهاتانەیە. هەرچەندە جیاوازی و ململانێش لە نێوانیاندا دروستبیت لە دواجاردا هەموویان لەسەر ئەوە رێکن کە ژینگەکەی خۆیان بپارێزن. بۆیە خێڵ و فیودالەکان و دین و ترادسیۆنە کۆنەکان دژایەتی ئەو مەدەنیەت و مۆدێرنێتیە دەکەن کە پیرۆزییەکانی ئەمان تێدەپەڕێنێت.

ڕاستە لە ناو خێڵدا خوێندەوار و (ڕۆشنبیر) و خاوەن بڕوانامە هەیە، ئەمانە دنیای پێشکەوتوو و مۆدێرنە و کۆمەلگا مرۆییەکان دەناسن، ئەمانە هەموویان قبوڵیانە قوتابخانە هەبێت لە ناو خێڵەکانیاندا و منداڵانیان دەنێرنە بەر خوێندن و پێیانخۆشە هەموو گەنجانی خێڵ دەرچووی زنکۆکانبن، بچن بۆ ئەوروپا و لە ئەورپا و دنیای رۆژئاوادا شارەزابن. بۆیە کاتێک کە قسە دێتە سەر دواکەوتووی خێڵ، خێل ئەم قسەیە بەوە بە درۆدەخەنەوە کە خێڵەکەیان پڕە لە کەسانی خوێندەوار و پزیشک و ئەندازیار و تەنانەت (شاعیر و ئەدیب و هونەرمەند و مامۆستای زانکۆ) و هەندێک جار ئەمانە دەگەنە ئەو ئاستەی کە وەزیفەی گەورەی وەک وەزیر و بەرێوەبەری گشتی دامەزروەکانیش وەربگرن. 

بەڵام ئەو ڕاستییەی کە هەموو پێشکەوتنێک و پێشکەوتنخوازییەک و مۆدێرنێتی و مەدەنیەتێک دەسڕێتەوە لە ناو خێڵ و فیوداڵەکان و  پارێزەرانی ترادسوێنە سواوەکاندا، ئەوەیە کاتێک پیرۆزی خێڵ و فیودالەکان و ترادسوێنە بەسەرچووکەیان لەکەدار دەبێت، ئیتر هەموو خێڵ وەک ماری بریندار ژەهر دەرێژێت و توشی دەمارگیریی دەبێت بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە، بە خاوەن بروانامەکانیانن و وەزیرەکانیانەوە، یەک دەنگ دەیانەوێت خۆیان بنوێنن و خۆیان پیشانبدەن کە ئەوە ئەوان نیین و هیچ هێزێک نییە لە دنیادا بتوانێت برینداریان بکات. هەرچی عەقڵ و هەستی مرۆییە لە دەستیدەدەن، بروایان بە هیچ هیزێکی یاسایی و پۆلیسی مەدنەی و دادگای مەدەنی  نییە جگە لە هێزی خۆیان، تەنانەت ئەگەر دادگا و یاساکان مافەکانیشیان بۆ بگێڕیتەوە ئەمان برینە دەروونییە خێڵەکیەکەیان ساڕێژنابێت، برینی دەروونی خێل تەنیا بەوە ساڕێژ دەبێت کە بە دەستی خۆیان تۆڵە بکەنەوە.

لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا، کاتێک سیاسەت و حیزبایەتی و حکومەتە تۆتالیتاریی و دیکتاتۆرییەکان کە خوازیارن پێگەی خۆیان قایم رابگرن لە ناو کۆمەڵی خێلدا، دەبێت لەگەڵ خێلدا رێکبکەون و هەمیشە ستراکتوری خێڵ و فیوداڵەکان بپارێزن و واز لە هەموو یاسا و ڕێسایەکی مەدەنیی بهێنن. 

ئەو گردبوونەوانەی کە کاتی خۆی کرا لەبەردەم دادگاییکردنی تاوانبار (ساڵح موزەلیدا) هیچی تر نەبوو جگە لە هەستکردنی خێلەکەی بە برینداریی و شکاندنی شکۆمەندییان. ئەو گردبوونەوەیەی کە کەسوکاری (زانا حەمە ساڵح)  لە بەردەمی دادگادا کردیان لە کاتی دادگاییکردنیدا هیچی تر نەبوو جگە لە هەستکردن بە ئابڕوبردنی خێلەکەیان نەبێت. ئەو گردبوونەوەیەی کرا لەبەردەم کەناڵی (NRT) دا هەمان هەستکردن بوو بە شکاندنی ئابڕووی خێلەکەیان.

زیندوڕاگرتنی ژینگەی خێل و فیوداڵەکان لە بەرژەوەندی ترادسوێن و عەقڵیەتە کۆنەکانە کە یاسای مەدەنی و پۆلیسی مەدەنی و دادگای مەدەنییان پێ قبوڵ ناکرێت و دەبێت بە پێی یاسا و ڕێسای خێڵ خۆی تۆڵەبسەنەوە.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە حساب حکومەتی هەردوو حیزبی سۆسیال دیموکراتی(پارتی و یەکێتی)ە چۆن ئەم هەموو هێرش و تەعدایەی خێل قبوڵ دەکەن؟ چۆن ئەوە قبوڵ دەکەن کە ئەو یاسا مەدەنیانەی کە خودی خۆیان و پەرلەمانەکەیان بەرهەمی هێناوە پێشێلبکرێت لە لایەن خێل و عەقڵیەتێکی فیوداڵییەوە ؟

من پێم وایە ئەو دوو حیزبە، بەرژەوەندی پێگەی حیزبایەتییان و کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ بۆ سندوقەکانی دەنگدان بۆ خۆیان و قۆرخکردنی هەموو کۆمەڵگا خێڵەکییەکە بۆ خۆیان وەک خێڵێکی سەرەکی ناو خێڵەکان، لە هەموو مەدەنیەتێک و مۆدێرنێتیەکی کۆمەڵگایان بەلاوە باشترە. چوونکە ئەگەر ئەو خێڵانەی ناو کۆمەڵگا نەبن، ئەمانیش واتا(خێڵی حکومەت، یان باشترە بڵێین خێڵی یەکێتی و پارتی) ناتوانن سەرۆک بن، ناتوانن حوکم بگرنە دەست بۆ ماوەی درێژخایان، چوونکە لە دنیای مەدەنیەت و مۆدێرنێتەدا دەبێت یاسا و ڕێسا سەردەمییەکان و دیموکراتییەکان و یاسا مرۆیی و مەدەنییەکان حوکم بکات، نەک خێڵە بچووکەکان و دواتریش دوو خێڵی وەک پارتی و یەکێتی.  وڵات و کۆمەڵگایەک ئەگەر یاساو رێسایەکی مەدەنیی بیبات بەڕێوە دەبێت لە بچووکترین کێشەوە تا گەورەترین کێشەی کۆمەڵایەتی بە پۆلیس و یاسا و دادگا مەدەنییەکان چارەسەربکرێت، نەک بە هێزی خێڵ، وەک ئەوەی دوێنێ کە کارگێڕی کەناڵی (NRT)یان ناچرکرد کە پێینا بەجەرگی خۆیدا و داوای لێبوردنی کرد، لە ناچارییەکەوە کە دەسەڵاتیان نەبوو بەسەر خێڵدا و خێڵی حکومەتیش خۆی لێکرد بە کەڕ وکاس. ئەم ڕەفتارەی حکومەت سوکاتیەتییە بە هەموو یاسا و ڕێسایەکی مەدەنیی و ڕۆژنامەگەریی لە لایەک ، لە لایەکیتر سەلمێنەری عەقڵیەتی خێلێتی حکومەت و پارتی و یەکێتیشە کە هەمیشە لایەنگری ڕێساکانی خێڵ و ترادسوێنە دواکەوتووەکانە.

جیهاد موحەمەد/نەرویج

٨/٢/٢٠١٣

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.