Skip to Content

Wednesday, November 25th, 2020

دیمانه‌ له‌گه‌ڵ ته‌رزه‌ جاف……سازدانی: سۆران عه‌زیز

Be First!
by April 28, 2009 گشتی

ته‌رزه‌ جاف:
شیعر عه‌ترێكه‌ من له‌ خۆمی ده‌ده‌م

"شیعر ده‌كرێت كراسێكی ره‌نگاوره‌نگی جوان بێت بكرێت به‌ قه‌دی قێزه‌وه‌نترین سیفاته‌كانی مرۆڤدا و بیانكاته‌ جوانی."

یه‌كێك له‌و شاعیرانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ وێنه‌ی جوانمان ده‌داتێ‌، ئه‌و هه‌میشه‌ وێنه‌ی چێژی خۆی له‌گه‌ڵ پیاوێكدا كێشاوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری ده‌یداته‌ خوێنه‌ر،"ته‌رزه‌ جاف"ی شاعیر و چالاك له‌بواری ئافره‌تانه‌. ته‌رزه‌ خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك ده‌قی شیعریه‌، به‌ڵام تا ئێستا كه‌مترین قسه‌ی له‌باره‌ی شیعره‌وه‌ كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی رایی ناوبراو ده‌رباره‌ی شیعر بزانین ئه‌م گفتوگۆیه‌مان له‌گه‌ڵدا سازدا.
سازدانی: سۆران عه‌زیز
كوردستان راپۆرت: نیمایوشیج  ده‌ی بپرسی ئایا شیعر ده‌ره‌نجامی په‌یوه‌ندی واقیعیانه‌مانه‌  له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌ ،یان ئایا شیعر گوزارشته‌ له‌خۆمان و تێروانینمان بۆیه‌ منیش ده‌پرسم ئه‌گه‌ر شیعر گوزارشته‌ له‌دنیای خودی شاعیر شیعر ده‌توانێت بۆ منی ده‌ره‌وه‌ی شاعیر چ بكات؟

ته‌رزه‌ جاف: شیعر , به‌ تێروانینی من، وه‌ك مۆسیقا په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌واوی به‌ ئاره‌زووه‌وه‌ هه‌یه‌, مۆسیقایه‌ك راپێچت ده‌كات و  ده‌تهێنێته‌ سه‌ما, ده‌تخاته‌ خه‌یاڵاته‌وه‌ , شیعر ده‌بێت ده‌ربرَینێكی ته‌واو بێت له‌ خودی شاعیر به‌ ده‌رو بێئاگا له‌وه‌ی خوێنه‌ر چۆنی ده‌بینێت من كه‌م جار شیعرم پێخۆش ده‌بێت, زۆر كه‌م جار ,كه‌چی جاری وا هه‌یه‌ ده‌قێك وه‌ك گۆرانیه‌ك چۆن دووباره‌ و سێباره‌ گوێلێ ده‌گرمه‌وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ چه‌ندین جار ده‌قێك ده‌خوێنمه‌وه‌ ,ئه‌مه‌ بۆ من وه‌ك خوێنه‌رێك, به‌ڵام وه‌ك شاعیر ,كێ‌ شیعره‌كه‌ی من ده‌خوێنێته‌وه‌؟ ئه‌وه‌ بۆ من هه‌ر پرسیار نیه‌,گرنگ نیه‌ ,لانی كه‌م له‌ كاتی نووسین گرنگ نیه‌ , وه‌ك هه‌ڵبژاردنی پارفیۆم وایه‌ بۆ من ته‌نها زه‌وق و حه‌زی خۆم وه‌ك خۆرازاندنه‌وه‌ ئه‌و هه‌سته‌ی به‌ منی ده‌به‌خشێت , په‌یوه‌ندیه‌كی ره‌های به‌ خودی شاعیره‌وه‌ هه‌یه‌ ,شیعر عه‌ترێكه‌ من له‌ خۆمی ده‌ده‌م , ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ره‌وه‌ی من كه‌ به‌لامدا تێده‌په‌ڕێت پێی خۆشه‌ یاخود نا , جیوبی هه‌یه‌ و بۆنی ناكات یاخود حه‌ساسیه‌تی به‌ بۆن هه‌یه‌ , ئه‌وانه‌ گرفتی من نین, نابێت گرفتی نووسه‌ر و شاعیر كه‌سی ده‌ره‌وه‌ بێت , هه‌تا له‌ ناو خۆیدا قووڵ ببێته‌وه‌ كه‌مه‌ , ئیبداع له‌ ناوه‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌ك  له‌ ده‌ره‌وه‌ی خودی شاعیر له‌ زه‌وقی باو وه‌ربگیرێت ,لانی كه‌م  به‌ نیسبه‌ت منه‌وه‌ ئه‌مه‌ راسته‌. من ده‌نووسم , هه‌تا بتوانم حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌زموونه‌كه‌م خام بمێنێته‌وه‌ و زۆر كه‌م شیعری ژنانی تر ده‌خوێنمه‌وه‌ وبه‌ تایبه‌تی ژنی كورد, به‌ شانازیه‌وه‌ ده‌ڵێم فڕم به‌سه‌ر ته‌كنیكه‌وه‌ نیه‌ ,خوێندنم به‌ زمانی كوردی نه‌بووه‌ و شاره‌زاییه‌كم نیه‌ له‌ ڕێزمان , كه‌ ده‌شڵێم به‌ شانازییه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ شیعر و هونه‌ر نابێته‌ عه‌یبه‌یه‌ك و كه‌م وكورتیه‌ك , به‌ پێچه‌وانه‌وه‌, ئه‌گه‌ر ئه‌ساڵه‌تێك و مۆركێكی تایبه‌تی به‌ شیعری منه‌وه‌ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی من به‌ ئه‌زموونی ده‌ره‌وه‌ی خۆم زۆر لاوازه‌.

كوردستان راپۆرت: ئایا شیعر چه‌ند ده‌توانێت به‌شداری بكات له‌ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و خوده‌ هه‌ستیار ووشیار رۆشن پاكیزه‌ و راسته‌قینه‌ به‌هره‌مه‌ند و میهره‌بانه‌ی له‌ده‌رونی هه‌موو تاكێكدا بونێكی شاراوه‌و نادیار  و نابه‌رجه‌سته‌ی هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ مرۆڤ ئاراسته‌ ده‌كات  بۆ جوانی و عه‌شق و سۆز و وه‌فا و مرۆڤ دۆستی و له‌به‌رامبه‌ریشیدا ئاده‌میزاد دڵبه‌ست ده‌كات له‌رق و خیانه‌ت و به‌دره‌فتاری به‌دگفتاری به‌دهه‌ستی به‌د نه‌ستی و به‌دبینی ؟

ته‌رزه‌ جاف: شیعر خیتابێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نیه‌ ,خوتبه‌ی جومعه‌ نیه‌ , مه‌بده‌ئ و پرۆپۆزه‌لی حیزب و ئایدیۆلۆجیا نیه‌ , تا وه‌كو جه‌نابتان ده‌ڵێن  ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌و خوده‌ میهره‌بان و پاكیزه‌ و به‌هره‌مه‌ند و رۆشنه‌وه‌ بێت و مرۆڤ ئاراسته‌ بكات به‌ره‌و جوانی و عه‌شق و سۆز و وه‌فا و مرۆڤدۆستی .
زۆر ده‌ق هه‌ن كه‌ زۆر جوانن به‌ڵام كه‌ نزیك ده‌بیته‌وه‌ له‌ ژیانی خودی شاعیره‌كه‌ زۆر جاران جوانترین ده‌قه‌كان خیانه‌تن له‌ ژنی شاعیره‌كه‌ ,به‌ڵام ده‌ق وه‌زیفه‌یه‌كی ئه‌خلاقی نیه‌ ,شیعرده‌ربڕینه‌ له‌ خود, ئیتر ئه‌و (خود)ه‌ هه‌رچۆنێك بێت، شیعر ده‌توانێت هه‌موو سیفاته‌كانی ناخی مرۆڤ به‌ سیفه‌ته‌ قێزه‌ونه‌كانیشه‌وه‌ ده‌ربكات و بیكاته‌ جوانی . ئه‌گه‌ر شیعر ده‌ربرَینێكی راسته‌قینه‌ بێت له‌ خودی شاعیر ده‌بێت ئه‌وه‌ زۆر روون بێت بۆمان كه‌ شاعیر مرۆڤێكه‌ و ده‌قیش هونه‌ری ده‌ربڕینه‌ له‌ ئه‌و خوده‌ و به‌ ئاسانی ده‌كرێت ببێته‌ ئه‌داتێك بۆ ته‌حویل كردنی ناشیرینترین سیفاته‌كانی مرۆڤ بۆ جوانی ,شیعر ده‌كرێت كراسێكی ره‌نگاوره‌نگی جوان بێت بكرێت به‌ قه‌دی قێزه‌وه‌نترین سیفاته‌كانی مرۆڤدا و بیانكاته‌ جوانی ……
شیعر دنیایه‌كه‌ بۆخۆی شاعیر دروستی ده‌كات و له‌ناو ده‌قه‌كه‌یدا دایده‌ڕێژێت. شیعر گوتارێكی ئه‌خلاقی نیه‌ یاخود نابێت وابێت, شیعر خودی شاعیره‌ , جوان ,ناشیرین , باش, خراپ. دواتریش شیعر له‌ نائاگاییه‌وه‌ ده‌ربڕینی هه‌ستێكه‌ له‌ هه‌سته‌كانی مرۆڤ ,خۆ شاعیریش فریشته‌ نیه‌.

كوردستان راپۆرت: ئایا شیعر ده‌توانێت په‌یوه‌ندی مرۆڤ به‌دنیا ببستێته‌وه‌ ،به‌مانایه‌كیتر،ئایا شیعر ده‌توانێت مرۆڤ و سروشت ئاشت بكاته‌وه‌ یان زمانێك به‌رهه‌مبێنێت له‌نێوان مرۆڤ و شته‌كاندا و فه‌رهه‌نگێك فه‌راهه‌م بهێنێت لێوان لێوبێت له‌پێناسی مرۆڤ بۆ په‌نها نه‌كانی ژیان و نهێنیه‌ وردو درشته‌كانی بونه‌وه‌ر؟

ته‌رزه‌ جاف: شیعر ده‌توانێت شته‌كان به‌ زمان بهێنێ , له‌ توانایدا هه‌یه‌ باڵا له‌ به‌رد ببه‌ستێت ,خوڵاقاندن و شكاندن و پێكه‌وه‌نانه‌وه‌ دروست بكات و هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش په‌یوه‌ندی خود به‌ ده‌وروبه‌ر و به‌ سروشته‌وه‌ دابرَێژێته‌وه‌ ودواتر ئه‌وه‌ی گرنگ ده‌مێنێته‌وه‌ جوانیه‌! دواتریش ته‌نها ئه‌م پرسیاره‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ ئایا ئه‌و ده‌قه‌ تاجه‌ند شیعری و جوانه‌ و چ جۆره‌ وێنه‌یه‌كی شیعری ده‌گرێته‌ خۆ.

كوردستان راپۆرت: ئایا شیعر تاچه‌ند ده‌توانێت شوێنگه‌ی  مرۆڤ له‌م گه‌ردوونه‌ پان و به‌رینه‌دا ده‌ست نیشان بكات روونتر بڵێم چه‌ند ده‌توانێ وا له‌مرۆڤ بكات له‌خۆی بپرسێت (بۆچی له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌م) وه‌ ئه‌ركی من له‌م ژیان و گه‌ردونه‌دا چیه‌؟

ته‌رزه‌ جاف: به‌ رای من شیعر , به‌داخه‌وه‌, ئه‌وه‌نده‌ هێزو توانایه‌ی نییه‌ كه‌ ئه‌و پرسیاره‌ گه‌ورانه‌ له‌ ناو مرۆڤدا بخوڵقێنێت, بۆ خودی منیش شیعر زیاتر زه‌ده‌ی بێده‌سه‌ڵاتی و نه‌توانینی هه‌ستانه‌ به‌ كارێكی گه‌وره‌تر ,
بۆمن شیعر نووزاندنه‌وه‌یه‌, رأكردنه‌ له‌ واقیع , خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌و شتانه‌ی ناتوانم بیانكه‌م ,درككردنه‌ به‌ بچووكی راده‌به‌ده‌ری خود.هه‌وڵێكی بێهووده‌یه‌ بۆ مانه‌وه‌ و نه‌مری , خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌و وه‌ك دڵۆپه‌ فرمێسكێك وایه‌ و ده‌پژێته‌ سار كاغه‌ز..خه‌یاڵێكی موتڵاه‌قه‌ , من تا ئه‌م دواییه‌ش هه‌وڵم ده‌دا خۆم له‌ (شاعیر بووون) بدزمه‌وه‌ , ئه‌گه‌ر بتوانم شیعره‌كه‌م بكه‌مه‌ ووتارێك , سه‌رژمێریه‌ك یاخود راپۆرتێك ,ئه‌وه‌ بێگومان پێم باشتر ده‌بێت له‌ شیعر , به‌ڵام نووسینه‌كه‌ ده‌بێته‌ شیعر ,ئه‌وه‌نده‌م له‌ده‌ستدێت و ته‌واو .

كوردستان راپۆرت: ئایا روئیا (خه‌ونگه‌ری ژیانبینی) له‌نێو شیعردا چۆن داده‌مه‌زرێنێت؟

ته‌رزه‌ جاف: كارێكی ئاسان نیه‌ هه‌موو ئه‌زموونی شاعیرێك له‌ یه‌ك رسته‌دا بچووكبكرێته‌وه‌ , به‌ ڕای من ئه‌مه‌ كاری شاعیر نیه‌ بیری لێبكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ كاری ره‌خنه‌گر و لێكۆڵه‌ره‌كانه‌ . بۆ به‌شی دووهه‌می پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست من بم ئه‌ویش هه‌ر ده‌ڵێم شیعر ده‌قێكه‌ و دواتر چی له‌و ده‌قه‌ چه‌كه‌ره‌ ده‌كات و چی له‌سه‌ر ده‌گوترێت ئه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خودی شاعیر ده‌كرێت.

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply